25/04/2024
DidiMn Logo
Top

لە دوا ساتەکانی مەڕاسیمی حافز گۆڕانکاری بەسەر خەڵاتى باشترين گۆرانيبێژـدا هات

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

ديدى من –  ڕۆژنامەى فەرهيختێگان
ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە فارسییەوە: سەلیم جەمال

شانزەیەمین مەڕاسيمى خەڵاتى حافز لە بەروارى ٢٣/٧/٢٠١٦ ئەنجام درا و چەندين كەسايەتىی ديارى سينەمايى، درامايى و گۆرانيبێژ لە بەشى جياوازجیاوازدا خەڵاتيان پێ بەخشرا. بەڵام يەكێک لە بەشە گرنگەكانى ئەو مەڕاسيمە كە پرسيارگەلێكى ميدياكانى ئێرانى بەدواى خۆيدا هێنا، ململانێى بەشى موزيكى دراما تەلەڤیزیۆنییەکان بوو، كە خەڵاتەكە بە شێوەيەكى چاوەڕواننەکراو پێشكەش بە گۆرانيبێژى گۆرانيیەكانى دراماى شەهرەزاد، موحسين چاوەشى نەكرا. لە برى ئەوە خەڵاتەكە بە سالار عەقيلى بەخشرا، بۆ گۆرانى دراماى مەتەڵى شا.

يەكێک لە كەسە نزيكەكانى موحسين چاوەشى بە ناوى ئەبوفەزڵى ئەفشارى، لە گفتوگۆيەكيدا لەگەڵ پەيامنێرى ڕۆژنامەى فەرهيختێگان لە ڕووداوەكانى پشت پەردەى ئەو خەڵاتە دوا و گوتی: “كاتێک كە ئومێد موعەليم، يەكێک لە بەڕێوەبەرانى مەڕاسيمى خەڵاتی حافز پەيوەندیی تەلەفۆنى بە موحسين چاوەشى كرد، وەڵام نەدراویەوە، بە هۆى سەرقاڵیی تۆماركردنى كارى موزيكى خۆى. بەڵام دواتر من پەيوەنديم پێوە كرد و هۆى پەيوەندیكردنەكەم پرسى. ناوبراويش لە وەڵامدا گوتى بڕيارە مەڕاسيمى خەڵاتى حافز بەڕێوەب چێت و موحسين چاوەشییش يەكێكە لە كانديدەكانى ئەم مەڕاسيمە، هەروەها  گوتی دەمانەوێت بەرنامەڕێژى بكەين بۆ ئەوەى لە مەڕاسيمەكەدا دەربكەوێت و خەڵاتەكەى وەربگرێت. منیش لە وەڵامدا زۆر سوپاسى ئەوم كرد و گوتم موحسين چاوەشى گەشتی هەيە و ناتوانێت بەشدار بێت. هەڵبەتە دواى پەيوەنديیە تەلەفۆنيیەكانى يەک لە دواى يەكى بەڕێز ئومێد موعەليم لەگەڵ من، خوازيار بوو سەفەرى موحسين چاوەشى بە دوا بخەين، تا بتوانێت لەم مەڕاسيمەدا بەشدار ببێت.”

maxresdefault

لە دواى پەيوەنديیەكانى ئومێد موعەليم، يەكێكى ديكە لە چالاكوانە سەرەكيەكانى ئەو مەڕاسيمە لە ڕێگەى تەلەگرامى فەرمیی خۆیەوە فايلێكى دەنگیی بۆ موحسين چاوەشى ڕەوانە كرد و تێيدا هاتبوو : “موحسين چاوەشى، دەمانەوێت زۆر بە شكۆيانە  بێيت و بێ ئەوەى كە بوونت هەبێ لە ناو ئەو كۆمەڵە خەڵكە خەڵاتەكەت وەربگريت و بڕۆى. هيچ پێويست نييە لە ناو هۆڵ بيت، بەڵكو لە دەرگەى پشتەوەى هۆڵ و لە ڕێگەى ئامێرى بەرزكەرەوە بەرەو ستەيج وەرە و خەڵاتى خۆت وەربگرە و بە هەمان ڕێگەدا بگەڕێوە، هەروەها هيچ وتەيەكيش پێشكەش نەكەيت.”

لە وەڵامى ئەم پرسيارەى پەيامنێرى ڕۆژنامەى فەرهيختێگان، كە “ئايا بە شێوەيەكى فەڕمى موحسين چاوەشى بانگهێشتى ئەم مەڕاسيمە كرابوو بۆ وەرگرتنى خەڵات؟” ئەبوفەزڵى ئەفشارى بەم شێوەيە وەڵامى دايەوە: “بەڵێ، ئومێد موعەليم كە خۆى بە هەوادارە سەرسەختەكانى چاوەشى دەزانێت، گوتى ئامادەبوونى چاوەشى لەو مەڕاسيمەدا بۆ مەبەستى وەرگرتنى خەڵاتى حافزە.”

ئەفشارى بە شێوەيەكى ڕوونتر ئەم پرسيارەى ئاڕاستەى ئومێد موعەليم كردوە و گوتوویەتی “موحسين چاوەشى بۆ وەرگرتنى خەڵات هەڵبژێردراوە؟” ئەويش لە وەڵامدا گوتوویەتی: “بەڵێ، بەڵام دەبێت لە مەڕاسیمەکە، ياخود ڤیدیۆیەکی خۆى بۆ وەسفى مەڕاسيمى حافز بنێرێت. لە تەواوى دونيادا بەم شێوەيەيە.” بەڵام ئومێد موعەليم پێداگریی لە سەر ئەوە كرد كە ئامادەبوونى كەسايەتى لە ناو ئەم مەڕسيمەدا گرنگ و پێويستە.

بەم شێوەيە بەهۆى ئامادەنەبوونى موحسين چاوەشى لەو مەڕاسيمەدا، لە دوا ساتەكانى مەڕاسيم ناوى ئەويان جێگۆڕكێ كرد لەگەڵ گۆرانيبێژێكى ديكە بە ناوى سالار عەقيلى، کە لە درامای مەتەڵی پاشا بەشداریی کردبوو.

هاوبەشی بکە

Hafez Awards, MohsenChavashi, SaleemJamal, Shahrzad,