02/05/2024
DidiMn Logo
Top

وەهای گوت زەردەشت: لە کتێبەوە بۆ سەمفۆنیا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – گوستاڤۆ دودامێڵ

هێربەرت گلاس

وەرگێڕانی لە ئینگلییزیەوە: کاوان عەبدولڕەحمان

سەمفۆنیک پۆیمی وەهای گوت زەردەشت‌ـی ڕیچارد شتراوس، یەکێکە لەو کارانەی کە کەم جار توانراوە پێشکەش بکرێت. فیلمی بۆشاییی ئۆدیسە، وای لەم کارە کرد کە لەناو موزیسیانەکاندا زیاتر بایەخی پێ بدرێت. بەو پێیەی کە لەم فیلمەدا، موزیکی وەهای گوت زەردەشت باڵی بەسەر تەواوی فیلمەکەدا کێشاوە.

سەمفۆنیک پۆیم، ئێستا لەناو موزیسیانەکاندا بەهاکەی زۆر جێگیرە. ئەم جۆرە سەمفۆنیایە فۆڕمێکی تەواو ئازادی هەیە، کە باس لە چیرۆکێک، ڕوداوێک یان وێنەیەک دەکات. وەهای گوت زەردەشت‌ـی ڕیچارد شتراوس، هەم ناو و هەم سروشی موزیکەکەی لە ڕۆمانەشیعریەکەی فەیلەسووفی ئەڵمانی، فریدریک نیتچەـوە وەرگرتووە، کە بەهەمان شێوەی ڕۆمانەشیعرەکە، تێگەیشتن لە مۆسیقاکەیش ئەستەمە.

لە سەرەتادا، شتراوس ئەو پەیوەندییانەی ڕەت کردەوە کە لە نێوان سکۆری موزیکەکەی خۆی و ڕۆمانەشیعریەکەی نیتچەـدا هەیبووبێت. دەڵێت: “بەڵام دواتر، لە لایەن چیرۆکەکەوە و جوانیی شیعرەکانی ناو کتێبەکە، سروشی نووسینی سکۆرەکەم بۆ هات. بەشێک لەو هەشت بڕگەیەی سەرەتا بووە هۆی سەرئێشە بۆم، هەر ئەوەش هانی دام کە ئەم ئاوازی-شیعرییەی لەسەر بنووسم.”

وەهای گوت زەردەشت، لە ساڵی ١٨٩٦ـدا نووسراوە، کە لەو ساڵەدا شتراوس بووبوو بە بەڕیوبەری تیپی ئۆرکێسترای باڤاریا لە شاری میونخ لە وڵاتی ئەڵمانیا. شاری لەدایکبوونی ئەو خەڵاتێک بوو بۆ بوون بە مایسترۆ، بەڵام پارێزگاری گشتی و بەڕیوبەرانی تیپی ئۆرکێسترای هەمان شار، وایان دادەنا، کە ئاوازەکانی شتراوس بێکەڵکن. بەڵام دەرفەتێکی لەلایەن سەرۆک وەزیرەوە پێ درا، تا لە فرانکفۆرت، ببێتە مایسترۆی تیپێک. هەر لە ساڵی ١٨٩٦ـدا، بە ڕابەرایەتیی خۆی، وەهای گوت زەردەشت‌ـی پێشکەش کرد.

maxresdefault (1)

سەمفۆنیک پۆیم‌ـەکە لە سێ جووڵە پێک هاتووە

جووڵەی یەکەم، لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا، پیاوێک هەست بە هێزێکی خودایی دەکات. بەڵام هێشتا هەر بیر دەکاتەوە، بۆیە نوقمی سۆز دەبێت.

جووڵەی دووەم، بەڵام ئاشتی و ئارامی نادۆزێتەوە، هەر بۆیە بەرەو زانست هەنگاو دەنێت، هەوڵ دەدات کێشەکانی ژیان چارەسەر بکات.

جووڵەی سێیەم، سەمایەکی دڵڕفێن، رۆحی بەرز دەبێتەوە بۆ ئاسمان، لە کاتێکدا هەموو دونیا لەناویدا نوقم بووە.

شتراوس سەرەتای دەستپێکردنی مۆسیقاکەی ناونا هۆنراوەیەک بۆ خۆر، هەمان سەرەتای کتێبی وەهای گوت زەردەشت‌ـی نیتچە، وەک دوا ئاواز بۆ رۆحی داهێنەر؛ “لەمێژە لەنێو مۆسیقادا خەو دەبینین، ئیدی با بەئاگا بێین، ئێمە کە پێشتر شەوگەڕ بووین، با ئیدی ببینە ڕۆژگەڕ.” ڕەنگە لەم تێکستەدا، نیتچە بیری کەوتبێتەوە کە خودی خۆی ئاوازدانەرە.

هەشت بڕگەکەی سەرەتا، پێشگوفتاری زەردەشت، بە بێ وەستان دەژەندرێت. نیشتەجێی دارستانەکان، لە پەرۆشیەکی مەزندا، سەبارەت بە شادی و سۆز، شیوەن و سەبارەت بە فێربوون. لە دەستپێکردندا، بە سێ نۆتە، لەسەر پەیژەی دۆی گەورە. بۆ باکگراوندێک بۆ هەڵهاتنی خۆر و زەردەشت خۆی، بۆ چوونە ناو وفیوگێکی سەرنج ڕاکێش. دوابەدوای ئەوانیش بڕگەی چاکبوونەوە، لە دوای لوتکەی هەڵچوون و ئاڵۆزی موزیکەکە، بە چەلۆیەکی جادوویی، هێمن دەبێتەوە. دواتر گۆرانی سەماـی نیتچەـی فەیلەسووف، زەردەشت، بەدڕندەیی دەچێتە نێو سەمای ڤاڵس‌ـەوە. هەندێک لە ڕەخنەگران، ئەم پارچەیەیەی ناو سەمفۆنیک پۆیم‌ـەکە، بە نەمریی هێزی ژیان لەلای شتراوس لێک داوەتەوە. دواتر گۆرانییە گەڕیدەکەی شەو کە بە لێدانی زەنگۆڵەیەک بۆ نیوەشەو، بە ئامێرە فوودارەکان دەست پێ دەکات و بەهێواشی و بە مانای ئاشتی کۆتایی دێت.

وەهای گوت زەردەشت، لەسەر پەیژەی دۆی گەورەوە دەست پێ دەکات و بە پەیژەی سی گەورە کۆتایی دێت.

ئەو ئامێرانەی کە لە ئۆرکێستراکەدا بەکار دێن، بریتین لە

پیکلۆ
فلووف
ئۆبوا
هۆڕنی ئینگلیزی
بەیس کلارنێت
بەسوون، کۆنترا بەسوون
هۆڕن لە فا و دۆ
ترومپێت لە دۆ و می
ترۆمبۆن
تووبا
بەیس درامەر
ئۆرگان
ڤیۆلین
ڤیۆلا
چێلۆ
کۆنترا باس

تەواوی سەمفۆنیک پۆیمی وەهای گوت زەردەشت

هاوبەشی بکە

Kawan AbdulRahman, Nietche, Richard Straus, Zaraoster,