25/04/2024
DidiMn Logo
Top

گفتوگۆ لەگەڵ چارلز بۆکۆڤسکی

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منکیکا

کیڤن ڕینگ
لە عەرەبییەوە: زرار حەمید

چارلز بۆکۆڤسکی بە تەنها شاعیر و نووسەرێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بلیمەتێك بوو، یەکێك لەو کەسە دەگمەنانەی کە لە گوتنی ڕاستی نەترساوە، کەسێك شێوازی خراپی ژیانی خۆی کردە کەرەستەیەكی باش بۆ نووسین. لەم گفتوگۆ کورتەدا بۆکۆڤسکی باسی سەرەتای نووسینەکانی دەکات و دەربارەی نووسەر جۆن فانتی دەدوێت، کە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە لەسەر نووسینەکانی.

 

لەیادت ماوە یەکەم نووسین کە بڵاوت‌ کردەوە چی بوو؟ چ هەستێکت بۆی هەبوو؟

نا، لەیادم نییە. بەڵام لەیادمە یەکەم بابەتی ڕاستەقینەی خۆم کە بڵاو کرایەوە. چیرۆکێکی کورت بوو، لە گۆڤاری چیرۆكدا بڵاو کرایەوە، لە ساڵی 1944دا. من بە درێژایی ساڵ‌ و نیوێك هەموو هەفتەیەك هەندێك کورتەچیرۆکم بۆ دەناردن. دوای ئەمە وازم لە چیرۆك هێنا و خووم دایە مەیخواردنەوە. هەستم نەدەکرد کە خاوەن دەزگاکانی بڵاوکردنەوە ئامادەن چیرۆکەکانم بڵاو بکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا من ئامادە بووم بنووسم، لە هەموویان زیاتر ئامادەییم تێدا بوو، شتێکی سەیر بوو لام کاتێك بابەتەکانم قبووڵ دەکران. هەر بۆیە لەسەر مەیخواردنەوە بەردەوام بووم، تاکو بووم بە باشترین سەرخۆش، کە ئەمەش خۆی بەهرەیەك بوو.

 

بۆچی ماوەیەكی زۆر وازت لە نووسین هێنا و دواتر گەڕایتەوە، لام وابێت هەندێك هۆکار هەن؟

بەڵێ، مەی. لەو کاتەشدا بێزار بووم لە شار و ئەرکە بێنرخەکانی، لەم جۆرە ژینگەیەدا هیچ شتێک واتای نییە و تا ئێستاش من کێشەم لەگەڵ ئەم بابەتە هەیە، ژیانێکی خودکوژیم بەڕێ کرد، ژیانێکی نیوەهیچ‌، چەندان ئافرەتم ناسی، بە ڕێگەی قورس و گران بەوان گەیشتم، هەندێك لەم شتانە بوونە کەرەستەیەك تاکو بنووسم، بە هۆی سەرخۆشبوونەوە، ڕووداوێکم بەسەر هات، نیوەمردوو بووم. لە یەکێك لە نەخۆشخانەکا‌ندا بە هۆی زیاد مەیخواردنەوە تووشی خوێنبەربوون بووم، بەڵام سەیر بوو، نەمردم! لە نەخۆشخانە هاتمە دەرەوە، دیسان مەیم خواردەوە، زیاتر… هەندێك جار کە دەکەویتە نێوان ژیان و مردن، ئەوکات ئیدی کارە قورسەکانت بەجێ دەگەیەنیت. دوای دوو ساڵ و نیو کارکردن وەك فەرمانبەری پۆستە و دە ساڵ و نیو وەك نووسەری فەرمانگەی پۆستە، چی دی مەیلم نەما. لە تەمەنی پەنجاساڵیدا، دەستم لە کارەکەم کێشایەوە و بڕیارم دا ببم بە نووسەرێکی پیشەگەر. بەم جۆرە بوو، کەسێك لەسەر کاغەز پارە پەیدا بکات، یان ئەم کارە یان مەیخواردنەوە، بەخت یاوەرم بوو. بووم بە نووسەر.

 

دەربارەی جۆن فانتی* قسەمان بۆ بکە، تۆ کتێبەکانی ئەوت خۆش دەوێن و بوویت بە هاوڕێشی…

لە تەمەنی لاویمدا بە درێژایی ڕۆژ لە ناو کتێبخانەکاندا دەهاتم و دەچووم، خوێندمەوە و خوێندمەوە و خوێندمەوە، تاکو هەموو ئەو کتێبانەی لە بەردەستم بوو خوێندمنەوە. دووبارە و دووبارە کتێبەکانم دەخوێندەوە، دەگەڕامەوە سەر خوێندنەوەی بەشێکی کتێبێك و دەمخستەوە نێو کتێبخانەکە. ڕۆژیك لە کتێبخانەیەك کتێبی کەسێكم کردەوە بە ناوی فانتی. دێڕەکانی وەك گوللە بەرەوڕووم هاتن. گاڵتە ناکەم، من فانتیم نەدەناسی، کەس قسەی دەربارە نەدەکرد، تەنها کەسێك بوو بوونی هەبوو، تەنها نوسەرێك بوو، کتێبەکە ناوی Ask The Dust بوو. سەرەتا کتێبەکە سەرنجی ڕانەکێشام، بەڵام وشەکانی سادە بوون، ڕاستگۆیانە بوون، ئای خوایە! بیرم کردەوە، ئەم پیاوە بەڕاستی دەتوانێت بنووسێت! باشە، هەموو کتێبە بەردەستەکانیم خوێندەوە، پێم وابوو ئێستاش نووسەرانی جادووگەر لە سەرزەوی ماون، پاش ماوەیەکی زۆر، پاش ئەوەی بوومە نووسەر، یەکێك لە کتێبەکانی خۆم نارد بۆ ناوەندێکی بڵاوکردنەوە، خاوەنەکەی جۆن مارتین بوو، لەو ناوەندەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم پێوە کرا…

 

تۆ زۆر ناوی ئەم فانتییە دەهێنیت لە کتێبەکانتدا، ئایا بەڕاستی نووسەرێکی وا بوونی هەیە؟

پێم گوت بەڵێ، هەیە، دەبێت فانتی بخوێنرێتەوە، لەم ماوەیەدا گوێم لە مارتین بوو بە جۆشوخرۆشەوە دەیگوت فانتی نووسەرێکی مەزنە، زۆر مەزنە! بڕوا بەمە ناکەم! دەست دەکەم بە بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی. ئیدی ناوی فانتی هاتە نێو ناوان، ئەوکات زیندوو بوو، هاوسەرەکەم پێشنیاری کرد بچم سەردانی بکەم لە نەخۆشخانە بوو، لەسەر جێگە بوو بە هۆی نەخۆشیی شەکرەوە چاوەکانی لەدەست دابوون، چەند جار سەردانمان کرد بۆ نەخۆشخانە، ماوەیەکی کەمیش هاتەوەوە ماڵەکەی و لەوێش سەردانمان کرد، ئازا بوو، تا مرد نووسەر بوو، باسی کۆتا بەرهەمی خۆیشی بۆ کردم، پێم گوت هەستە جۆن، بنووسە. بەڵام پاش ماوەیەکی کەم گیانی لەدەست‌ دا.

 

کارەکانی نووسینەوەی ژیانت لە لایەن نیلی شیرکۆڤسکییەوە چۆن دەڕوات؟ پەیوەندیت پێوە کردووە لەم بارەیەوە؟ هەستت بەرانبەر کەسێك چییە کە وا دەربارەی ژیانت دەنووسێت؟

سەرپەرشتیم کرد تا تەواو بوو، شیرکۆڤسکیم کاتێك ناسی تەمەنی چواردە یان شازدە ساڵان بوو، کاسێتێکی منی تۆمار کرد کاتێك مەست بووم، چەندان جار ئەمەی کردووە، وێنەی گرتووم، هەموو ئەم شتانە. زۆبەی کات هاوەڵم بووە، زۆربەی ژنەکانی منی بینیوە، بە مەستی منی بینیوە، وەك گەمژە منی بینیوە، کتێبێکی نووسیوە بە ناوی منداڵە چەپەڵەکانی ویتمان، کە تەنز و گاڵتەجاڕی لەخۆ دەگرێت و کتێبی سادەیە، کاتێك گوتی دەمەوێت کتێبێك لەسەر تۆ بنووسم، پێم گوت دەست پێ بکە، پێشم گوت کە نابێ من بیخوێنمەوە و میهرەبانیم لەگەڵ نەنوێنێت، ئەم کتێبە دەبێت پێکەنین و گاڵتەجاڕیم بۆ بێنێت، دەبێت زیانم لێ بدات، گەر وابێت، من لێێ سودمەند دەبم. هەمیشە بەرانبەر ناوەندی بڵاوکردنەوە بچووکەکان میهرەبانی دەنوێنیت، بۆچی؟ ناوەندی بڵاوکردنەوە بچکۆلەکان هەمیشە ئەو کارانەم بڵاو دەکەنەوە کە دەزگا گەورەکان لە بڵاوکردنەوەی دەترسن.

 

لە ناو کتێبەکانتدا، کامیان باشترینە لای خۆت؟

هەمیشە کۆتا کتێب کە دەینوسم باشترینە.

 

کاتێکی دیاریکراوت هەیە کە تێیدا بنووسیت؟ زۆربەی کاتەکان دەنووسیت؟

کاتی گونجاو بۆ نووسین لە نێوان سەعات دەی شەو بۆ دووی نیوەشەوە لای من. بتڵێك مەی، جگەرە، موزیکی کلاسیك. لە هەفتەیەكدا دوو شەو یان سێ شەو دەنووسم.

 

داهاتوو چ شتێکی بۆ حەشارداویت؟ بەردەوام دەبیت لە نووسین؟

گەر دەست لە نووسین هەڵبگرم دەمرم، تاکە شتیش کە من ڕابگرێت هەر مردنە.

 

*جۆن فانتی، نووسەری ئەمەریکی بە ڕەگەز ئیتاڵی، لە گرنگترین کارەکانی ڕۆمانی Ask The Dustە.

هاوبەشی بکە

Bukowski, charles bukowski, Interview,