له ئینگلیزییه‌وه: ماردین ئیبراهیم
سایمون سێباگ مۆنتیفیۆر، که مێژوونووس و ڕۆماننووسێکی به‌ریتانی و پێشکه‌شکاری ته‌له‌فیزیۆنییه و پێشتر کۆمه‌ڵێک کتێبی مێژوویی و ڕۆمانی بڵاو کردۆته‌وه له‌وانه ”کاسرینی مه‌زن، ستالین، دادگای تزاری سوور، ستالینی گه‌نج، مێژووی تیتانه‌کان، هه‌روه‌ها ڕۆمانه‌کانی ”شاشینکا، شه‌وێکی زستان، ئاسمانی سووری نیوه‌ڕۆ.” ئه‌مجاره‌یان کتێبێکی سه‌رنجڕاکێشی بڵاو کردووەته‌وه که کۆکراوه‌ی کۆمه‌ڵێک نامه‌ی مێژوویی نێوان که‌سایه‌تییه‌کانی جیهانه، هه‌ر له که‌سایه‌تییه سیاسیی و پاشا و سه‌رۆک و ده‌سه‌لاتدارانه‌وه، تاکو که‌سانی ئایینی و هونه‌رمه‌ند و نووسه‌رانی دیاری دنیا. بابه‌تی نامه‌کان جۆراوجۆرن و له کاتی جیاواز و ناوکۆیی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازدا نووسراون، هه‌روه‌ها بۆ مه‌به‌ستی جۆربه‌جۆر نووسراون و نێردراون، هه‌ر له بابه‌ته‌کانی جه‌نگ و ده‌سه‌ڵات و ئازادیی و خوێن و ئازایه‌تیی و کاره‌ساته‌وه تاکو بابه‌تی خۆشه‌ویستی و خێزانی و داهێنان و ماڵئاوایی و هاوڕێیه‌تی. کتێبه‌که ساڵی ٢٠١٩ له به‌ریتانیا چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه. ئه‌م نامانه پێشتر له پاشکۆی کلتووری هه‌فته‌نامه‌ی زه‌مه‌ن بڵاو کراونه‌ته‌وه.
نامه‌ی پایانخ بۆ نوجمێت، ساڵی ١٠٧٠ی پێش له‌دایکبوونی مه‌سیح
کووشتن به نامه، له لایه‌ن دیکتاتۆری سه‌ربازیی تیبه، پایانخ، که له‌گه‌ڵ نوجمێتی ژنی حوکمیان ده‌کرد له حاڵه‌ته هه‌ره کۆنه‌کانی کووشتنه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه؛ کاتێک پایانخ له مه‌یدانی جه‌نگدا بوو دژی نوبیه‌ی هه‌ڵگه‌ڕاوه، ژنه‌که‌ی؛ نوجمێت حوکمی ده‌کرد. کاتێک نوجمێت هه‌ستی کرد خیانه‌تێک له ئارادایه، داوای ئامۆژگاری له پایانخی مێردی کرد. وه‌ڵامی مێرده‌که‌ی ڕوون‌وڕه‌وان و ترسناک بوو:
له‌ناویان به‌ره!
ئه‌و دوو پاسه‌وانه بانگ بکه‌نه ماڵه‌که‌م، دوا قسه‌ی کورتی خۆیان لێ وه‌ربگره و ده‌ستبه‌جێ بیانکوژن و فڕێیان بده‌نه ناو ئاوه‌وه له شه‌ودا.
تێبینی: پایانخ کاهینی گه‌وره‌ی په‌رستگای ئاموون بووه و له ساڵی ١٠٧٠ی پێش زایینی‌دا مردووه (وه‌رگێڕی کوردیی)
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.