05/05/2024
DidiMn Logo
Top

ڕۆمانی بازاڕی: کۆی بۆچوونەكانى چارلز بۆكۆڤسكى

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

ديدى مننەشرێ چێشمێ

لە فارسييەوە: سەليم جەمال

بازاڕی ناوى كۆتا ڕۆمانى نووسەرى ناودارى ئەڵمانی-ئەمەریکی چارلز بۆكۆڤسكىيە، بە بۆچوونى زۆرێک لە ڕەخنەگران و نووسەران بە پوختەترين ڕۆمانى بۆكۆڤسكى هەژمار دەكرێت. ئەو بەگشتى لەو ڕۆمانەدا لە فۆرمى ڕاپۆرتنووسى تايبەتى هاتە دەرەوە، چارلز لەو ڕۆمانەدا کەسایەتییەکی داهێناوە كە وەكو كەسايەتيیەكانى ديكەى ڕۆمانەكانى زياتر لە خۆى نزيك بوو؛ لێکۆڵەرێکی سەرخۆش، بێ كەس و تەنيا كە مەيل و حەزى لە ئەسپسوارييە. خوێنەر لە كاتى خوێندنەوەت كتێبەکەدا پەى بەوە دەبات كە دوچارى پەستى و دڵتەنگى بووەتەوە.

خوێنەر لە دەستپێكى ڕۆمانەكە ڕووبەڕووى ديمەنێک دەبێتەوە كە كەمتر لە كتێبەكانى ديكەدا ئەو جۆرە ديمەنانە دەبينرێن؛ ژنێک بە ناوى خاتوونى مەرگ بۆ لاى لێكۆڵەرەكە دەڕوات و داواى لێ دەكات كە كەسێک بە ناوى سێلينى بۆ بدۆزێتەوە. ڕووداو و بەسەرهاتە فەنتازياكانى ئەو ڕۆمانە لێرەدا دەست پێ دەكات و خوێنەر بە خۆيەوە گرێ دەدات و ديلى خۆى دەكات. شێوازى ڕەوانبێژیی بۆكۆڤسكى هەرگيز خوێنەر لە خۆى وەڕس و هيلاک ناكات، بەڵام خوێندنەوەى كتێب و بەرهەمەكانى بۆكۆڤسكى بۆ خوێنەر كەمتر چێژى خۆى هەيە، چونكە بەرهەمەكانى ئەو، بەتايبەت شيعرەكانى، كە بە شێوەى هەجوو و بەدگۆيى داڕێژراون، نەفرەت لەو پوچگەراييیانە دەكات كە بە شێوەيەكى ڕوون و ئاشكرا لە كۆمەڵگەى ئەمڕۆدا بەربڵاون.

ڕۆمانى بازاڕی كۆى هزر و بۆچوونەكانى بۆكۆڤسكى لە خۆ دەگرێت، لەوانەيە گشت ديوانى شيعريى ئەو، لەو ڕۆمانە بچووكەدا كورت كرابێتەوە.

charlesbukowski

نيك بلەن، لێكۆڵەرى ڕۆمانەكە، گيرۆدەى بابەتێک دەبێت كە ناشێت بڵێين خۆى خۆى گيرۆدەى ئەو بابەتە كردووە يان ئەوانى ديكە ناچاريان كردووە بەو ڕێگەيەدا بڕوات، ڕێگەيەک كە لە كۆتاييدا دەبێتە هۆى مەرگى ئەو.

ئەو كەسايەتيیانەى كە بۆكۆڤسكى لەو ڕۆمانەدا دايهێناون پیشاندەرى نيگايەكى ديكەى ئەمەريكايە. نەفرەت، بێهوودەيى و پوچى لەو ڕۆمانەدا شەپۆل دەداتەوە. بيرۆكەيەک كە بە زمانى ڕەوانبێژانە بەيان دەكرێت، نەک بە وشەگەلێكى گران و دژوار كە خوێنەر بۆ كەنداڵێكى بێ كۆتايىی ڕەها بكات و بە تارمايى  بگەیەنێت.

بۆكۆڤسكى بە زمانێكى سادە، بێهوودەييیەكانى ئەم جيهانە بەيان دەكات، جيهانێک كە بە بێهوودەيیيەكانى زيندووە.

bukowski-writing

ئەمەی خوارەوە بەشێکە لە ڕۆمانی بازاڕی، کە کۆی هزر و بۆچوونەکانی بۆکۆڤسکیی تێدا بەرجەستەیە:

“ديسان ڕۆژى دواتر گەڕامەوە ئۆفيسى كار، هەستێكى پەشۆكاوم هەبوو، بێ پەردە قسەى خۆمم كرد. بێزم لە هەموو شتێكى ئەم دنيايە دەبووەوە، نە بڕيار بوو من بە جێگەيەک بگەم، نە گشت دونيايش. ئێمە هەموومان سەرگەردان و تەنيا بەملا و بەولا دەگەڕاين و چاوەڕوانی مەرگ بووين، لەو مەودايەش كارى بچووكمان ئەنجام دەدا تا بۆشاييیە بەتاڵەکان پڕ بكەينەوە. هەندێک لە ئێمەش هەرگيز ئەم كارە بچووكانەمان ئەنجام نەدەدا، ئێمە بەشێک بووين لە گژوگيا و ڕووەک،هەروەها بە خۆشمەوە. بەڵام تەنيا ئەوە نازانم چ جۆرە گژوگيا و ڕووەكێک بووم؛ هەستم دەكرد شێلمێكم.”

هاوبەشی بکە

Bukowski, factotum, SaleemJamal,