26/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی میازاکی: ژیاننامەی ئەنیمەیتەر هایۆ میازاکی

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – بڕیتانیکا
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

 

هایۆ میازاکی لە ٥\١\١٩٤٥لە تۆکیۆی یابان لەدایک بووە، ئەو ئەنیمەیتەرێکی بەناوبانگی یابانییە و کارە سەرنجڕاکێشەکانی بە تەواوی جیهاندا بڵاو بووەتەوە لە نێویشیاندا کوردستان. ئەو لە کوردستان بە زنجیرەئەنیمەیشنی عەدنان و لینا (کەنعان، کوڕی داهاتوو) بەناوبانگە. ڕەخنەگران و تەواوی بینەران کارەکانی میازاکیان بەرز نرخاندووە.

باوکی میازاکی بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی بووە بە ناوی فڕۆکەی میازاکی. ئەم کارەی خێزان وای لە میازاکی کردووە کە خۆشەویستییەکی زۆری بۆ فڕۆکە دروست ببێت و لە زۆرینەی کارەکانیدا ئەو هەستەی پیشان بدات. پاش تەواوکردنی خوێندنەکەی لە ئابووریدا لە زانکۆی گاکوشوین لە تۆکیۆ لە ساڵی ١٩٦٣، لە کۆمپانیایەکی ئەنیمەیشن دەستی بە کارکردووە، کە ئەو کۆمپانیایەش گەورەترین بەرهەمهێنەری کاری ئەنیمەیشن بووە لە ئاسیادا. ئەو لەوێ چاوی بە تاکاهاتا ئیساو دەکەوێت، کە دەبنە هاوڕێی ژیانی یەکتری و پێکەوە دەست بە کار دەکەن. هەروەها لەگەڵ ئۆتا ئاکێمی، کە ئەویش بە هەمان شێوە لە بواری ئەنیمەیشندا کار دەکات، ژیانی هاوسەرێتی دروست دەکەن. پاش جێهێشتنی ئەو کۆمپانیایە، لەگەڵ تاکاهاتا لە ساڵی ١٩٧١ لە چەندین کۆمپانیای تر دەست بە کار دەبن.

ئەو شێوازەی میازاکی کاری لەسەر دەکات بە تەواوی لە فیلمی ناوسیکا ئاشکرا دەبێت و ئەم فیلمەشی دەنگدانەوەیەکی باشی دەبێت، هەروەها لە ساڵی ١٩٨٤دا فیلمێک لەژێر هەمان ناونیشاندا بڵاو دەبێتەوە، کە ئیلهامی لە فیلمەکەی میازاکییەوە وەرگرتووە. هەر لەو کاتەوە میازاکی و تاکاهاتا دەست بە کار دەبن و پێکەوە لە ساڵی ١٩٨٥ ستۆدیۆ گیبڵی دادەمەزرێنن. ساڵی دواتر فیلمی قەڵایەک لە ئاسمان بڵاو دەکەنەوە و ناوسیکاش لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڵاو دەبێتەوە. بە هۆی کارکردنی زۆر خراپ لەو فیلمەدا لە ڕووی دۆبلاژ و مۆنتاژەوە، فیلمەکە دەنگدانەوەیەکی باشی نەبوو، هەر بۆیە دەیەیەکی خایاند تاوەکو جارێکی تر میازاکی فیلمێکی خۆی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بڵاوبکاتەوە.

ئیلوسترەیتەر: سابات عەباس

میازاکی و ستۆدیۆ گیبڵی بەردەوام بوون لە بەرهەمهێنانی چەندین کاری ناوازە. ئەو تۆتۆرۆی دراوسێی بڵاو کردەوە، لەپاڵیشدا تاکاهاتا گۆڕی گوڵە ئەستێرەکانی بڵاو کردەوە لە ساڵی ١٩٨٨دا. هەردوو فیلمەکە لە لایەن ڕەخنەگرانەوە زۆر بە باشی باس کرا و سەرکەوتنێکی گەورەی لە ڕووی داراییەوە بۆ ستۆدیۆکە هێنا. پاشتر لە ساڵی ١٩٨٩دا فیلمی خزمەتگوزاریی گەیاندنی کی کی، کە باس لە چیرۆکی ساحیرێکی گەنج دەکات کاتێک دەچێتە تەمەنەوە. لە ساڵی ١٩٩٢شدا فیلمی پۆرکۆ ڕۆسۆی بەرهەم هێنا، کە باسی لە پسپۆڕێکی فڕۆکەی یەکەم جەنگی جیهانی دەکات، کە بە نەفرەت کراوە و ڕوخساری بەرزای هەیە. ئەم سەرکەوتنانە ڕێگەیان خۆش کرد تاوەکو لە ساڵی ١٩٩٧ فیلمی شاژنە مۆنۆنۆکی بەرهەم بهێنێت، کە بووە هۆی شکاندنی چەندین تۆمار لە بۆکس ئۆفیسی یاباندا.

شاری ڕۆحەکانی میازاکی لە ساڵی ٢٠٠١دا گەورەترین خەڵاتەکانی بۆ میازاکی هێنایەوە. ئەو توانی خەڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین بباتەوە، توانی خەڵاتی باشترین فیلمی ئەنیمەیشنی ئۆسکاریش بەدەست بهێنێت، هەروەها بە باشترین فیلمی ئاسیاش دەستنیشان کرا. لە یابانیش گەورەترین خەڵاتەکانی بەدەست هێنا و توانیی پێش فیلمی تایتانیک بداتەوە بە بەدەستهێنانی زۆرترین داهات لە مێژووی یاباندا.

پاش سەرکەوتنە ناوازەکەی شاری ڕۆحەکان، قەڵای جوڵاوی هاوڵی لە ساڵی ٢٠٠٤ بەرهەم هێنا. باسی لە چیرۆکی کچێکی لاو دەکرد کە بە هۆی نەفرەتەوە ڕوخساری گۆڕابوو بە ژنێکی پیر، ئەم فیلمەش لە ساڵی ٢٠٠٦ پاڵێورابوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین فیلم. دیزنی لە ساڵی ٢٠٠٥دا ڤێرژنێکی تری ناوسیکای بڵاو کردەوە لەسەر دیڤیدی، کە هەم دەنگە یابانییەکە و هەم دۆبلاژە ئینگلیزییەکەشی لەخۆ گرتبوو. پۆنیۆ لە ساڵی ٢٠٠٨دا بڵاو بووەوە. لە سەرەوەی گردی پۆپی لە نووسینی میازاکی و گۆرۆی کوڕی کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجام دابوو. هەروەها فیلمی جیهانە نهێنییەکەی ئارایتی لە ساڵی ٢٠١٠دا بڵاو کرایەوە، کە لە کتێبە منداڵانەکەی ماری نۆرتۆنەوە سەرچاوەی گرتبوو.

با هەڵدەکات دواهەمین فیلمی میازاکییە و باس لە ژیانی ئەندازیار هۆریکۆشی ژیرۆ دەکات، کە دیزاینی فڕۆکە جەنگییەکانی یابانی کردووە لە دووەم جەنگی جیهانیدا. ئەم فیلمە پاڵێوراو بووە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار. میازاکی ڕای گەیاندبوو کە ئەم فیلمە دواهەمین فیلمی دەبێت، بەڵام کورتەفیلمێکی بەرهەمهێنا بە ناوی بۆرۆی کرمۆکە و دواتر ڕای گەیاند کە ئەو کورتەفیلمەی دەکاتە فیلمێکی درێژ.ئەم فیلمە بە یەکەم فیلم دادەنرێت کە تەواوی کارەکانی لەسەر کۆمپیوتەر کرابن. ئەو لە ٢٠١٥دا ئۆسکاری شانازیی بەدەست هێنا.

هاوبەشی بکە

Animation, HayaoMiyazaki, StodioGibli,