21/11/2024
DidiMn Logo
Top

ماى نەیم ئز له‌یلا، ڕۆمانى حیکایه‌ته‌ ئاڵۆزه‌کانى سه‌رگه‌ردانیى مرۆڤ

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

شاخه‌وان سدیق

له‌ کتێبى دووه‌مى یاده‌وه‌رییه‌کانیدا، ئه‌لبێر کامۆ باس له‌ ڕۆڵى گرنگى نووسه‌ر ده‌کات و ده‌ڵێت: ”ئه‌و یه‌که‌مین شته‌ى نووسه‌ر پێویسته‌ فێرى ببێت، هونه‌رى گۆڕینى ئه‌و شتەیه‌ که‌ هه‌ستى پێ ده‌کات بۆ ئه‌و شته‌ى که‌ ده‌یه‌وێت ئه‌وانى تر هه‌ستى پێ بکه‌ن.” ئه‌گه‌ر به‌ وردى سه‌رنجى ئه‌م گوته‌یه‌ى کامۆ، بده‌ین له‌وه‌ تێده‌گه‌ین که‌ له‌ دیدى ئه‌وه‌وه‌ نووسه‌ر که‌سێکه‌ که‌ جیاوازتر له‌وانی تر له‌ دونیا و ئه‌وه‌ى له‌ناویدا هه‌یه‌ ده‌ڕوانى و دواتر به‌ شێوازی تر ده‌یانگۆڕێت به‌ که‌ره‌سته‌گه‌لێک، که‌ خه‌ڵکانى تری نزیک له‌ ئه‌و بیبینن. واته‌ ئه‌و مرۆڤانه‌ى پێیان دگوترێت نووسه‌ر، مرۆڤگه‌لێکن جیاواز له‌ توێژه‌کانى تر ده‌بینن و تێده‌فکرێن و پرسیار ده‌که‌ن، سوهراب واته‌نى ”چاومان ده‌شۆن و به‌ جۆرێکى که‌ دونیامان پیشان ده‌ده‌نه‌وه‌”. به‌ڵام به‌ بڕواى من بۆ ته‌واوکردنى وێنه‌ گه‌وره‌که‌ى ئه‌م پڕۆسه‌یه‌، به‌ ته‌نیا نووسەر گرنگ نییه‌ و ئه‌وه‌ى ڕووناکى به‌ دیوه‌ گرنگه‌ى ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌به‌خشێت، بوونى خوێنه‌ر، به ‌واتاى وه‌رگره‌، چونکه‌ به ‌بڕواى من هیچ تێکستێک چه‌ند به‌هێزیش بێت له‌ واتا و ده‌ربڕیندا، به‌بێ تێگه‌یشتنى خوێنه‌رى هۆشیار هێشتا ناکامڵه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ى ڕایمۆند فێده‌رمان ده‌ڵێت: ”هه‌ندێک خوێنه‌ر تێکست پڕ ده‌که‌ن له‌ مانا.” که‌واته‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ باشى له‌ گۆشه‌یه‌کى دیکه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ى تێکسته‌وه‌ له‌ دونیا بڕوانین و تێبگه‌ین، ده‌بێت هاوکێشه‌ى ”نووسەر+ دیالۆگ + خوێنه‌ر = ڕه‌خنه‌گر” هاوسه‌نگ بکه‌ین، چونکه‌ به‌بێ بوونى ئاماده‌ىی هه‌ر یه‌کێک له‌مانه‌، مومکین نییه‌ تێکست هیچ بایه‌خێکى هه‌بێت، چونکه‌ خوێنه‌رى باش، ده‌بێته‌ ڕه‌خنه‌گرى باش و دووباره‌ مانا به‌ تێکست ده‌به‌خشێته‌وه‌.

لێره‌وه‌ ئه‌گه‌ر بکرێت، وه‌ک خوێنه‌رێک له‌ژێر ڕۆشنایى ئه‌و پێشه‌کییه‌ى سه‌ره‌وه‌دا، ده‌مه‌وێت که‌مێک ده‌رباره‌ى ڕۆمانى مای نەیم ئز له‌یلاى کچه‌ نووسەرى ئێرانى بى‌تا مه‌له‌کووتى بدوێم، که‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌رهه‌مى چاپکراوى ئه‌مساڵى بیسته‌مین فێستیڤاڵى گه‌لاوێژه‌ و له ‌لایەن هاوڕێى وه‌رگێڕ، مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یىیه‌وه‌ به‌ زمانێکى پاراو و جوان وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانى کوردى. ئه‌م نوسینه‌ش له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌یه‌ که‌ ڕۆژانه‌ کتێبگه‌لێکى زۆر له‌ دونیاى ئه‌ده‌بى ئێمه‌دا چاپ و بڵاو ده‌کرێنه‌وه‌ و له‌ ڕه‌فه‌کانى کتێبخانه‌ى کوردیدا به‌ بێده‌نگى ده‌مێننه‌وه‌ و خوێنه‌ران، که‌ به‌ بڕواى من به‌شه‌ گرنگه‌که‌ى ڕۆحى تێکستن، له‌ ئاستیاندا بێده‌نگن. بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م به‌رهه‌مه‌ش دوور بێت له‌ دیوارى ئه‌و بێده‌نگییه‌ ترسناکه‌، پێم خۆش بوو بۆچوونى خۆم ده‌رباره‌ى بنووسم. چونکه‌ هاوڕام له‌گه‌ڵ قسه‌که‌ى ڕۆماننووس ئه‌مبرتۆ ئیکۆدا، که ‌ده‌ڵێت: “خوێنه‌ر ته‌نیا ئه‌و که‌سه‌ نییه‌ که‌ کتێبێک ده‌گرێت به‌ ده‌سته‌وه‌ و چاوه‌ڕوانى نووسەره‌که‌ ده‌کات شتێکى پێ بڵێت، به‌ڵکو هێزێکه‌ له‌ پڕۆسه‌ى به‌خشینى مانا و تێپه‌ڕاندنى ئاسۆکانى نووسەردا به‌شداره‌، خوێنه‌ر ئه‌و مانایانه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ که ‌له‌ سنوورى خه‌یاڵى نووسەر تێده‌په‌ڕن، واته‌ که‌سێک نییه‌ ئیشى ته‌نیا وه‌رگرتن بێت، به‌ڵکو که‌سێکه‌ خۆى به‌ سه‌رچاوه‌ى ته‌فسیر و تێڕوانین ده‌بینێت.”

ئه‌م ڕۆمانه‌ باسکردنه‌ له‌ چیرۆکى ژیانى مرۆڤگه‌لێک، که‌ به ‌نه‌وه‌ى بینه‌رى ساته‌کانى شکست و بێهیواىی شۆڕشى گه‌لانى ئێران له‌ ساڵانى هه‌شتاکانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا ناو ده‌برێن، ئه‌و شۆڕشه‌ى که ‌پاش ئازار و مه‌ینه‌تییه‌کان، ئێرانییه‌کان دژى سیستمى شانشینى و هێنانه‌کایه‌ى حکومه‌تێکى نوێ‌ به‌ هیواى باشتربوونى ژیان ئه‌نجامیان دا، به‌ڵام وەک‌ زۆرێک له‌ شۆڕشه‌کانى ترى دونیا و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ شۆڕش و ئامانجه‌کانى بۆ زۆرێک له‌ ئێرانییه‌کان له‌و وڵاته‌دا ده‌بێته‌ دۆزه‌خ، ئه‌ویش دواى پێکدادانى گرووپه‌ چه‌پ‌ و ڕاستڕه‌وه‌کان و له‌سێداره‌دانى هه‌زاران لاوى ئازادیخواز به ‌ناوی تۆمه‌تى جۆراوجۆره‌وه‌، که‌ ئه‌مه‌ش واى کرد کۆچى به‌لێشاوى ئیرانییه‌کان بۆ تاراوگه‌ ده‌ست پێ بکات و جارێکى تر نیشتمان بۆ زۆرێک له‌وان ببێته‌وه‌به‌ زیندانێکى گه‌وره‌، وه‌ک ئه‌وه‌ى به‌ختیار عه‌لییش له‌ گوتارێک ده‌رباره‌ى شۆڕش پێى وایه‌ ”مێژووى مرۆڤایه‌تى هیچ نییه‌، جگه‌ له‌ قه‌سابخانه‌یه‌کى گه‌وره‌ به ‌ناوى شۆڕشه‌وه‌”. له‌م ڕۆمانه‌شدا خانمى مه‌له‌کووتى باس له‌ چیرۆکى ژیانى پڕ له‌ نه‌هامه‌تیى هه‌ندێک له‌و هاوڵاتییه‌ ئێرانییه‌ تاراوگه‌نشینانه‌ى وڵاتى ئه‌مەریکا ده‌کات، که‌ خه‌م و دوورییه‌کانى غوربه‌ت، هه‌ناوى که‌رت و په‌رت کردون و یاده‌وه‌رى ته‌نگى پێ هه‌ڵچنیون، به‌ جۆرێک که‌ له‌ چه‌ند شوێنێکى ڕۆمانه‌که‌دا هه‌ندێک له‌ کاره‌کته‌ره‌کان له‌ خۆونکردن نزیک ده‌بنه‌وه‌، تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ى سه‌رئه‌نجام یه‌کێک له‌ کاره‌کته‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانى ڕۆمانه‌که‌ خودکوژى ده‌کات و له‌سه‌ر پردێکه‌وه‌ خۆى هه‌ڵده‌داته‌ خواره‌وه‌ و کۆتاىی به‌ ژیانى خۆى دەهێنێت.

به‌گشتى ڕۆمانه‌که‌ یاریکردنێکه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو بلۆکى ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا و هه‌وڵێکه‌ بۆ پیشاندانه‌کانى نائومێدییه‌کانى ئینسان، که‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت له‌ هه‌ر کوێیه‌کى ئه‌م دونیایه‌دا بژى.

له‌ ڕاستیدا و بۆ من وه‌ک خوێنه‌رێک، چیرۆکی ئه‌م ڕۆمانه‌ حیکایه‌تێکى ساده‌وساکار و ئاسایى بوو، وه‌ک زۆرێک له‌ چیرۆکى ئه‌و ڕۆمانانه‌ى که ‌ڕۆژانه‌ ده‌یانبینین و ده‌یانخوێنینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگەى بایه‌خ و له‌سه‌روه‌ستانه‌ له‌م ڕۆمانه‌دا، بوونى ته‌کنیکى به‌هێزى گێڕانه‌وه‌ و زمانه‌ ئاستبه‌رزه‌که‌یه‌تى، که‌ بووه‌ته‌ هۆى جوان و به‌هێز داڕشتنى ڕسته‌کان و به‌ستنه‌وه‌یان به ‌یه‌که‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هاوکارى و بوونى شیعرییه‌ت له‌ ساتى گێڕانه‌وه‌ى ڕووداوه‌کاندا، که‌ به دیلۆگى پینگ پۆنگى کورت و خێرا ڕسته‌کانى داڕێژاون، ئه‌ویش به‌ جۆرێک له‌ کاتى خوێنه‌وه‌دا هه‌ر ده‌ڵێى کورته‌چیرۆک ده‌خوێنیته‌وه‌، نه‌ک ڕۆمان. که‌ به‌ بڕواى من ئه‌مانه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، که‌ ئه‌م خانمه‌ نووسەره‌ خۆى هه‌م شانۆکار و شیعرنووسه‌ و کاریگه‌ریى خوێندنه‌وه‌ى چیرۆکی جیهانییشى له‌سه‌ره‌، که‌ به‌ ئاسانى له ‌کاره‌که‌یدا هه‌ستى پێ ده‌که‌رێت، به‌تایبه‌ت چیرۆکه‌کانى نووسەران هەمە‌نگواى ئه‌مەریکى و چیخۆفى ڕووسى. ئه‌م ڕۆمانه‌ له‌ ڕووى ته‌کنیکه‌وه‌ دابه‌ش کراوه‌ به‌سه‌ر حه‌ڤده‌ به‌شى جیاواز و سه‌ربه‌خۆدا، به‌ جۆرێک هه‌ر به‌شه‌ى ده‌توانرێت وه‌ک چیرۆکێکى سه‌ربه‌خۆى ڕووداوئامێز مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بکرێت، واته‌ له‌م ڕۆمانه‌دا له‌ هه‌ر به‌شێکه‌وه‌ بته‌وێت ده‌ست به‌ خوێندنه‌وه‌ بکه‌یت ده‌توانیت و تێماى سه‌ره‌کیى ڕۆمانه‌که‌ تێک ناچێت. ئه‌م ڕۆمانه‌ سێ‌ گێڕەره‌وه‌ى سه‌ره‌کیى هه‌یه‌ و ده‌نگى هه‌ر یه‌کێک له‌و حیکایه‌تخوانانه‌ش سه‌ربه‌خۆ و جیاوازن، به‌ جۆرێک هه‌ر یه‌کێک له‌وانه‌ به‌ جۆرێکى جیا و تایبه‌ت چیرۆک و ڕووداوه‌کانى خۆى و به‌ شێوه‌ى گرێچنى تایبه‌ت به‌ خۆى چیرۆکه‌که‌ى ده‌گێرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش نیشانده‌رى توانا و لێهاتوویى و شاره‌زایی نووسەره‌ له‌ چۆنێتىی نوسینى ڕۆمان و شێوازه‌کانى له‌مڕۆدا.

بێگومان هه‌موو به‌رهه‌مێکى ئه‌ده‌بى چه‌ند به‌بایه‌خ و گرنگیش بێت، هێشتا به‌ ئه‌ندازه‌ى ئه‌وه‌ش لایه‌نى دیکه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ قسه‌کردن ده‌رباره‌ى هه‌ندێک خاڵی لاواز تیایدا. به ‌بڕواى من ئه‌مه‌ش یه‌کێکه‌ له‌ جوانییه‌کانى ئه‌ده‌ب، که‌ گۆشه‌نیگاى زۆر و جیاوازى بۆ بینین هه‌یه‌. من له‌ خوێندنه‌وه‌ى ئه‌م ڕۆمانه‌دا، به‌ر ئه‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌ که‌وتم، که‌ ناکرێت بگوترێت که‌موکورتین له‌ کاره‌که‌دا: ‌

یه‌که‌م: زۆرێک له‌ ڕووداوه‌کانى ناو ڕۆمانه‌که‌ ئاڵۆزن، به‌ جۆرێک ئه‌گه‌ر خوێنه‌رى شاره‌زا نه‌بێت، ڕه‌نگه‌ ئاسان نه‌بێت هه‌ندێک ڕووداو کاره‌کته‌ر به ‌ئاسانى بۆت جیا بکرێته‌وه‌، که‌ ڕه‌نگه‌ ئالۆزىی گێڕانه‌وه‌که‌ نووسەر له‌ خزمه‌ت ته‌کنیکه‌که‌ى به‌کارى هێنابێت، به‌ڵام سه‌رئ ه‌نجام هه‌رچۆنێک بیت خوێنه‌ر توشى مه‌له‌ل ده‌کات.

دووه‌م: ته‌واوى ڕۆمانه‌که‌ به‌ نه‌فه‌سى شانۆیى نووسراوه ‌و که‌متر نووسەر توانیویەتى خۆى له‌ وێنه‌ى درامایى بپارێزێت، که‌ ده‌کرا باشتر و له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگى کاره‌کته‌ره‌کانه‌وه‌ خۆى له‌م حاڵه‌ته‌ بپاراستایه‌ و زیاتر له‌ سینه‌ما نزیک بکه‌وتایه‌ته‌وه.‌

سێیه‌م: ئه‌گه‌رچى ڕۆمانه‌که‌ له‌ وڵاتى فه‌ڕه‌نسا و دوور له‌ سانسۆر چاپ کراوه‌، به‌ڵام له‌ زۆرێک له‌ دیمه‌نه‌ ئیرۆتیکییه‌کاندا، نووسەر خۆى سانسۆرى کردووه ‌و هه‌قى ته‌واوى به‌ گێڕانه‌وه‌ى ساته‌کانى ڕووداوه‌که‌ نه‌داوه‌ و شه‌رمێکى زۆر به‌ نووسینه‌که‌وه‌ له‌و ساتانه‌دا دیاره‌، که‌ خوێنه‌ر به‌ ئاسانى هه‌ست ده‌کات نووسەر خۆى سانسۆر و ڕێگره‌ له‌ به‌رده‌م گێڕەرەوەی حیکایه‌ته‌کاندا بۆ باشتر ته‌عبیرکردنى ئه‌و ساتانه.

 چواره‌م: ئه‌گه‌رچى ڕۆمانه‌که‌ باسکردنه‌ له‌ نائومێدى و نه‌هامه‌تییه‌کانى مرۆڤ به‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌که‌یه‌وه‌، به‌ڵام ساته‌ تراژیدییه‌کانیش له‌م ئیشه‌دا زۆر نه‌رمونیان گێڕاونه‌ته‌وه‌ به‌ زمانێکى ته‌واو کچانه‌، که‌ به‌ بڕواى من نووسەر له‌ کاتى قسه‌کردنى کاره‌کته‌ره‌ پیاوه‌کاندا نه‌ىتوانیوه‌ له‌ کچبوونى خۆى ده‌رباز ببێتن، بۆیه‌ له‌ کاتى خوێنه‌وه‌ى ڕۆمانه‌که‌دا یه‌کڕاست به‌ر نووسین به‌ زمانى فێمینستیانه‌ ده‌که‌ویت.

هاشم ئەحمەدزادە له‌ کتێبى جیهانى ڕۆماندا پێى وایه‌: ”ڕۆمان له‌جیاتىی نوێنه‌رایه‌تیکردنى هه‌موو جیهان، ته‌نیا ڕووناکى ده‌به‌خشێته‌ سه‌ر هه‌ندێک خاڵ بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ جیهان”.” له‌ ئێستادا و به‌گشتى مرۆڤ له‌ هه‌ر شوێنێکى ئه‌م زه‌وییه‌دا بێت و هه‌رچۆنێک بژى، بێهیواییه‌کى گه‌وره‌ بیرکردنه‌وه‌ى ته‌نیوه‌، بۆیه‌ زۆر جار به‌م سه‌رده‌مه‌ ده‌گوترێت چاخى مرۆڤه‌ نائومێده‌ گه‌وره‌کان. له‌م ڕۆمانه‌شدا نووسەر هه‌وڵی داوه‌ باس له‌ ئێستاى دۆخى مرۆڤ له‌ دوو جه‌مسه‌ری دونیادا بکات و بیبه‌ستێته‌وه‌ به‌ دوو کلتوورى جیاوازەوه‌، ئه‌ویش به‌ پیشاندانى ئه‌و نائومێدییه‌ قووڵه‌ى که‌ له‌ ڕۆح و جسته‌ى مرۆڤدا، سه‌ره‌ڕاى بوونى ته‌کنه‌لۆژیا و پێشکه‌وتن، مۆدێرنه‌ دروستى کردوون. نووسەر ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ى ئه‌م ڕۆمانه‌وه‌ باس له‌ نه‌هامه‌تییه‌کانى شۆڕش و خه‌مه‌کانى مرۆڤ له‌ ئاواره‌بوون و ته‌نیایى غوربه‌ت بکات، باس له‌ عیشق و ته‌نیایى و جیابوونه‌وه‌ و هه‌ستانه‌وه‌ى دواترى دواى شکست، باس له‌ ونبوونى مرۆڤ له‌ شاره‌ گه‌وره‌کاندا ده‌کات، که‌ چۆن جۆرێکه‌ مرۆڤ بووەته‌ ڕۆبۆتێکى گه‌وره‌ و له‌ قەڵەباڵغترین جێگەدا هه‌ست به‌ ته‌نیاىی گه‌وره‌ ده‌کات، به‌ جۆرێک ئه‌گه‌ر هۆشیارى نه‌بێت، ئه‌سته‌مه‌ به ‌ئاسانى خۆى بدۆزێته‌وه‌، نووسەر بۆ ده‌ربڕین و داڕشتنى هه‌موو ئه‌مانه‌ش زمانێکى ته‌واو پڕله‌ هارمۆنیاى موزیکی به‌کارهێناوه‌، که‌ خوێنه‌ر په‌ره‌گراف‌په‌ره‌گراف به‌دواى خۆیدا ڕاده‌کێشێت. بۆیه‌ به‌ بڕواى من خوێندنه‌وه‌ى ئه‌م ڕۆمانه‌ بۆ خوێنه‌رانى ئێستاى ئێمه‌ گرنگه‌، چونکه‌ ڕۆمانه‌که‌ جگه‌ له‌ ته‌کنیکه‌ به‌رزه‌که‌ى، خاوه‌نى چیرۆکێکیشه‌ که‌ تا ڕاده‌یه‌ک له‌ ژیانى ئێستاى زۆربه‌مانه‌وه‌ نزیکه‌، وه‌ک نووسەریش خۆى ده‌رباره‌ى ئه‌م ڕۆمانه‌ ده‌ڵێت: ”بۆ نوسینى ئه‌م کتێبه‌ خۆم ده‌سووتام و وشه‌کانى ڕۆمانه‌که‌ یه‌ک‌یه‌ک داده‌گیرسان.”

من به‌هیوام له‌م نووسینه‌مدا ناهه‌قیم له‌ گێڕانه‌وه‌ى تیکسته‌که‌ نه‌کردبێت و خۆتان به‌ خوێندنه‌وه‌ى چێژى ڕاسته‌قینه‌ له‌ ڕۆمانه‌که‌ وه‌ربگرن و ئه‌م نووسینه‌ى منیش ته‌نیا وه‌ک ناساندێکى کورت چاو لێ بکه‌ن.

 سوپاس بۆ وه‌رگێڕى ئه‌زیز مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی، له‌پاى ئه‌و وه‌رگێڕانه‌ جوانه‌ به‌و زمانه‌ پاراوه‌ و ناساندنمان به‌م به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌یه‌. به‌هیوام له‌ داهاتوودا به‌رهه‌مى زیاترى بی‌تا مه‌له‌کووتى بخوێنینه‌وه.‌

هاوبەشی بکە

Bita Malakuti, Mariwan Halabjayi, Shaxawan Sdiq,