ديدى من – تيمى پەيامنێران
ئامادەكردن و وەرگێڕانى لە فارسييەوە: سەليم جەمال
كۆڕى نێودەوڵەتیی مەولاناناسى لە بەرواری ٢٩/٩/٢٠١٦ لە هۆڵى نێودەوڵەتیی زانكۆى شەهيد بەهەشتى بەڕێوە چوو.
لە سەرەتاى ئەو مەڕاسيمەدا پڕۆفيسۆر باهير سكرتێرى گشتىی كۆبوونەوەكە، دواى خوێندنەوەى شيعرێكى مەولانای ڕۆمی، چەند گوتەيەكى پێشكەش كرد و ڕای گەياند: ”چەندين ساڵە كە بە هەوڵى خودا ئەم مەڕاسيمە بەڕێوە دەچێت و ئامانجمان لە بەڕێوەچوونى ناساندنى مەولاناناسانە تێيدا.”
لە بەردەوامىی ئەو مەڕاسيمەدا دكتۆر تەوحيدى مەولاناناس، بە ڕەخنەگرتنى چەند شيعرێک لە مەسنەويیەكان، ئاماژەى خستە سەر خالێک و ڕای گەياند: ”مەولانا بە تەنيا هەر شاعير و خوداناس نەبووە، بەڵكو بە پشتبەستن بە شەش كتێبى مەسنەويیەكانى ئەو، دەشێت لەوە تێبگەين كە شيعر و کاریگەرییەکانی پڕاوپڕە لە سۆز و مەعريفە و مرۆڤناسى.”
دكتۆر سەعيد محەمەدزادە بەڕێوەبەرى ئەو مەڕاسيمە ڕای گەياند: ”بەڕێوەچوونى ئەم مەڕاسيمە هەموو ساڵ بەردەوام دەبێت و من پێشنياز دەكەم لەمەودوا سەرنجى بەرپرسان زياتر بخرێتە سەر لێكۆڵەران و توێژەرى لاو لەم بوارەدا.”
لە كۆتايى ئەو مەڕاسيمەدا چەندين خەڵاتى ڕێزلێنان بەخشرايە كەسايەتیيە هونەرمەندەكان لە بەشى جياجيادا كە بەم شێوەيە بوو: خەڵاتی مەولاناناسى بۆ دكتۆر حيشمەتولڵا ڕيازى، خەڵاتی لێكۆڵينەوە بۆ د.فەيزولڵا تەوحيدى، خەڵاتی شيعر و ئەدەب بۆ مستەفا بادكوبێيىى، خەڵاتی موزيک بۆ محەمەد ڕەزا شەجەريان و چەندانى ديكەيش.
بە پێى لێكۆڵينەوە و بۆچوونى لیژنەى داوەران، خەڵاتى ئەم جارەى كۆڕى نێودەوڵەتیی مەولاناناسى بەخشرايە گۆرانيبێژ و موزيسيانى ناودارى كوردى-ئێرانى موحسين چاوەشى، بە هۆى هەڵبژاردنى شيعر و غەزەلەكانى مەولانای ڕۆمی بۆ ئەلبوومى گۆرانیی خۆى، كە لە ئەلبوومە نوێيەكەى دا، ميرى بێ زيان، ٦ شيعرى مەولاناى كرد بە گۆرانى، هەروەها ناوبراو ناوى ئەلبوومەكەى خۆى لە يەكێک لە شيعرەكانى مەولانا وەرگرتووە.
موحسين چاوەشى لە هەژمارى تايبەتیی خۆى لە تۆڕى كۆمەڵايەتیی ئينستاگرام، دەربارەى ئەو مەڕاسيمەدا نووسیویەتی: ” ئاگەدار كرامەوە كە لوتفى هاوڕێيانى ئەهلى دڵ و سۆز بە سەرمدا ڕژاوە، بەهۆى تێڕوانين و كاركردنى چەندين ساڵەم لەسەر شيعرەكانى مەولانا، واتە خوداوەندى مەعريفەت، ئەم هەواڵە بە شێوەيەک منى شادومان كرد و دڵمى هێنايە سەما كە گوايە گەورەترين دياريم لە دەستى عاشقانى ڕاستەقينە وەرگرتووە، بەڵام ئامادە نەبوونم لەو مەڕاسيمەدا بە هۆى شەكەتيمەوە بوو، من لێرەوە داواى لێبوردن لە هەموو ئەوانە دەكەم كە كار بۆ ئەم كۆڕ و مەڕاسيمە دەكەن و سوپاسگوزاريانم.”
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.