26/04/2024
DidiMn Logo
Top

ڕەگی سیناریۆ لە ناو ژیان و باڵای لە ناو خەیاڵدا

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کەریم غەفوور (کەریمۆک)

بێگومان سەرچاوەی هەر بیرۆکەیەک بۆ نووسینی سیناریۆ، خودی واقع خۆیەتی. واتە بنەما و بنچینەی هەر بیرۆکەیەک کە دەبێتە خاڵی دەستپێک بۆ نووسینی سیناریۆ، کرۆکی ژیان خۆیەتی. لە هەر کوێوە دەست پێ بکەین و لە هەر ژانرێکی ئەدەبی و کەناڵێکەوە سوود وەربگرین بۆ نووسینی سیناریۆ، سەرچاوەکەی هەر واقعە، واقعی کۆمەڵایەتی بە ئاست و ئاڕاستە جیاوازەکانەوە، مادەی هەر بیرۆکەیەک و دواجار هەر سیناریۆیەکن. بەڵام ئەوە دەربڕینێکی گشتگیرە، چونکە دواجار بۆ نووسینی سیناریۆ چەند سەرچاوەیەکی گرنگ لە بەر دەستدان، هەریەک لەو سەرچاوانە دەشێت بۆ نووسینی سیناریۆ بکرێنە بنەما.

لە ناو قۆناغەکانی سینەمای جیهانیشدا هەر هەموو سەرچاوەکان ئەزموون کراون و چەندین فیلمی پایەبڵند وەک نموونە لە بەر دەستدان. ژیانی سەرجەم کۆمەڵگەکانی جیهانیش، لەوپەڕی پێشکەوتووەوە تا دەگاتە ئەوپەڕی دواکەوتوویی و داخران، فیلمێکە پڕیەتی لە ملمڵانێی درامی و سەرجەم بنەما درامییەکان لە ناو ڕووداوەکانی ڕۆژانەدا ئامادەییان هەیە، ئەمەش پەیوەستە بە دوو خاڵی گرنگ کە ململانێ و گۆڕانکارییە.

image-5

ململانێ و گۆڕان دوو تایبەتمەندیی هەرە گرنگی ژیانن، هیچ کۆمەڵگەیەک نییە لە ناو تۆڕێک لە ململانێی سیاسی و سایکۆلۆژی نەناڵێنێت، هەر لە ململانێ چینایەتییەکانەوە تا دەگاتە کێشمەکێشمی سیاسی و کوشتوبڕ. دیارە شتێکی بەڵگەنەویستە ململانێ یەکێکە لە کۆڵەکە هەرە گرنگەکانی دراما، بێ ململانێ سیناریۆی هیچ فیلمێک ناگاتە ترۆپک و ئامانجی خۆی ناپێکێت، ئەمەش دیسان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژیان خۆی ململانێیەکی نەبڕاوەی بەردەوامە، بۆیە دەشێت ڕووداوەکانی دەوروبەر باشترین و ڕاستگۆترین بیرۆکە بن بۆ هەڵچنینی سیناریۆی فیلم، جا ئەم ڕووداوانە دەشێت لە ناو ژیانی خۆمان و خانەوادەکانمان یان دراوسێ و گەڕەک و کۆمەڵگە هەڵهێنجرابن، بێگومان لە ناو ڕووداوەکانیشدا جیاوازیی هەیە، ڕووداوی ناوازە و قووڵ و پڕ لە ئەفسوون و تەلیسم هەیە، کە ئەمەیان مرۆ دەخاتە بەردەم ڕامان و بیرکردنەوە، واتە شتێکی تازە بە بەرامبەر دەبەخشێت کە دووبارە و بیستراو و وەڕسکەر نییە، ڕووداوێک جێگەی سەرنجە و لە هیچ ڕووداوێکی تر ناچێت، واتە خاوەن تایبەتمەندییە، لە بەرامبەریشدا ڕووداوی سواو و بێڕەهەند هەیە کە چەندبارە و سەدبارەن، بینەر بە ڕوودانیان ڕاهاتووە و بووەتە شتێکی ئاسایی، لەو جۆرە ڕووداوانە بیرۆکەی باش دروست نابێت و ناتوانرێت بڕوا بە بینەر بهێنرێت ئەوەی دەیبینێت شتێکی تازەیە.

img_3523

هەوڵی سەرجەم سیناریست و دەرهێنەرانی دونیاش بۆ ئەوەیە شتێکی تازە پیشانی بینەر بدەن، بینەریش هەمیشە لە چاوەڕوانیی شتێکی تازەدایە بۆ ئاودێرکردنی ڕۆح و یەکلاکردنەوەی کێشە ناوەکییەکانی خۆی و وەڵامدانەوەی بەشێک لەو پرسیارانەی هەراسانی دەکەن.

ڕەنگە ڕووداوی گەلێک ناوازە و سەرنجڕاکێش هەبێت، کە ببێتە بنەمای دروستکردنی فیلمی باش، لە لای خۆشمان ڕۆژانە گوێبیستی دەیان چیرۆک و ڕووداوی سەرنجبەر دەبین، هەر لە چیرۆکی جیاجیای سووتانی ژنان تا دەگاتە دەیان ڕووداوی ناوازە و سەرسووڕهێنەر، کە دەشێت هەڵوەستە لە ئاستیاندا بکەین و ببنە کەرەستەی دروستکردنی سیناریۆ، نمونەی جیهانییش لە بەر دەستدایە کە دەیان فیلم لە ڕووداوی ڕۆژانەوە وەرگیراون.

چیرۆک و کورتەچیرۆک، نۆڤلێت و ڕۆمان، تێکستی ئەدەبی، شانۆنامە، گوتاری ئەدەبی، یادداشت و بیرەوەری و ئەدەب بە هەموو ژانرەکانیەوە کەناڵێکی گرنگ بوون بۆ دروستکردنی فیلم، چونکە ئەدەب مێژوویەکی پڕ لە ئەزموونی هەیە و پەنجەرەیەکی گرنگ بووە بەسەر کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا تا دەگاتە گرفتەکانی تاک و گەڕان بەدوای پرسیارە گەردوونییەکان و شەڕە بەردەوامەکانی ناخی مرۆڤ. لەم نێوەشدا چەندین قوتابخانەی ئەدەبی بۆ گوزارشت و دەربڕین هاتوونەتە ئاراوە، بۆیە سینەما هەر لە یەکەم هەنگاونانیدا سوودێکی گەورەی لەو سەرمایە دەوڵەمەندەی بیری مرۆڤ بینی و لەم نێوەشدا چەندین شاکاری گەورەی جیهانی کراونەتە فیلم، چ لە شانۆنامەکانی ولیەم شەکسپیر و ڕۆمانە بەرزەکانی دونیا، تا دەگاتە بیرەوەری و ژیاننامەی گەورە نووسەران. ئەم کارکردنە لەسەر ئەدەب بەردەوامیی هەیە و بە جۆرێک بەشێک لە نووسەران بە تەواوی کاتی خۆیان بۆ نووسینی سیناریۆ لەسەر تێکستە ئەدەبییەکان تەرخان کردووە، دیارە تا ئێستا و بۆ ئاییندەش کارکردن لەسەر دەقی ئەدەبی بەتایبەتی ڕۆمان، شێوازی جیاجیای بە خۆوە بینیوە، کەم جار ڕێک کەوتووە سینارست و دەرهێنەر دەقاودەق پابەند ببن بە گواستنەوەی ڕۆمانەکە، چونکە دروستکردنی وێنە بە وشە تەواو جیاوازە لەگەڵ ئەو وێنە ڕاستەقینەیەی بینەر لە سینەمادا بەری دەکەوێت.

wp_20161108_11_44_51_pro

ڕووداو و بەسەرهاتە مێژووییەکانیش وەک سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ نووسینی سیناریۆ دەتوانرێت سوودیان لێ ببینرێت، لەم نێوەشدا چەندین فیلمی گەورەی جیهانی لە بەر دەستدان، کە بابەتەکانیان داستانە مێژووییەکانە. بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت، دەستبردن بۆ ئەم بابەتە مێژووییانە دووبارە نووسینەوەی مێژوو نییە، بەڵکو ئەو بەسەرهاتە مێژووییانە بە شێوەیەک کاریان لەسەر دەکرێت کە قسەیەک بێت بۆ ئەمڕۆ، جا وەک پەند وەرگرتن بێت لە ڕابردوو یان ڕاڤەی واقعی ئێستای لە ئەستۆ بێت، هونەرمەند مێژوونووس نییە، بەڵکو مێژوو بە باکگراوند و بیرکردنەوەی سەردەمی ئێستاوە دەخاتە ڕوو، بە دیوێکی دی دروستکەری مێژووە لە فۆڕمێکی هونەری و زاخاو بە جیهانبینیی خۆی.

poster-ok

زۆر جاریش دەوڵەتان پارەیەکی زۆر خەرج دەکەن بۆ ئەوەی ئەو ڕووداوە مێژووییانە بکرێنە فیلم، ئەمەش هەر بە ئایدیا و دیدێکی ئامانجدارەوە، کە مەبەست شکۆدارکردنی سەروەریی ڕابردووە بەسەر سەروەرییەکانی بەرامبەردا، واتە لێرەشدا مێژوو بۆ مێژوو نییە، بەڵکو بۆ ئامانجێکی دیاریکراوە لە ئێستادا. بە هەمان پێوەر کارکردن لە ئەفسانەکان و زیندووکردنەوەیان لە ناو کاری سینەمادا بێ ئامانج نییە، دەرهێنەر دێت لە پشت ئەو خەیاڵ و فانتازیایەی لە ئەفسانەدا هەیە دیدی خۆی تێدا جێ دەکاتەوە، بە جۆرێک کە زەوق و سەرنجی بینەر ڕابکێشێت و لەو پەنایەوە قسەی خۆی بکات، ڕەنگە هەندێک جار ئەوەی لە ناو ئەفسانەدا هەیە زۆر نزیک بێت لە خەیاڵی سینەمایی و جۆرێک لە ئازادی یکارکردن بە هونەرمەند بدات تا داهێنانی خۆی تێدا بخاتە ڕوو، چونکە پایەکانی ئەفسانە لەسەر خەیاڵ هەڵچنراوە، بێگومان خەیاڵیش سنووری نییە و هونەرمەند خۆی چوارچێوەی بۆ دادەتاشێت و مانای پێ دەبەخشێت و دواتر لە واقعدا بەرجەستە دەبێتەوە.

بۆ بەدەستهێنانی بیرۆکەی باش مەرج نییە سیناریست ڕاستەوخۆ بەر بیرۆکەیەک بکەوێت، بەڵکو زۆر کەناڵی پەیوەندیدار بە واقعەوە هەیە، دەشێت وەک سەرچاوەیەک بۆ بەدەستهێنانی بیرۆکە پشتی پێ ببەسترێت، ئەویش ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانن، ڕۆژنامەکان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بە بوونی ئاست و هۆشیاریی جیاوازەوە دەشێت وەک سەرچاوەیەکی گرنگ تەماشا بکرێن بۆ ئاشنابوون بە کێشە و ململانێکانی ناو کۆمەڵگە، ئەگەرچی ئاستی ڕۆژنامەگەریی هەر ناوچەیەک لە خستنەڕووی ژیانی کۆمەڵگەکەی جیاوازیی هەیە، بەڵام ئێمە بە شێوەیەکی گشتی و بەشێوە ستانداردەکەی باسی دەکەین کە دەبێت ڕۆژنامە ئاوێنەی چالاکی و بزاوتە کۆمەڵاتییەکان بێت، بۆیە دەشێت لە ناو ڕۆژنامەکاندا هەواڵ و ڕیپۆرتاژی جۆراوجۆر هەبن، کە بیرۆکەی باشیان لێ دروست بکرێت.

wp_20161108_11_51_39_pro

بابەتی ناو ڕۆژنامەکان لە دوو لاوە سەرچاوەی گرنگن بۆ دروستکردنی بیرۆکەی باش، لە لایەک ڕۆژنامەنووس وەک فیلمساز هەوڵی بابەتی ناوازە و تازە دەدات تا ڕاپۆرت یان بەدواداچوونی لەبارەوە بکات بۆ سەرنجڕاکێشانی خوێنەرەکانی، بۆیە گرنگییەکی زۆر دەدات بە ئەکت و گرێی درامیی بەسەرهات و بابەتەکان، لە لایەکی تر بوونی ئۆرژیناڵی ئەو ڕووداوانەیە کە تا ڕادەیەکی باش لە ژیان و گوزەرانی خەڵک نزیکن، ئەمەش دووبارە وا دەکات بیرۆکەکە زۆر لە ڕاستییەوە نزیک بێت و تایبەتمەندیی هەبێت.

بێگومان لەگەڵ ئەوەی باس کرا، چەندین سەرچاوەی تر هەن، کە سیناریست دەتوانێت وەک سەرچاوەیەک بۆ نووسینی سیناریۆ سوودی لێ ببینێت، دەبێت ئەوەشمان لە بیر نەچێت سیناریست بێ سنوور ئازادە چۆن سوود لە سەرجەم دیاردە و دەرکەوتەکانی ژیان وەردەگرێت بۆ نووسینی سیناریۆیەکی سەرکەوتوو.

هاوبەشی بکە

Cinema, Karimok, Script,