دیدی من – ئاراس عەبدولڵا
لە درێژەی کار و چالاکییەکانی ناوەندی غەزەلنووس لە شاری سلێمانی، بڕیارە ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە بەرواری ٤/٨/٢٠١٦، کاتژمێر ٤:٣٠ـی ئێوارە کۆڕێک بۆ شاعیری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شوعەیب میرزایی بەڕێوە بچێت. لەم کۆڕەدا شاعیر ژمارەیەک لە بەرهەمەکانی خۆی دەخوێنێتەوە و هاوکات دوایین بەرهەمی شاعیر بڵاو دەکرێتەوە. دوابەدوای خوێندنەوەی شیعرەکانیش، نووسەر و لێکۆڵەر ئارام سدیق، باسێک دەربارەی شیعری ڕۆژهەڵات بەگشتی و ئەزمونی شوعەیب میرزایی بەتایبەت پێشکەش بە ئامادەبووان دەکات.
دەربارەی ئەم کۆڕە، نووسەر و لێکۆڵەر ئارام سدیق بۆ دیدی من گوتی: “من لە کۆڕەکەدا پاش خوێندنەوەی چەند شیعرێک لەلایەن شوعەیب میرزاییەوە باسێک لە سەر شیعری کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش دەکەم و دواتر باس لە ئەزموونی شیعریی شوعەیب دەکەم. چونکە شیعر لە رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیەتی هەر لە بەکاربردنی زمان و وێنە و موفرەدەوە تا دەگاتە تەکنیکی شیعری.”
گوتیشی: “شیعرەکانی شوعەیب میرزایییش تایبەتمەندیی خۆیان هەیە لە نێو شیعری نوێ لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئەو یەکێکە لە دەنگە نوێ و کاریگەرەکان کە توانیویەتی خۆی لە بەشێک لە شیعری نوێی ئەوێش جودا بکاتەوە.”
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.