دیدی من – زە تۆکس
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ
گفتوگۆیەکی ئیشیگورۆ لەگەڵ ماڵپەڕی زە تۆکس لە 14/10/2015
بەڵێ، ئەو جۆرە شتانە ئەستەمن. لە شارۆچکەی ئینگلتەرا کە بچمە کتێبخانەیەکی دەستی دوو و ببینم کتێبەکەی منیان هەیە، بیر دەکەمەوە و دەڵێم: ”ئەمە سوکایەتییە! کەواتە کەسێک هەیە کتێبەکەی منی نەویستووە.“ (بە پێکەنینەوە) بەڵام ئەگەر لێشی نەبێت، بە هەمان شێوە هەر هەست دەکەم کە سوکایەتییە و دەڵێم: ”بۆچی خەڵکی ئاڵوگۆڕ بە کتێبەکەم ناکەن؟ بۆچی لەم کتێبخانەیەدا نییە؟“
بەڵێ، بۆ نموونە ژنەکەم هەندێک جار زۆر توندە. دەستم کرد بە کارکردن لە دوا کتێبمدا بە ناوی زەبەلاحە نێژراوەکە لە ساڵی 2004دا، بەڵام دوای ئەوەی پارچەیەکی بچووکم پیشانی هاوسەرەکەم دا وەستام لە کارکردن، ئەو پێی وا بوو کە بێ مانایە. (بە پێکەنینەوە) کێشەکە ئەوەیە سەرەتا کە خۆشەویستم بوو نووسەر نەبووم، زۆر دەمێک پێش ئەوە بوو کە دەست بە نووسین بکەم. بۆیە کاتێک نووسینەکانم دەخوێنێتەوە هێشتا بەو چاوەوە سەیرم دەکات کە خوێندکارێکی تازە دەرچووی کۆلێژم کە پێم وایە ڕۆژێک لە ڕۆژان دەبمە نووسەر.
ئەو هیچ ترسێنەر نییە. ئێستاش بە هەمان شێوەی پێش بڵاوبوونەوەی کتێبەکەم و سەرەتای دەستپێکم ڕەخنەم لێ دەگرێت. زۆر ڕووبەڕوو. لەبارەی کتێبەکانی من و کتێبەکانی خەڵکی دیکە و ئەو فیلمانەی چووین بۆ بینینیان و ئەو یارییانەی وا بۆ 35 ساڵە دەچین بۆ تەماشاکردنیان گفتوگۆ دەکەین. شتگەلێک هەن کە تێیدا لەگەڵیدا هاوڕام و شتگەلێکیش هەن کە هەمیشە پێچەوانەیم. بۆیە شتگەلێک هەن کە دەیانڵێت و من بە جدی وەریانناگرم، بەڵام شتی دیکەش هەن کە دەزانم دەبێت جدی وەریان بگرم، لایەنی دیاریکراوی هەیە کە تێیدا زۆر بەهێزە.
نەخێر، هەرگیز دووڕیانی ناکەوێتە سەر کرۆکی پڕۆژەکان، بیرۆکەکان یاخود ناوەڕۆکەکان. هاوسەرەکەم لەو لایەنانەوە هەرگیز ڕەخنەم لێ ناگرێت، بەڵکو دەڵێت ئەوەی کردووتە بە درووستی نەتکردووە، هەرگیز پێی نەگووتووم کە تەواوی دیدەکەت هەڵەیە.
زۆر جار لە نووسینی کتێبانێک وەستاوم و بۆ چەند ساڵێک لام بردوون، ڕۆمانی ههرگیز جێم مەهێڵەی پێشووم لە سێ هەوڵدا نووسی. ڕاهاتووم لەسەر ئەو ئایدیایەی کە دەتوانم ئەو شتانەی دەینووسم بخەمە لایەکەوە و دواتر کە ڕەنگە دوای دوو ساڵ یاخود سێ ساڵ، ئەگەر بگەڕێمەوە سەریان، زۆر گۆڕاون. بە زۆری ئەندێشەی من فراوانتر بووە و دەتوانم بیر لە ناوەڕۆکی جیاواز بکەمەوە، یاخود ڕێگەی جیا بۆ نووسینیان. ڕەنگە هاوشێوەش بن.
هەرگیز لەو ساتەوەختەم نەبووە کە تێیدا هەست بکەم ”ئاهـ تەواوم کرد!“ وەک ئەوەی تەماشای دووگۆڵی بکەیت و لەگەڵ لێدانی فیکەکەدا ڕوون دەبێت کە بردیانەوە یاخود دۆڕاندوویانە. تا ئەو ساتەوەختە چی لە توانایاندا بووە کردوویانە و لەو ساتەدا دەزانن کە تەواو بووە. بۆ نووسەر ئەمە شتێکی ئەستەمە، هەرگیز فیکەی کۆتایی بوونی نییە.
تەنانەت لە دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکە شتەکان بەردەوام دەگۆڕێن. لەو کاتەوەی کە کتێبە بەڕیتانییەکەم بڵاو بووەتەوە، وەرگێڕی جیاواز پرسیاریان دروست کردووە، زۆر تیژ و وردن لە هەڵبژاردنی وردەکاریی بچووک. گوێ لە گشت تێبینییەکانیان دەگرم، پاشان کەمێک گۆڕانکاریی دیکەی تێدا دەکەم. تەنیا کە بەرگە ڕەقەکەی بڵاو دەبێتەوە ئەو کات هەست دەکەم ئەمە دوا چاپە و دەتوانم ئیتر بووەستم، چونکە ئیتر درەنگە و ئەوە فیکەی کۆتاییە. هیچ ساتێکی سەرکەوتنی تێدا نییە.
لە سەرەتای دەستپێکی کارەکەمدا ئەو بڕیارەم بۆ خۆم داوە کە هیچ کێشەیەک لە ژمارەی کتێبەکانی جیهاندا نییە. ئەم گفتوگۆیەم لەگەڵ ڕێنووسکارەکەم (ڕۆبەرت مەکروم) کردووە، ئەو پیاوەی کە منی دۆزییەوە. لە دوای یەکەم ڕۆمانم پێم گوت: ”دەبێت چەند نێوانی بێت تا کتێبی دووەمم بڵاو دەکەمەوە؟“ ئەویش گوتی: ”بۆ کارەکەی تۆ وا باشە هەر دوو ساڵ جارێک کتێبێک بڵاو بکەیتەوە“، هەمیشە ئەمەی بیردەخەمەوە چونکە هێشتا هاوڕێی نزیکین و هەمیشە دەڵێت کە ئەوە گەمژانەترین ئامۆژگاری بوو دام بە تۆ، بەڵام بیرمە کە لەو کاتەدا بە خۆمم دەگوت: ”ئەمە بۆ من ئەستەمە“.
لەو کاتەدا بوو بڕیارم دا کە من هەوڵ نادەم کارکردنم ژمارەیی بێت بۆ ئەدەب، دەبوو هەوڵ بدەم و کتێبی وا بخوڵقێنم کە کەمێک جیاوازتر بن لەچاو ئەو کتێبانەی لە ئێستادا هەن. چ سوودێکی هەیە ژمارەی ئەو کتێبە زۆرانەی هەن زیاتر بکەین بەبێ ئەوەی شتێکی جیاواز یاخود نوێی بۆ زیاد بکەین؟ بۆ من ستانلی کوبریک نموونە بوو، دەیتوانی کاتێکی درێژخایەن بەسەر ببات لە بیرکردنەوە لە پڕۆژەیەکدا و هەر فیلمێکی کارێکی تەواو جیاواز دەبوو. بیرم دەکردەوە: ”دەبێت وەک کوبریک بم، چەند کاتم پێویست بێت تەرخانی دەکەم.” ئەمە یارمەتیم دەدات لەوەی هەر جارە و جیهانێکی نوێ بونیاد بنێم.
ڕێکخستنەکە بەپێی پێویستیی چیرۆکەکە دەکەم، لەڕاستییشدا ئەمە زۆر جار دەمخاتە دۆخێکی گرانەوە، زۆر جار چیرۆکەکەم هەیە و بەڵام بڕیارم نەداوە لە کوێدا جێی خۆی بگرێتەوە و لە چ کاتێکدا جێی خۆی بگرێتەوە. هەست دەکەم کە دیدەوانی/لێکۆڵەرەوەی شوێنم، وەک لە کاتی فیلمدا کە بە تەواوی شارەکەدا دەگەڕێیت. لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەمدا ڕێکخستنی کات و شوێن بۆ من لە ئامڕازە سەرەکییەکانن. بۆیە زۆر بە تامەزرۆ بووم لە دروستکردنی ئەم جیهانە بچووکەدا، بەڵام موزیکیش بە هەمان شێوە گرنگیی خۆی هەیە بۆ ئەم جۆرە گێڕانەوەیەی من.
ڕوونکردنەوەی گرانە، لە موزیکدا ئەگەر خۆت لە گۆرانییەکی دیاریکراودا نغرۆ بکەیت، تەنانەت ئەگەر هیچ وشەشی تێدا نەبێت، بە قووڵی ئاشنای جۆرێکی دیاریکراو لە هەست دەبیت کە لەناو گۆرانییەکەدا هەیە؛ هەروەها کاتێک دەنووسم هەوڵ دەدەم چاودێریی هەستێکی دیاریکراو بکەم. زۆر جار خۆم دەبینمەوە بیر لە فەزای گۆرانییەکی دیاریکراو دەکەمەوە و پێم خۆشە کە نزیکە لەو هەستەی من دەمەوێت وێنای بکەم.
چەند ڕۆژی پێشوو لە گەشتدا بووم و بۆ چەند هۆکارێک بیرم لە گۆرانییەکی ناوازەی کیس جارێت دەکردەوە، ئەو پیانۆژەنەی کە هەست دەکەم وێنای شتێک دەکات سەبارەت بە کەسێکی پیر کە سەیری گەنجی خۆی دەکاتەوە. ئامێرە، بەبێ وشەم، بۆیە بیرم دەکردەوە کە دەتوانم ئەو چیرۆکە لە ڕۆمانی داهاتوومدا وێنا بکەم. پێویستم بە فەزایەکی لەو جۆرەیە؛ تێکەڵەیەک لە پەشیمانی و شانازی، تەنها بە گوێگرتن لە پارچەیەک موزیک دەتوانیت ئەو هەستەت دەست بکەوێت.
کێشەی ڕۆماننووسان ئەوەیە لەبەر ئەوەی وشە وەک ئامڕاز بەکار دەهێنین و وشەش لە وتار و ئاڕگۆمێنتدا بەکار دێت، دەبێت هەمیشە لە تێرمێکی ڕۆشنبیریی واقعیدا بیر بکەیتەوە، هەروەها بە دڵنیاییشەوە ئەوە لایەنێکی گرنگی نووسینی ڕۆمانە، بەڵام بە بڕوای من بە هەمان شێوە بۆ ڕۆماننووس گرنگە کە وەک موزیکژەن موزیکدانەر یاخود وێنەکێش ئەندێشە بەکار بهێنێت، بە ڕێگەیەکی ناواقعی پێم وایە زۆر گرنگە بۆ من کە تەنها جۆرێک لە نووسەری ڕۆشنبیر نەبم.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.