24/04/2024
DidiMn Logo
Top

حەوت کتێب دەربارەی سینەما

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ساسە پۆست، ئەلمەکتەبەلعامە، گووگڵ، ویکیپیدیا
ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: زرار حەمید

 

هەر لەگەڵ نماییشکردنی یەکەم فیلمی سینەمایی لە جیهان لە ساڵی ١٨٩٥دا، کە لە لایەن برایانی لۆمێرەوە نماییش کرا، لە یەکیک لە قاوەخانەکانی پاریسدا، ئیدی لەو کاتەوە سینەما ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە گەشە و بەرەوپێشچوونی بیر و ئاکاری هەر کۆمەڵگەیەكدا. سینەما گواستنەوەی کلتووری گەلانە، وێنەگرتنی بەرجەستەکردنی کلتووری گەلانە، لە سەردەمی ئەمڕۆماندا سینەما تەنها وشەیەك نییە و هۆڵەکانی سینەما تەنها شوێنێك نین بۆ کاتبەسەربردن، بەڵکو گەلانی دنیا لە ڕێگەی سینەماوە ڕەخنەی دنیا و سیستمەکان دەکەن. سینەما ئامڕازێکە بۆ جووڵاندنی فیکری تاک و ئامڕازێکە بۆ گەشەی ئابووری. لە ئێستادا سینەما بووەتە سیمبولی ناسینەوەی گەلان.

بە درێژایی تەمەنی، سینەما تەنها بینەری نەبووە، بەڵکو کەسانێك هەبوون عاشقی سینەما بوون و هۆڵەکانی سینەما بۆ ئەوان دنیایەکی تر بوو، ئەوانەی بێ ئەوەی لەسەر شاشەکان بێنە بەرچاومان، ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە لە بەرەوپێشچوونی سینەمادا، ئەو کەسانەی لە شوێنێکی تری بێجگە لە شاشەکانەوە هاتوونە ناو دنیای سینەما، چ بە نووسینی سیناریۆ بێت یان وێنەگرتن یان دەرهێنان و بەرهەمهێنان. لێرەدا کۆمەلێك کتێب دەخەینە ڕوو، کە گەر گرنگترین کتێبەکانی بواری سینەما نەبن، بێگومان گرنگترین ئەو هەوڵانەن کە لەم بوارەدا دراون. ئەو کتێبانەش ئەمانەی خوارەوەن:

کتێبی چیرۆک، لە نووسینی ڕۆبێرت مەکی

بە یەکێك لە گرنترین کتێبەکانی فێربوونی سیناریۆنووسین دادەندرێت لە جیهاندا، کتێبەکە باس لە هونەری نووسینی چیرۆکی سەر شاشە دەکات، هەروەها چۆن بتوانیت سوود لە سەرجەم ڕەگەزەکانی سیناریۆ وەربگریت بۆ دەوڵەمەندکردنی چیرۆکەکەت. ئەم کتێبە ساڵی ١٩٩٧ بڵاو کرایەوە، نووسەرەکەی ئەکتەر و نووسەر و مامۆستای سینەمای ئەمەریکی، ڕۆبەرت مەکییە.

کتێبی چیرۆک

 

کتێبی سیناریۆ، لە نووسینی سێد فێڵد

کتێبێکی بەناوبانگ و سەرچاوەی یەکەمە بۆ فێرخوازانی نووسینی سیناریۆ، ئەم کتێبە بە مامۆستایەکی گرنگ دادەنرێت بۆ نووسینی سیناریۆ، کە پڕە لە زانیاری و وردەکاری. ئەم کتێبە تەنها بۆ ئەو کەسانە گرنگ نییە کە دەیانەوێت سیناریۆ بنووسن، بەڵکو بۆ چیرۆکنووسان و ڕۆماننووسان و شانۆنامەنووسانیش گرنگە. ئەم کتێبە ساڵی ١٩٨٤ بڵاو کرایەوە، کە نووسەرەکەی، سێد فێڵد، نوسەرێکی ئەمەریکییە و زیاتر لە دوو هەزار سیناریۆی هەیە.

کتێبی دروستکـردنی فیلم، لە نووسینی فیدریکۆ فیلینی

”فەلسەفەی تۆ چییە سەبارەت بە دروستکردنی فیلم؟ چ ئامانجێك دیاری دەکەیت لە کاتی وێنەگرتن؟ جگە لە چێژبەخشین بە بینەر، هیچ ئامانجێکی تری شاراوەت هەیە؟ ئەمە ئەو پرسیارانەن کە هەرگیز ناتوانم وەڵامیان بدەمەوە، من وا هەست دەکەم بۆیە کاری فیلمسازی دەکەم، چونکە هیچ کارێکی تر نازانم.” لەم کتێبەدا دەرهێنەر و نووسەر و سینارستی ناوداری ئیتاڵی، فیدریکۆ فیللینی، بەم جۆرە دەدوێت. ئەم کتێبە کتێبێکی فێرکاری نییە بە تەواوەتی، بەڵام لە ئەنجامی خوێندنەوەی، شتی زۆر فێر دەبیت لە ئەزموونەکانی فیللینییەوە.

فریدریکۆ فیلینی

کتێبی سینەما لە نیشتمانی عەرەبیدا، نووسینی جان ئەلێکسان

سینەمای عەرەبی چۆن دەستی پێ کرد؟ قۆناغەکانی گەشەکردنی کامانەن؟ گرنگترین فـێستیڤاڵەکان چین لە دنیای عەرەبیدا؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری تر، وەڵامەکەی لەم کتێبەدا وەردەگریت. نووسەری ئەم کتێبە، نووسەری سووری جان ئەلێکسانە و ئەم کتێبە ساڵی ١٩٨٢ بڵاو کراوەتەوە و هێندەی کتێبێکی مێژووییە، هێندە کتێبێکی فێرکاری نییە، بە جۆرێک، کە قۆناغەکانی گەشەکردنی سینەمای عەرەبی دەخاتە ڕوو، هەروەها باسی سینەما دەکات لە هەریەك لە وڵاتانی میسڕ، عێراق، سووریا، جەزائیر، مەغریب و سووداندا.

کتێبی ئینسکـلۆپیدیای میژووی سینەما، لە نووسینی جیۆفری سمیس

یەکێك لە گرنگترین ئینسکلۆپیدیاکانی تایبەت بە سینەما لە دنیادا؛ ئەم کتێبە لە سێ بەرگ پێک دێت: بەرگی یەکەم سینەمای بێدەنگ، بەرگی دووەم سینەمای دەنگدار، بەرگی سێیەم سینەمای هاوچەرخ. سمیس لەم کتێبەدا باس لە مێژووی سینەما دەکات لە سەرانسەری دنیادا و باسی گرنگترین فیلمەکان و ناودارترین دەرهێنەرەکان دەکات.

کتێبی دروستکردنی فیلمی دۆکیومێنتاری، لە نووسینی باری هامپ

ئەگەر کتێبی سیناریۆی سێد فێڵد باشترین کتێب بێت لە بواری سیناریۆنووسیندا، ئەوا کتێبی دروستکردنی فیلمی دۆکیومێنتاری باشترین کتێبە بۆ ئارەزوومەندانی ئەم بوارە. کتێبێکی پڕ زانیاری، کە سەرەتا باس لە دیاریکردنی هێڵەکانی کارکردن دەکات لە فیلمی دۆکیومێنتاریدا و قۆناغەکانی پلاندانان و نووسین و وێنەگرتنی فیلمی دۆکیومێنتاری دیاری دەکات.

کتێبی دەرهێنانی سینەمایی دیمەن دوای دیمەن، لە نووسینی ستیڤن دی کاتز

دەروازەیەکی گرنگە بۆ فێربوونی بنەماکانی دەرهێنانی سینەمایی و ڕێسا سەرەتاییەکانی، هەروەها فەهرەستێکی سەرەکییە. ستیڤن دی کاتز لەم کتێبەدا بەراوردکاری دەکات لە نێوان قوتابخانەکانی دەرهێنانی سینەماییدا ، باس لەوە دەکات کە چۆن هەر دەرهێنەرێك ڕێباز و هۆکاری خۆی هەیە بۆ گوزارشتکردن لە یەك سیناریۆ بە چەند شێواز و هۆکاری خۆی هەیە، بۆ گوزارشتکردن لە یەك سیناریۆ بە چەند شێوازێکی جیاواز. ئەم کتێبە ساڵی ٢٠٠٣ بڵاو کرایەوە.

 

هاوبەشی بکە

Books, Cinema, Zrar Hamid,