28/03/2024
DidiMn Logo
Top

پەروەردە لە پێناو بیرکردنەوەی سەربەخۆدا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – کتێبی ئایدیاکان و بۆچوونەکان

ئەلبێرت ئەنیشتاین
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد عوسمان

تەنها ئەوە بەس نییە کە لە بوارێکدا کەسێک بکەیتە پسپۆڕ؛ لەو ڕێیەوە دەکرێت ببێتە ئامێرێکی بەسوود، بەڵام نابێتە کەسێکی خاوەن کەسایەتیی ڕێکخراو و هاوسەنگ. پێویستە و تەنانەت جەوهەری پەروەردەش ئەوەیە کە بە بەهاکان تێگەیشتنێک و هەستکردنێک بۆ خوێندکار دروست بکات، پێویستە خوێندکار بە جوانی و چاکەی مۆڕاڵی هەستێکی زیندووی هەبێت. بەبێ ئەمە، بە لێنانی ئەو مەعریفە و زانیاریی تایبەتەوە، زیاتر لە سەگێکی ڕاهێنراو دەچێت وەک لە مرۆڤێکی گەشەکردوو.  پێویستە فێر ببێت بۆ ئەوەی لە پاڵنەرە مرۆیی و وەهمەکانی بەرچاوی و ئازارچەشتنەکانی تێبگات، تاوەکو لەگەڵ کۆمەڵگە و دەوروبەردا پەیوەندییەکی لەبارتر و گونجاوتر بەدەست بهێنێت.

ئەم کەرەستە بەنرخانە لەڕێگەی پەیوەندیی ڕووبەڕووەوە دەگوازرێتەوە بۆ گەنجەکان لەگەڵ ئەو کەسانەی کە فێرکارن، نەوەک لە ڕێگەی دەفتەر و کتێبەکانەوە، هەر ئەمەشە کلتوورەکان بونیاد دەنێت و پاریزگارییان لێ دەکات. ئەمەیە کە من مرۆڤایەتی پێ ڕادەسپێرم و بە گرنگ لە قەڵەمی دەدەم، نەوەک تەنها زانستێکی تایبەت لە بوارەکانی  فەلسەفە و مێژوو.

جەختکردنەوە لەسەر سیستەمی پێشبڕکێی و پسپۆڕیی پێنەگەشتوو لە بوارێک، بە بەهانەی سودمەندبوونی هەنووکەیی و خێرا، ئەو ڕۆحییەتەی کە ژیانی کلتووری لەسەر بەندە دەکوژێت، بە مەعریفەی تایبەتیی بوارەکانیشەوە.

یەکێک لە بنەماکانی هەر پەروەردەیەکەی بەنرخ تاوەکو بە زیندوویی بمێنێتەوە، پەرەپێدانە بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگریی سەربەخۆ لای گەنجان، پەرەپێدانێک کە تووشی مەترسیی بکات، ئەویش بە ڕووبەڕووکردنەوەی خوێندکار لەگەڵ چەندین بابەتی جۆراجۆرو زۆردا. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەش وا دەکات تەنها لە بوارێکدا کەسێکی قووڵ نەبێت، بەڵکو ڕووکەشانە لەگەڵ هەموو بوارەکاندا بەرکەوتەی هەبێت. فێرکردن دەبێت وەها بیری لێ بکرێتەوە کە دیارییەکی بەنرخە، نەوەک ئەرکێکی گران.

هاوبەشی بکە

Education, Einstein, Mhamad Osman,