24/03/2024
DidiMn Logo
Top

کتێبە قەدەغەکراوەکان

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منئەلمەکتەبەلعامە

لە عەرەبییەوە: زرار حامید

 حەوت کتێب بە هۆی هەستیاریی ئەو بابەتانەی ناوەڕۆکەکەی لەخۆی گرتوون، قەدەغە کران لە کاتی بڵاوکردنەوەیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پڕفرۆشترین و بەربڵاوترینن.

”گەر ویستت کتێبەکەت زووبەزوو بڵاو بێتەوە و هەموو کەس بیخوێنێتەوە، لەسەر بەرگی کتێبەکە بنووسە ‹قەدەغەکراو›، ئیتر زووبەزوو هەموان بەدوای کتێبەکەتدا دەگەڕێن، تا بزانن چیی لەخۆ گرتووە؛ مرۆڤ سروشتی وایە، دەیەوێت هەموو شتێک زوو بزانێت.“

—ئەنیس مەنسووڕ

ئەمانەی خوارەوە، ناوی دیارترین و پڕفرۆشترین ئەو حەوت کتێبەن، کە بە هۆی هەستیاریی ناوەڕۆکەکانیانەوە، قەدەغە کراون لە سەرەتای بڵاوبوونەوەیان:


کۆدی داڤینشی، لە نووسینی دان براون

ڕۆمانی کۆدی داڤینشی، لە نووسینی نووسەری ئەمریکی دان براون، کە ڕۆمانێکی پۆلیسییە و یەکەم جار ساڵی ٢٠٠٣ بڵاو بووەوە، لەگەل بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکە، پێشوازییەکی بەرچاوی لێ کراو نزیکەی ٧٠ میلیۆن دانەی لێ فرۆشرا. هەر زوو وەرگێردرایە سەر ٥٠ زمان و چـووە ڕیزی پڕفرۆشترین ڕۆمانەکانی دنیا بەپێی لیستی ساڵانەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز. بەڵام ئەم ڕۆمانە ڕێگریی لێ کرا بچێتە ناو فاتیکان و لوبنان و ئەردەن و میسڕ و هەندێک وڵاتی تری ئەورووپی، لە ساڵی ٢٠٠٣. ئەمەش بە بڕیاری ئەنجوومەنی کڵێساکان، لەبەر ئەوەی دان براون لە ڕۆمانەکەیدا باسی لە لایەنی مرۆڤایەتیی ژیانی مەسیح کردووە و باسی پەیوەندیی نێوان مەسیح و ماری مه‌جده‌لینی بە جۆرێک کردووە، کە دژیەک بوون لەگەڵ گێرانەوەکانی ئینجیلدا، ئەمەش بە سووکایەتیکردن بە مەسیح لەقەڵەم درا. دوابەدوای ئەم بڕیارە هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی، کۆپیی ڕێگەپێنەدراوی ڕۆمانەکەیان خستە بازاڕەوە.


ڕۆمانی هێشووەکانی تووڕەیی، لە نووسینی جۆن شتاینبیک

ڕۆمانی هێشووەکانی تووڕەیی نووسەری ئەمریکی جۆن شتاینبیک، کە براوەی خەڵاتی بۆڵتەرزی ساڵی ١٩٤٠ بووە، بە تێپەڕبوونی ماوەیەک دوای بڵاوبوونەوەی، ئەم ڕۆمانە دەستی بەسەردا گیرا و قەدەغە کرا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چونکە ئەم ڕۆمانە وا دانرا کە ڕووداوەکانی ئەو کاتەی ویلایەتی کالیفۆرنیای شێواندووە. ڕۆمانەکە باس لە چیرۆکی خێزانێکی هەژار دەکات، کە لەتاو وشکەساڵی هەڵدێن بەرەو کالیفۆرنیا، بەرەو خەونەکانیان (خەونی ئەمریکی)، بەڵام قەیرانی دارایی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٢٩ خەونەکەنیان لەناو دەبات. نووسەر لە ڕۆمانەکەیدا باس لە دژیەکیی کۆمەڵگەی ئەمریکی دەکات لە نێوان بەرزکردنەوەی دروشمی یەکسانی لە لایەک و مردنی هەژاران لە برساندا لە لایەکی تر.


ڕۆمانی دکتۆر زیڤاگۆ، لە نووسینی بۆریس باسترناک

ڕۆمانی دکتۆر زیڤاگۆی نووسەری ڕووسی، بوریس باسترناک، هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ. ئەم ڕۆمانە ساڵی ١٩٥٧ بڵاووبووەوە، ڕووداوەکانی باس لە دکتۆرێک دەکات کە دوو ئافرەتی خۆش دەوێت لە شۆڕش و باڵادەستیی شیوعییەکاندا. پاشان ئەم ڕۆمانە لە لایەن دەرهێنەردەیڤد لین کرایە فیلمێک بە هەمان ناو و توانیی پێنج خەڵاتی ئۆسکار بباتەوە. ئەم ڕۆمانە لە لایەن یەکێتیی سۆڤێت قەدەغە کرا لە ساڵی ١٩٥٨، تاکو ساڵی ١٩٨٨ بە هۆی ئەوەی ڕەخنەی لە حیزبی بەلشەفیکی و شوعییەکان گرتووە، بە پێچەوانەوە دەزگای هەواڵگریی بەڕیتانی یارمەتیدەر بوو لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆمانە، وەک چەکێک دژی یەکێتی سۆڤێت. هەروەها ئیتاڵیا و دەزگای سی ئای ئەی ئەمریکی، بە دزییەوە لە ناو مۆسکۆ و ئەو شوێنانەی سەر بە یەکێتیی سۆڤێت بوون، ئەم ڕۆمانەیان بڵاو دەکردەوە. ئەم ڕۆمانە ماوەی شەش مانگ پێشەنگی لیستی پڕفرۆشترین کتێبەکانی گرتبوو لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز.


کتێبی جەنگی بێزراو، لە نووسینی حەبیب سویدییە

ئەم کتێبە شاهـیدییەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ جەزائیر و پاڵەوانەکانی لەو کارەساتەی بەسەر جەزائیردا هات؛ حەبیب سویدییە ئەفسەری پێشوو لە هێزی تایبەت، کە ڕاسپێردرابوون بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ئیسلامی، لە کتێبەکەدا بە گشتی باس لەو کارەساتە دەکات، کە وڵاتی جەزائیر تێیدا ژیا لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩٢دا، هەر لە کوشتن و بۆزیندانبردن و ئازاردانی منداڵ و ژن و گەنج و کوشتنیان.


کتێبی خەباتی من، لە نووسینی ئەدۆڵف هیتلەر

ئەم کتێبە گێڕانەوەی ژیانی نووسەرەکەیەتی لە لایەک و شیکردنەوەی پلانەکانی هیتلەر و تیۆریەکانیەتی لە شێوازی حوکمداریکردنیان لە لایەکی تر. ئەم کتێبە ساڵی ١٩٢٥ بڵاو بووە و بەشی دووەمیشی ساڵێک دواتر بڵاو بووەوە. هیتلەر لەم کتێبەدا ڕقی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بە جوولەکە، هەر لەم کتێبەدا پیلانی دەستگرتن بەسەر ئەورووپادا دەخاتە ڕوو، لە ئەڵمانیا پاش تەواوبوونی جەنگی جیهانیی دووەم، دەستاودەستکرنی ئەم کتێبە قەدەغە بوو، ئەم کتێبە بە هاندانێکی ئاشکرا دادەنرێت دژی سامییەکان و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم کتێبە نموونەیەکی ترسێنەرە لەو کتێبانەی کە مرۆڤی دڕندە دروست دەکات.


ڕۆمانی نانی ڕووت، لە نووسینی محەمەد شوکری

ڕۆمانی نانی ڕووت بە گرنگترین و بەناوبانگترین کاری ئەدەبیی نووسەری مەغریبی، محەمەد شوکری دادەنرێت، کە ساڵی ١٩٧٢ بە زمانی عەرەبی نووسراوە و پۆڵ بۆڵز وەریگێراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی لە ساڵی ١٩٧٣. تاهر بن جەلوون لە ساڵی ١٩٨١ وەریگێراوەتە سەر زمانی فەرەنسی. ئەم ڕۆمانە تاکو ساڵی ١٩٨٢ بە زمانی عەرەبی بڵاو نەبووەوە، واتە ١٠ ساڵ دوای نووسینی. نانی ڕووت وەرگێردراوەتە سەر ٣٨ زمانی بێگانە و بە کاریگەرترین ڕۆمان دادەنرێت لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا.


ڕۆمانی مه‌زرای ئاژەڵان، لە نووسینی جۆرج ئـۆروێڵ

ئەم ڕۆمانە ساڵی ١٩٤٥ بڵاو کرایەوە، پاش زەحمەت و ئاستەنگێکی زۆر کە نووسەر دوچاری بوو لە هەوڵی چاپکردنیدا، بەجۆرێک، چوار دەزگای بڵاوکردنەوە چاپکردنی ئەم ڕۆمانەیان ڕەت کردەوە. پێشەکیی نووسەر لە سەرجەم چاپەکاندا لا براوە، هێزی هاوپەیمانان لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانی ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم ڕۆمانە سەرتاپا ڕەخنەیە لە یەکێتیی سۆڤێت، کە ئەوکات یەکێک بوو لە هاوپەیمانەکان، هەر بۆیە بریاری ئەوەیان دا کە ئەم ڕۆمانە نابێت لە کاتی ئەم جەنگەدا بڵاو بکرێتەوە، هەر بۆیە دەزگاکانی بڵاوکردنەوە نەیاندەویست ئەم کتێبە چاپ بکەن و تەنانەت ئەو کۆپییانەشی کە بڵاو کرابوونەوە لە کتێبخانەکان، کشێندرانەوە، دواتر پاش بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆمانە لە یەکێتیی سۆڤێت و زۆربەی وڵاتە شیوعیەکانی تر، بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە قەدەغە کرا،هەروەها ئەم ڕۆمانە لە لایەن حوکمەتی کینیاوە ساڵی ١٩٩١ قەدەغە کرا. شانۆگەرییەک کە بیرۆکەکەی لەم ڕۆمانەوە وەرگیرابوو، ڕێگە نەدرا نماییش بکرێت بە هۆی ئەوەی کە ڕەخنە لە دەسەڵاتدارانی سیاسی دەگرێت. ئەم ڕۆمانە لە قوتابخانەکانی وڵاتی ئیمارات قەدەغە کرا و لە ساڵی ٢٠٠٢دا بە هۆی بوونی کۆمەڵێک دەق، کە یەک ناگرنەوە لەگەڵ بەهاکانی ئیسلام و عەرەب. تاکو ئێستاش ئەم ڕۆمانە لە کووبا و کۆریای باکوور قەدەغەیە .

هاوبەشی بکە

Forbidden Books, Ktêbe Qedexekrawekan, Zrar Hamid,