19/04/2024
DidiMn Logo
Top

ڕەستاک، موزیک و گۆرانیی هەموو نەتەوەکانی ئێران، بەشی دووەم

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – بەرتەرینها

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە فارسییەوە: بیار ڕەشید

هەست دەکەم گرووپی ڕەستاک پێویستی بە ناساندن و پێشەکی نەبێت، چونکە تا ڕادەیەکی باش لە ناو کورد و گوێگرانی موزیک و گۆرانیدا ناسراوە. ئەم گرووپە لە ساڵی ١٩٩٧وە وەک گرووپێکی موزیکیی ئەزموونی، دەستی بە چالاکی کردووە. کاری سەرەکیی ڕەستاک گەڕانە بەدوای موزیک و گۆرانیی کۆن و ڕەسەنی ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا و دووبارە داڕشتنەوەی بە فۆڕمێکی ئەمڕۆیی، بەبێ ئەوەی ڕەسەنایەتیی موزیک و گۆرانییەکە ون بکەن.

ئەم دیدارە ماڵپەری بەرتەرینها، لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠١١دا بڵاوی کردووەتەوە، کە تێیدا هەریەک لە ئەندامانی، بە جۆرێک باس لە شێوەی کارکردنی ڕەستاک و ئەزموونی خۆیان دەکەن لەو گرووپەدا. دەکرێت کۆی دیدارەکەش وەک جۆرێک لە پێناسە بێت بۆ گرووپی ڕەستاک.

سارا نادری، ژەنیار

”گەنجانمان بە موزیکی سوننەتی ئاشنا کرد.”

بە بڕوای من ڕەستاک لە دروستکردنی پەیوەندیی نێوان نەوەی نوێ و موزیکی ڕەسەنی ئێرانیدا، کاریگەرییەکی زۆری هەبووە. من جگە لە چالاکییەکانی ڕەستاک، هەندێک کاری تری وەک وانەبێژی ئەنجام دەدەم، لەبەر ئەوە زیاتر لە ناو خەڵکدام و کاردانەوەی جیاواز دەبینم. دوای ئەوەی کە یەکەم ئەلبوومی ئێمە ڕەوانەی بازاڕ کرا، کچان و کوڕانی تەمەن شازدە بۆ حەڤدە ساڵم دەبینی، دەیانگوت: ”خانمی نادری، پێشبینینیی ئەم ئەلبوومە، هیچ جۆرە پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئامێرە سوننەتی و ڕەسەنەکانی ئێراندا نەبوو، چ بگات بە موزیک و گۆرانیی ناوچەکانی ئێران!” هەتا چەندین کەس بە منیان گوتووە پێشبینینیی کارەکانی ئێوە نەماندەزانی چ ئامێرێک لە ئێراندا هەیە، بەڵام دوای ئەو کارانە، ئامێرە میللی و ناوچەییەکانی ئێرانمان ناسی. موزیکی ئێران تەنها بە موزیکی سوننەتی و کلاسیک و پۆپ کۆتایی نایەت، بەڵکو موزیکی ناوچەییش بوونی هەیە.

سارا نادری و دانوش اسد پور

لەبەر ئەوەی لە هەموو گۆرانییەکانی ڕەستاکدا هەست بە جووڵەیەکی زۆر و زمانێکی پاراو دەکرێت کە شیاوی تێگەیشتنە، ئەمەش وای کردووە گەنجان بە پێچەوانەی ئەوەی پێشبینیمان دەکرد، پێشوازییەکی زۆر باش لە گرووپ و ئەلبوومەکەمان بکەن. بە بڕوای من، دەرکەوتنی ڕەستاک لە موزیکی سوننەتیدا، کودەتایەک بوو لە دنیای موزیکی سوننەتی و ناوچەیی ئێراندا.

”گوێگرانی ئێمە خەویان لێ ناکەوێت!”

ئەم بابەتە بۆ خۆیشم زۆر سەرنجڕاکێش بوو، کە خوێندکارە تەمەن سێ بۆ چوار ساڵەکانم گۆرانییەکانی ڕەستاکیان لەبەرە و بە حەزێکی زۆرەوە دەیڵێنەوە، یان منداڵی ئەو کەسانەی کە هاوڕێی ئەندامانی گرووپن، لەگەڵ ئەوەی تەمەنیان کەمە و توانای قسەکردنیان نییە، بەڵام یەکبەیەکی ئەندامانی گرووپ دەناسن و  بۆ نموونە دەزانن پوورە سارا یان مامە فەرزاد چ ئامێرێک دەژەنێت! یان چەندین جار بینیومە کە دایکوباوکان بۆ خەواندنی منداڵەکانیان سوودیان لە گۆرانییەکانی ڕەستاک وەرگرتووە. یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی ئەمانە ئەوە بوو، کە زۆرینە بە هیچ جۆرێک نەیاندەزانی موزیکی ناوچەیی دەکرێت تا ئەم ئاستە پڕوزە پێشکەش بکرێت، لەبەر ئەوە زۆربەی تەمەنەکان کە پێشتر موزیکی پۆپ ببووە خۆراکیان، لەگەڵ موزیکێکی نوێدا ئاشنا بوون، بە جۆرێک پێشوازییان لێ کرد کە بێ خۆهەڵکێشان دەڵێم چەندین جار بە منیان گوتووە ئەگەر ڕۆژێک گوێ لە ڕەستاک نەگرین خەومان لێ ناکەوێت!

نیما نیک تەبع، ژەنیار

”ئێمە لەگەڵ موزیکی پۆپدا پێشبڕکێ ناکەین.”

هەست ناکەم لە نێوان موزیکی فۆلکلۆر، سوننەتی و پۆپدا هیچ پێشبڕکێیەک هەبێت، کە بمانەوێت بردنەوەی خۆمان مسۆگەر بکەین! ڕەنگە لە نێوان خودی ئەندامەکانی ڕەستاکدا ئارەزوومەندی بۆ ستایلە جیاوازەکانی موزیک هەبێت و ئەندامان گوێ لە هەموو جۆرە موزێکێک بگرن، بەڵام خاڵێک کە بۆ هەمومان گرنگ بوو، ئەوە بوو کە بتەوێ و نەتەوێ نەوەی نوێی ئێمە بەه ۆی سایەی موزیکی پۆپ بەسەر موزیکی وڵاتدا، ئارەزوویەکی زیاتریان بۆی هەبوو، هەر ئەم کەسانە دوای دەرکەوتنی ڕەستاک، ئارەزووی موزیکەکەی دەکەن و چێژی لێ وەردەگرن، ئەمەش دەتوانێت ئومێدێک بێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە وەک ڕەستاک گرنگی بە موزیکی فۆلکلۆر و سوننەتی دەدەن. لەڕاستیدا ڕەستاک بە هۆی گۆرانییەکانی و ئەو جۆرە ئامادەکردنانەی بۆ موزیک هەیبوو، جەماوەرێکی زۆری پەیدا کرد، کە جێگەی شانازیی ئێمە بوو. لە کۆنسێرت و کارەکانماندا هیچ کاتێک دوای ئەوە نەکەوتووین کە پێشبڕکێ لەگەڵ موزیکی پۆپدا بکەین و باشتر و خراپتر دەربخەین، هەر ستایلێک جەماوەری تایبەت بە خۆی هەیە و ئێمەش بە هۆی تازەیی موزیکەکەمانەوە، سەرکەوتوو بووین لەوەی جەماوەرێکی زۆر بۆ خۆمان ڕابکێشین.

حسنا پارسا و نیما نیک طبع

”موزیکی ڕەستاک، موزیکی ئەمڕۆی ئێران…”

کێشەیەک کە هەموو کاتێک ڕووبەڕوی دەبووینەوە، ئەوە بوو کە پێشبینیی هەموان بۆ موزیکی سوننەتی، موزیکێکی خەمهێنەری گۆشەگیرانە بوو و یەک پێناسەی هەبوو، بەڵام ئەو موزیکەی ئەمڕۆ ڕەستاک پێشکەشی دەکات، تەواوی ئەو پێش داوەرییانەی لەناو بردووە و پیشانی داوە موزیکی سوننەتی تەنها بۆ ئەو دۆخانە نییە و دەتوانێت لە هەر تەمەنێکدا گوێگر و بینەری هەبێت. بە بڕوای من ناوێک کە دەتوانین لە موزیکی ڕەستاکی بنێین، موزیکی ئەمڕۆ و هاوچەرخی ئێرانە، چونکە جگە لەوە، نە دەتوانین بڵێن موزیکێکی تەواو سوننەتییە، نە موزیکێکی ڕۆژئاواییە، لەبەر ئەوەی هیچ جۆرە ئامێرێکی ڕۆژئاوایی لەم گرووپەدا بەکار ناهێنرێت و لە ڕووی موزیکیشەوە ناتوانیت ناوێکی تری لێ بنێیت.

سەبا جەمالی، ژەنیار

هەموو ئەو گۆرانییانەی کە پێشکەشیان دەکەین، بۆ هەموو ئەندامانی گرووپ خاوەنی بیرەوەرین و ناتوانرێت بەرهەمێکی تایبەت دیاری بکرێت، بەڵام هەموو کاتێک لە کاتی پێشکەشکردنی بەرهەمی سەوزەڵێ، کە کوردییە، وزەیەکی زۆر لە نێوان ئەندامانی گرووپدا ئاڵوگۆڕ دەکرێت و بیرەوەریی زیاتری هاوبەشمان لە کاتی پێشکەشکردنیدا هەیە. ئەگەر سەرنجتان دابێت، بۆ ئامادەکردنی هەموو بەرهەمەکان وزەیەکی زۆر بەکار هێنراوە، بەڵام ئەو جۆری وزەیەی لە بەرهەمەکانی وەک کوردی، بەختیاری و بوشەهریدا هەیە، جیاوازە. لە کاتی ئامێرژەنیندا، هەموو ئەندامەکانی ڕەستاک لەگەڵ یەکتردا هاوسۆز و ڕاستگۆن، لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ئەنجامی کارەکانمان ئەوەندە جێگەی قبووڵکردنە.

سبا جمالی

”خانەوادەکەم کێشەیان لەگەڵ کارەکەمدا نییە.”

ئەو کاتەی کە منداڵ بووم و لەگەڵ دنیای موزیک و ئەم جۆرە کارانەدا ئاشناییم هەبوو، هیچ کەسێک بە ئامادەییم لە گرووپەکاندا کێشەی نەبوو، چونکە باوکم لە بواری ئەدەبیاتدا کاری دەکرد و لەگەڵ دنیای شیعر و ئەدەبدا ئاشنایی تەواوی هەبوو، لەبەر ئەوە هیچ کاتێک لە لایەن خانەوادەوە ڕووبەڕووی کێشە نەبوومەوە.

بەهزاد مورادی، ژەنیار و گۆرانیبێژ

من و فەرزاد کە شانازی دەکەین گۆرانیبێژانی گرووپی ڕەستاک بین، لە بنەڕەتدا کوردین، لەبەر ئەوە خۆمان زاراوەیەک شارەزاین، بەڵام لە کاتی پێشکەشکردنی بەرهەمی ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا، بۆ گوتنەوە و ئەدای ڕاستی زاراوەی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران، هەوڵێکی زۆر دەدەین، چونکە بۆ هەر نەتەوەیەک دەربڕینی ڕاستی زاراوە و وشە تایبەتەکانی شوێنەکەی، گرنگییەکی زۆری هەیە، ئێمە بەپێی توانامان هەوڵمان داوە لە کاتی ئەداکردنی زاراوە جیاوازەکاندا، نزیکترین ئەدای ئەو زاراوانە پێشکەش بکەین. ئێمە کە خۆمان کوردین و دەزانین ئەگەر کەسێک کورد نەبێت و بیەوێت بە زاراوەکەمان قسە بکات و لە کاتی هەڵەکردنیدا چ هەستێکمان دەبێت، وردی و سەرنجێکی زۆر بەکار دەهێنین، تا خوانەکردە نەبینە هۆکاری دڵتەنگیی گرووپێک یان نەتەوەیەکی تایبەت. هەڵبەت چەند ساڵێکە سەرقاڵی گوێگرتنین لە موزیکی ناوچە جیاوازەکانی ئێران، کە بەشێک لەوە بەدواداچوونی مەیدانی بووە و بەشەکەی تریشی پەیوەندیی بە کۆمەڵێک سەرچاوەوە هەیە، کە لە بەردەستماندایە، لەبەر ئەوە تەکنیک و چڕینی گۆرانیبێژە جیاوازەکان، لە ئەداکردنی ڕاستی زاراوە جۆراوجۆرەکاندا یارمەتییەکی زۆری ئێمەی داوە. دوای گوێگرتن لەم گۆرانی و موزیکانە، مامۆستایان و هونەرمەندانی هەر ناوچەیەک، هاوکارییەکی زۆری ئێمەیان کردووە، تا ئاواز و ئەدای ڕاستی وشەکانیان فێر بین. بۆ نموونە، بۆ بەرهەمە ئازەرییەکەمان، لەگەڵ ئەو مامۆستایانەی کە یارمەتییان داین، هاوڕێیەکی زۆر باشیش لەگەڵماندا بوو، کە هەم بە کوردییەکی ڕەوان قسەی دەکرد و هەم بە ئازەری، لەبەر ئەوە بۆ بەرهەمە ئازەرییەکەمان زۆر سوودمان لە ڕێنماییەکانی بینی، بە بڕوای من بەرهەمێکی باش دەرچوو.

”هەموو نەتەوەکانی من…”

خاڵێکی سەرنجڕاکێش کە پێویستە لەبارەی ڕەستاکەوە بیزانیت، ئەوەیە کە ئەندامانی ڕەستاک هەریەکەیان خەڵکی ناوچەیەکی ئێرانە، بۆ نموونە ئومێد کە زەڕب دەژەنێت، ئازەرییە، نیما خەڵکی کرمانە، سیامەک سپهری باوکی مازندەرانییە و دایکی شیرازی، یاوەر ئەحمەد فەر بەختیارییە و خەڵکی باشووری وڵاتە و… لەبەر ئەم هۆکارە لە کاتی هەڵبژاردنی بەرهەمەکاندا، تەنها شتێک کە بیری لێ دەکەینەوە، جوانپێشکەشکردنی ئەو بەرهەمەیە، ئەگەرنا، ئەو بەرهەمەی هەڵی دەبژێرین تایبەت بێت بە کام ناوچەی جوگرافی ئێرانەوە، هیچ گرنگییەکی نییە.

”خەڵکی لە ئێستادا پێناسەمان دەکەن.”

بە دڵنیایی چەند کات تێپەڕێت، هەموومان لە کارەکەماندا پێگەیشتووتر دەبین، بۆ نموونە دەکرێت ساڵی داهاتوو گۆرانیگوتنی من و فەرزاد لە ئێستامان باشتر بێت، هەتا ئەمە بۆ ئەندامەکانی تری گرووپیش ڕاستە. بۆ نموونە بەرهەمی ڕەعنا، کە گەیلانی بوو، یان گەل گەل، کە ئازەری بوو، بەراورد بە بەرهەمی لەیلا، کە لە زمانی فارسییەوە نزیکترە، کاتێکی زیاتریان ویست تا ئەدای وشەکانیان بە ڕاستی بکرێت. ئێستاش کاتێک ئامادەکاری و  پێشکەشکردنی بەرهەمێک دەگاتە کۆتایی، لە هاوڕێ نزیکەکانم دەپرسم ”چۆن بوو؟” هەموو کاتێک هەوڵ دەدەم بە ڕاهێنانی زیاتر، خۆم لەوە نزیکتر بکەمەوە کە خۆم دەمەوێت. خۆشبەختانە تا ئەمڕۆ بیروبۆچوونی هاوڕێیانی خۆم و ئەندامەکانی تریش لەسەر ئەو کارانەی کردومانە ئەرێنی بووە.

”بە ئێمە دەڵێن بەڕێز ڕەستاک.”

هەوڵەکانی من و فەرزاد تەنها پەیوەندیدار نییە بە گۆرانی وتنەوە، ئێمە بەو ئەندازەیەی کە گرنگی بە گۆرانی وتن دەدەین، فێربوون و ژەنینی ئامێرە جیاوازەکانیشمان خستۆتە بەرنامەی کارمانەوە و هەوڵدەدەین ئەو دووانە پێکەوە ئەنجام بدەین. ئەمە ڕاستە کە هەموو کات گۆرانیبێژ بەراورد بە ئەندامانی تری گروپ زیاتر لەبەرچاوە، وەک چۆن لەهەندێک شوێن بە ناوی (بەڕێز ڕەستاک) بانگمان دەکەن، بەڵام هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە وەک هەر ئەندامێکی تری ڕەستاک بناسرێین و خەڵکی بەوجۆرە بمانناسن کە مەبەستمانە.

”گۆرانییەکانی ئێمە بە یەک شەو لەدایک نابن.”

بەو جۆرەی کە گوتم، لەبەر ئەوەی کە ئەندامەکانی گرووپ هەریەکەیان خەڵکی ناوچەیەکی ئێرانە، لە کاتی هەڵبژاردنی بەرهەمەکاندا زانیاریی تەواو لە مامۆستایان و هونەرمەندانی ئەو شوێنە وەردەگرن و بە سوودبینین لە گفتوگۆ و ڕێنماییەکانی باوک و باپیرانیان، ڕێگای ڕاستی هەڵبژاردنی بەرهەمەکە بۆ گرووپ دەستنیشان دەکەن. لە لایەکی ترەوە، سەرچاوە تۆمارکراوەکان و ئەو توێژینەوە مەیدانییانەی ئەنجامیان دەدەین، بۆ نموونە سەردانی شوێنێکی تایبەت دەکەین تا لەگەڵ ئامێرەکانی موزیک و شێوەی گۆرانیگوتنیان ئاشنا بین، جۆرێکی تری ئەو کارانەن کە لە کاتی هەڵبژاردنی بەرهەمەکاندا ئەنجامی دەدەین. دوای ئەوەی کە بەرهەمێکمان دۆزییەوە و لامان پەسەند بوو، دەچینە لای چەند مامۆستا و شارەزایەکی ئەو شوێنە، کە دەکرێت پێک هاتبن لە ڕۆشنبیر، شاعیر، موزیسیان و تا دوایی. لەڕاستیدا پێش هەر کەسێک کە بیری لێ بکەینەوە، ئەوان دەتوانن لە ئامادەکردنی هەرچی باشتری ئەو بەرهەمەدا هاوکاریمان بکەن.

 

هاوبەشی بکە

Biyar Rashid, Interview, Rastak,