26/04/2024
DidiMn Logo
Top

ژان پۆڵ سارتەر و ڕەتکردنەوەی خەڵاتی نۆبڵ

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – نیویۆرک ڕیڤیو ئۆف بوکس
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ

ژان پۆڵ سارتەر، نووسەر و بیرمەندی فەڕەنسی، سەبارەت بە ڕەتکردنەوەکەی بۆ خەڵاتی نۆبڵ‌ـی ئەدەبیات، ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕۆژنامەیەکی سویدی داوە، کە لە تەواوی دیمانەکەدا بەمجۆرە دەدوێت

کاری ئیلوسترەیشن: دەیڤد لاڤین

“بەڕاستی بەداخەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە ڕووداوەکە بوو بە شتێکی ئابڕووبەرانە، ‘خەڵاتێک پێشکەش کرا و من ڕەتم کردەوە’، ئەوە ڕوویدا لەبەر ئەوەی کە من زۆر درەنگ لە هەواڵی بوونی خەڵاتەکە ئاگەدار کرامەوە؛ کاتێک هەواڵەکەم خوێندەوە، کە نیازیانە خەڵاتم بکەن و هێشتا بڕیارەکە یەکلا نەکراوەتەوە، پێم وابوو بە نووسینی نامەیەک بۆ ئەکادیمیاکە، کە ڕۆژی دوای ئەوە ناردم، دەمتوانی بابەتەکە یەکلا بکەمەوە و کات هەیە بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی ئەمە، بەڵام دواتر تێگەیشتم کە ئەکادیمیاکە بڕیارێک دەر دەکات ناتوانرێت هەڵبوەشێنرێتەوە. هۆکاری ڕەتکردنەوەکەم پەیوەندیی بە خەڵاتەکە و ئەکادیمیاکەوە نییە، بەڵکو وەک چۆن لە نامەکەدا کە بۆ ئەکادیمیاکەم ڕوون کردبووەوە، ئاماژەم بە دوو جۆر هۆکار کردووە، هۆکاری کەسی و هۆکاری بابەتی:

هۆکارە کەسییەکان، ڕەتکردنەوەکەم کردەیەکی پاڵنراو و سەرەڕۆیانە نییە، من هەمووکات ڕێزلێنانی فەڕمیم لا پەسەند نەبووە، لە ساڵی ١٩٤٥، دوای جەنگ، کاتێک کۆمەڵێک ڕێزلێنانم بۆ پێشنیار کرا، ڕەتم کردنەوە، ئەم هەڵوێستە بیرۆکە و بڕوای منە سەبارەت بە پڕۆژەی نووسەرێک کە هەڵگری پێگەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی یان ئەدەبییە، دەبێت تەنها بەو مانایانە کار بکات کە موڵکی خۆین، کە ئەویش وشە نووسراوەکەیە. هەموو ئەو ڕێزلێنانانەی کە ڕەنگە وەریان بگرێت، خوێنەرەکانی دەخاتە ژێر گووشارێکەوە، کە بەلای منەوە خوازراو نییە. گەر من ناوی خۆم بە ژان پۆڵ سارتەر بنووسم هەمان شت نییە و جیاوازی زۆرە لەگەڵ ئەوەی ناوی خۆم بە ژان پۆل سارتەر – براوەی خەڵاتی نۆبڵ بنووسم.

نووسەرێک کە ڕازی دەبێت بە وەرگرتنی ڕێزلێنانێکی لەم جۆرە، خودی خۆی هاوبەش دەبێت لەگەڵ ئەو کۆمەڵە یان ئەو دامەزراوەیە کە ڕێزلێنانەکەیان داوەتێ.

هاوخەمیم بۆ شۆڕشگێڕانی فەنزوێللی، تەنها پەیوەندیی بە خۆمەوە هەیە، لە کاتێکدا ئەگەر ژان پۆڵ سارتەرـی براوەی نۆبڵ بەرهەڵستی ڕژێمی فەنزوێللا بکات، ئەوا بە هەمان شێوە نۆبڵ پرایز وەک دامەزراوەیەک پێوەی دەبەسترێتەوە و تێوەی دەگلێت. بۆیە کاتێک نووسەر دەخرێتە دامەزراوەیەکەوە، دەبێت ڕەتی بکاتەوە، تەنانەت گەر ئەمە لە ڕێکەوتێکی شانازیکارانەشدا ڕوو بدات، وەک لە کەیسێکی لەم جۆرەدا.

دووبارە ئەم هەڵوێستە تەنها پەیوەندیی بە خودی خۆمەوە هەیە و هیچ ڕەخنەیەک لەخۆ ناگرێت بەرامبەر ئەو کەسانەی کە پێشتر خەڵاتەکەیان وەرگرتووە، بەپێچەوانەوە، شانازی دەکەم کە هەندێک لەو شاعیرانە دەناسم و سەرسامیانم.

هۆکارە بابەتییەکان، تاکە جەنگ کە لەمڕۆدا ڕێی تێدەچێت لە بەرەی کلتووریدا ڕوو بدات، جەنگی  پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە لەگەڵ هەبوونی جیاوازیی بیروڕای کلتوورەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، من ناڵێم کە دەبێت ئەو دوو کلتوورە باوەش بەیەکتردا بکەن، دەزانم کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دوو کلتوورە گرنگە کە فۆڕمی ململانێ وەربگرێت، بەڵام ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە دەبێت لەنێوان مرۆڤ و کلتووردا ڕوو بدات، بێ دەستتێوەردانی دامەزراوەکان.

من خودی خۆم بەرەنگاریی نێوان ئەم دوو کلتوورە بەقوڵی کاری تێ کردووم و خۆم لەو جۆرە بەرەنگارییانەوە دروست بووم. هاوسۆزیی من بە بێ شاردنەوە لەگەڵ سۆشیالیزم ئەوەیە کە پێی دەگوترێت بلۆکی ڕۆژهەڵاتی، بەڵام لە خێزان و کلتوورێکی بۆرژوازییەوە لەدایک بووم و گەورە بووم، ئەمەیە ڕێگەم دەدات کە هاوکاریی هەر کەسێک بکەم کە دەیەوێت ئەم دوو کلتوورە لە یەکتر نزیک بکاتەوە، هەرچەندە بڕوام بەوە هەیە کە باشترینیان دەیباتەوە.

لەبەر ئەوەیە ناتوانم ڕەزامەندی بۆ خەڵاتێک دەر ببڕم کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی کلتوورەوە درابێت؛ چ ئەوانەی ڕۆژئاوا، چ ئەوانەی خۆرهەڵات، تەنانەت گەر بە بوونیشیان گەشبین بم.”

هاوبەشی بکە

Noble Prize, Sartre, SavanAko,