دیدی من – عه‌لی عوسمان یاقووب
ئه‌و حاڵه‌ته ته‌مومژاوییانه‌ی، که له شانۆنامه‌ی یۆلیۆس قه‌یسه‌ردا هه‌ستی پێ ده‌کرێت و له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ دا، به ڕای میڵدرێد. ئی. هارتسۆک١٤ یه‌کلا نابنه‌وه. مه‌به‌ستی شه‌کسپیریش له به‌کارهێنانی سه‌رچاوه مێژووییەکان هه‌ر بۆ ئه‌مه‌یه. دیاره ئه‌مه نوشوستییه‌کی درامی نییه بۆ شانۆنامه‌که، چونکه مێژووی نه‌مایشکردنی ئه‌م شانۆنامه‌یه له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ به‌هێزترین به‌ڵگه‌یه، که به‌رپه‌رچی ئه‌م جۆره بۆچوونه ده‌داته‌وه.
به‌هه‌رحاڵ، هه‌ر ده‌رهێنه‌رێک یان ڕەخنە‌گرێک، که هه‌وڵ بدات له ڕێگای یه‌کلاکردنه‌وه‌ی حاڵه‌ته ته‌مومژاوییه‌کان یه‌کبابه‌تی شانۆنامه‌که بپارێزێت، ئه‌وا لایه‌نێک هه‌ڵده‌بژێرێت و چاو له به‌شێک له به‌ڵگه‌کان ده‌پۆشێت. مرۆڤ ناتوانێت مه‌سه‌له‌که یه‌کلا بکاته‌وه له ڕێگای ووردبوونه‌وه له هه‌ر یه‌کێک له کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌کان: قه‌یسه‌ر، برۆته‌س، کاشیه‌س یان ئه‌نتۆنی، چونکه واتا‌و لێکدانه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده‌کانی هه‌ر یه‌کێکیان پێوه‌ندی به مه‌به‌ست و ڕه‌هه‌نده‌کانی هه‌موو ئه‌وانی تره‌وه هه‌یه. بۆیه مه‌به‌ستی گشتی شانۆنامه‌که، به پێی بۆچوونی هارتسۆک، له ڕێگای وردبوونه‌وه له سه‌رچاوه مێژووییه‌که‌ی پلوتارک و ئه‌و گۆڕانکاریانه‌وه ڕوون ده‌بێته‌وه، که شه‌کسپیر ده‌یکات.
خوێنه‌ر له یه‌که‌م خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م شانۆنامه‌یه‌دا هه‌ست به‌وه ده‌کات، که قه‌یسه‌ر له نیوه‌ی یه‌که‌می شانۆنامه‌که بچوک ده‌کرێته‌وه و له نیوه‌ی دووه‌مدا نرخ و به‌هاکه‌ی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه. سیدنی لی له کتێبی ژیانی ویلیه‌م شه‌کسپیردا ده‌ڵێت: ”بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی درامیانه‌ی ڕووداوه‌کان له لووتکه‌وه به کتوپڕیی به ئاقارێکی بێبایه‌خدا دانه‌به‌زێت، شه‌کسپیر کوشتنی قه‌یسه‌ر بۆ ناوه‌ڕاستی شانۆنامه‌که دوا ده‌خات له ڕێگای بچووککردنه‌وه‌ی قه‌یسه‌ر ئه‌و کاته‌ی له ژیاندایه و پاشانیش گه‌وره‌کردنی کاریگه‌رێتی ڕۆحیی ناوه‌که‌ی له دوای مردنی”١٥. خاڵی گرنگ لێره‌دا، چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌کردنی شه‌کسپیره له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه مێژووییه‌که‌ی پلوتارک به تایبه‌تی سه‌باره‌ت به کاره‌کته‌ره‌کانه‌وه.
برۆته‌س، به گوێره‌ی سه‌رچاوه مێژووییه‌که، پاساوی گرنگی به‌ده‌سته‌وه‌یه بۆ ئه‌و ترس و نیگه‌رانییه‌ی، که هه‌یه‌تی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی، که قه‌یسه‌ر ببێته دیکتاتۆر. به‌ڵام به‌رچاوترین هۆکاری ڕقلێبوونه‌وه له قه‌یسه‌ر ئه‌و ئاره‌زووه چاوبرسیانه‌یه‌یه، که قه‌یسه‌ر هه‌یه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به پاشا. قه‌یسه‌ره‌که‌ی پلوتارک دیکتاتۆرێکی به‌هێز و ده‌سه‌لاته. خه‌ڵکه‌که هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی کاپیتۆڵیش له‌م باره‌یه‌وه هاوڕان. به‌ڵام قه‌یسه‌ری شه‌کسپیر جیایه. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه قسه‌که‌ی برۆته‌سه، که ده‌ڵێت ”من هه‌رگیز نه‌مزانیوه قه‌یسه‌ر چووبێته ژێر باری هه‌ست و سۆز زیاتر له ئه‌قڵ و بیرکردنه‌وه‌ی به‌جێ.” ئه‌م قسه‌یه‌ی برۆته‌س به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یشه، که قه‌یسه‌ر له نیوه‌ی یه‌که‌می شانۆنامه‌که بچووک ناکرێته‌وه. خۆ هه‌ڵوێسته‌که‌ی ئارتیمیدۆرس له کاتی نامه‌پێدانه‌که‌یدا به‌ڵگه‌یه‌کی تره بۆ بچووکنه‌کردنه‌وه‌ی قه‌یسه‌ر. به پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌که، ئارتیمیدۆرس هاوڕێیه‌تییه‌کی گه‌رمی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی پیلانگێڕه‌کان هه‌بووه. هه‌ر له‌م ڕێگایه‌وه پیلانه‌که‌ی ئه‌وانی وردودرشت زانیوه. بۆیه، به‌ر له کوشتنی قه‌یسه‌ر هه‌وڵی ڕزگارکردنی ده‌دات:
ئارتیمیدۆرس
”دێته ژووره‌وه، کاغه‌زێکی به ده‌سته‌وه‌یه، به ده‌نگی به‌رز ده‌یخوێنێته‌وه
قه‌یسه‌ر، خۆت له برۆته‌س بپارێزه. خۆت له کاشیه‌س دوور بخه‌ره‌وه. له کاسکا نزیک نه‌که‌ویته‌وه. چاودێری سینا بکه. باوه‌ڕ به ترینیه‌س مه‌که. سه‌رنجی میتلۆس سیمبه‌ر بده. دیشیه‌س برۆته‌س که‌یفی پێت نایه‌ت. غه‌درت له کایۆس لیگاریه‌س کردووه. ئه‌مانه هه‌موو یه‌ک مه‌به‌ستیان هه‌یه. ئه‌ویش دژایه‌تیی قه‌یسه‌ره. ئه‌گه‌ر تۆ نه‌مر بیت، پێویسته ئاگاداری ده‌ور و پشتی خۆت بیت. ئاسودای ڕێگا بۆ پیلان خۆش ده‌کات. خوا ده‌ست به باڵته‌وه بگرێت”
دیمه‌نی سێیه‌م، به‌شی دووه‌م
کاتێك ئارتیمیدۆرس نامه‌که‌شی پێ ده‌دا، پێی ده‌ڵێت:
”جه‌نابی قه‌یسه‌ر، یه‌که‌م جار کاغه‌زه‌که‌ی من بخوێننه‌وه، چونکه زیاتر پەیوه‌ندیی به جه‌نابتانه‌وه هه‌یه. بیخوێننه‌وه، قه‌یسه‌ری مه‌زن.”
دیمه‌نی یه‌که‌م، به‌شی سێیه‌م
قه‌یسه‌ریش به قسه‌یه‌ک وه‌ڵامی ده‌داته‌وه، که گوزارشت له خۆنه‌ویستی ده‌کات:
”ئه‌وه‌ی تایبه‌ت بێت به ئێمه له دوای ئه‌وانی تر سه‌یر ده‌کرێت”
قه‌یسه‌ره‌که‌ی پلوتارک به هۆی قه‌ره‌باڵخی خه‌ڵکه‌که‌وه ناتوانێت نامه‌که بخوێنێته‌وه. ئه‌و گۆڕانکارییه‌ی، که شه‌کسپیر لێره‌دا ده‌یکات ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه، که گومانێک بوروژێنێت سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری داکێشانی قه‌یسه‌ر به‌ره‌و دیکتاتۆرییه‌ت. قه‌یسه‌ره‌که‌ی پلوتارک هۆکاری ڕوون و ئاشکرا پیشان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی کوشتنه‌که بکات به سزایه‌کی شایسته، به‌ڵام شه‌کسپیر به شێوه‌یه‌کی ته‌مومژاوی پیشانی ده‌دات. ئه‌گه‌ر شه‌کسپیر بیه‌وێت برۆته‌س وه‌کو پاڵه‌وانێکی کۆماریخواز پیشان بدات، بۆ ئه‌و پاڵنه‌رانه بۆ هه‌ڵسوکه‌وتی برۆته‌س فه‌رامۆش ده‌کات، که به‌م ئاڕاسته‌یه له سه‌رچاوه مێژووییه‌که‌دا هاتوون؟
له سه‌رێکی تره‌وه، له شانۆنامه‌که‌دا وا پیشان ده‌درێت، که کاشیه‌س، خۆی، نامه‌کان ڕێک ده‌خات یان هه‌ڵده‌به‌ستێت، که بۆ برۆته‌س ده‌چن. ئه‌مه به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه، که شه‌کسپیر له دیکتاتۆربوونی قه‌یسه‌ر که‌م ده‌کاته‌وه، له کاتێکدا وه‌کو ئاماژه‌مان پێ دا، له سه‌چاوه مێژووییه‌که‌دا وا هاتووه، که هه‌ڵوێستێکی یه‌کگرتووی دژ به قه‌یسه‌ر هه‌بوو. شه‌کسپیر گومان ده‌رباره‌ی قه‌یسه‌رێک ده‌وروژێنێت، که له لای خه‌ڵک که‌سێکی په‌سەنده. واته نه به دیکتاتۆری داده‌نێت و نه به نیشتیمانپه‌روه‌ریش. له لایه‌کی تر، شه‌کسپیر هه‌موو ئه‌و خاڵه لاوازانه به‌کار دێنێت، که له سه‌رچاوه مێژووییه‌که‌دا هاتوون ده‌رباره‌ی قه‌یسه‌ر وه‌کو مه‌سه‌له خورافییه‌کان، فێلێهاتن، لاوازیی و بێهێزیی له ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه… تاد. به‌کارهێنانی سه‌رچاوه‌که ئاکامێکی سه‌رسوڕهێنه‌ری لێ ده‌که‌وێته‌وه، قه‌یسه‌ر نه‌ک هه‌ر ئاڵۆزتر ده‌رده‌که‌وێت، به‌ڵکو به ته‌واوی ده‌بێته کاره‌کته‌رێکی ته‌مومژاوی.
هه‌ڵبه‌ت زۆر که‌س له‌گه‌ڵ سیدنی لی هاوڕان، که پێی وایه ئه‌و قه‌یسه‌ره‌ی شه‌کسپیر مه‌به‌ستییه‌تی پیشانی بدات، ئه‌وه‌یه، که ئه‌نتۆنی به ڕوونی پێناسه‌ی ده‌کات له به‌شی دووه‌می شانۆنامه‌که‌دا. به پێی ئه‌م بۆچوونه بێت، ته‌مومژاوییه‌که سه‌باره‌ت به قه‌یسه‌ر ده‌ڕه‌وێته‌وه، چونکه ئه‌نتۆنی تا کۆتایی شانۆنامه‌که وه‌کو کاره‌کته‌رێکی زاڵ ده‌مێنێته‌وه. به‌ڵام ئایا ئێمه تا چه‌ند له حه‌قیقه‌تی ئه‌نتۆنی ده‌زانین؟ ڕاستی، ئه‌نتۆنی خۆی کاره‌کته‌رێکی ته‌مومژاوییه. بۆیه ناتوانێت وێنه‌ی قه‌یسه‌ر له ته‌مومژاوییه‌که ڕزگار بکات، هه‌روه‌ک چۆن ناتوانێت ئه‌و بیروبۆچوونانه ده‌رباره‌ی برۆته‌س بسڕێته‌وه، که پێشتر ئاماژه‌مان پێ دا، کاتێك له کۆتایی شانۆنامه‌که‌دا پێناسه‌ی برۆته‌س ده‌کات.
یه‌که‌م پێناسه بۆ ئه‌نتۆنی له قه‌یسه‌ره‌وه دێت، که ده‌ڵێت ”هه‌ر خه‌ریکی باده و ڕابواردنه.” کاشیه‌س، له سه‌رێکی تره‌وه، به ”زۆرزان و پیلانگێڕ” ناوی ده‌بات و یاوه‌ره‌کانی خۆی له مه‌ترسییه‌کانی ئه‌و ئاگادار ده‌کاته‌وه و ته‌نانه‌ت پێشنیازیش ده‌کات هه‌ر له‌گه‌ڵ قه‌یسه‌ر بیکوژن. به‌ڵام ئێمه تا دوای کوشتنی قه‌یسه‌ر هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک له‌سه‌ر بۆچوونه‌که‌ی کاشیه‌س نابینین ده‌رباره‌ی ئه‌نتۆنی. ئه‌و کاته دەیبیسین، که ئه‌نتۆنی له ترسانا بۆ ماڵه‌که‌ی خۆی ڕا ده‌کات. پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه و لێره‌دا پیلانگێڕییه‌که‌ی ئه‌نتۆنی ده‌ست پێ ده‌کات. له ڕواڵه‌تدا، پشتگیریی خۆی بۆ کاشیه‌س و برۆته‌س ده‌رده‌بڕێت. به‌ڵام کاتێ سه‌یری جه‌سته‌ی کونکونکراوی قه‌یسه‌ر ده‌کات، به ته‌واوی مه‌ترسییه‌کانی بیر ده‌چێته‌وه و به ڕاستی خۆی ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه:
”ئه‌ی قه‌یسه‌ری مه‌زن! ڕاسته من تۆم خۆش ده‌ویست، گومان له‌وه‌دا نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕۆحت له‌م ساته‌وه‌خته‌دا سه‌یری ئێمه بکات، ئایا له مردنه‌که‌ت زیاتر به‌وه ئازار ناچێژێت، که ببینێت ئه‌نتۆنی یاوه‌رت، له به‌رده‌م لاشه‌ی بێ‌گیانی تۆ ــ ئه‌ی به‌رزترین مرۆڤ ــ ده‌ست ده‌خاته ناو ده‌ستی خوێناوی دوژمنانی تۆ و له‌گه‌ڵیاندا ئاشت ده‌بێته‌وه؟
دیمه‌نی یه‌که‌م، به‌شی سێیه‌م
تێبینی یا ڕەخنە‌که‌ی کاشیه‌س، که یه‌کسه‌ر دوای ئه‌مه دێت، ده‌ری ده‌خات، که خۆی و برۆته‌س گوێیان له قسه‌کانی ئه‌نتۆنی بووه، که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ کرد. بۆیه شیوه‌نکردنه بێبیرکردنه‌وه‌که‌ی ئه‌نتۆنی ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی لێ به‌دی ده‌کرێت، که ئه‌نتۆنی بکه‌وێته مه‌ترسیییه‌وه. کاتێک ئه‌نتۆنی به ته‌نیایه و له‌گه‌ڵ ته‌رمه‌که‌ی قه‌یسه‌ر ده‌دوێت ”بمبه‌خشه ئه‌ی مشته‌خۆڵه خوێناوییه‌که. بمبه‌خشه.” هاوسۆزی ئێمه‌ش بۆ خۆی و بۆ قه‌یسه‌ر به ده‌ست دێنێت. له پڕێکدا پیلانگێڕیی و زۆرزانییه‌که‌ی ده‌رده‌که‌وێت، کاتێک به خزمه‌تکاره‌که‌ی ئۆکتاڤیه‌س ده‌ڵێت:
”نابێت بگه‌ڕێیته‌وه تا ته‌رمی قه‌یسه‌ر ده‌به‌مه گۆڕه‌پانی بازاڕ و له‌وێ وتارێک پێشکه‌ش ده‌که‌م. هه‌وڵ ده‌ده‌م بزانم خه‌ڵکه‌که چۆن پێشوازی له‌و کاره دڕندانه‌یه‌ی ئه‌و خوێنڕێژانه ده‌که‌ن. به گوێره‌ی ئه‌وه‌وه شته‌کان به ئۆکتاڤیه‌سی لاو ڕابگه‌یه‌نه.”
دیمه‌نی یه‌که‌م، به‌شی سێیه‌م
ئه‌م قسه‌یه‌ی ئه‌نتۆنی لاساییکردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه مێژووییه‌که‌یه. پلوتاک به‌رده‌وام ئه‌نتۆنی به خراپی پیشان ده‌دات. له ڕاستیدا ئه‌نتۆنی، وه‌کو پلوتارک باسی لێوه ده‌کات، ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ کاشیه‌س و برۆته‌س په‌یمانی ئاشتی ببه‌ستێت، به‌ڵام، دوای ئه‌وه‌ی بۆی ڕوون ده‌بێته‌وه، که هه‌ڵوێستی خه‌ڵکه‌که دژی برۆته‌س و کاشیه‌سه، په‌شیمان ده‌بێته‌وه و هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات، که به‌سه‌ر برۆته‌س و یاوه‌ره‌کانیدا زاڵ بێت. هه‌ر بۆیه‌ش له ناشتنی ته‌رمی قه‌یسه‌ر وتارێک پێشکه‌ش ده‌کات.
شه‌کسپیر هه‌وڵ ده‌دات، ئه‌نتۆنییه‌که‌ی پلوتارک باشتریش پیشان بدات، هه‌روه‌ها خراپتریش. کاتێک، وه‌کو هاوڕێیه‌کی خه‌مبار، قه‌یسه‌ر ده‌لاوێنێته‌وه، خه‌مه‌که‌ی به شێوه‌یه‌کی هێنده ڕاسته‌قینه ده‌رده‌بڕێت، که کار له ئێمه‌ی بینه‌ر یا خوێنه‌ریش ده‌کات. قسه‌کانی دواین لێکدانه‌وه‌ن و ڕاستترین قسه‌ن له شانۆنامه‌که‌دا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له هه‌ندێک کاتدا له پیلانگێڕێک زیاتره. خراپترین نموونه‌ی قه‌یسه‌ریزمه. کاتێ باسی لێپیدۆس ده‌کات، ده‌ڵێت:
”که ئه‌و پیاوه گه‌وره ده‌که‌م و ڕێزی ده‌گرم، بۆ ئه‌وه‌یه باری خۆمان له‌و گله‌یی و گازانده‌یه سووک بکه‌ین، که به هۆی کاره‌که‌مانه‌وه لێمان ده‌کرێت. وه‌کو که‌رێک زێڕی لێ بار بکرێت، باری خۆمانی لێ بار ده‌که‌ین تا له ژێر ئه‌و باره‌دا هه‌ڵکه‌هه‌ڵکی لێوه دێت. ئه‌و کاته به ئاره‌زووی خۆمان ئاڕاسته‌ی ده‌که‌ین. هه‌ر کاتێک گه‌نجینه‌که‌ی بۆ گه‌یاندینه شوێنی مه‌به‌ست، باره‌که‌ی پێ ده‌خه‌ین و تڕۆی ده‌که‌ین. ئه‌ویش وه‌ک گوێدرێژێک، که باره‌که‌ی داگیرا بێت، گوێیه‌کانی بۆ ده‌له‌قێنێت و له پاوانه‌کانه‌وه به‌رده‌بێته گژوگیا خواردن.
دیمه‌نی یه‌که‌م، به‌شی چواره‌م
کاتێک ئۆکتاڤیه‌س ناڕه‌زایی خۆی به‌رامبه‌ر به قسه‌که‌ی ئه‌نتۆنی ده‌رده‌بڕێت و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه، که لێپیدۆس جه‌نگاوه‌رێکی قاره‌مانه، ئه‌نتۆنی له وه‌ڵامدا پێی ده‌ڵێت:
”ئۆکتاڤیه‌س، ئه‌سپه‌که‌یشم هه‌ر وایه. هه‌ربۆیه ته‌ویله‌که‌یم پڕ کردووه له ئالیک. خۆم فێرم کردووه لووشکه بوه‌شێنێت، ته‌کان بدات، بوه‌ستێت، بڕوات، بگه‌ڕێته‌وه بۆ دواوه. جڵه‌وی هه‌موو جووڵانه‌وه‌یه‌کی له ده‌ست خۆمه. لێپیدۆسیش تا ڕاده‌یه‌ک ئاوایه. پێویسته ڕام بکرێت. فێر بکرێت به فه‌رمان بڕوات و به فه‌رمان بوه‌ستێت. پیاوێکی ساویلکه و بۆشه. هه‌ر بایه‌خ به لاساییکردنه‌وه ده‌دات. به شێوازێک ده‌ژی، ده‌مێکه خه‌ڵک لێی بێزار بووه. باسی لێپیدۆس مه‌که زیاتر له‌وه‌ی، که ئامێرێکه به ده‌ست خۆمانه‌وه.”
دیمه‌نی یه‌که‌م، به‌شی سێیه‌م
هه‌ر له‌م دیمه‌نه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، که ئه‌نتۆنی، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به ئازاری ویژدان بکات، ئاماده‌یه ئه‌و خه‌ڵکانه‌ش بکوژێت، که له خۆیه‌وه نزیکن، ڕێک وه‌کو چۆن له سه‌رچاوه مێژووییه‌که‌ی پلوتارکدا هاتووه. به‌ڵام شه‌کسپیر دووباره دۆخه‌که لێڵ ده‌کاته‌وه کاتێك ئه‌نتۆنی، وه‌کو مرۆڤێکی ڕه‌وشتبه‌رز، پیشان ده‌دات له به‌رانبه‌ر دوژمنه که‌وتووه‌که‌یدا. که‌واته، کامه‌یه ئه‌نتۆنی ڕاسته‌قینه؟
ئه‌گه‌ر قه‌یسه‌ر و ئه‌نتۆنی پێناسه‌یه‌کی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان له شانۆنامه‌که‌دا نه‌بێت، ئه‌ی برۆته‌س؟ شه‌کسپیر دیسان وێنه‌یه‌کی ڕوون و ئاشکرای برۆته‌سه‌که‌ی پلوتارکی، وه‌کو نیشتیمانپه‌روه‌رێکی ڕاسته‌قینه، وه‌رگرتووه، به‌ڵام به ئه‌نقه‌ست شێواندوویه‌تی. به گشتی، شه‌کسپیر هه‌مان ڕوونکردنه‌وه‌کانی پلوتاک له‌به‌رچاو ده‌گرێت. برۆته‌سه‌که‌ی پلوتارک مرۆڤێکی پایه‌به‌رز و شکۆمه‌نده، له بڕیارداندا هه‌ڵه ده‌کات، ته‌نانه‌ت له کۆتایشدا ده‌ڵێت ”من بۆ چاره‌نووسی خۆم ناکڕوزێمه‌وه، به‌ڵکو له خێروخۆشی وڵاته‌که‌م نیگه‌رانم.” به‌ڵام شه‌کسپیر وای لێ ده‌کات لێهاتووییه‌که‌ی ببێته جێگه‌ی گومان. سه‌ره‌تای ئه‌م گۆڕانکارییانه به‌و خۆدواندنه‌ی برۆته‌س ده‌ست پێ ده‌کات، که له به‌شی دووه‌می شانۆنامه‌کهدایه و له سه‌رچاوه مێژووییه‌که‌دا نییه. له‌م خۆدواندنه‌دا، برۆته‌س هۆکاره‌کان بۆ کوشتنی قه‌یسه‌ر به شێوه‌یه‌کی ڕوون ناخاته ڕوو، که‌چی لای پلوتارک هۆکاری سه‌لمێنه‌رن. هه‌روه‌ها برۆته‌س لای پلوتارک ڕاسته‌وخۆ پەیوه‌ندیی به ڕۆمانییه‌کانه‌وه ده‌کات، چونکه ئه‌وان ئه‌م به سه‌رکرده‌ی خۆیان ده‌زانن. شه‌کسپیر ئه‌م پەیوه‌ندیکردنه‌ی لابردووه. بێجگه له‌مانه‌ش، شه‌کسپیر چه‌ندان جار جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ڵه‌کانی برۆته‌س ده‌کاته‌وه له بڕیاردان. ئه‌و هه‌ڵه سه‌ربازییه‌ی، به‌ر له دیمه‌نی فیلیپی ده‌کرێت هه‌ر هی برۆته‌سه. پلوتارک ئه‌وه‌نده بایه‌خی پێ نادات، که‌چی شه‌کسپیر، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌کته‌ری برۆته‌س ڕوونتر بخاته ڕوو، زه‌قی ده‌کاته‌وه.
له سه‌رێکی تره‌وه، شه‌ڕه‌قسه‌که‌ی نێوان برۆته‌س و کاشیه‌س له داهێنانی شه‌کسپیر خۆیه‌تی. شه‌ڕه‌قسه‌که، له لایه‌که‌وه شانازییه‌کی ئه‌خلاقییه بۆ برۆته‌س، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌رده‌خات، که برۆته‌س ئاماده‌یه پاره له کاشیه‌س وه‌ربگرێت له کاتێکدا به توندی سه‌رزه‌نشتی ئه‌و ده‌کات، چونکه چاو له به‌رتیلوه‌رگرتنی لۆشیه‌س پێلا ده‌پۆشێت و خۆیشی پله‌وپایه‌ی به که‌سانی ناشایسه ده‌فرۆشێت. پلوتارک به شێوه‌یه‌کی سه‌رپێیی باسی ئه‌م پاره‌وه‌رگرتنه ده‌کات، به‌ڵام هیچ پەیوه‌ندییه‌کی به کاره‌کته‌ری برۆته‌سه‌وه نییه. مامه‌ڵه‌کردنه نه‌رمه‌که‌ی برۆته‌سیش له‌گه‌ڵ پۆرشیا و به تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ لۆشیه‌سی خزمه‌تکاری، که له داهێنانی شه‌کسپیره، نیشانه‌ی ڕه‌وشتبه‌رزی برۆته‌سه.
سه‌ره‌ڕای دیوه باشه‌کانی برۆته‌س، هه‌ندێک جار له مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ یاوه‌ره‌کانی له قه‌یسه‌ریزم نزیک ده‌بێته‌وه. هه‌ڵبه‌ت هیچ که‌سێک ئه‌و له‌خۆبایبوونه‌ی برۆته‌س به په‌سەند نازانێت کاتێک به کاشیه‌س ده‌ڵێت:
”کاشیه‌س، من باکم به‌و هه‌ڕه‌شه‌وگوڕه‌شه‌یه‌ی تۆ نییه، چونکه به ڕاستگۆیی و دەروونپاکی خۆمه‌وه، به‌هێزم. بۆیه ئه‌و گه‌فوگوڕه‌ت وه‌کو با به بنگوێمدا دێت و ده‌ڕوات.”
دیمه‌نی سێیه‌م، به‌شی چواره‌م
خاڵێکی گرنگ، که پەیوه‌ندیی به کاره‌کته‌ری برۆته‌سه‌وه هه‌یه، ده‌رکه‌وتنی تارمایی قه‌یسه‌ره. تارماییه‌که لای پلوتارک تارمایی قه‌یسه‌ر نییه. ده‌شێ دیاریکردنی تارماییه‌که وه‌ک تارمایی قه‌یسه‌ر له لایه‌ن شه‌کسپیره‌وه هه‌ر بۆ ئه‌وه بێت ویژدانی برۆته‌س بجوڵێنێت یان باشتر بڵێین ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌کانی ناو دەروونی بێت سه‌باره‌ت به‌و کاره‌ی له‌گه‌ڵ قه‌یسه‌ر ده‌یکات. به واتایه‌کی تر، ئاماژه بێت بۆ دانپێدانان به هه‌ڵه‌کانی خۆی. بۆیه له کاتی خۆکوشتنه‌که ده‌ڵێت:
”ئێستا ئه‌ی قه‌یسه‌ر، با ڕۆحت بحه‌سێته‌وه. من نیو هێنده‌ش ئاره‌زووی کوشتنی تۆم نه‌کرد.”
دیمه‌نی پێنجه‌م، به‌شی پێنجه‌م
برۆته‌س، بۆیه زیاتر ئاره‌زووی کوشتنی خۆی ده‌کات، چونکه هۆکاری به‌ده‌سته‌وه‌یه. ئه‌ویش بریتییه له هه‌ڵه‌کردن به‌رامبه‌ر به قه‌یسه‌ر له کاتێکدا، که قه‌یسه‌ری کوشت هۆکاره‌کان له دەروونه‌وه هێنده قایلکه‌ر نه‌بوون. بۆیه، ده‌کرێت بڵێین برۆته‌س له به‌رانبه‌ر ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ی، که بڕوای پێی بوو، دلسۆز بوو.
له لێکدانه‌وه‌ی کاره‌کته‌ری کاشیه‌س تووشی هه‌مان ئه‌و کێشانه ده‌بینه‌وه، که له کاره‌کته‌ره‌کانی تر تووشیان هاتووین. به پێی پلوتارک، هه‌ندێک که‌س پێیان وا بوو، که کاشیه‌س ڕقێکی که‌سێنی له قه‌یسه‌ر ده‌بووه‌وه زیاتر له‌وه‌ی ڕقی له دیکتاتۆریه‌ت بێته‌وه. به‌ڵام مه‌سه‌له‌که وا نه‌بوو، چونکه کاشیه‌س، وه‌کو پلوتارک باسی لێوه ده‌کات، به درێژایی ژیانی نه‌یتوانیوه له‌گه‌ڵ دیکتاتۆرییه‌ت هه‌ڵ بکات. له شانۆنامه‌که‌دا، هه‌ردوو بۆچوونەکە هه‌یه. ئه‌نتۆنی پێی وایه پاڵنه‌ری کاشیه‌س له کوشتنی قه‌یسه‌ر ڕق و کینه‌یه. قه‌یسه‌ریش، خۆی، کاشیه‌س به مرۆڤێکی بێکه‌ڵک و چاوچنۆک ناو ده‌بات، که زۆر بیر ده‌کاته‌وه، بۆیه جێگای مه‌ترسییه. له کاتێکدا ئه‌م وه‌سفه لای پلوتارک بۆ برۆته‌س و کاشیه‌س به‌کار دێت. له سه‌رێکی تره‌وه، هه‌ندێک ئاخاوتن هه‌یه له شانۆنامه‌که‌دا زۆر به ڕوونی گوزارشت له دیوه خراپه‌کانی کاشیه‌س ده‌که‌ن. بۆ نموونه، که له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌ڵێت:
”ئای برۆته‌س، تۆ پیاوێکی پایه‌به‌رز و شکۆمه‌ندیت، لەگه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، وه‌کو ده‌بینم، دوور نییه ئه‌م پایه‌به‌رزیی و شکۆمه‌ندییه‌ت له ئاقاری سرووشتی خۆی لا بدات.”
دیمه‌نی دووه‌م، به‌شی یه‌که‌م
قسه‌که‌ی گوزارشت له پیلانگێڕیی و فێڵبازیی ده‌کات. هه‌روه‌ها له ڕووداوه‌که‌ی لۆشیه‌س پێلا و به‌رتیلوه‌رگرتندا کاشیه‌س سازش له‌سه‌ر به‌ها ئه‌خلاقییه‌کان ده‌کات. به‌ڵام برۆته‌س به ڕۆمانییه‌کی ڕه‌وشتبه‌رزی داده‌نێت و زۆربه‌ی ئاخاوتنه‌کانیشی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م بۆچوونه ده‌که‌نه‌وه. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش، ناتوانین پێناسه‌یه‌کی ته‌واو بۆ کاشیه‌س بخه‌ینه ڕوو ئه‌گه‌ر نه‌توانین پێناسه‌یه‌کی ته‌واو بۆ قه‌یسه‌ر، برۆته‌س هه‌روه‌ها بۆ ئه‌نتۆنی بکه‌ین.
ڕۆڵی خه‌ڵکه‌که‌ش له شانۆنامه‌که‌دا به‌شێکی تره له کێشه‌ی شانۆنامه‌که. به پێی بۆچوونی پلوتارک، خه‌ڵک زۆر ڕقیان له قه‌یسه‌ر بوو، چونکه ده‌یویست خۆی بکات به پاشا، له کاتێکدا ئه‌و حاکمی ڕۆما بوو. هه‌روه‌ها زۆر به سووکی سه‌یری نوێنه‌رانی خه‌ڵکی ده‌کرد. له شانۆنامه‌که‌دا، خه‌ڵکه‌که بێباکانه دڵخۆشی خۆیان بۆ سه‌رکه‌وتنی قه‌یسه‌ر به‌سه‌ر پۆمپی ده‌رده‌بڕن. پۆمپی ڕکابه‌رێکی قه‌یسه‌ر بوو، که له فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ڕۆما به‌ربه‌ره‌کانی قه‌یسه‌ری کرد، به‌ڵام قه‌یسه‌ر به‌سه‌ریدا زاڵ بوو. ئه‌مه به‌ر له ڕووداوه‌کانی ئه‌م شانۆنامه‌یه بوو. به‌هه‌رحاڵ، کاتێک فلاڤیه‌س و مارلۆس سه‌رزه‌نشتی خه‌ڵکه‌که ده‌که‌ن، ئه‌وانیش به بێده‌نگییه‌وه شوێنه‌که بەجێ دێڵن.
پلوتارک له ”ژیاننامه‌ی مارکۆس برۆته‌س”دا ئاماژه به‌وه ده‌کات، که خه‌ڵکه‌که گوێ له برۆته‌س ده‌گرن. دوای ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌ت به قسه‌کانی برۆته‌س ناکه‌ن، ئه‌نتۆنی، وه‌کو له شانۆنامه‌که‌شدا هاتووه، هه‌ڵه‌که ده‌قۆزێته‌وه و به ئاسانی له دژی برۆته‌س و یاوه‌ره‌کانی هانیان ده‌دات تا ”سینا”ی شاعیر ده‌کوژن. شه‌کسپیر دیمه‌نێکی توندوتیژ له‌م حاڵه‌ته دروست ده‌کات. شایانی باسه، خه‌ڵکه‌که له شانۆنامه‌که‌دا له‌سه‌ر یه‌ک نه‌وا نین، ده‌گۆڕێن، که‌متر بیر ده‌که‌نه‌وه. هه‌روه‌ها هیچ ڕۆڵێکیان له هاندانی برۆته‌سدا نییه بۆ پیلانگێڕیی. هه‌ر یه‌کێک به زار هێڕشیان بکاته سه‌ر، به ده‌نگییه‌وه دێن.
که‌واته ئاڕاسته پێچه‌وانه‌کان له هه‌ر یه‌ک له کاره‌کته‌ره‌کاندا، ده‌بێته کێشه بۆ واتاکه‌ش. ئه‌رنه‌ست شانزه‌ر پێی وایه، که شه‌کسپیر به ئه‌نقه‌ست شانۆنامه‌که‌ی کردووه‌ته شانۆنامه‌یه‌کی کێشه‌ئامێز. به‌ڵام برۆته‌س به پاڵه‌وانێکی تراژیدی داده‌نێت، چونکه، دواجار، ڕاستییه‌كان ده‌بینێت و خۆکوشتنه‌کە‌یشی زیان به ڕۆما ده‌گه‌یه‌نێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش به‌ڵگه دژبه‌یه‌که‌کان وا ده‌که‌ن شانۆنامه‌که کێشه‌ئامێز بێت. ده‌شێ شه‌کسپیر مه‌به‌ستی ئه‌وه بێت، که بینه‌ر به ڕاستی بیر له کێشه ئه‌خلاقی و سیاسییه‌کانی ڕووداو و کاره‌کته‌ره‌کان بکاته‌وه. ئه‌گه‌ر وا بێت، بینه‌ر به ئاڕاسته‌ی پشکنینی به‌ڵگه هاوسه‌نگکراوه‌کانی هه‌ردوو دیوه دژبه‌یه‌که‌کاندا ده‌بات. شه‌کسپیر له شانۆنامه‌ی بازرگانی ڤینیسیاش ئه‌م ته‌کنیکه‌ی به‌کار هێناوه، چونکه هاوسه‌نگییه‌ک له نێوان بیروڕای ئه‌لێزابێسییه‌کان سه‌باره‌ت به جووله‌که، که ئه‌و کاته باو بووه له‌گه‌ڵ بۆچوونێکی ڕەخنە‌گرانه له‌م بیروڕا باوه له کاره‌کته‌ری شایلۆک پیشان ده‌دات.
ده‌شێ ڕاسته‌قینه‌ترین ده‌نگ له شانۆنامه‌ی یۆلیۆس قه‌یسه‌ردا ده‌نگی سیرۆ بێت، که ده‌ڵێت:
”به‌ڕاستی زه‌مانێکی سه‌یره! خه‌ڵک هه‌ر له ڕوانگه‌ی تێڕوانینی تایبه‌تی خۆیانه‌وه، دوور له مه‌به‌ستی ڕاسته‌قینه‌ی شته‌کان، ئه‌م شتانه لێک ده‌ده‌نه‌وه.”
دیمه‌نی سێیه‌م، به‌شی یه‌که‌م
ئه‌و کاره‌کته‌رانه‌ی، که هیچ پرسیارێکیان له‌سه‌ر نییه، هه‌ردوو شاعیره‌که و پێشبینیکه‌ره‌که‌یه. ئه‌و شاعیره‌ی، که لای پلوتارک ناوی فۆنیه‌سه، لای شه‌کسپیر ته‌نیا به شاعیر باسی لێوه ده‌کرێت. شه‌کسپیر ئه‌م شاعیره بۆ پیشاندانی جیاوازی نێوان کاره‌کته‌ری برۆته‌س و کاشیه‌س به‌کار دێنێت. ئه‌و کاته‌ی برۆته‌س و کاشیه‌س له ناو خێوه‌ته‌که ده‌مه‌قاڵێیانه، شاعیره‌که ده‌چێته ژووره‌وه و قسه‌کانیان پێ ده‌بڕێت. لێره‌دا برۆته‌س تووڕه ده‌بێت و کاشیه‌سیش زیاتر دانبه‌خۆداگرتنی پێوه دیاره و ته‌نیا پێی پێده‌که‌نێت. به‌هه‌رحاڵ، دیمه‌نه‌که جارێکی تر سه‌ر له ئێمه ده‌شێوێنێت، چونکه پێشتر له‌وه ئاگادارین، که کاشیه‌س:
”ئه‌وه‌نده خولیای گاڵته‌وگه‌پ و ڕابواردن نییه. گوێ له مۆسیقا ناگرێت. زۆر که‌م پێده‌که‌نێت. پێکه‌نینه‌که‌یشی به شێوه‌یه‌که، هه‌ر ده‌ڵێی گاڵته به خۆی ده‌کات و ڕقی له خۆی ده‌بێته‌وه، چونکه پێده‌که‌نێت.”
دیمه‌نی دووه‌م، به‌شی یه‌که‌م
برۆته‌سیش به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و نه‌رمونیانییه‌ی، که له مامه‌ڵه‌کردندا هه‌یه‌تی، به تایبه‌تی له‌گه‌ڵ پۆرشیا و لۆشیه‌س کە پێشتر ئاماژه‌مان بۆ کرد، لێره‌دا به توندی له‌گه‌ڵ شاعیره‌که ده‌جووڵێته‌وه و ته‌نانه‌ت لێیشی تووڕه ده‌بێت. شاعیره‌که گوزارشت له عه‌قڵێکی ژیر ده‌کات، به‌ڵام کێ گوێی لێ ده‌گرێت؟
سینای شاعیریش ده‌بێته قوربانیی ئه‌و پشێوییه سیاسییه‌ی، که دوای کوشتنی قه‌یسه‌ر سه‌رهه‌ڵده‌دات. کاریگه‌رترین دیمه‌ن له شانۆنامه‌که‌دا دیمه‌نی کوشتنی سینای شاعیره. بینه‌ر له‌گه‌ڵیدا هاوسۆز ده‌بێت، به‌ڵام دیمه‌نه‌که ئه‌گه‌ری هاوسۆزیبوون له‌گه‌ڵ قه‌یسه‌ر و ئه‌نتۆنی، ده‌سڕێته‌وه. شاعیره‌کان، سیسرۆ، هه‌روه‌ها پێشبینیکه‌ره‌که ترس و نیگه‌رانیی خۆیان ده‌رده‌بڕن سه‌باره‌ت به کاره‌سات و مه‌ترسییه‌کانی داهاتوو، به‌ڵام که‌س گوێیان لێ ناگرێت.
١٤ . بڕوانه:
Mildred E. Hartsock, Modern Language Association, 1966
١٥ . . بڕوانه:
A life of William Shakespeare (London: John Murray. 1931)
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.