20/04/2024
DidiMn Logo
Top

لە باشوورەوە، هەفتەی پشتگیری لە بەرخۆدانی عەفرین

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

 دیدی من

دوای ئەوەی زیاتر لە مانگێکە کۆماری تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بە ناوی چڵەزەیتوون بۆ سەر کانتۆنی عەفرینی ڕۆژئاڤای کوردستان بە پاساوی پاککردنەوەی سنوورەکانی دەست پێ کردووە و ڕۆژانە بە تانک و مووشەکی بەهێز شەرێکی نابەرانبەر دژی ناوچە جیاوازەکانی ئەو کانتۆنە و خەڵکەکەی دەکات، لە باشوور و باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین چالاکی و هەڵوێستی جۆراوجۆر بۆ پشتگیریکردن لەو بەرخۆدان و بەرگرییەی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە و خەڵکی کانتۆنی عەفرن دەیکەن، ڕێک خران.

لە باشووری کوردستان و بە دیاریکراوی لە سلێمانی، ناوەندی غەزەلنووس، ماڵی سوهرەوەردی، خانەی حیکمەت، بە هاوکاریی چاند و هونەری باشوور، هەفتەی پشتگیری لە بەرخۆدانی عەفرینیان ڕاگەیاندووە و بڕیارە سبەی شەممە (2/24)، هەفتەکە دەست پێ بکات، کە پێک هاتووە لە نمایشی ٨ فیلمی سەر بە نەریتی بەرخۆدانی باکوور و ڕۆژئاڤا بێ بەرانبەر، 2 پانێڵی تایبەت بۆ زیاتر ناسین و ئاشنابوون بەو نەریتە و بەرخۆدانی عەفرین و شانۆییەک بۆ رۆحی ئاڤێستا فیشخاپوور و هاوڕێیانی گیانفیدای.

ناوەندی غەزەلنووس، کە یەکێکە لە ڕێکخەرانی هەفتەکە، بۆ دیدی من گوتی: ”هەر یەکێک لە ئێمە، لە هەر پارچەیەکی کوردستان بێت، ئەرک و بەرپرسارێتییەتی کە لە پێگە و ڕۆڵی خۆیەوە پشتگیری لەو بەرخۆدانە ئەفسانەیی و مێژووییەی عەفرین بکات و بە هەر ئەمڕازێک بێت، تێیدا بەشدار بێت. ئێمەش وەک 3 ناوەندی کلتووری، سەرەڕای ئەوەی لە چەندین چالاکی و هەڵوێستی تردا بەشدار بووین، ئەم جارە لە پێگەی خۆمانەوە ئەم هەفتەیەمان وەک پشتگیرییەک بۆ بەرگریی هەڤاڵانمان لە عەفرین ڕاگەیاندووە و لە ڕێی کلتوور و هونەر و فیکرەوە دەمانەوێت ئەو نەریتەی ئەو بەرەنگارییەی باکوور و ڕۆژئاڤای دروست کردووە، بە باشووری بناسێنین و بناغەکەی لێرەش دابنێین.“

سەبارەت بە کاریگەریی هەڵوێستێکی لەم جۆرە لە شەڕێکدا کە بەشدارییەکی لۆجستی و سەربازی نییە، ناوەندەکە گوتی: ”کاریگەرییە گرنگەکەی ئەم هەڵوێستانە هێندەی ڕەمزییە، هێندە بەرجەستە نییە، هەروەها هێندەی ئەم کاریگەرییە ڕەمزییە دەتوانێت کاریگەریی جیدی دابنێت و گۆڕانکاریی ڕیشەیی دروست بکات، ڕەنگە لە هەندێک بارودۆخدا بەشدارییە لۆجستی و سەربازییەکە نەیکات، بەوەی کە خودی ئەو بەرخۆدانەی ئێستا لە ڕۆژئاڤا هەیە، بەرهەمی پەروەردە و کلتوور و هونەر و فیکرە، بەرهەمی دروستکردنی نەریت و ڕێبازی ژیانە، کە بە داخەوە ئێمە لە باشوور نیمانە و لەسەرمان ئەرکە بناغەی دابنێین و دروستی بکەین. هەر بۆیە بەڵێ ئەم جۆرە چالاکی و هەڵوێستانە کاریگەرییەکی ڕەمزیی زۆر گرنگیان هەیە و جارێکی تر بەسیاسیکردنەوەی خەڵک و دروستکردنی هاوخەمی و هاوشوناسی و خۆبەخاوەنزانینێکە، کە دەیەیەکە لەم پارچەیەی کوردستان نائامادەیە.“

دیدی من لە سۆنگەی هەستکردنی بە بەرپرسیارێتیی، یەکێکە لە سپۆنسەرە میدیاییەکانی هەفتەی پشتگیری لە بەرخۆدانی عەفرین و لە ماڵپەر و پێگەکانی سۆشیال میدیای، ڕیکلام بۆ چالاکییەکانی هەفتەکە دەکات.

بەرنامەی هەفتەی پشتگیری لە بەرخۆدانی عەفرین:

 

هاوبەشی بکە

Cinema Salim, DidiMnEvent, Event, Ghezelnus, Kurdish Cinema,