25/04/2024
DidiMn Logo
Top

گفتوگۆ لەگەڵ هارۆلد پینتەر، بەشی دووەم

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: د.فازیل جاف

ئەم دیمانەیە  لە لایەن (لۆرانس م)ەوە ساز دراوە، بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1966 لە پاریس بڵاوکراوەتەوە.

:بەشی یەکەمی گفتووگۆکە لەم لینکەوە بخوێننەوە

زۆرت لە شانۆنامەكانی خۆت بۆ شانۆ دەرهێناوە. بەردەوام دەبیت لەم كارەدا؟

نەخێر. گەیشتمە ئەو باوەڕەی كە ئەمە هەڵەیە. من پتر وەكو  نووسەر كاردەكەم، لە شتێكەوە دەچمە سەر شتێكی دیكە، تاكو بزانم پاشان چی روودەدا… هەوڵدەدەم شتەكان … راستگۆیانە بن. بەڵام بەدەگمەن دەیانگەمێ. پێم وایە وەكو نووسەرێك كە لەنزیكەوە كار لە شانۆنامەیەك دەكەم سوودبەخشترم. وەكو دەرهێنەر زۆرتر بەلای ئەوەدا دەیشكێنمەوە ئەكتەرەكانم دامەزرێنم، چوونكە هەر چەند دەربارەی دەق بابەتیانەبم و هەر چەند هەوڵ بدەم پێ دانەگرم لە سەر ئەوەی كە(دەبێت ئاوابێت)، پێم وایە ئەركێك دەكەوێتە سەر شانی ئەكتەر كە هەڵگرتنی گەلێ قورسە.

بە گوێرەی ئەوەی كە تۆ خۆت ئەكتەری، قەت هەڵدەكەوێت ئەكتەرانی ناو شانۆنامەكانت لێت نزیك ببنەوە و داوای ئەوەت لێ بكەن چەند دێرێك یان چەند شتێك لە رۆڵەكانیان بگۆڕیت؟

هەندێ جار، زۆر بە دەگمەن، هەندێ دێڕ دێتە گۆڕان، كاتێ كە پێكەوە كار دەكەین. من قەت باوەڕم نییە بە شانۆی فەوزاگەردانی كە پێی دەگوترێت داهێنانی ئەكتەران_ ئەكتەران دەتوانن ئەم كارە لە شانۆنامەكانی نووسەرێكی دیكەدا بكەن. كە هەرچۆنێ بێت كار نەكاتە سەر توانای نماییش كردنیان لە شانۆنامەكانی مندا.

ئایا لە یەك رێگا زیاتر هەیە بۆ دەرهێنانی شانۆنامەكانت بە شێوەیەكی سەركەوتوو؟

 ئۆە بەڵێ، بەڵام هەمیشە دەبێت دەربارەی حەقیقەتی مەركەزی شانۆنامەكە بێت_ ئەگەر ئەمە بشێوێنرێت، ئیدی خراپە. تەفسیری سەرەكی لە ئەكتەرانەوە دێت. بێگومان ریژیسۆریش دەكرێت بەرپرسیار بێت  لە سەرنەكەوتنی شانۆنامەكە_  یەكەم نماییشی پاسەوان لە ئەڵمانیا قورس بوو. پلانێكی دیاریكراو نییە بۆ هیچ شانونامەیەك، چەندین  لە شانۆنامەكانم گەلێ سەركەوتووانە دەرهێنراوون، بێ ئەوەی خۆم بە هیچ جۆرێ دەستی  یارمەتیم لە بەرهەمهێنانیاندا هەبووبێت.

tumblr_n2zwvyOBBQ1qzz5ieo1_1280

كە خۆت كار لە یەكێ لەشانۆنامەكانتدا دەكەیت، بە ڕای تۆ كلیلی پێوەندی باشی نێوان درامانووس و ریژیسۆر چییە؟

ئەوەی كە زۆر جەوەهەرییە ئەوەیە كە نووسەر  دەبێت دووربكەوێتەوە لە هەموو جۆرە بەرگریكردنێك لە خۆ، لە نێوان نووسەر و ریژیسۆردا. مەسەلەكە پێوەندیی بە متمانە و شەفافیەتی نێوان هەردوو لاوە هەیە. كە متمانە و شەفافیەت نەما ئیدی تەنیا كات بە فیڕۆدانە.

پیتەر هاڵ كە زۆرینەی شانۆنامەكانتی دەرهێناوە، دەڵێ  لە سەر فۆرمی زارەكی و ریتمسازی بنیات نراون، كە دەشنووسی “پشوو” مەبەستت شتێكی دییە، جیاواز لە “بێدەنگی” ، سێ خاڵیش لە دوای یەك جیاوازە لە خاڵی كۆتایی رستە.ئایا ئەم ناسكییە كە لەم جۆرە نووسینەدایە لە هەموو كارەكانتدا پیادەی دەكەیت؟

_ بەڵێ بە زۆری وایە. من بایەخێكی زۆر بەو لایانانە دەدەم كە ئاماژەت پێكردن. جارێكیان پیتەر هال پرۆڤەیەكی خاڵ و پشووی بە ئەكتەرانی شانۆنامەی “گەڕانەوە بۆ ماڵەوە” كرد، هەرچەند ئەم قسەیە لە خۆپیشاندان  دەچێ، بەڵام گەلێ سوودبەخش بوو.

نەخشە بۆ شانۆنامەكانت پێش نووسینیان دادەنێیت؟

بە هیچ جۆرێك. نازانم شانۆنامەكانم چی جۆرە كەرەكتەرێك دەگرنە خۆیانەوە تا ئەو دەمەی كە… با بڵێین، كە هەن… تاوەكو ئاماژەی ئەوەم پێ دەكەن كە ئیدی هەن. هیچ جۆرە تیورێیك بەكار ناهێنم. هەر ئەوندەی هزرم بۆ هات ئیدی دوایان دەكەوم_ ئیشی من ئەمەیە، دوای هزر دەكەوم.

مەبەستت لە هزر چییە؟ دەتوانی بیهێنیتەوە یادت چۆن یەكێ لە شانۆنامەكانت لە دەروونتدا نشونمای كردوە؟ یان ئەوەیە لەشێوەی دێڕ بەِ دێڕ پەرەی سەندووە؟

هەڵبەتە تەواو لە بیرم نییە چۆن شانۆنامەیەك لە دەرووندا نشونما دەكا . وا بزانم  ئەوەی كە روودەدا بەو جۆرەیە كە من لە بارێكی  قورسی هەڵچوون و بێهودەییدا دەنووسم. رستە بە رستە دوای ئەو شتە دەكەوم كە لە سەر كاغەز لە پێش چاومدایە. ئەمە ئەوە ناگەێنێت كە من هەر بەجارێ سووكە  هزرێكی  گشتیم نەبێت _ ئەو ئەندێشەیەی كەدروست دەبێت هەر ئەوە نییە كە دەست بەجێ ڕووبدات، بگرە ئیمكانیەتی ڕووداوێكی گشتی دەڕەخسێنێت، كە دەبێ تەواوی بكەم.

پاسەوان

پاسەوان

لە شانۆنامەی “گەڕانەوە بۆ ماڵەوە” دا، سام، كەرەكتەرێكە ماوەیەكە چالاك نەبووە، كتۆپڕ، چەند دەقیقەیەك پێش كۆتایی شانۆنامەكە، دەست بە گریان دەكات و دەكەوێت، بڵێیت ئەمە نموویەكی ئەوە بێ كە مەبەستتە؟ شتەكە لەناكاودا روودەدا!

لەناكاودا پێم وابوو ئەمە دەبێت ئاوها بێت. شتەكە بەم شێوەیە هات. دەمزانی سام دەبوایە بۆجارێكیش بێ هەر دەبێت شتێك لەم بەشەدا بڵێت، ئەم شتەش ئەوەیە كە روویداو ئەوەشە كە گووتی.

هەر لەبەر ئەوە دەشێ كەسەكان لە دەرەوەی دەسەڵاتی تۆدا، نشونما بكەن، بیرۆكەی تۆ بگۆڕن_ ئەگەرچی ئەو بیرۆكەیە روونیش نەبێت_ كە شانۆنامەكە  دەربارەی دەدوێت؟

من تا كۆتایی سەری گوریسەكان  دەگرم، بۆیە هەرگیز ئەوەندە دوور ناڕۆن.

هەست دەكەیت كەی وا پێویست دەكات ئیدی  پەردە دادرێتەوە، یان بەمەبەست كار لە سەر دەقەكە دەكەیت و ناوەستیت تا ئەو شوێنەی كە خۆت پێشتر بڕیارت لە سەر داوە؟

ئەمە مەسەلەیەكی تەواو خۆڕسكە. پەردە دادەدرێتەوە كاتێك كە پێت وایە ریتمەكە لە جێی خۆیدایە_  كاتێ كە كردارەكە داوای كۆتایی دەكات. من زۆر شەیدای ئەو دیالۆگانەم كە لەكاتی پەردەدادانەوەدا دەگووترێن.شەیدای ئەوەم كە چاك بنووسرێن.

هەست دەكەیت هەر لەبەر ئەوەیشە كە شانۆنامەكانت لە رووی پێكهاتەوە سەركەوتوون؟ كە تۆ توانات بە سەر پێوەندی نێوان ئەم غەیزەیە و ریتمی شانۆنامەكە دەشكێت؟

، زۆر نە، ئەمەش نیگەرانیی گەورەی منە. ئەنجامدانی پێكهاتەی راستەقینە. من هەمیشە سێ رەشنووس دەنووسم. دوور نییە وا پێویست بكات لێی گەڕێت.  كاتێكی وا دێتە پێشەوە كە بڵێی ئیتر بەسە، لەمە زیاترم پێ ناكرێت. تاكە شانۆنامە كە تا رادەیەكی باش لە وجودێكی پێكهاتە ئامێزەوە نزیكە و خۆشم لێی رازیم، شانۆنامەی “گەڕانەوەیە بۆ ماڵەوە”. شانۆنامەی “جەژنی لە دایكبوون” و شانۆنامەی “پاسەوان” قسەی زۆر تێدایە… پێویستە  تاوتۆیان بكەمەوە، شتیان لێ لابەرم. وشەی زۆر هەندێ جار نیگەرانم دەكەن، بەڵام ناشزانم چییان لێ بكەم، بۆخۆیان لە زاری كەسەكانەوە دەردەپەڕن. بەڕاستی من ئەوەندە بە كارەكانی خۆمدا ناچمەوە، بەڵام  دەشزانم كە زۆر جار لە ناو ئەو شتەی كە دەینووسم، كەسێك لە ناكاودا شتێكی ناشیرین دەڵێ.

p0198pn3

زۆربەی خەڵك لە سەر ئەوە رێكن كە ئەو هێزەی  لە شانۆنامەكانی تۆدا هەیە، لەم رەهەندی زارەكییەدا خۆی دەنوێنێت، هەروەها نموونەكان و هێزی كەرەكتەرەكان كە لێیەوە وەریان دەگریت.ئەم قسانە لەو خەڵكەوە وەردەگرت كە لە كاتی ئاخاڤتندا گوێت لێیانە_ گوێ بۆ قسەی خەڵك شل دەكەیت؟

هەرگیز كاتی خۆم بە گوێگرتن لە قسەی خەڵك بەسەرنابەم. ناوبەناو، كە بە رێوە دەوڕۆم، گوێم لە  شتێك دەبێت، وەكو هەموو كەسێك. بەڵام  وشەكان لە كاتێكدا كە كەرئەكتەرەكان دەنووسم دێن، نەك پێشتر.

بەرای تۆ بۆچی  گفتوگۆ لە شانۆنامەكانتدا، ئەوندە كاریگەرە؟

نازانم بۆچی. وابزانم  رەنگە لە بەر ئەوەبێت كە خەڵك هەموو ئەو شتانەی كە بە خەیاڵیاندا دێت، دەیڵێن تاكو خۆیان لە مەترسیی ئەو شتانە لادەن كە دەیزانن، هەروەها لە مەترسی  ئەوەی كە بناسرێن.

كام مەیدانی شانۆنامەنووسین گەورەترین گیروگرفتت بۆ دروست دەكات؟

هەموو مەیدانەكان ئەوەندە بەیكەوە بەستراون كە رەنگە نەتوانم حوكم بدەم.

قەت روویداوە گوزارە لە رای سیاسی بكەیت لە رێگای كەسانی ناو شانۆنامەكانتەوە؟

نە، بە هیچ جۆرێك، سیاسەت بێ تاقەتم دەكات، هەرچەندە دەبێت ئەوەش بڵێم كە سیاسەت بەرپرسە لە ناسۆرێكی زۆر. من متمانەم بە هیچ جۆرە گوزارەیەكی ئایدۆلۆجی نییە.

كە باسی كەرەكتەرەكانت دەكەیت زۆر جار وایان باس دەكەیت، هەروەك ئەوەی بوونەوەری زیندوو بن. ئەم كەرەكتەرانە پاش ئەوەی تۆ شانۆنامەكەت نووسی وایان لێ هات؟ كاتێك كە شانۆنامەكەت دەنووسی؟

هەردووكیان.

راستەقینەن وەكو خەڵكێكی راستەقینە كە دەیانناسیت؟

نە، بەڵام جیاواز. من خەونێكی ناخۆشم بینی، دوای ئەوەی “پاسەوان” م دەربارەی دوو براكە نووسی. لەو خەونەمدا خانووەكەم ئاگری تێبەربوو، هەوڵم دەدا بزانم كێ لەو كارە بەرپرسە. بەناو هەموو جۆرە  كۆڵان و قاوەخانەكانەیەكدا گێڕایانم و لە كۆتاییدا گەیشتمە ژووری بنەوەی جێگایەك، دوو براكەی ناو شانۆنامەكەی لێ بوو. منیش پێم گووتن، كەواتە ئێوە خانووەكەمتان سووتاند. پێیان گووتم، ئەوەندە نیگاران مەبە بۆ خانووەكەت، منیش گوتم من هەموو شتێكم لەوێدا بوو، هەموو شتێكم، ئێوە تێناگەن چ كارێكتان كردووە، ئەوانیش گووتیان قەیدی نییە، ئێمە بۆتی قەرەبوو دەكەینەوە، ئێمە خزمەتت دەكەین بەپەنجا پاوەند_ برا بچووكەكەیان ئەمەی گوت_ پاش ئەوە چەكێكی پەنجا پاوەندیم بۆ نووسین… چەكێكم پێ دان كە بایی پەنجا پاوەند بوو!

 

هاوبەشی بکە

Fazil Jaff, Harold Pinter, Interview, Shano, Stage,