20/04/2024
DidiMn Logo
Top

عەباس کیاڕۆستەمی چاوی بە ئەکیرا کورۆساوا دەکەوێت

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

بەشی یەکەم

دیدی من- سینە فیلیا بیۆند
وەرگیڕانی لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

کۆرۆساوا چەند جارێک ئەوەی وتووە،”کاتێک ساتیاجی ڕەی کۆچی دوایی کرد، پەژارەیەکی زۆر دایگرتم. بەڵام کاتێک فیلمەکانی کیاڕۆستەمی‌ـم بینی، سوپاسی خودام کرد بۆ بەخشینی کەسێکی گونجاو بۆ ئەوەی شوێنی ئەو بگرێتەوە.” لە کۆتاییی مانگی ئەیلولی ساڵی ١٩٩٣، عەباس کیاڕۆستەمی و شوهرە گوڵپەریان چاوپێکەوتنێکی دوو کاتژمێر و نیوییان لەگەڵ ماستەری یابانی، ئاکیرا کورۆساوا لە شاری تۆکیۆ ئەنجام دا. ئەم بابەتەی خوارەوە بۆ یەکەم جار لە پاییزی ساڵی ١٩٩٢ـدا، لە گۆڤاری فیلمی نێودەوڵەتی بڵاو بووەوە.

 

من و ئیمراتۆر: عەباس کیاڕۆستەمی چاوی بە ئەکیرا کورۆساوا دەکەوێت

کچەکەی کورۆساوا دەرگەکەی کردەوە، کورۆساواـیەکی بەهێز و درێژمان بینی کە بە جلێکی نەرمی ڕەنگ پەمەیییەوە لێمان نزیک بووەوە. دواتر بۆمان دەرکەوت کە بە بۆنەی بینینەکەی کیاڕۆستەمی‌ـیەوە، ماستەری یابان تیشێرتە ڕەنگاوڕەنگە خۆشەویستەکانی لەیاد کردبوو و بەوە قایل ببوو کە بلوزێکی فەرمیی پەمەیی لەبەر بکات. هەموومان بە گەورەیی کورۆساوا سەرسام ببووین کاتێک نهۆمی دووەمی ماڵەکەی پیشان داین بە کەلوپەلە چەرمییە ڕەشەکان، ڕووناکییە کزەکەی و پەیکەرەکەی ئۆسکارـی. دیکۆرەکانی تری ژوورەکە کەلوپەلی مسی ئێرانی، وێنەی خێزانەکەی کورۆساوا و تابلۆیەکی یابانی لەسەر دیواری ژوورەکە هەڵواسرابوو. “من لە کان بووم کاتێک تۆش لەوێ بوویت، وانەبوو” ئەوە کورۆساوا بوو دەستی بە گفتووگۆ کرد، “بەدڵنیایییەوە، تا ئەو ساتە فیلمەکانتم نەبینی بوو.” کیاڕۆستەمی بەردەوام بوو، “هەلێکم بۆ ڕەخسا تا فیلمی مەدەدایۆ ببینم لە کان، تۆش دوو ڕیز لە پشتی منەوە دانیشتبووی. ئەوە هەلێکی مەزن بوو کە خۆت و فیلمەکەشتم لە هەمان کاتدا بینی. ڕەنگە نەزانیت کە تۆ چەندە بەناوبانگیت لە وڵاتەکەمدا. هەردووک خەڵکی ڕۆشنبیر و ئاساییش حەزیان بە فیلمەکانت هەیە. لە ڕاستیدا، تۆ و ئەلفرێد هیچکۆک دوو بەناوبانگترین دەرهێنەری بیانین لە ئێراندا. جارێکیان یەکێک لە بەرپرسەکانی پیشەسازیی فیلمی ئێران وتی کە تۆ و تارکۆڤسکی تاکە دەرهێنەری بیانین کە فیلمەکانتان لەگەڵ بەهای هونەریی ئێرانیدا پۆلێن دەکرێن. خۆزگە دەمتوانی حەزی بینینی تۆ لەگەڵ خەڵکانی تری ئێران هاوبەشی پێ بکەم.”

bbb1

کورۆساوا وتی، “من هاوڕێی تارکۆڤسکی بووم. هاوڕێیەتیەکەمان لە سەردانێکدا بۆ مۆسکۆ دەستی پێ کرد. دووجار بانگهێشت کراوم بۆ ئێران، زیاتر لە دەیەیەک پێش ئێستا بۆ ئەوەی لیژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی فیلمی تاران بم. بەڵام حەزم لەوە نییە بڕیار بەسەر فیلمەوە بدەم. کارێکی زۆر قورسە بۆ من. من تێدەگەم کە تۆ لیژنەی دادوەران بوویت لە یاماگاتا، قورس نەبوو؟”، “بەڵێ، هەمیشە قورسە، بەتایبەتی ئەگەر کاتێک بنچینەیەکی تەواو نەبێت بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر فیلمەکان بدەیت. هەر کاتێک کە وەک لیژنەی داوەر کار دەکەم، بە خۆم دەڵێم کە هەرگیز نابێت جارێکی تر ئەم کارە بکەمەوە. بەڵام هەر بانگهێشتێکی نوێ، فریوێکی نوێ دروست دەکات… ئەستەمیشە بتوانیت بەرگری بکەیت کاتێک تۆ فریو دەدرێیت بۆ ئەوەی گەشتێک بکەیت. هەمیشە شتێکی جوانە کە شتێکی دژ بکەیت بەرامبەر بەو شتەی پێی ڕاهاتوویت؛ من هیچ هەلێکم لە دەست نەدا،” کیاڕۆستەمی وتی. کورۆساوا وتی، “من هاوڕام لەگەڵت، بەڵام زۆر قورسە بۆ من کە دەست بە هەر گەشتێک بکەم. قاچەکانم دێشێن و گەشتی فەرمییش سنوورت بۆ دادەنێت. دەبێت هەر شتێک قبوڵ بکەیت کە پلانی بۆت داناوە. لە ڕاستیدا تۆ گەشت ناکەیت، لە جێگەیەکەوە دەتبەن بۆ جێگەیەکی تر”، بەڵام کیاڕۆستەمی بەڵێنی دا کە پلان دابنێت بەوەی سەردانی ئێران بکات بەو جۆرەی خۆی حەزی پێ دەکات، ئەگەر هەر کاتێک گەشت بکات؛ کە ئەمەش بە تەواوی شتێکە ڕوونادات. بەڵام ئەو هەستێکی بەرامبەر ئێران هەیە. “من دڵنیام فیلمسازی زۆرباش لە ئێران هەن. بەڵام ئەوەی من حەزم لێیە لە فیلمەکانتدا سادەیی و ڕوونییەکەیەتی، هەرچەندە زۆر گرانە بتوانیت باسیان بکەیت. دەبێت خەڵک بیبینێت.”

ccc

“نامۆیە کە تۆ چۆن کار دەکەیت لەگەڵ ئەکتەرانی بێئەزمووندا. چۆن بەتایبەتی لەگەڵ منداڵاندا کار دەکەیت؟” کورۆساوا پرسی. “باشترین وەڵام بۆ پرسیارەکەت ئەوە دەبێت کە بەڕاستی خۆشم نازانم”، کیاڕۆستەمی وتی، “لە تۆوە ئەمە فێر بووم، زۆر ئاسانتر بەکارم هێنا کاتێک بۆ یەکەمین جار ئەمەت گوت و گوێم بۆت گرت لە فێستیڤاڵی فیلمی تۆکیۆـی ساڵی پێشوودا. هەندێک جار، نواندنی ئەکتەرانی بێئەزموون سەرسامم دەکەن. بەدڵنیایییەوە کۆمەڵێک یاسا هەن بۆ هەموو شتێک، بەڵام ئەوەی بە دەستی دەهێنیت بەرهەمی یاسا نییە.” کورۆساوا پێی وابوو کە ئەمە زۆر سەرنجڕاکێشە و گرانیشە. “هەرچەندە کارکردن لەگەڵ ئەکتەرانی خاوەن ئەزموون بە هەمان شێوە کارێکی ئاسان نییە، دەبێت لە کارەکتەری فیلمەکانی پێشتر دەریان بهێنیت و کارەکتەری نوێیان لێ دروست بکەیت. گرانیی کارکردن لەگەڵ ئەکتەرانی ئەزمووندار ئەمەیە.” کورۆساوا وتی. کیاڕۆستەمی وتی کە بیستوویەتی چۆن کورۆساوا ڕەفتاری کردووە لەگەڵ ئەکتەرە شارەزاکانی کە لە فیلمە نوێکەیدا بەشدارییان کردووە. “هەموو کەس بەئاشکرا لە تەندروستیی پیاوەپیرەکە نیگەران بوون،” وتی. کورۆساوا پێکەنی، “هیچ ڕێگەیەکی ترم نەبوو جگە لەوەی بەو جۆرە کار بکەم، دەبێت کەسایەتیی کارەکتەرەکە پوخت بکەیت ئەگەر چاوەڕێی نواندنێکی نایاب دەکەیت. بۆ ئەوەی ئەم کارە بکەیت، دەبێت کەمێک توندوتیژ بم و زۆریان لێ بکەم. هەرگیز لەگەڵ ئەکتەری خاوەن ئەزمووندا کارت کردووە؟”

هاوبەشی بکە

Akira Kurosawa, Kiarostami, PshtewanKamal,