26/04/2024
DidiMn Logo
Top

فۆتۆکانى پشتپەردەى فيلمى ژين و ئيتر هيچ‌ى عەباس کياڕۆستەمى

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

ديدى من – دى دەبليو فارسى

لە فارسييەوە: سەليم جەمال

پێشانگەیەکى تايبەت بە فۆتۆکانى پشتپەردەى فيلمى ژين و ئيتر هيچى عەباس کياڕۆستەمى، سينەماکارى ناودارى وڵاتى ئێران، بە کامێراى جاسم غەزبانپوور لە شارى تاران کرايەوە.

لە خوارەوە گوڵبژێرێک لە فۆتۆکانى ئەو پێشانگەيە ببين:

جاسم غەزبانپوور بەم شێوەیە چیرۆکی فۆتۆکانی دەگێڕێتەوە:

1-1

”لە دواى بوومەلەرزەى شارۆچکەى ڕودبار و لەچاپدانى فۆتۆکانى ئەو بوومەلەرزەيە لە گۆڤارێکدا، لە لايەن ئۆفيسى عەباس کياڕۆستەمى پەيوەنديى تەلەفۆنيیان پێمەوە کرد و ديدارێکمان ساز کرد، تاکو ئەو فۆتۆيانەى کە من بە درێژايى ساڵێک لە دواى بوومەلەرزەکە چرکاندبووم، نيشانى ئەوى بدەم. بە هۆکارى ئەوەى کە عەباس کياڕۆستەمى بەدواى ناوچەى گونجاو دەگەڕا تا کارى وێنەگرتنى فيلمى ژين و ئيتر هيچ دەست پێ بکات. دواتر بەڕێز کياڕۆستەمى پێشنيارێکى خستە بەردەمم و منى ڕاسپارد تاکو کارى فۆتۆگرافیى فيلمەکەش لە ئەستۆ بگرم و منيش ئەو پێشنيارەم پێ ڕەوا بوو و قبووڵم کرد.

ئێمە لەو ناوچانەى کە بوومەلەرزەى تێدا ڕووی دابوو، سەرقاڵى کارکردن بووين. لە ديمەنێکى ئەو فيلمەدا، منداڵێک لە پشت درەختێکى باريک وەستاوە و سەرقاڵى ميزکردنە، وا بير دەکاتەوە کە هيچ کەسێک ئەو نابينێت. ئەمە ديمەنێک بوو کە منى بە يادى سات و دەستپێکى جەنگ هێنايەوە؛  لەو سەردەمەدا خەڵکى لە پشت درەختە باريکەکان کە درێژيیەکەيان ١٠ سانتيمەترە، خۆيان پەنهان دەکرد و وايان خەياڵ دەکرد کە لە گولـلە و فيشەکەکانى هێزى عێراقى پارێزراون. هەستێکى تەنزئامێزم لە لا دروست ببوو لە نێوان ئەو دوو ديمەنەدا.

2

ڕۆژێک لە دواى بوومەلەرزەکە، خاتوونێک بە عەباى عەرەبى بەرەو پيرى من هات. بە زمانى عەرەبى پرسيارم لێى کرد ‘لێرە چى دەکەيت؟’ ئەو بە منى گوت کە لە خێزانێکى زەنگينى شارى خورەمباژێڕ بووە و کاتێک کە داهاتەکەيان لە سەردەمى جەنگدا لەناو دەچێت، هاوسەرەکەى بڕيار دەدات کە ڕوو بکەنە ناوچەیەک کە هيچ کەسێ ئەوان نەناسێت. لە لادێيەکى نزيک شارى ڕودبار شوێنگۆڕکێيان کرد و بۆ ماوەى ١٠ ساڵ لەوێدا ژيانيان بەسەر برد. دواى ئەو بوومەلەرزەيە هاوسەر و کوڕەکەى لە ژێر کاوڵگەدا گيانيان سپاردبوو.

3

من سەرقاڵى تەواوکردنى ڕاپۆرتى دۆکيۆمێنتاريى ئەو شوێنانە بووم کە بوومەلەرزەى تێدا ڕوويدا بوو، لەو نێوەندەشدا کارکردن لەگەڵ بەڕێز کياڕۆستەمى هەڵێکى باشى بۆم ڕەخساند تا لەو شوێنانەى کە بە هۆى بوومەلەرزەکە زيانيان بەرکەوتووە، کارى وێنەگرتن ئەنجام بدەم. عەباس کياڕۆستەمى، لەبەر ئەوەى کە زۆر کارى وێنەگريم ئەنجام دەدا، پرسيارگەلێکى لێم دەکرد، بەڵام ئەو ئەزموونە واى لێ کردم تا بەردەوام بم لە کارەکەم تا کۆتا سات. عەباس کياڕۆستەمى پێى وا بوو سينەما لە وێنەگرى بەهێزترە، ئێمە هەميشە لە کاتى کارکردن گفتوگۆمان لەمەڕ ئەو بابەتەدا دەکرد.

4

لێرەدا يەک فۆتۆ نابينرێت، گەر فۆتۆيەکيش ببينرێت وردەکاریی فۆتۆيەکانى ديکە نيشان دەدات. کتێبى ژين و ئيتر هيچ لە قۆناغى چاپدايە، فۆتۆگەلێک لەو بەرهەمە لێرەدا دەبينرێن کە لە ڕاستى بڕگەيەکن لەو فيلمە، کە فرەيمەکان لە ناو يەکتريدا ڕۆل دەگێڕن و بينەر يەک تا دوو سانتيمەتر لەو فرەيمە ڕابردوو دەبينێت، هەروەها لە ڕابردوو بەرەو زەمەنى ئێستا دەگات، دواتر بەرەو زەمەنى داهاتوو هەنگاو دەنێت.

5

لەم ديمەنەدا عەباس کياڕۆستەمى شۆفێرى دەکات و هۆمايون پايوەريان بە پەت بەستووە و لە دۆخێکى دژوار سەرقاڵى وێنەگرتنن. هەر لەو ساتەدا ژمارەيەک قەلەڕەش بە شێوەيەکى بەرهەڵست دەيانقيراند و هەڵدەفڕان. من ڕاستەوخۆ وێنەى ئەو دوو ديمەنەم چرکاند. گوايە ئەم دوو ديمەنە تەواوکەرى يەکدى بوون، تاکو ئەو پاڵەپەستۆ و سترێسە لە کاتى وێنەگرتنى فيلمەکە بەديار بکەوێت.

6

ئەو کۆمەڵە فۆتۆيانەى کە پەيوەنديیان بە فيلمى ژين و ئيتر هيچ هەبوو، ڕاستەوخۆ ڕادەستى بەڕێز عەباس کياڕۆستەمی‌م کرد. فۆتۆيەکان بە تەواوەتى دۆخى ژيان لەو ناوچەيە شرۆڤە دەکەن. زۆرينەى فۆتۆکانيش پەيوەنديیان بە ديمەنى فيلمەکەوە نييە.

لە بەشێکى ديکەى فۆتۆيەکانى ئەو بوومەلەرزەيە، سروشت و ديزاينکردن ئاوێتەى يەکترى کراون.

7

کاتێک کە لە پشت پەردەى فيلمى ژين و ئيتر هيچ وێنەى عەباس کياڕۆستەمی‌م دەگرت، ئاگەدار نەبوو، هاوکات کە دەنگى کامێراى دەبيست، شوێنى خۆى دەگۆڕى، ئەو لەم وێنەيەدا لە فرەيمى يەکەم ڕاکشابوو و لە پشوودا بوو، بەڵام هاوکات لەگەڵ بيستنى چرکاندنى کامێرا، ڕاچڵەکى.

8

ئەمەيان تەنيا فۆتۆيە کە عەباس کياڕۆستەمى ڕەخنەى لە کارەکەم نەگرت، تا کاتێک کە ويستم وێنەى دووەم بچرکێنم، بەبێ ئەوەى شوێنى خۆى بگۆڕێت، زمانى خۆى دەرهێنا و بە پێکەنينەوە گووتى: ‘ئەم جارەيان من لە جێگەى خۆم هەڵناستم، هەرچەندێکت دەوێت وێنە بچرکێنە.’ کياڕۆستەمى لە دەستە چەپى ئەم فۆتۆيە دەبينرێت کە لەسەر پووش خەوتووە، فۆتۆى دەستەڕاستيش پويا پايوەر دەبينرێت، کە لە بەشێکى ئەو فيلمەدا خەوتووە.”

9
جاسم غەزبانپوور لەدايکبووى شارى خورەمباژێڕە، ئەو لەگەڵ دەستپێکى جەنگى نێوان عێراق و ئێران بە شێوەيەکى جدى سەرقاڵى فۆتۆگرافیى جەنگ بوو، هەروەها کارەکانى ترى غەزبانپوور لە بوارى تەلارسازى و وێنەى هەواييدايە.

10

11

 

هاوبەشی بکە

Abbas Kiarostami, Kiarostami, SaleemJamal,