25/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی میازاکی: هایۆ میازاکی پاش بەرهەمهێنانی فیلمێکی تر واز لە کارکردن دەهێنێت

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – زە ڤێرج

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

لە ساڵی ٢٠١٣دا، ئەنیمەیتەری بەناوبانگی یابانی هایۆ میازاکی، ڕای گەیاند کە واز لە کارکردن دەهێنێت، کە چیتر هیچ  فیلمێکی درێژ بڵاو ناکاتەوە تاوەکو بتوانێت چەند پڕۆژەیەکی بچووک جێبەجێ بکات. وا دەردەکەوێت کە هونەرمەندێکی براوەی خەڵاتی ئۆسکار هەر وا بە ئاسانی ناتوانێت واز لە کارەکەی بهێنێت، میازاکی دەڵێت کە بە دروستکردنی فیلمێکی تر کۆتایی بە کارکردن دەهێنێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی کۆتاکو، هەروەها تۆڕی هەواڵی ئەنیمەیشن ڕاپۆرتێکیان بڵاو کردەوە لەژێر ناونیشانی هایۆ میازاکی: ئەو پیاوەی هێشتا تەواو نەبووە. لەو ڕاپۆرتەدا میازاکی ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئەو دڵخۆش نییە بە کورتەفیلمە ئەنیمەیشنە ١٢ خولەکییەکەی بە ناوی بۆرۆی کرمۆکە، لەجیاتیی ئەوە دەیەوێت بیکاتە فیلمێکی درێژ. هەرچەندە هێشتا گڵۆپی سەوز لە لایەن بەڕێوەبەری ستۆدیۆکەوە بۆ میازاکی هەڵنەکراوە، دەستی کردووە بە کاری ئەنیمەیشن بۆ پڕۆژەکەی. پێویستە چاوەڕوانی ڕەزامەندی فەڕمیی بکەین، بەڵام ئێمە باسی میازاکی دەکەین، ئەگەر ئەو بیەوێت فیلمێک دروست بکات، بێگومان دەیکات.

میازاکی لە کاتی کارکردن

فیلمی بۆرۆی کرمۆکە بۆ مۆزەخانەی گیبڵی بەرهەم هاتووە، کە لە ساڵی ٢٠٠١دا کراوەتەوە و بەرهەمەکانی ستۆدیۆ گیبڵی دەخاتە ڕوو، کە میازاکی دامەزرێنەریەتی. فیلمەکانی ستۆدیۆ گبڵی بریتین لە قەڵایەک لە ئاسمان، تۆتۆرۆی دراوسێ، شاری ڕۆحەکان و قەڵای جوڵاوی هاوڵ. زۆر شت نازانین دەربارەی بۆرۆی کرمۆکە، بەڵام میازاکی بۆ ماوەی بیست ساڵە کار لە چیرۆکەکەیدا دەکات. میازاکی گوتی: “فیلمەکە چیرۆکی کرمۆکەیەکی بچووکی قژن دەگێڕێتەوە، هێندە بچووک کە ڕەنگە لە ناو پەنجاکانتدا بفلیقێتەوە.” ئەو گوتی ڕەنگە ئەو تەمەنی بگاتە هەشتا ساڵ کاتێک ئەم فیلمە بە کۆتا دەگات، بەڵام بە هەموو پێوەرەکان، فیلمەکە پێش ئۆڵۆمپیادی ٢٠٢٠ لە تۆکیۆ تەواو دەبێت و ئامادەی نماییش دەبێت.

سەرپەرشتیاری پەڕاو: پشتیوان کەمال

هاوبەشی بکە

Animation, HayaoMiyazaki,