دیدی من – ڕێژەن جەمال
کاتێک یەکەم دیالۆگی شانۆنامەی شەوان لە شاهانتوو دەخوێنیتەوە، نەک بە تەنها تێدەگەیت تۆ گەشت بە نێو شارێکی نائاسایدا دەکەیت، بەڵکو بۆت دەردەکەوێت تۆ بەرامبەر کۆمەڵێک کارەکتەری جیاواز وەستاویت. پۆلیسی یەکەم (بۆ پیاوەکە): من دڵنیات دەکەمەوە ئەگەر کیژەکەت لێرە بێت نایدۆزیتەوە، ئەگەر لێرەش نەبێت هەر نایدۆزیتەوە.
ئەگەر لە ڕۆمانی “کۆشک”ی کافکا دا، کارەکتەری “کا – ڕووپێوێکە و بۆ کارێکی پێویست چووەتە گوندێک” لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە پێشوازی لێنەکراو بێت، لە شاهانتوو کە نوێترین شانۆنامەی بەختیار عەلی-یە دۆخەکە جیاوازترە. شاهانتوو شارێکە پێشوازیی لە میوانەکانی دەکات، مردووە بۆ میوانێکی نوێ، ئەگەر بەرپرسانی “کۆشک” هێزی گوندەکەیان لە شاردنەوەی نهێنیەکانیدا بێت، لای بەختیار عەلی خەڵک و بەرپرسانی شاهانتوو پێکڕا هیچیان نییە بیشارنەوە، شارەکە هێزی خۆی لە ئاشکراکردنی نهێنیەکانی وەردەگرێت، شارێکە پرسیار لە هەر شتێکی بکەیت وەڵامەکەی ئامادەیە، بەڵام وەڵامێک هێندەی گومانەکانت زیاد دەکات، ئەوەندە ناتگەیەنێت یەقین، شاهانتوو شارێکە خەڵکەکەی گومانیان نیە کە ئەوان ڕۆڵدەگێڕن، بەڵام هێشتا نازانن کام لەو ڕۆڵانە ژیانی ڕاستەقینەیانە.
کارەکتەرەکانی شانۆنامەی “شەوان لە شاهانتوو” هێندە بەسەر خۆیاندا کراونەتەوە، دەتوانیت بە ئاسانیی یاریی لەگەڵ شێوازی ڕۆڵگێڕانەکانیاندا بکەیت، زاهیر لەمپاچی (ئەو پیاوەی مردن و زیندووبونەوەی بەدەستی خۆیەتی) لەو جارانەی دەمرێت و یاوەرەکانی بۆ گۆڕستان لەگەڵیدان و ناتوانن بە باشی نمایشی وتاری ماڵئاوایی لە زاهیر بکەن، جێگەی ئەوەی تیادا دەبێتەوە لە یەکێک لەنمایشەکاندا دەرهێنەرێک بڕیار بدات زاهیر خۆی لەنێو تابووتەکەیەوە هەستێت و سەرزەنشتی هاوڕێ و یاوەرەکانی بکات جارێکی تر خۆیان باشتر ئامادەبکەن، جێگەی ئەوەش دەبێتەوە زاهیر مان لە مردن بگرێت تا ئەو کاتەی خەڵکیی فێردەبن چۆن بە ڕێزەوە تەرمەکەی بەڕێدەکەن.
ڕاستە لە شاهانتوو، میر-ی شارەکە لەجیاتی ژیان نمایشی لە خەڵکیی دەوێت، بەڵام کەم تا زۆر داوای نەکردووە چۆن نمایش بکەن. تەنها داواکارییەکی میر لەوەدەچی ئەوەبێ؛ وادەرکەون ئێوە ناژین. هەمان ئەو سەربەستییەی بەختیار عەلی لەڕێگەی میر-ەوە دەیدات بە کارەکتەرەکان، دەرهێنەریش دەتوانێت بیدات بە ئەکتەرەکانی، پێموایە ئەمە بەهێزترین و سەرنجراکێشترین خاڵی نێو شانۆنامەکەیە، نوسەر بەر لە دەرهێنەر ئازادیی شێوازی ڕۆڵگێڕان بە ئەکتەرەکانی دەبەخشێت، من لە کەم شانۆنامەی کوردی-دا ئەم سەربەستی پێدانەی نوسەرم بینیوە، هەنێک لەو شانۆنامانەی پێموابووە نوسەر بەر لە دەرهێنەر سەربەستی ڕۆڵگێڕانی بە ئەکتەر بەخشیوە، دواتر بۆم دەرکەوتووە سەربەستیەکەی لە جێگەیەکی دیکەدا لێوەرگرتووەتەوە.
لەگەڵ خوێندنەوەی یەکەم شانۆنامەی بەختیار عەلی (بۆ دۆزەخ ئەی بێگوناهان) دا و ئێستاش لەپاش خوێندنەوەی نوێترین شانۆنامەی نوسەر، پێموانیە بەختیار عەلی نوێگەری لە دەقی کوردی دا کردبێت، بەڵکو ئەوەی کردوویەتی لە نوێگەری گەورەترە و من وەک (دابڕان- قەتیعە) دەیبینم لەگەڵ کۆی ئەو شانۆنامانەی لە سەردەمە جیاوازەکانی ئێمەدا نوسراون. ئێمە لەبەردەم سێ شانۆنامەدا نین راستەوخۆ باس لە ژیانی خەڵکانێک لە گەڕەکێکی سلێمانی، یان هەولێر بکەن، باس لە چیرۆکی کیژێکی هەڵەبجە و دهۆک ناکات، وەک هەندێک کەس هێزی شانۆنامەی کوردی لە ڕاستەوخۆیی چیرۆک و کارەکتەرەکانی لەگەڵ ژیانی خەڵکی خۆمان دا دەبینن، زیادەڕۆیی نییە بڵێم ئەگەر کەسێک لە سێتاقان و یەکێکی دیکە لە لادێیەکی دوورەدەستی پاریس کاتێک شەوان لە شاهانتوو دەخوێننەوە، بەبەرخۆیانەوە دەڵێن؛ ئەوە باسی ژیانی من دەکات! ژیان لەم شارەی ئێمەش وەها پووچە، وەها بێڕۆح و کۆنکرێتییە! منیش پاسەوانی شتێکم بوونی نییە، هەروەک بەڕێوەبەری کتێبخانە.
بۆ ئەو دەرهێنەرانەی عاشقی “زمان”ی برێشت-ن (خۆم یەکێکم لەوان) شەوانی شاهانتوو هەر وەک “گێستووس”ەکەی برێشت دژی “زمانی سیحراویی” و ڕیتۆریکە، زمان لە شەوانی شاهانتوو بینەر بێهۆش ناکات، بەڵکو دەیانخاتە دۆخێکی پڕ لە بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتنەوە. شەوان لە شاهانتوو تەواو پێچەوانەی شانۆی “ئەرستۆیی”یە کە تێیدا وەزیفەی زمان نوقمکردنی بینەرە لەنێو چیرۆکەکەدا. لای برێشت، زمان تەڵەیە، دەبێت وریای بیت.
شانۆنامەکە بە دێڕێکی لویجی پیراندیلۆ، شانۆنامەنووسی ناوداری ئیتاڵیی دەستپێدەکات: لە ژیاندا دوو ئەگەرمان لەبەردەمدایە، بژین یان نمایش بکەین.
بەبێ تێگەیشتن لە تێرمی “ماسک و شوناس” تێگەیشتنمان لە پیراندیلۆ کەموکورتی دەبێت، ئەو پێی وایە مرۆڤ یەک کەسایەتی جێگیری نییە، بەڵکو کۆمەڵێک ماسکی هەیە کە بەپێی بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان دەیگۆڕێت، لەسەر هەمان هێڵ کارەکتەرەکانی شەوان لە شاهانتوو یاریی خۆیان دەکەن، ئەوان بەبێ ئەو ماسکە پیراندیلۆییە بێ شوناسن، ئەگەر پێشتر ماسک بۆ شاردنەوەی شوناسی راستەقینە بەکارهاتبێت، لێرە لە شاهانتوو، خەڵکەکە بۆ نیشاندانی شوناسی خۆیان دەیخەنەسەر ڕووخساریان.
دەرهێنەر لە شەوانی شاهانتوو دا دەتوانێت هەروەک ئەوەی لای برووک هەیە، ئاسان پانتاییەکانی شانۆ بگۆڕێت، ئەو ئازادییەی نوسەری شانۆنامەکە بە دەرهێنەری دەبەخشێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پانتایی دا، پانتایی وەک “گۆڕانکاری بەردەوام” یەکێکە لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەم شانۆنامەیە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.