29/03/2024
DidiMn Logo
Top

بۆچی شیعر؟

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – تەلەگراف

لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ

دانیاڵ هالپێرن، شاعیر و بەڕێوبەری کار و بڵاوکراوەکانی ئی سی سی ئۆ، هەستا بە ئەنجامدانی ڕاپرسییەکی گرنگ سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی کە بۆچی خواست لەسەر شیعر زۆرە و شیعر چییە تا وا لە مرۆڤەکان بکات هەست بە هاودەمی و هاوخەمی بکەن و ئارامیان بکاتەوە. هەموو ئەمانەی لەژێر پرسیاری ”بۆچی شیعر؟”دا کۆ کردەوە و ئاڕاستەی کەسانی دیکەی کرد.

دانیاڵ هاڵپێڕن

 

دەقی ڕاپرسییەکە:

هەندێک کتێبە شیعر، چەندین کۆپیی زۆری لێ دەفرۆشرێت، بە هەستێکی چەندێتییەوە، بۆیە پشتگیریکردنی شیعر سوودی چییە؟ چ مادی بێت یان مەعنەوی. کێشەکە لەو ژمارە زۆرە کتێبە شیعرییانەی ساڵانە دەفرۆشرێن گەورەترە، کێشەکە لەبارەی زمانەوەیە. پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی ملیۆنەهای خەڵک پەنا دەبەنە بەر شیعر لە ڕێوڕەسمە گرنگەکانی وەک ئایینیەکان، ئاهەنگی هاوسەرگیری، ڕێوڕەسمی ناشتن، لە کاتی دڵخۆشیدا، لە خەم و پەژارەکاندا، پیاهەڵدان و لە بۆنەی لەدایکبوونەکاندا؟ چونکە زمانی شیعر لە زمانی ڕۆتینی خۆی بەدوور دەگرێت، بەڵام باشترین شیعر لە هەمان کاتدا شانازی بە ڕۆتینبوونی زمانەکەشیەوە دەکات، زمانێک کە بە جۆرێک جەختی خراوەتە سەر، کە مانای ڕاستەقینە و هەست و سۆزی بۆنخۆشانە هەڵدەڕێژێت.

 

شاعیر میرڤان گوتوویەتی: ”شیعر ئاڕاستەی تاک دەکات لە تایبەتترین، دەروونیترین، سامناکترین و خۆشترین ساتەکاندا، چونکە لە هەر فۆڕمێکی تری هونەر بە نزیکتر دەژمێردرێت بۆ ئاماژەدان بەوەی کە ناتوانرێت بگوترێت و دەربڕینی ئەوەی کە ناتوانرێت دەرببڕدرێت، شیعر لە ڕەسەنایەتیی زمانەوە نزیکە.”

هەروەها سەبارەت بە فرۆشی کتێبەکان شاعیر لویس گلوک، وەڵامی دایەوە و گوتی: ”ڕەنگە کتێبەکان نەفرۆشرێن، بەڵام نە فڕێدەدرێن و نە دەشبەخشرێنەوە. لە کتێبەکانی دیکەدا زیاتر دەخوازن کە لە دەستی خوێنەردا پەرت ببن. نامەوێت هەواڵی نوێ ببیستم لە کلتوور و ئابووریەک لەسەر داڕزین بونیاد نرابێت، بەڵام کتێبێک کە بەم جۆرە خۆش بویسترێت و پشتی پێ ببەسترێت بۆ دڵدانەوە و نوێکردنەوەیەکی خەستی دڵخۆشی، بۆ من سەرسامکەرە.”

لویس گلوک

شاعیری ئەڵمانی یانیس رایتسۆس، کە بە هۆکاری سیاسی دەستگیر کراوە، کە لە بەندینخانە بووە شیعرەکانی لەسەر کاغەزی جگەرە نووسیوە و دەیئاخنیە ناوەوەی چاکەتەکەی و کاتێک ئازاد کرا، بە شیعرەکانیەوە لەبەریدا، هاتە دەرەوە.

شاعیری ئۆکرانی ئیرینا، کاتێک لە بەندینخانە بوو، شیعرەکانی لەسەر قاپی کانزای سووپەکەیدا دەنووسی و کاتێک شیعرەکانی لەبەر دەکرد، قاپەکەی دەشت.

ڕۆماننووس ڕیچارد فۆرد، جیاواز لە شاعیرانی دی، گوتی: ”پرسیارەکە ئەوە نییە بڵێیت بۆچی شیعر، ئەوە نییە بپرسیت چی وا لە شیعر دەکات لە هەموو فۆڕمەکانی دیکەی هونەر جیاواز بێت، شیعر ڕەنگە بنچینەی هاوبەشی لەگەڵ فۆڕمەکانی دیکەی دەربڕینی جیاوازدا هەبێت. پرسیارێکی گرنگتر هەیە، کە ئەوەیە سروشتی ئەزموون چییە؟ بەتایبەتی ئەزموونی بەکارهێنانی زمان، کە دەربڕینی شاعیرانە بانگەشە دەکات بۆ ناو بوون؟ ئەزموون چییەتی و چیی تیایە کە وا ناتوانرێت دەرببڕدرێت؟ ناتوانیت بە تەواوی پێناس لەبارەی شیعرەوە بکەیت، ناتوانیت سروشتەکەی داببەزێنیتە ئاستێکی ناوەکی، کە کەمبینینێک بێت بۆ بوونە هەمەچەشنەکەی. پێم وابێت تەواوی گفتوگۆکەم پێشنیاری ئەوە دەکات، کە ئەگەر ناتوانیت بە باشی وەڵامی پرسیاری ‘بۆچی شیعر؟’ بدەیتەوە، نابێت کەم بینرخێنیت بەو ڕێگەیەی کە هەست دەکەم نایتوانیت. پاشان هەست دەکەم ئەوە بەهێزترین بەڵگەیە کە شیعر کاری خۆی دەکات؛ خولقاندنی پێویستییەکەی بنەڕەتییە و دواتر قایلکردنییەتی.”

 

ڕیچارد فۆڕد

 

کاتێک بۆ شیعرێک دەگەڕێیت لە ڕێوڕەسمێکی یادکردنەوەدا بیخوێنیتەوە، چ شتێکە کە بۆی دەگەڕێیت؟ هەروەها بۆچی بۆ شیعر دەگەڕێیت؟ پێت وایە کە لە شیعردا شتێک دەدۆزیتەوە کە خودی خۆت ناتوانیت ئەو شتە دەرببڕیت؟ کاتێک شیعرە گونجاوەکە دەدۆزیتەوە، چیت بۆ دەردەکەوێت؟ چی دەبیستی؟ چی دەگوترێ؟ هەروەها پێت وایە ئەوانەی خەریکی گریانن، چی دەبیستن؟

ئیمیڵی دیکنسن نووسیویەتی: ”گەر کتێبێک بخوێنمەوە و هەموو جەستەم بتەزێنێ، بە جۆرێک هیچ ئاگرێک هەرگیز نەتوانێ گەرمم بکاتەوە، دەزانم کە ئەوە شیعرە. گەر بە جەستەیی هەست بکەم سەرەوەی سەرم لێ کراوەتەوە، دەزانم کە ئەوە شیعرە. ئەوانە تاکە ڕێگەن کە دەیزانم بۆ پێناسی شیعر.”

دووبارە، بۆچی شیعر؟ وەڵامی شاعیر ڕۆبەرت هاس ئەوە بوو: ”بەهەشتی ونبوو، لە بەرگێکدا چاپ کرابوو کە لە هەزار و پێنجسەد تیراژ کەمتر نەبوو و گۆڕانکاریی بەسەر تەواوی زمانی ئینگلیزیدا هێنا.”

ماوەیەکی ویست، وۆردسوۆرس بیرۆکەی نوێی سەبارەت بە سروشت هەبوو، سۆریا و وۆردسوۆرسی خوێندەوە، مویر سۆریاوی خوێندەوە، تێدی ڕۆزڤیڵت مویری خوێندەوە و باخچەی نیشتمانیی زۆرمان دەست کەوت، سەدەیەکی خایاند، ئەوەی شیعر دەمانداتێ ئەرشیڤێکە، ئەرشیڤێکی پڕ لە بوون سەبارەت بەوەی مرۆڤ بیریان لە چی کردووەتەوە و هەستیان چۆن بووە لە لایەن ئەو شاعیرانەوەی کە زماندۆست بوون.

 

وۆردسوۆرس

بۆچی پشتگیریی شیعر بکرێت؟ بۆ ئەوانەی پەیوەندییان لەگەڵ بڵاوکراوە و پارێزەرانی دەقەکان هەیە، پشتگیری بکەن بۆ ئەوەی گرەنتیی ئەوە بدەن زمان بۆ نەوەی داهاتوومان تەندروست، بەهێز و لە کۆتاییدا نوێکراوە بمێنێتەوە و توانای هەبێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە کاتی قەیران و ئاهەنگەکاندا.

واڵاس ستیڤنس نووسیویەتی کە پلانی شاعیر بووە، کە یارمەتیی خەڵک بدات ژیانی خۆیان بژین، هەروەها چونکە لە پاڵ شاعیربوونی پیاوێکی فاینانشیاڵ بووە، نووسیویەتی: ”پارە جۆرێکە لە شیعر.” هەروەها ستیڤن خۆی گوتوویەتی: ”ئەندێشە هێزی مرۆڤە بەسەر سروشتدا.”

هاوبەشی بکە

Poem, Poetry, SavanAko,