دیدی من – سان ساراڤان
بەشی یەکەم:
گرنگه بە پێكهاته‌كانی نووسینی سکریپت ئاشنا بین و هه‌موو ئه‌و كه‌ره‌سته و رێچكانه بگرینه به‌ر كه سینه‌مای جیهانی به‌رهه‌می هێناون، به تایبه‌تی له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌دا كه كه‌لێنێكی گه‌وره هه‌یه له نوسینی سكریپت و زۆرینەی كاره بهرههمهێنراوهكان گیرۆده‌ی هه‌بوون و داڕشتنه‌وه‌ی سكریپتێكی تۆكمه‌ن، كه هه‌موو پڕەنسیپه‌كانی نووسینی سكریپتی تێدا به‌رجه‌ستە بووبێت، له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه ده‌مه‌وێت میكانیزمی نوسینی سكریپت و توخمه سه‌ره‌كییه‌كانی تێدا بخەمە ڕوو.
زۆر گرنگیشه تیشك بخه‌ینه سه‌ر ئه‌وه‌ی نوسه‌ری سکریپت ئازاده به چ ئاڕاسته‌یه‌ك كار ده‌كات، به‌ڵام هه‌میشه ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌م كه‌ره‌ستانه و ئه‌و میكانیزمانه‌ی كه لێره‌دا باسی لێوه ده‌كه‌م، هه‌موو ئه‌م كه‌ره‌ستانه كه‌م تا زۆر له سكریپته‌كاندا ده‌بێت په‌یڕه‌و بكرێت، من ته‌نها نووسینی سینه‌مای ئێكسپریمنتاڵی لێ ده‌رده‌كه‌م، كه ئه‌ویش هه‌موو ئازادییه‌كت ده‌بێت و ڕه‌نگه هیچ هه‌ل و مه‌رجێك له‌م كه‌ره‌ستانه نه‌یگرێته خۆ، هه‌ڵبه‌ته من زیاتر باسی سینه‌مای فیکشن ده‌كه‌م به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌و سینه‌مایه‌ی كه شوناسی رۆژهه‌ڵاتیشی هه‌ڵگرتووه سەرەڕای جیاوازیی کۆمەڵایەتی و کولتووری.
هیچ بیرۆكه‌یه‌كی سینه‌مایی به‌بێ بوونی پاڵه‌وان نابێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پاڵه‌وانه‌كه ئاژەڵیش بێت هه‌ر بۆیه ده‌بێت بیرۆكه و كاره‌كته‌ر و پاڵه‌وانه‌كان بە هه‌ماهه‌نگی بونیاد بنرێن. چه‌ند خاڵێكی گرنگ هه‌یه كه ده‌بێت له سه‌ره‌تای نووسیندا خۆتت تێدا یه‌كلا كردبێته‌وه كه ئه‌م ڕێكاره سهرهتاییانهن:
یه‌كه‌م: دروستكردنی دۆخی ناله‌بار بۆ پاڵه‌وانه‌كه‌ت.
دووه‌م: فێربوون له‌و ناله‌بارییەوە.
ئه‌مه وا ده‌كات كه خوێنه‌ری سكریپته‌كه‌ت هاوسۆز بێت له‌گه‌ڵ پاڵه‌وانه‌كه‌دا. خوێنه‌ر خۆی ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره ناڕاسته‌وخۆیه ده‌بێته‌وه گه‌ر من له شوێنی ئه‌وبم چی ده‌كه‌م؟
ئەمەش بە قووڵبوونەوەی تەنگژە و کێشەی نەخوازراو دێت، کە پاڵەوان ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە هەمان کاتدا و لە چەند لایەکەوە، یان دوابەدوای یەکتر دێن و پاڵەوان پیایدا بە سەختی تێدەپەڕێت. وەک لە فیلمی پیرەمێرد و زەریادا دەیبینین، پیرەمێرد لە ناو چەقی زەریادا وەستاوە و خۆی شەکەتە و بارانیش دەبارێت، خەریکە بەلەمەکەی پڕ دەبێت لە ئاو سەرەڕای ئەوە نەهەنگیش شاڵاوی بۆ دەهێنێت. ئەوەی ئێمە و پیرەمێرد لێی فێر دەبین هیوا و ئارامی و بەرگەگرتنی ناخۆشییە.
هەر کێشەیەکی بچووک یان گەورە، کاتێک ڕووبەڕووی پاڵەوانەکە دەبێتەوە ئەگەر لەگەڵ کەسێکدا بێت یان ڕواڵەتی سروشتی (نموونەی بڕینی دەریایەکی بەستەڵەکی) بێت یان شتێک بێت (بۆ نمووەنە: وەک زانایەک لە تاقیگەیەکدا کار دەکات و کێشەی لەگەڵ چەند ماددەیەکی کیمیاییدا هەیە، لە گەیشتن بە دۆزینەوی چارەسەر بۆ ڤایرۆسێکی کووشندە) بە کرداری دەگاتە ترۆپکی ململانێ و شڵەژان بەرهەم دەهێنێت، واتە دەگاتە خاڵێکی بەرز لە کڵایماکس، لە دواییدا کێشەکە هەڵدەگەڕێتەوە و هەڵپێچانەوە دروست دەکات، ڕەنگە دەرئەنجام بگەیتە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان و دەرمانی ئەو ڤایرۆسە بدۆزیتەوە، جا ئەگەر بە کاتی بێت و كێشەی تر تێدا سەر هەڵنەدات یان بە هەمیشەیی بێت و کێشەکە بنبڕ ببێت، مەرجە پیشاندانی هەموو ئەمانە بە کردار بێت.
تا ئێستا ئێمه باسی پڕۆسه‌ی نووسین ده‌كه‌ین نه‌ك به‌رهه‌مهێنان و چاره‌سه‌ركردنی ده‌رهێنان، بۆیه بۆ ئه‌م توخمه پێویسته به باشی له سكریپته‌کەدا ڕه‌نگ بداته‌وه. ڕەنگە هەموو ئەم توخمانە زۆر بە سادەیی و کردەی بچووک گوزارشتیان لێ بکرێت.
بۆ زیاتر قووڵبوونه‌وه له دنیای ناوه‌كی و ده‌ره‌كی پاڵه‌وان وا پێویست ده‌كات ئاگامان لەو ترسه هه‌بێت كه پاڵه‌وان هه‌ڵگریەتی، ده‌كرێت كه‌سێك یاخود شتێك بێت یان پێكهاته‌ی سروشتی بێت كه له پاڵه‌واندا له‌م سێ ڕێگەیه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت:
– جه‌سته‌یی، وه‌ك نه‌خۆشی و ته‌ندروستی و ژیان.
– كۆمه‌ڵایه‌تی و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و گرفته‌كان. خێزان و كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگە له‌خۆ ده‌گرێت.
– دوا هۆكار ده‌روونییه كه ئه‌میش زۆرن وه‌ك زۆرلێكردن بۆ گۆڕینی بیروباوه‌ڕ و ته‌نگه‌ژه‌ی ده‌روونی و ترس لە شتێک بێت.
وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م بۆ كرد ئەو پێكهاتانەی سه‌ره‌وه سه‌ره‌تاییترین هه‌نگاون له پێناو دروستكردن و نووسینی سكریپتی فیلم‌دا كه ده‌شێت به پێی بابه‌ته‌كه‌یان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، جا گه‌ر هه‌ر جۆرێك بێت له فیلمی فیكشن. دەکرێت لە فیلمێکدا بە کەمترین ڕیژە ئەمانەی تێدا بەکار بهێنرێت.
هه‌ندێك پێكهاته و توخم هه‌ن له نووسینی سكریپتدا کە ده‌بنه ناواخن و كه‌ره‌سته‌ی پەیوه‌ندیی ناو پێكهاته‌كانی تری نووسینی سكریپت، كه ئه‌مانه‌یش ده‌كرێت به‌كار بهێنرێت بە پێی بیروباوه‌ڕ و جۆری فیلم و ڕووداوه‌كان، ئه‌م كه‌ره‌سته نێوهندییانه ده‌شێت ببێتە داینامیك و باڵابوونی هێڵی درامی ناو چیرۆك.
پێكهاته‌ی سكریپته‌كه‌ت له كاره‌كته‌ر و ڕه‌شنوس (وه‌سفی دیمەنەکان) و دیالۆگ پێك دێت
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت بچمه سه‌ر چه‌ند ڕێسایه‌كی دروستكردنی كاره‌كته‌ر له سكریپتدا كه ئه‌ویش ئه‌مانه‌ن:
مۆتیڤ و پاڵنه‌ره ده‌ره‌كییه‌كان كه له كه‌سی دژ و به‌دكاردا به‌رجه‌سته ده‌بێت و ده‌بێته هانده‌ر بۆ درێژه‌پێدانی سكریپته‌كه. هه‌روه‌ها مۆتیڤ و پاڵنه‌ره ناوه‌كه‌ییه‌كان، كه ئه‌مه‌ش وابه‌سته‌یه بەو كێشه ناوه‌كییانه‌ی پاڵه‌وانه‌كه به به‌رده‌وامی په‌رچه‌كرداری لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
پاڵه‌وان ده‌كه‌وێته سه‌ر لێواری مەرگ و ژیان. وه‌ك پێشتر باسم كرد، دروستكردنی هاوسۆزی زۆر گرنگه، كاتێك كه پاڵه‌وان ده‌كه‌وێته بارودۆخێکی ناهەموار و هاوسەنگی تێک ده‌چێت، ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵوێستێك ده‌بێته‌وه كه زۆر سەختە ئاڵنگاری بكات، نموونه‌ش زۆرن وه‌ك مناڵبوون، ژنهێنان، جیابوونه‌وه، بێلانه‌یی، مایه‌پووچبوون، نه‌خۆشی و ئاڵوده‌بوون…هتد.
ململانێ (کۆنفلیکت)
كێشه‌كان له سكریپتدا هه‌میشه ده‌كرێن به دوو به‌شه‌وه:
په‌یوه‌ندییه‌كانی پاڵه‌وان
ڕه‌نگه گه‌وره‌ترین هه‌ڵه ئه‌وه بێت له سكریپتدا كه پاڵه‌وان ته‌نیا بكه‌یت و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی نه‌بێت به ده‌وروبه‌ریه‌وه، بۆیه ده‌بێت هه‌میشه په‌یوه‌ندییه‌كی سه‌رتاسه‌ری هه‌بێت به دژه‌كه‌یه‌وه، دژەکەی (کە دەکرێت کەسێک نەبێت بەڵکو بارودۆخی ژیان بێت) یان دوژمنه‌كه‌ی دەبێت به باشی دروست بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هاوكێشه‌یه ته‌واو بكات له سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی. كه‌ره‌سته‌یه‌كی تری ئه‌م په‌یوه‌ندییه، بوونی چه‌ند ده‌مه‌وانه‌یه‌كە یان دەرچەیەكە (وەک وەلفی مەنجەڵی هەڵمیین) پێویستە بوونی هەبێت بۆ ئەوەی ئەو په‌یوه‌ندییانه‌ی پێدا تێپه‌ر بێت كاتێك کە پەیوەندییەکان درێژه ده‌خایه‌نن، بوونی هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی پەستان و گوشار لە پەیوەندییەکاندا (بۆ نموونە، کەسێکی دژ یان لایەنگر بە درێژای هێلی چیرۆکەکە هاودەمیی پاڵەوان دەکات، دەشێت ئەم پەیوەندییە لە کەلێنێکدا کۆتایی پێ بهێنرێت لە خزمەتی چیرۆکەکەشدا بێت، وەک پاڵنەری دەرەکی و ناوەکیش سوودی لێ ببینرێت.) هه‌روه‌ها بوونی وتوێژی ئه‌خلاقی و ئاكاریی كه‌ره‌سته‌یه‌كی ترە بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان. هەبوونی چەند لاوازییەک سه‌ره‌ڕای به‌هێزی پاڵەوانەکە زۆر گرنگە له په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كاندا. دروستكردنی دژه‌كان له ناو خودی پاڵه‌واندا زۆر گرنگه واته پاڵه‌وان ده‌بێت چه‌ند سیفه‌تێكی دژی هه‌بێت تا په‌یوه‌ندییه‌كەی به‌ره‌و ئاڕاستەیەک بڕوات. بۆ نموونە کەلەڕەقی سەرەڕای هەوڵ و دنیابینی. دوا كه‌ره‌سته و توخمی په‌یوه‌ندی شوێن و جوگرافیایه‌كه ده‌شێت پاڵه‌وان به به‌رده‌وامی له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا بسوڕێته‌وه.
هه‌وره بروسكه: هۆگری و هه‌ودابوون، تیرۆر، مردن و هتد.
باران: دڵته‌نگی، ته‌نیایی، بێزاری، له‌باربوون، ڕۆمانسییەت
با: په‌رتبوون، تێكچوون.
ته‌م: سه‌رلێشێوان، په‌نهانی، نادیاری و ئاڵؤزی
خۆر: دڵخۆشی، ئازادی، گه‌نده‌ڵی، باوه‌ڕی شاراوه و هتد
به‌فر: نووستن، مردن، پاكژی و هێمنی، كپبوون
به كورتی:
نووسینی دیمەن
دیمەنیش له دوو به‌شی سه‌ره‌كی پێك دێت، ئه‌وانیش دیالۆگ و ڕه‌شنووسه، وەک وتمان ڕەشنووس زانیارییەکە وەسفی شوێن و کات و کردە دەکات لەگەڵ ناوی کارەکتەرەکە، وا باشتره كه‌مترین ڕەشنووس هه‌بێت وه‌ك چۆن کەمترین دیالۆگیشیت هەبێت.
ڕێكاری بنچینه‌یی نووسینی دیمەن:
میتۆد و ڕێکاری نووسینی دیمەنێك.
سكریپتنووس ده‌بێت ئه‌م به‌رچاوڕونیانه‌ی هه‌بێت كاتێك ده‌یه‌وێت دیمەنێك گه‌لاڵه بكات، بۆیه وا باشتره ئه‌م خاڵانه په‌یڕه و بكات وەک هێڵکارییەک بۆ خۆی:
چه‌ند رێكارێك بۆ بەكارهێنانی فێڵی ته‌نکیکی و ڕه‌شنووسی سه‌ركه‌وتوو:
١– ئه‌كشن و كرده: ئه‌كشن/كرده پێكهاته‌یه‌كی بنچینه‌ییه ده‌كه‌وێته نێوان دایه‌لۆگ یان چه‌ند دیەلۆگێكه‌وه، بۆیه وا باشتره ئه‌كشن بنووسیت نه‌ك وه‌سف (وه‌سف زیاتر ده‌كه‌وێته ناو نووسینی ئه‌ده‌بیاته‌وه.) ئه‌كشن وا له ستافی به‌رهه‌مێھن ده‌كات ببزوێن و هه‌ریه‌ك لای خۆیەوە دیدی خۆی بكاته سه‌ری و هاوبه‌شی زیاتر دروست ببێت.
٢- ئاماژەبەخشین و زانیاری: ئه‌و شتانه به‌كار بهێنه كه ده‌تباته سه‌ر زانیاری نوێتر. واته چه‌ند نووسینێك هه‌ڵبژێره كه زانیاریبه‌خش بن له‌مەوه زانیاری زیاتر بدات له پێشاندانی بارودۆخێكی دیاریكراو. بۆ نموونه سیمای ژورێك وێنه بکه كه زانیاری ته‌واوت ده‌داتێ له‌سه‌ر كاره‌كته‌ره‌كه‌ت، ژورێك دوو ئینجانه‌ی جوان و چه‌ند كتێبێكی ڕیزکراوی تێدایه له‌سه‌ر مێزێك له‌گه‌ڵ چاویلكه‌یه‌ك. یان ژورێك نیو كوپ قاوه و ته‌پڵه‌كێكی پڕ له فلته‌ری جگه‌ره‌ی له‌سه‌ره، چه‌ند په‌ره‌كاغه‌زێكی لولكراو بڵاو بووەته‌وه له‌سه‌ر مێزه‌كه.
٣-جوڵه‌كان وێنه بكه: هه‌میشه كه‌مترین وه‌سف به‌كار بێنه له كرده و جوڵه‌كاندا، واته جوڵه و كرده ئاوێته بكه، له جیاتی وه‌سفكردنی یان كه‌مترین به‌كارهێنانی وشه‌ی وه‌سفی، ده‌بێت ئه‌م سێ خاڵه په‌یڕه‌و بكرێت له ڕه‌شنووسدا (ژمارەی دیمەن، چ کاتێکە لە ڕۆژ یان شەو، لۆكه‌یشن و ناسینی كاره‌كته‌ر، چی ڕوو ده‌دات.)
بۆ نموونه (له ژوڕێكدا ڕۆژه، كاروان نوقمی كۆمه‌ڵه فایلێكی كۆن و بێسوود بووه.)
٤- ڕێسای زماننووسین: كه ده‌بێت زۆر ساده بێت، زمانی خوێندكارێكی ناوه‌ندیئاسا بێت و وشه‌ی قورس و زاراوەی ئاڵۆزی تێدا به‌كار نه‌هێنرابێت.
٥- فرمانی لاواز: واز له به‌كارهێنانی زمانی لاواز بێنه بۆ نموونه: كاروان ده‌چێته ژووره‌كه‌ی، (چوون) كردارێكی گشتییه چه‌نده‌ها وشه‌مان هه‌یه گوزارشت له چوون بكات وه‌ك ڕاكردن، بازدان، خۆهاویشتن، قایمكردن، خزان، دزه‌كردن، ڕاكێشان، تێته‌قاندن، قه‌ڵه‌مباز و هتد.
٦- به‌كارھینانی زاراوه‌ی داینامیكی و ئیكۆنۆمی. واز له به‌كارهێنانی ده‌یه‌ها وشه بێنه، كه بته‌وێت مانا به‌رهه‌م بهێنت، بۆیه ده‌توانیت به دوو وشه هه‌مان مانا بگه‌یه‌نێت، وه‌ك ده‌ڵێن به به‌ردێك دوو چۆله‌كه بپێكه یان (خیر الکلام ما قل و دل.)
٧- وه‌ك ڕیكلام بنووسه. وه‌ك ده‌وترێت ئیكۆنۆمیكردن له وشه‌دا خۆی به‌ربه‌سته، به‌ڵام به‌ربه‌ستێكی داهێنه‌رانه‌یه، چه‌ند وشه‌یه‌كی كه‌م به‌كار بهێنه كه ئاماژه‌ن بۆ شتی تر، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ڕیكلامدا په‌یره‌و ده‌كرێت.
٨- هه‌ست واڵا بكه: واته په‌ردە له‌سه‌ر هەستی دیمەن پەخشان بكه، هه‌ستی دیمەنەکە بدۆزەرەوە بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست بە ڕووداوەکە بكه‌ین، نه‌ك شته‌كان چۆن ده‌بینرێ بە بێ ڕۆح. نوسه‌ری سكریپت ده‌بێت دەستنیشانی هه‌سته‌کان بکات، دیمەنەکە چ هەستێکت دەداتی، بۆ نموونه بنووسه (ده‌ره‌وه، شارێكی جه‌نگه‌ڵستانە. ئێواره، داروپه‌ردووی ڕوخاوی شارێكی نوێ، بینای داڕمان، سووتانی سه‌یاره، ڕیكلامی دوکانەکان شێواوه. ته‌لی پچڕاوی دارتێڵی كاره‌با، شۆرتی كاره‌با، وه‌ك قیامەت وایە.)
٩- واز له شیعریه‌ت بێنه له نووسیندا: به واتای واز له وێنه‌ی ئه‌ده‌بی و وه‌زن و قافیه و ئه‌جناس و وشه هاوده‌نگه‌كان و كه‌ره‌سته‌ی جوانكاری بهێنە، تۆ ناته‌وێت زمان جوان بكه‌یت به‌ڵكو ده‌ته‌وێت نووسین و سكریپته‌كه‌ت پیشان بده‌یت، ئه‌مانه ده‌بنه هۆی به‌لادابردنی خوێنه‌ری سكریپته‌كه‌ت، كاری تۆ بۆ ئه‌وه‌یه خوێنه‌ر ئاوێته‌ی سكریپت و دیمەنه‌كه‌ت بكه‌یت نه‌ك وه‌ستایه‌تی خۆت لە وشه‌سازیدا پیشان بده‌یت.
١٠- ڕێكاری چوار ڕسته‌یی: ڕەشنووسه‌كه نابێت درێژ تر بێت له چوار ڕسته، خۆ ئەگه‌ر كه‌متر بێت زۆر باشتره، گه‌ر ئاكشنت زۆر بوو ئه‌وا وا باشتره فێڵێك به‌كار بهێنیت، ئه‌ویش دانانی دیالۆگ له دوای چواره‌م ڕسته‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر سكریپته‌كه‌ت دیالۆگی كه‌م بوو ده‌توانێت (ده‌نگی پڕكه‌ره‌وه و گوزارشتی ده‌نگی به‌كار بهێنیت.)
١١- ستایلی په‌ڕه‌كانت: با په‌ڕه‌كانت ئاسان بخوێنرێته‌وه و سه‌رنج ڕاكێش بن، ده‌توانیت گه‌شه به ستایلی خۆت بده‌یت له نووسینی ڕه‌شنووسدا.
١٢- كاره‌كته‌ر: ڕه‌نگه قه‌ت نه‌توانیت بگه‌یت به وه‌سفی كاره‌كته‌ری خۆت، بۆیه ئه‌و پرسیاره له خۆت بكه، ئایا به سێ وشه ده‌توانم كاره‌كته‌ره‌كه‌م وه‌سف بكه‌م (كاروان. ناكه‌سبه‌چه. پاڵه‌وانی شه‌وان سەردەستە)
١٣- فەرمانی ڕاستەخۆی چالاك. هه‌میشه فەرمانی چالاك به‌كار بێهنه بۆ نموونه كاروان هه‌وڵ نادات له‌سه‌ر كورسییه‌كه دابنیشێت به‌ڵام له‌سه‌ر كورسییه‌كه داده‌نێشێت ئه‌مه هه‌ڵه‌یه چونكه (هه‌وڵدان) وشه‌یه‌كە وزه‌ی فەرمانه‌كه كه‌م ده‌كاته‌وه و وا له هێزی كاروان ده‌كات ڕۆ بچێت.
١٤- وشه‌ی نه‌زۆك تێپه‌ڕێنه. كاتێك ڕسته‌كه‌ت ته‌واو كرد ئیتر بووەسته وشه‌ی تر مه‌خه‌ره كۆتایی کە بتباته سه‌ر ڕسته‌یه‌كی نه‌وتراو و ڕسته‌ی داهاتوو. ڕسته‌كه كه ته‌واو بوو بووەسته.
١٥- واز له هه‌روه‌ها و به‌ڵام بهێنه. له نووسینی ڕه‌شنووسدا ئه‌م وشانه هه‌رگیز به‌كار مه‌هێنه چونكه درێژدادڕی دەکەن.
١٦- متمانه‌ت به خۆت هەبێت. یه‌كه‌میان نه‌بوونی متمانه‌یه به خۆت و دووه‌میان داوخستن و خۆسه‌رقاڵكردنە بۆیه زیاتر بخوێنه‌ره‌وه و ئەزموون بکە تا متمانه‌ت به خۆت هه‌بێت.
ته‌نها یه‌ك سكریپت مه‌نووسه و ئیتر ته‌واو. به‌رده‌وام به و په‌یوه‌ندییه‌كانت به‌هێز بكه. ده‌بێت بزانیت چی له‌و نووسینه‌ت ئه‌كه‌یت كه ته‌واوت كرد هاوبه‌شی پێ بكه، ڕه‌نگه بتوانیت له‌سه‌ر تۆڕه‌كان بڵاوی بكه‌یته‌وه. هەرگیز دەست مەنێ بە ڕووی کەسەوە، گەر داوات لێ کرا بنووسە بە مەرجێک لە بیروباوەڕی خۆت لا نەدەیت.
١٧- تامه‌زرۆمان بكه. بۆ ئه‌وه‌ی تامه‌زرۆمان بكه‌یت هه‌ر په‌ڕه‌یەکی سكریپته‌كه‌ت پێویسته وه‌ك درامایه‌كی سه‌ربه‌خۆ بنووسیت و خوێنه‌ر تووشی خرۆشان بكه‌یت، وزه‌ی زیاتری خوێندنه‌وه‌ت بداتێ.
١٨– وشه‌چنین و مۆنتاژكردن. گه‌ر هه‌ستت كرد زیاده‌ڕۆیت له نووسینه‌كه‌تدا كردووه ئه‌وه هه‌ڵده‌گرێ کە كورتی بكه‌یته‌وه. نەک تەنها زۆر وه‌ك كەم وایه، بەڵکو ڕەوتی نووسینەکەت دەشێوێنێت. زۆر هاوڕێمان هەبووە دڵی نەهاتووە دیمەنێک لە نووسینەکەی لا بدات لە بەر زۆر هۆکار، بۆیە لە دواییدا زیادەڕۆی دروستکردووە و ئاقاری سکریپتەکەی بە لاڕێدا بردووە.
دیالۆگ، وێنه‌یه‌ك بارته‌قای هه‌زاره‌ها وشه‌یه
ده‌بێت دانانی دیالۆگ دوا قۆناغی كاركردنت بێت، له دوای ته‌واوكردنی ڕشه‌نووسی سكریپته‌كه‌ت. ئه‌مه‌ش هۆكاری خۆی هه‌یه كه باسی لێوه ده‌كه‌م، كه چوارچێوه‌ی سكریپته‌كه‌ت ته‌واو كرد به وردی كار له‌سه‌ر دیالۆگ بكه.
وێنه‌یه‌ك بارته‌قای هه‌زاره‌ها وشه‌یه. بۆیه نابێت دیالۆگ دووباره باسكردنه‌وه‌ی ئاكشن بێت، كه ئاكشنت هه‌بوو، با دیالۆگ دووباره باسی ئاكشنه‌كه‌ت نه‌كاته‌وه، شتێكمان پێ مەڵێ كه بینیومانه.
سێ خاڵ گرنگه له دیالۆگدا، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه با كاره‌كته‌ره‌كه‌ت قسه بكات نه‌ك بینه‌ره‌كه‌ت، چیرۆكه‌كه‌ت نه‌هاژوێت، هه‌میشه با كاره‌كته‌ره‌كانت هه‌ڵگری نهێنییەكی خۆیان بن ڕه‌نگه دیالۆگ گوزارشت لەوه بكات.
كاتێك دیالۆگ ده‌نووسیت ڕه‌چاوی ئه‌م مه‌رجانه بكه:
١- دراسه‌ی كاره‌كته‌ر: هه‌ر كاره‌كته‌رێكت له مێشكی خۆتدا نه‌خشاندبێت ده‌بێت بواری ئه‌وه بده‌یت له مێشكی خۆتدا پرسیاریان لێ بكه‌یت و قسه‌یان بۆ بكه‌یت له ده‌ره‌وه‌ی سكریپته‌كه‌ت، گه‌ر نه‌توانیت وه‌ڵامیان بده‌یته‌وه ئه‌وا به باشی كاركته‌ره‌كانت نه‌ناسیوه له‌به‌ر ئه‌وه كاره‌كته‌ره‌كانت بناسه.
٢- سكێچی دیمەنه‌كه‌ت هه‌بێت. چونكه ده‌بێت بزانیت هاتنه‌ناوه‌وه و چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانت كه‌یه و بۆچی؟
٣- هه‌ڵپێچانه‌وه و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ت. ده‌بێت زۆر ڕوون بێت لات، كاتێك كه ڕووداوكانت هه‌ڵپێچینه‌وه‌ی تیا ده‌كه‌یت.
٤- لیستی كارەکتەرەکانت. ده‌بێت بزانیت چ كاره‌كته‌رێك هه‌یه له دیمەنه‌كه‌دا و هۆكاره‌كان چین و سیاقه‌كانت چین.
٥- جیاوازقسه‌كردن. نابێت كه‌س له كه‌س بچێت له قسه‌كردندا و زۆر وه‌ك كەم وایه. ڕۆڵی بچوك نییه له قسه‌كردندا هه‌مووی قورسایی خۆی هه‌یه.
٦- نابێت زۆر به ئاسانی ئه‌وه‌ی له مێشكی كاره‌كتهرە‌كانتدایه بیدركێنیت. چونكه نابێت به ڕاسته‌وخۆیی قسه بكات.
٧- ڤۆیس ئۆڤه‌ر. نابێت ڤۆیس ئۆڤه‌ر ئه‌وه بڵێت كه ده‌بینن یان دووباره‌كردنه‌وه‌ی تیا بێت.
٨- شه‌ڕانگێزی دەبێت به زمانی شیرین قسه بكات:
هه‌ندێک نووسه‌ری نۆێ کە دەست بە نووسینی سکریپت دەکەن، دیالۆگی پاڵه‌وانی باش وه‌ك هه‌نگوین ده‌نووسن و كه‌سە دژە شه‌ڕخوازەکەش وه‌ك ژه‌هر قسە دەکات، ئه‌مه نابێت زۆر په‌یڕه‌و بكرێت. بۆ نموونە ڕه‌نگه وا باشتر بێت كرده‌ی پاڵه‌وان زۆر مرۆڤانه بێت و دیالۆگ جۆرێك گاڵته‌جاری پێوه بێت، هه‌روه‌ها كاره‌كته‌ری دژ به‌باشی قسه بكات، به‌ڵام كرده‌كانی شه‌ڕاگێزانه بێت.
سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.