26/04/2024
DidiMn Logo
Top

چیرۆکێکی بیستراوی نەبینراو لە فیلمی شارۆچکەی باکووردا

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ڕۆجەر ئیبەرت

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

پاش ئەوەی جۆسی ئەیمز منداڵەکانی دەبات و لە ماڵی هاوسەرەکەی دەچێتە دەر بە هۆی ئەوەی هاوسەرەکەی لێی داوە، چیتر ئەو حەز بە مانەوە ناکات لە ماڵەوە. باوکی لێی دەپرسێت: “لەگەڵ پیاوێکی تردا تۆی گرت؟ لەبەرئەوەیە لێی دایت؟” ئەیمز دەڵێت: “بەڕاستی تۆ ئەو پرسیارەم لێ دەکەیت؟” بەڵێ ئەو دەتوانێت، لەو شوێنەدا و لەو کاتەدا، هەر شتێک ڕووی بدایە هەڵەی ژنەکە بوو. جۆسی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی لە دەرەوەی مینۆسیتا، لەو شوێنەی باوکی لە یەکێک لە کانەکاندا کار دەکات.

ئەو کارێکی لە ساڵۆنێک دەست دەکەوێت، پارەیەکی زۆری دەست ناکەوێت. ئەو دەتوانێت شەش هێندەی ئەو پارەیەی دەست بکەوێت ئەگەر لە کانەکە کار بکات. ناو دەنووسێت بۆ کارەکە و وەردەگیرێت، هەرچەندە بەرپرسە نوێکەی دڵخۆش نییە: “کارەکە بەرزکردنەوە، لێخوڕین، هەموو ئەو کارانەی تر دەگرێتە خۆی کە ژنان نایکەن، گەر لە من بپرسیت. بەڵام دادگای باڵا ڕازی نییە.” لە سی کەس لەوانەی لە کاندا کاردەکەن، بیستونۆیان پیاون. جۆسی کە ڕوخسارێکی جوان و ڕەفتارێکی باشی هەیە، دەبێتە ئامانجی ئارەزوو و حەز و ڕقلێبوونی پیاوەکان.

چارلز سیرۆن

شارۆچکەی باکوور، کە چیرۆکی ژیانی جۆسی دەگێڕێتەوە، لە ژیانی ڕاستەقینەی لۆیس جانسن سەرچاوەی گرتووە، کە لە مێژووی ئەمەریکادا یەکەمین کەسە فایلی لە دادگا کردبێتەوە سەبارەت بە دەستدرێژیی سێکسی. ئەم ڕووداوە لە ساڵی ١٩٩١دا ڕووی داوە و ئەمە جێگەی سەرسامییە بۆ من؛ من گومانم دەکرد ئەم هەلومەرجە لە ساڵانی حەفتاکاندا ڕووی دابێت، بەڵام نا، ئەمە ئەو کاتە ڕاستەقینەیە کە ئەو بڕیارەی تێدا دەرکراوە. هەروەک هەموو بڕیارەکانی تری سەبارەت بە مافی هاووڵاتییان، ئەمە لە شەو و ڕۆژێکدا ڕووی نەداوە.

دەرهێنەرەکە دەڵێت جۆسی ئەیمس کارەکتەرێکە کە سرووشی لە داواکارییەکەی جانسن وەرگرتووە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کارەکتەرێکی خەیاڵییە. چارلیز سیرۆن توانیویەتی بە ئاستێکی زۆر بەرز وردەکاریی ژیانی کارەکتەرێکی لەو جۆرە بخاتە ڕوو. ئێمە پێمان وایە بەم جۆرە ژیاوە و بەم جۆرە بیری کردووەتەوە. پاش فیلمی دڕندە، ئەمەش ڕۆڵێکی تری گرنگی ئەم کەسایەتییە قەشەنگەیە کە توانیویەتی سەرچاوە لە خۆیدا بدۆزێتەوە تا ڕۆڵێکی کەسایەتییەکی بەهێزی لەو جۆرە بگێڕێت لە جیهانی پیاوەکاندا.

دایک و باوکی جۆسی ئەیمس

جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئەیلین ڕۆنۆس لە فیلمی دڕندەدا، پیاوکوژ بوو، گرنگ نییە کە کۆمەڵگە پێشتر چییان بەسەر هێناوە. هەموو ئەوەی جۆسی ئەیمس دەیەوێت، ئەوەیە کە خانوویەکی خۆی هەبێت، خواردنی باش و جل بۆ منداڵەکانی و پارەیەکی تەواو، تا بتوانێت جارجار کەلوپەلی پێویستی یاریی هۆکی بۆ کوڕەکەی بکڕێت. ئەمە جێی قبووڵکردنە، وا دەردەکەوێت، بەڵام تەنانەت باوکیشی لە دژی ئەوەیە ژنان لە کانەکە کار بکەن، چونکە ئەوە “کاری ژن نییە”، چونکە ئەو ئەم کارەی لە پیاوێک وەرگرتووە “کە پێویستی پێیەتی بۆ پشتگیریی خێزانەکەی”. جۆسی پێی دەڵێت: “هەروەها منیش.” بەڵام تەنانەت ژنانی ناو کۆمەڵگەکەش پێیان وایە کە شتێکی هەڵە هەیە، ئەگەر ئەو پیاوێک نەدۆزێتەوە تا چاودێریی بکات.

کارۆی دەرهێنەری فیلمەکە، لە دوو جیهاندا چیرۆکەکەمان پیشان دەدات: یەکەمیان جیهانی ژنانە لە کۆمەڵگەدا، کە لەلایەن گلۆرییەوە وێنا دەکرێت، کە تەنیا ژنە لە یەکێتییەکەدا و دەنگی هەیە لەو کۆمیتەیەدا، هەروەها دەتوانین بڵێین هەستێکی ڕەقی هەیە، کە دەتوانێت بەرانبەر پیاوەکان بوەستێتەوە. ڕێگەیەک دەدۆزێتەوە تا ئەو شتە بەدەست بهێنێت کە دەیەوێت بێ ئەوەی ڕووبەڕووی ببنەوە. ژنەکانی تر لە کاتی ڕوودانی هەر دەستدرێژییەک هیچ قسەیەک ناکەن و سەریان دادەخەن، چونکە کارەکانیان زیاتر دەوێت لە هەر شتێکی تر کە ڕوو دەدات. جۆسی دوو کێشەی هەیە: یەکەمیان ئەوەیە کە زیاتر لە ئەوانی تر چاوی لەسەرە و یەکێک لەوانەشی لەوێ سەرپەرشتیارە، پێشتر پەیوەندیی خۆشەویستیی لەگەڵدا هەبووە بە ناوی بۆبی شاڕپ، کە نهێنییەکی لەگەڵدا شاردووەتەوە و ئەم نهێنییە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی دواناوەندی.

کەسایەتی گلۆری

لە جیهانی پیاوەکاندا، دەست خستنە سەر ژنان کاری ڕۆژانەیە؛ ئەمە ئەو شتەیە کە پیاوان دەیکەن. لەگەڵ ئەوەی پیاوەکانیش دەستدرێژی دەکەنە سەر جۆسی، بۆ نموونە بۆبی شاڕپ، ئەوە جۆسییە کە تاوانبار دەکرێت. هاوسەری شاڕپ لە شوێنێکی گشتیدا هاوار دەکات: “لە بۆبی شاڕپ دوور بکەوەرەوە.” لە هەموو جێگەیەک ئەوە پیشان دراوە کە جۆسی تاوانباری سەرەکییە و ئامۆژگاری دەکرێت کە “کاتی کەمتر بەسەر بەرێت بۆ هاندانی ژنانی هاوڕێی و کاتی کەمتریش بەسەر ببات لەسەر جێگە نووستنی هاوڕێ کوڕەکانی”.

جۆسی پەیوەندی دەکات بە پارێزەرێکی ناوخۆوە، کە کەیسەکە وەردەگرێت بەشیکی لەبەر ئەوەیە کە دەبێتە هۆی دانانی یاسایەکی نوێ. بەڵێ، یاسایەکی نوێ دادەڕێژێت. دیمەنەکانی ناو دادگا زۆر بە جوانی توانیویانە بڕوا بە بینەر بکەن. دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەمە فیلمێکی دۆکومێنتاری نییە، بەڵکو فیلمێکی درامییە و باس لە ژیانی ژنێک دەکات کە تەنانەت خەڵکە باشەکەی کۆمەڵگەش دەترسن لەوەی پشتگیریی بکەن.

بێگوومان فیلمی شارۆچکەی باکوور یەکێکە لەو فیلمانەی کە تووشی سەرسووڕمانت دەکەن و شێتت دەکەن، چونکە چیرۆکێکمان بۆ وێنا دەکات کە هەموومان بیستوومانە، بەڵام هەرگیز بە وێنە نەمان دیووە.

کلیک لە وێنەکە بکە بۆ خوێندنەوەی بابەتی زیاتری نووسەر:


DidiMn

هاوبەشی بکە

Charlize Theron, North Country, PshtewanKamal, Roger Ebert,