19/03/2024
DidiMn Logo
Top

گفتوگۆ لەگەڵ توانا حەمە دەربارەی کتێبی موزیک و سیاسەت، بەشی دووەم

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منلاژە تەها

به‌شی دووه‌م:

موزیک و سیاسەت تازەترین لێکۆڵینەوەی توانا حەمەیە و لە چەند مانگی ڕابردوودا لە دووتوێی کتێبێکدا بڵاو کرایەوە. لێکۆڵینەوەکە لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمیی ئێتنۆمیوزیکۆلۆجییە و بە شیوازێکی مەیدانی کاری لەسەر کراوە، نموونەی توێژینەوەکە تیپی موزیکی شەهید کارزانە. لەوە دەکۆڵێتەوە کە چۆن موزیک وەک ئامڕازێک بۆ بەرەنگاربوونەوە بە کار هێنراوە لە لایەن سیاسەت و سیاسەتوان و هونەرمەندانەوە بۆ جۆشدانی شۆڕش، هزری سیاسی و گەیشتن بە ئامانێجکی سیاسیی دیاریکراو و پەیوەندیی نێوان موزیک و سیاسەت بە نموونەیەکی زیندووی نێو شۆڕشی کورد. لەسەر ئەم باسە و چەند باسێکی دیکەی تایبەت بە موزیک لەمڕۆی باشووری کوردستاندا، دیدی من چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ توێژەر و نووسەری لێکۆڵینەوەکەدا ئەنجام داوە.

خاڵێک کە سەرنجی ڕاکێشام و وەڵامی پرسیارێکی گرنگ بوو: هۆکاری ئەوەی زۆرینەی تاکی کورد لە باشووری کوردستان ئارەزووی کاری سیاسی دەکەن دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەروەردە ناسیۆنالیستییەی کە لە خوێندنگەکانەوە بە هۆی سروودە نیشتمانیەکانەوە وەری گرتووە، ئێمەش نەوەیەک بووین هەموو بەیانییەک سروودی نیشتمانیمان گوتووەتەوە، بەڵام ئەمە لە ئێستادا کەم بووەتەوە، پیت وایە دەرەنجانی پێچەوانەی ئەوەی ڕابردووی لێ بکەوێتەوە؟ یاخود کاڵبوونەوەی ئەم هەستە ناسیۆنالیستییە لە ئێستادا چ جۆرە پەیوەندییەکی بە نەمانی سروودە نیشتمانییەکانەوە هەبێت لە خوێندنگەکاندا؟

بەڵێ، دەشێت کاریگەریی هەبێت و تا ڕادەیەک وا بێت، چونكە ئەو هەستە نیشتمانییەی جاران هەبوو، ئێستا کەمێک کەمترە و لای گەنجان هەستی پێ دەکرێت. بەڵام ئەوەی من ئاگام لێ بێت ئەم شێوازی ئێشكردنە لە خوێندنگەکاندا بە شێوەیەك لە شێوەكان هەر ماوە، زۆرینەی مامۆستایانی موزیک بە تایبەت لە قۆناغی سەرەتایی سروودە نیشتمانییەكان دەڵێنەوە، پێویستە هەر خوێندکارێک شەش سروودی لە بەر بێت لە ساڵێكدا. بەڵام بە بڕوای من ئەو سروودە نیشتمانییانەی کە دەمارگیری تێدایە لای بدەین، بە جۆرێكی تر باسی خۆشەویستیی نیشتمان، باسی جوانیی نیشتمانیان بۆ دەكەین، دوور لە توڕەبوون و هەستێکی ڕاسیزمانە، بۆیە لەم قۆناغەدا پێویستمان بە تازەكردنەوەی گۆرانییە نیشتمانییەكانمانە كە زیاتر بەرەو هەستی مرۆڤانە بێت، باس لە خۆشویستن و بەها مۆڕاڵییەکان بکات و بە لۆژیكی ئەمڕۆ قسە لەسەر بابەتی نیشتمانی بكات. بە شێوەیەکی گشتی لە ڕابردوودا كەرتی پەروەردە توانیی هەستێكی نیشتمانی لە ناو خوێندكاران دروست بكات و بە جۆرێك زۆرینەی سیاسییەكانمان لە ناو خوێندنگەکانەوە ئەو هەستەیان پەروەردە بوو، ئەمەش بەشێكی پەیوەستە بە سروودە نیشتمانییەكانەوە بە یارمەتیی مامۆستاكانیان، وایان كرد ئەم میللەتە نەكەوێت و بەردەوام بەرخودانی هەبێت. بۆیە بەڵێ موزیک کاریگەرترین هونەرە بۆ ئەم لایەنە، تەنانەت ئێستا لە باكووری كوردستان بە هەمان میتۆد موزیک بە کار دەبەن بۆ گەشەپێدانی ئەو هزرە نەتەوەییە، وەك لە كتێبەكەدا باسی دەكەم، عەبدولڵا ئۆجەلان دەڵێت: ”یەكەم مامۆستای من ئارام تیگیرانە، ئەو کاریگەریی لەسەر من هەبوو، دەمگوت پیاو پێویستە خەبات لەپێناوی ئەو دەنگە بکات کە نەمرێت.“ كە لێرەدا بە گشتی مەبەستی کلتووری کوردییە.

گرنگترین دەستكەوتی توێژینەوەکە لای خۆت چییە؟

ئەم كتێبە یەكێكە لە هەوڵە جیدییە باشەكانم، كە دەتوانێت جێی شانازی بێت لە ئایندەی مندا، زۆر بە خۆشەویستییەوە نووسیومە و هەوڵم داوە كەمترین كەموكوڕیی تێدا بێت، دەستکەوتە گرنگەکەی بۆ من ئەوەیە کە هەست دەکەم ئەوانەی خوێندوویانەتەوە، لە دوای خوێندنەوەی، پێشتر زانیارییشیان نەبێت لەسەر هیچ بوارێکی موزیک، کۆمەڵێک زانیاری لە لایان جێ هێشتووە و چەند پرسێكی لە هزریاندا ورووژاندووە. تا ڕادەیەک كرۆنۆلۆجییانە بابەتەکەم خستووەتە ڕوو، بۆیە زۆر پەنجەرەی ترم كردووەتەوە كە دەشێت لە ئایندەدا كتێب و لێكۆڵینەوەی تری لەسەر بنووسرێت، شێواز و فۆڕمی نووسینەكەی لەسەر ئەو ستانداردەیە كە زانكۆكانی جیهان پێی دەنووسن، زۆر هەوڵم دا ئەگەر توێژینەوەیەك بە زمانی ئینگلیزی چۆن دەنووسریت، من بەو شێوازە بە زمانی دایکم، بە كوردی بینووسم، یەكێك لە ئامانجەكانیشم ئەوە بووە كە ئەم فۆڕمی نووسینە، شێوازی تایتڵ دانان، زمانی نووسینە بكریت بە میتۆدیك كە خەڵك لەسەریەوە بابەتی تر بنووسێت. دڵنیام ئەم ئامانجە لە ئایندەدا دەبینم. پێشوازی بۆ ئەم بەرهەمە هاندەرمە بۆ کاری باشتری داهاتووم،  ئەمانە هەمووی لایەنی باشیی كتێبەكەن بۆ من.


وەک ئاگادارم پرۆژەیەکی ئامادەکراوی دۆکیۆمێنتاریت هەیە بۆ گەڕان بە دوای گۆرانیی هەورامیدا…

ئەو پرۆژەیە 2011 دەستم پێ کرد، 2014 تەواو بوو. هاوشانی ئەو پرۆژەیە خەریکی نووسینی موزیک و سیاسەتیش بووم، ئەمەش یەکێکە لەو زنجیرە کتێبانەی کە ئامادەیە بۆ جاپکردن. گۆرانیی هەورامی لە ناوچەی هەورامان، گەڕانێکی مەیدانیی چوار ساڵییە، زیاتر لە یەک تێرا زانیاریم کۆ کردووەتەوە بە ڤیدیۆ، بە دەنگ و بە نووسین، توێژینەوەکە لە ئاستی بەشی ئێتموزیکۆلۆجیی زانکۆی سلێمانی باشترین و ئاستی یەکەمی ئەو ساڵەم بوو. دەمەوێت ئەم کتێبە گرنگیی بابەتەکەی لە لۆکاڵی دەربچێت، بە هۆی ئەو کرانەوەیەی کوردستان بە ڕووی دنیادا زۆر خەڵک دەیانەوێت بزانن موزیکی ڕەسەن و ڕابردووی ئەم میللەتە چۆن بووە، زیاتر هەلی ئەوەی هەیە وەربگێڕرێت بۆ زمانی دیکە، بە شێوەیەکی گشتی ئەم لێکۆڵینەوەیە دەربارەی ئەوەیە جۆرەکانی گۆرانیی هەورامی چین؟ چۆنن؟ چۆن جیایان بکەینەوە؟ تێکستەکانیان باسی چی دەکات؟ چەند دەوڵەمەندە ئەو فەرهەنگە؟ چۆن پەیوەستە بە ڕابردووی خۆیەوە؟ سیاچەمانە چییە؟ بەزمەکان چین؟ هەموو ئەم بابەتانە لە دووتوێی کتێبێکدایە، کتێبەکە تەواو بووە و تەنها پێداچوونەوەیەکی سادەی ماوە، بەڵام هێشتا دەمەوێت زیاتر گەشەی پێ بدەم و بە جۆرێک بێت لە دوای خوێندنەوەی هەموو کەسێک گوێی لە مۆسیقایەکی هەورامی بێت بزانێت ئەمە چ جۆرێکیەتی و بیناسێتەوە و ناسنامەکانی گۆرانیی هەورامیی بۆ جیا بکرێتەوە. بە بڕوای خۆم و ئەوانەی لە گرنگیی ئەم پرۆژەیە تێدەگەن، پرۆژەیەکی زۆر تایبەتە، ئەگەر زیادم نەگوتبێت لە هەر وڵاتێکی تردا بوایە، وەکو پرۆژەیەکی نیشتمانی سەیر دەکرا. بۆیە بە ئومێدم لە ناوەڕاستی2018دا چەند سیمینارێک لە دەرەوەی وڵات ڕێک بخەم تا کەمێک زیاتر لە ئامانجەکانی کتێبەکە نزیک ببمەوە و دەسگیرۆیی پرۆژەکە بکرێت، هیوادارم دەرفەتەکان وەک ئەوەی چاوەڕوانم بێنە پێشەوە.

هاوبەشی بکە

Interview, TwanaHama,