25/04/2024
DidiMn Logo
Top

تاریکترین شەو لە دەقەکانی شکسپیردا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیار عومه‌ر

ماکبێس یه‌کێکه‌ لە شاکارە هەرە گرنگەکانی شکسپیر و ناو دنیای ئەدەب. تاکە شاکاری شکسپیرە کە بە خوێن دەست پێ دەکات و بە خوێن کۆتایی دێت. لێکچونێکیش هەیە لە نێوان ڕیچاردی سێیەم و ماکبێس، بەڵام لە ماکبێسدا کوشتنەکان هەمووی لەسەر شانۆ یان پشت پەردەی شانۆ لە کاتی نمایشدا ئەنجام دەدرێت. زۆربەى ڕەخنەگران ئەم دەقە بە تاریکترین دەقی شکسپیر دادەنێن، چونکە بەردەوام شەوە یان بەرەبەیانە یان دوای رۆژئاوابوونە.

١- سەرچاوەى شانۆگەرییەکە
ماکبێس خۆی دەقێکی مێژووییە و زۆربەى کەسایەتییەکانی لە مێژووى سکۆتلەندەدا هەبوون. لە مێژوودا چەندین سەرچاوەی مێژوویی و ئەدەبیی هەیە کە ڕووداوی هاوشێوەی ماکبێس لەخۆ دەگرن، بۆ نموونە لە چیرۆکی (شا کینیس)دا لە کاتی کوشتنی برازاکەی گوێی لە دەنگێک دەبێت، هاوشێوەی کوشتنی دەنکان لە ماکبێسدا. شکسپیر دەقی ماکبێسی لە ژێر کاریگەری نووسەری ڕۆمانی (سینیکا)وە نووسیوە. بەڵام بە دڵنیایی شکسپیر ماکبێسی لە کتێبیک وەرگرتووە بە ناوی ”مێژووی ئینگلتەرا و سکۆتلەندە و ئیرلەندە” کە لە نووسین و کۆکردنەوەى (ڕۆفائیل هوڵنشید)ە شکسپیر سوودی لە چاپی دووەمی ئەم کتێبە وەرگرتووە کە لە ساڵی ١٥٨٦دا چاپ کراوە. نەیویستووە بە هیچ شێوەیەک لە چیرۆکەکەى هۆڵینشید نزیک ببێتەوە، ئەمەش بە ڕوونی لە کارەکتەری ماکبێسدا دیارە. لە چیرۆکەکەی هۆڵینشید، ماکبێس دە ساڵ بە شێوەیەکی ئاشتییانە و ئارام فەرمانڕەوایی کردووە، بەڵام لای شکسپیر ماوەی فەرمانڕەوایی ماکبێس زۆر کورتترە. لە هەندێ شوێنیش ڕووداوەکانی ناو کتێبەکە لە ڕووداوى دەقی شانۆییەکە دەچێت.

٢- ماکبێسی شکسپیر و سێ سیحربازەکەی تۆماس میدڵتن
وەک شتێکی ڕوون و ئاشکرا لە دەقەکانی شکسپیردا ڕووداوی مێژوویی زۆر بەرچاو دەکەوێت، بگرە سەرچاوەى زۆرینەى نوسینەکانی مێژوو بووە. بۆ نموونە دەقی یۆلیۆ سیزەری لە پەرتوکێک وەرگرتووە کە باسی مێژووى گریک و ڕۆمانی دەکات، لە نووسینی مێژوونوس (پلوتارج)ە کە لە سەدەى یەکی زایینی ژیاوە.

شانۆگەری ئۆتێلۆی لە کۆمەڵە چیرۆکێک وەرگرتووە بە ناوی (هیکاتۆمیسی) و بە تایبەت لە چیرۆکی (بێوەفایی ژن و مێردەکان) کە لە نووسینی (جیدراڵد سینیشۆ) بوو .
شانۆگەری هاملێت لە هەردوو دەقی تراجیدیای ئیسپانیی و بەسەرهاتی بیلیفۆرستی تۆماس کید وەرگرتووە.
گەر بپرسین ماکبێس و شانۆی سێ سیحربازەکەی تۆماس میدڵتن چ پەیوەندیەکیان بەیەکەوە هەیە؟

ئەوا بەگشتی چەند بیر و ڕایەک لەسەر ماکبێس هەیە، بە تایبەت لە لایەن کۆمپانیای نووسەرانی تایبەت بە شکسپیر، کە دەڵێن هەندێک بەش لە شانۆگەریەکە بە دەستی شکسپیر نەنووسراوە، بەڵکو بە هۆی دەستێکی ترەوە زیاد کراون یەکێک لەو بەشە زیادکراوە گرنگانە لە (پەردەى سێی دیمەنی پێنج)دا دەبینرێت، کاتێک ماکبێس دەردەکەوێت، لە قسەکانی دیارە کە ناڕازییە لەوەى کە ئێستا هەیە و ئەوەى دوای ئەویش دێت .

زۆربەى نووسەران دەڵێن: ئەو دێڕانەى (هیکاتی) دەیڵێتەوە هی شکسپیر نییە، بە تایبەت لە (پەردەى چواری دیمەنی یەک)دا، هەروەها دوو دیمەنی شانۆگەرییەکە باسی گۆرانییەک دەکرێت، لە شانۆگەریی سێ سیحربازەکەی تۆماس میدڵتن بە تەواوەتی دەگوترێت. دەقی ماکبێس و سێ سیحربازەکە لە یەک کاتدا نووسراون. هەندێک دەڵێن: تۆماس میدڵتن خۆی ئەم زیادانەى خستووەتە سەر ماکبێس. هەندێک دەڵێن: هەردوو دەقەکە لە یەک کاتدا لە لایەن کۆمەڵە ئەکتەرێک نمایش کراوە و لە کاتی نووسینەوەى ماکبێسدا تێکەڵییەک درووست بووە. چونکە ماکبێس حەڤدە ساڵ دوای نمایش ئەوسا نووسراوەتەوە و چاپ کراوە. لە لایەکی ترەوە ئەگەر بە وردی سەرنج بدەینە دەقی ماکبێس، ئەوا بە تەواوەتی کەوتووەتە ژێر ئاکامی ئەو دیمەنە زیادکراوانەوە. دەقی ماکبێس ئەوەندەشی لێ دراوە بۆتە کورتترین دەقی شکسپیر.

ئایا شانۆگەریی ماکبێس بێ سیحربازەکان چۆن دەبوو؟
بێگومان ماکبێس هەمان کردارەکانی ئەنجام دەدا، چونکە لیدی ماکبێس وەک سوتاوێکی نەکوژاوە بۆ شاژنی دەسوتا و بەردەوامیش ماکبێسی هاندەدا، با سیحربازەکان بە بانکۆیان نەگوتبایە کوڕی تۆ دەبێتە پادشا ئەوا ماکبێس هەمان هێڵی کوشتنی بۆ بانکۆ و کوڕەکەى دادەنا، چونکە ترسی لێیان هەبوو، بە تایبەت لە بانکۆی زیرەک و بووێر. زۆربەى دەقەکانی شکسپیر هەڵگری بیرێکی ماکیاڤیلیانەن. (ئەگەر میرێک ترسی لە دەوروبەری هەبوو ئەوا چاکتر وایە زوو لەناویان ببات) واتە ماکبێس هەر بانکۆ دەکوژێت ئەگەر کوڕەکەشی نەبێتە پادشا. هەموو شتەکانی ماکبێس لەسەر ئەو سێ سیحربازە بەندە، کەچی لە دەقەکە لایانببەیت هیچ کاریگەری نابێت، ئەمەش وای کردووە نەگونجانێک هەبێت. لە (دیمەنی دووی پەردەی یەک)ی دەقە ئەسڵییەکەدا شەڕی زیاتر باس دەکرێت کە ماکبێس لەگەڵ یاخیبووەکان کردوویەتی، بۆ ئەوەى ئازایەتی و سەرکەوتنی ماکبێس نیشان بدات بەسەر (کاودۆر)ی شای نەرویج. لە لایەکی تر لە (دیمەنى سێی  پەردەی یەک)دا کاودۆر بە دزییەوە دەستی لەگەڵ یاخیبووەکان تێکەڵ کردووە، واتە کاودۆر نەمردووە .

ئەنگۆس: ئایا لەگەڵ ئەوانەی نەرویج شەریکە؟! یان دەستی لەگەڵیان تێکەڵ کردووە؟ (دیمەنی سێی پەردەى یەک)

با سیحربازەکان بە ماکبێسیان نەگوتایە کە تۆ دەبیت بە میر، ئەوا لیدی ماکبێس خۆی دەنکانی دەکوشت ئەگەر بێت و لە شێوەى باوکی نەخەوتایە.

لیدی ماکبێس: پێویستە کاری ئەم شەوە مەزنە بە من بسپێردرێت، ئەوەى ماوە بۆ منی جێ بهێڵە… (دیمەنی یەک- دوو- سێی پەردەى یەک) کە ئەمەش لە گرنگی سێ سیحربازەکە کەم دەکاتەوە کە ماکبێسیان بە میر بانگ کرد، چونکە لیدییە ماکبێس دەکات بە میر نەک سیحربازەکان. هەموو کارە خراپەکانیش لیدی ڕێکی خستوە و ماکبێسیش تەنیا جێبەجێکاری پلانەکانی لیدییە، بەڵام گومانی تێدا نییە کە پێشتر ئەم شتانەى بۆ لیدی باس کردووە

لیدی: چی بوو وای لێ کردیت ئەم پڕۆژەیەم بۆ باس بکەیت (دیمەنى حەوت پەردەى یەک)  

٣- ناوی شانۆگەرییەکە
بەگشتی ناوی زۆربەى دەقەکانی شکسپیر لە ناوی پادشاکانەوە هاتوون. ماکبێس باسی چیرۆکى بەرزبوون و لەناوچوونی خۆی دەکات و خۆی زاڵە بەسەر شانۆگەرییەکەدا. پێش ئەوەى بەدەرکەوێ وەک پاڵه‌وانێک باسی لێوە دەکرێت و میری خەوخۆش (دەنکان) بە ئامۆزای بەجەرگ و جوامێری بانگی دەکات، بۆیە دەقەکە هی ماکبێس خۆیەتی.

ماکبێس تراجیدیترین کارەکتەری ناو دەقەکەیە، نە باشە و نە خراپە، دژی کەسانی شەرخواز و خۆفرۆشە. سیحربازەکانیش ماکبێس دەخەنە بەر دووڕیانێک و بەڵێنی پێ دەدەن، ئەم بەڵێنانەش نە باشە و نە خراپە .

(ئەگەر بەڵێنەکانیان خراپە ئەوا بۆ ئاوا زوو دێتە جێ؟ ئەگەر باشە بۆ وایان لێ کردم کە دەنکان بکوژم و تاجی سکۆتلەندە بخەمە سەر سەرم؟!). ماکبێس لە بێئاگایی خۆی ڕێگای خراپە هەڵدەبژێرێت و پاشان دەیەوێت هێمن بێتەوە و گرنگی نادات بە جیهانەکەى تر .

ماکبێس: ئەوەى هەیە پێدەچێت ئەوە کۆتایی بێت، لێرە دونیا کۆتایی دێت، ئێمە پازمان دا لەسەر دونیا. (دیمەنی حەوت پەردەی یەک)

 ماکبێس وا دەزانێت دوای کوشتنی دەنکان چیتر خراپە ناکات، بەڵام چۆن ئەو مارە ژەهراوییە، (لیدی) هێور بکاتەوە؟

٤- ماکبێس کەشتیوانێکی بێ سەوڵه‌ا
لە سەرەتای زۆربەى دەقەکانی شکسپیردا، ئاماژە بۆ هەندێک شتی بچووک دەکرێت و بە شێوەیەکی سادەش بەسەرمانا تێپەڕ دەبێت. ماکبێس ئەو کەشتیوانەیە کە سەوڵەکەی لە دەستی خۆیدا نییە، لیدی ماکبێسی کۆش پڕ فستقیش هەر لە دێرەکانی سەرەتایی دەقەکە باس دەکرێت.

سیحربازی یەک: ژنی کەشتیوانێک کە ناو کۆشی پڕ فستق بوو، مێردەکەی بەرەو حەلەب کەوتووەتە ڕێ. (بەشی یەک دیمەنی سێ)

ئەگەر بێت و دیمەنی پاش کوشتنی دەنکان بەراورد بکەین لەگەڵ ئەو دایالۆگەى کە وەسفی کەشتیوانەکە دەکات، ئەوا بە تەواوەتی دەردەکەوێت کە کەشتیوانەکە ماکبێسە .

سیحربازی یەک: نابێت نە بە شەو نە بە ڕۆژ خەو لە پێڵوەکانی نزیک ببێتەوە. دەبێت هەر وەک نەفرەتلێکراوێک بژی. (بەشی یەک دیمەنى سێ)

 پاش کوشتنی دەنکانیش ماکبێس نابێت بخەوێت.

ماکبێس: ئیتر مەخەوە، گلامیس خەوی کوشتن. ماکبێس نابێت بخەوێت.

 واتە کەشتیوانەکە ماکبێسە و ژنە کۆش پڕ فستقەکەش لیدییە کە هەرگیز ناتوانێت لێی بخوات، بەڵکو هەر دەبێت بیکرۆژێ. ئەم دێڕانە وەک ئاماژەیەک بۆ نەزۆکی و نەبوونی منداڵ دەگوترێت.‌

٥- ماکبێس لە بەردەم یارییەکەدا
کاتێک ماکبێس گوێبیستی سێ سیحربازەکە دەبێت، هەست دەکات کە خۆی دەخاتە یارییەکەوە و نازانێت کە کۆتاییەکەی چۆن دەبێت، بەڵام خۆی تاقی دەکاتەوە و دەڵێت: (ئەوە پێپلیکانەیە، یان سەر دەکەوم یان دەکەوم) دەرئەنجام چارەنووس پشت لە ماکبێس دەکات لە یارییەکەدا.

لیدی وەک خولخولەیەک پەرە بە ڕەوتی شانۆگەرییەکە دەدات و هەست و هۆشی ماکبێس داگیر دەکات، تەنانەت ناهێڵێت شتەکان بەرەو ڕووی بێن، بەڵکو وا دەکات کە ماکبێس بە دوای شتەکانەوە بێت. لە هەندێک دیمەنی کوشتنەکانیش خۆی بەشدارە. وەک کوشتنی دەنکان، کاتێک زەنگێک بۆ ماکبێس لێ دەدات کە کارەکەى ئەنجام بدات. ئیتر باری دەروونی ماکبێس دەشڵەژێت و دەکەوێتە بیرکردنەوە، ترسێکی زۆری لا دروست دەبێت و گوێبیستی هەندێک دەنگ دەبێت کە بوونیان نییە، تەنها لە مێشکی ئەو دان و هەر ئەویش گوێبیستیان دەبێت.

ماکبێس: دەنگێک هاتە بەرگوێم هاواری کرد: ئیتر مەخەون، چونکە ماکبێس خەوی بێتاوانی کوشت. خەو دەرمانی مێشکی ماندووانە، خەو خۆشترین ژەمە سرووشت بە ژیانی بەخشیوە. (بەشی دوو دیمەنى یەک)

ئەم دایالۆگە هەر لە دوای کوشتنی دەنکانەوەیە. لیدیی سوتاو بۆ شاژنی تا بڵێی دڵ ڕەقە و نەیدەزانی یارییەکە ئاوا ترسناکە، بۆیە بە ماکبێس دەڵێ: مەبەستت چیە؟!

ماکبێس: دەنگەکە هێشتا هاوار دەکات و بە هەمووان دەڵێت (ئیتر مەخەون گلامیس خەوی کوشتن و کۆردۆش نابێت بنوێ ئیتر ماکبێس نابێت بخەوێت)

لێرەوە ماکبێس بە تەواوەتی دەکەوێتە ناو یارییەکە، هەردوو دەستە خوێناوییەکانی چاوەکانی دەردێنن، تەنانەت دەنگی کوندەپەپو و سیسرکەش دەیترسێنن، کاتێکیش کە تەنهایە وا هەست دەکات کە چواردەوری پڕن لە پاسەوانانی دەنکان. لە کاتیکدا سەرکردەیەکی بەهێز و بوێر بوو، بوو بە ترسنۆکترین پیاوی رۆژ، ترسانی لەوەى ڕۆژێک ئاشکرا بێت کە دەستەکانی بە خوێنی میر سوورن. هەر لەو دیمەنەدا ماکبێس دەڵێت: ئایا ئاوی هەموو دەریاکان، دەتوانن ئەم پەڵەخوێنە لە دەستەکانم بکەنەوە؟ دەستەکانی من دەتوانن ئاوی هەموو دەریاکان سوور بکەن.

بەڵگەش بۆ ترسنۆکی ماکبێس ئەوەیە، کاتێک کە لە دەرگا دەدرێت ماکبێس لە ترسا دەڵێت: چەند حەزم دەکرد لەگەڵ لێدانی ئەم دەرگایە، دەنکان بەئاگا بێتەوە…

هەر لە سەرەتای یارییەکەش ماکبێس دەزانێت کە هەڵەیە و سرووشت دەشێوێنێت، ڕۆژی دوای کوشتنی دەنکان، رۆژ دەگیرێت و هەموو خەڵک بە ڕۆژێکی شوم و ترسناک ناوی دەبەن، تەنانەت باڵندە گۆشتخۆرەکانیش هار دەبن. (پەردەى دوو دیمەنی چوار)

٦- ڕێخۆشکردنێک بۆ ناو یارییەکە
یارییەکە پێویستی بە هەندێک هەنگاو و ڕێخوشکردن هەیە، تا ماکبێس بە تەواوەتی بخزێتە ناو یارییەکەوە. دەنکان ماکبێس دەکاتە میری کۆردۆ، ئەمەش یەکەم رێخۆشکردن بوو بۆ یارییەکە. سینێڵی باوکی ماکبێس دەمرێت و ماکبێس دەکرێتە گەورەى گلامیس، ئەمەش دەرگایەکی تری خستە سەر پشت بۆ باوەڕهێنان بە یارییەکە. سێ سیحربازەکە لە زەوی هەڵدەقوڵێن و لەگەڵ هەوادا تێکەڵ دەبن، واتە دەسەڵاتێکی گەردوونین، ئەوانیش بە سێ هەواڵ پێشوازی لێ دەکەن.

سیحربازی یەک: سڵاو بۆ تۆ گەورەی گلامیس.

سیحربازی دوو: سڵاو بۆ تۆ گەورەى کۆردۆ.

سیحربازی سێ: سڵاو بۆ تۆ پادشای داهاتوو.

ئەم سێ دێڕە ماکبێس تووشی سەرسوڕمان دەکەن، ئایا چۆن دەبێتە گەورەى کۆردۆ و پادشای داهاتوو؟ سیحربازەکانیش لەم دوو دایالۆگەی خوارەوەدا وەک دەسەڵاتێکی گەردوونی دەردەکەون .

بانکۆ: زەوى هەر وەک ئاو بڵقی هەیە، ئەم مەخلوقاتەش ئەو بڵقانەن. بۆ کوێ چون؟

ماکبێس: هەر وەک هەناسە لە هەوادا توانەوە و بزر بوون (پەردەى یەک دیمەنی سێ)

لیدی ماکبێس مۆرانەیەکە بەردەوام مێشکی ماکبێس دەخوات و بە تەواوەتی پەلکێشی ناو یارییەکەى دەکات و دەنکانی پیریشی پێ دەکوژێت.

لیدی: قەت پاشەگەز مەبەوە، کە دەنکان خەوی لێ دەکەوێت، دەبێت هەردوو نۆبەتدارەکەى ئەوەندە مەست بکەم تا لە هۆش خۆیان دەچن، ئینجا وەک مردوانیان لێ دێت، پاشان هەرچی بمانەوێت لە دەنکانی دەیکەین. لە دوایدا تاوانەکان دەخەینە سەر نۆبەتدارەکان. (بەشی یەک دیمەنی حەوت)

دوای ئەم شتانە ماکبێس بڕوا بە یارییە چارەنووسسازەکە دەهێنێت و دەگاتە لوتکەی خراپە و خیانەت.

ماکبێس: ئەگەر گەردوون نیازی هەیە بمکات بە پادشا، ئەوا بە بێ هەوڵدان بۆم جێبەجێ دەکات.

٧- لوتکەى یارییەکە
لەگەڵ لادانی پەردە و دەستپێکردنی نمایش، ڕووداوەکان زۆر بەپەلە بەرەو لوتکە دەچن. ماکبێس تاکە دەقی شکسپیرە کە زۆر بە خێرایی دەگاتە لوتکە، کە لە دیمەنی چوارەمی پەردەى سێیەمدایە. ماکبێس خوانێکی رێکخستووە بۆ ئەوەی هیچ گومانێکی لێ نەکەن لە کوشتنی بانکۆ، وا نیشانی دەدات کە چاوەڕێی بانکۆیە، بانکۆش بە جلە خوێناوییەکانییەوە لەسەر تەختی ماکبێس دانیشتووە، زیاتر لە بیست برین لە جەستەیدا هەیە، هەر برینێک بەقەد مردنێکە .

پیاوکوژی یەکەم: (بۆ ماکبێس) بەڵێ گەورەم، لەچاڵێکدا فڕێ دراوە بیست برینی پێوەیە، بچوکترینیان مردنێکە بۆخۆی. (پەردەى سێ دیمەنی چوار)

ماکبێس وا دەزانێت دەربازی دەبێت لە بانکۆ، بەڵام بانکۆ تا هەتایە هەڕەشەى لێ دەکات و دواڕۆژی دەخاتە مەترسییەوە. لە خوانەکەدا پرچە خوێناوییەکە دەهەژێنێت و ماکبێس شێت دەکات. هەموو میوانەکانیش هەست دەکەن کە ماکبێس ئاسایی نییە، بەڵام لیدی هەست بە تارمایی بانکۆ دەکات و لێزانانە ماکبێس دەرباز دەکات.

لیدی: ئەى میران… هاوڕێ خۆشەویستەکان مەشڵەژێن، مێردەکەم هەر له‌ منداڵییەوە هەندێک جار وای بەسەر دێت و پاشان وەک خۆی لێ دێتەوە، بەڵام ئێوە سەیری مەکەن.

دەکرا لێرەدا ماکبێس کۆتایی پێ بێت و کوشتنی دەنکان و بانکۆی لێ ئاشکرا ببێت. لیدی دڵرەق و چاونەترس دڵنیایە لە مردنی خۆی بۆیە زۆر بێبەزەییانە چاڵەکە قوڵتر دەکات.

لیدی: تۆ پیاوی؟!

ترسە لە ڕادەبەدەرەکەی ماکبێس لەوەدایە کە زیاتر لە بیست خەنجەر لە بانکۆ دراوە، کەچی بە جەستەیەکی خوێناوییەوە لە بەردەمی دانیشتووە. کەواتە مردووەکانی تریش لە گۆڕەکانیان دەردەچن و دەگەڕێنەوە.

دەرکەوتنی ئەم تارماییەش وەک تۆڵەیەکە بۆ درۆکانی ماکبێس، چونکە وای نیشان دەدات کە چاوەڕێی بانکۆیە. لە سێ شوێندا بانکۆ دەبێتە هەڕەشە بۆ ماکبێس، یەکەمیان ئەو کاتە بوو کە لە بەردەمی ماکبێسدا بە بانکۆ گوترا کە کوڕەکەی دەبێتە پادشا. دووەم جار دەرکەتنی بوو لە شێوەی تارماییەکی خوێناویی لەسەر تەختی ماکبێس. سێیەمیان دەرکەوتنی بانکۆ بوو لە ناو مەنجەڵی سێ سیحربازەکەدا. ئەم سێ هەرەشەیەش وا دەکات کە ماکبێس بگەڕێتەوە لای سیحربازەکان و پرسیار لە داهاتووی خۆی بکات.

٨- جوگرافیای شانۆ لە خزمەتی یارییەکەدا
هۆڵە شانۆییەکانی سەدەکانى ناوەڕاست، جگە لە کورسی بینەران و تەختەى شانۆ هیچی تیدا نەبووە، بەڵام ئەمە لە خزمەتی یارییەکەدا بوو، بە تایبەت شیوەی تەختەی شانۆکە کە لە دوو نهۆم پێکهاتبوو، نهۆمی دووەم لە چەند دیمەنێکی شانۆییەکە سوودی لێ وەرگیراوە. وەک دیمەنی کوشتنی دەنکان و دیمەنی ڕۆیشتنی لیدی لە کاتی خەودا. (پەردەى دوو- پێنج، دیمەنی دوو- سێ)

٩- بینەر و دیکۆر
شانۆییەکی سادە چۆن دەبێت بە قەڵا؟ ئەى لایەکی شانۆ چۆن بوو بە گۆڕەپانی جەنگ؟! ماڵی میر لە نهۆمی دووەمی شانۆ، شانۆ دەبێتە پێشەوەى قەڵا، دەبێت بە لادێیەک، ئەم هەموو جێگا گۆڕینە لە کاتێکدا بووە کە دیکۆر نەبووە.

 کاتێک شانۆ دەبێت بە قەڵا، کە زیاتر لە جارێک لە لایەن بانکۆوە بە وردی و وەسفێکی جوان، باسی قەڵاکەى ماکبێس دەکات. شکسپیر هاوشێوەی هۆمیرۆس بوو لە وەسفکردن، بە شێوەیەک وسفی قەلاکە دەکات بینەران هەست دەکەن کە لە بەردەم قەڵاکەدان. چۆن ئەو قەڵایەى بە وەسف درووست کراوە، ئاواش بە وەسفێکی زیرەکانە لە ڕێگای دایالۆگەوە دەیگۆڕێت بۆ گوندێک. لە لایەکی تریش لە هەندێک لە دیمەنەکاندا، ئەکتەرەکان بە ئەندازەیەک لە بینەران نزیک دەبوونەوە، بینەران هەستیان بە شتەکان دەکرد. بۆ نموونە ئەو دیمەنەی کە ماکبێس باسی خەنجەرەکە دەکات، لە ناوەڕاستی بینەران بووە. لە شانۆکانی ئەوکاتەدا ڕێڕەوێکی زیادکراو هەبووە بۆ ناو بینەران، زۆربەی شتە گرنگەکان لەسەر ئەو ڕێڕەوە دەگوترا.

١٠- یارییەکە لە سینەما
بێگومان دەقێکی وەک ماکبێس، لە سینەمادا چێژی زیاتر دەبێت لەوەى کە لەسەر شانۆ بێت. چونکە لە سینەمادا دایالۆگەکان لە وەسفکردن ده‌ردەچن، لە جێگای ئەوەى بە وەسف قەڵاکەى ماکبێس و ڕاڕەوە دوورودرێژەکانی باس بکرێت، ئەوا لە سینەمادا قەڵایەکی ڕاستی دەبینیت. وەک بابەتیش ماکبێس زۆر گونجاوە بۆ فیلمی سینەمایی. هەر بۆیە لە ساڵی ١٩٤٦ تا ١٩٧١ واتە لە ماوەی بیستوپێنج ساڵدا حەوت جار لە سینەمادا دەرهێنراوە .

یەکەم- فیلمی ئەمەریکیی ماکبێس، لە دەرهێنانی تۆماس بلایر ساڵی ١٩٤٦.

دووەم- فیلمی ڕەشوسپی ئەمەریکیی ماکبێس بە شێوەیەکی تەعبیری. سیناریۆ و دەرهێنان و نواندنی ئۆرسۆن وێڵز ساڵی ١٩٤٨.

سێیەم- فیلمی ئەمەریکیی ماکبێس، ساڵی ١٩٥٠ لە بەرهەمهێنان و نواندنی بۆب جۆنز.

چوارەم- فیلمی ماکبێس لە دەرهێنان و نواندنی ماریۆ ئیفانسی ئەمەریکی، ساڵی ١٩٥٤.

پێنجەم- فیلمی یابانی تەختی خوێن لە دەرهێنانی ئاکیرا کۆرۆساوا و نواندنی توشیرو میفۆن، ساڵی ١٩٥٧. (ئەم فیلمە لە ماکبێس وەرگیرابوو بەڵام بە هیچ شێوەیەک دەرهێنەر پابەند نەبووبوو بە کات و شوێن، هەوڵی دابوو فیلمێکی ڕەسەنی یابانی بێت)

شەشەم- فیلمی بەریتانیی ماکبێس دەرهێنانی جۆرج شاخر، نواندنی ماریۆ ئیفانس، ساڵی ١٩٦٠.

حەوتەم- فیلمی ئەمەریکیی ماکبێس لە دەرهێنانی ڕۆمان پۆلانسکیی پۆڵەندیی نەژاد، ساڵی ١٩٧١.

١١- پیرەژنە سیحربازەکان
سیحرباز وشەیەکی گونجاو نییە بۆ ئەم پیرەژنانە، لەبەر ئەوەی ئەوان زۆر دڵڕەش و خراپترن لەو جۆرە کەسانەى کە بە سیحر کۆنتڕۆڵی کەسانی تر دەکەن. یەک جار وشەى سیحرباز یان جادووگەر لە دەقی ماکبێسدا بەکار هاتووە، ئەویش لەسەر زاری خۆیانەوەیە، کە هەر سێ پیرەژن لەگەڵ خۆیان قسە دەکەن و یەکێکیان تووڕەیە و دەڵێت: ژنی کەشتیوانێک پێی گوتم سیحرباز، ئەویش سزای داوە. واتە خۆشیان بڕوایان بە وشەى سیحرباز نەبووە. لە شوێنێکی تر پێیان وتراوە (خوشکە سیحراوییەکان) واتە (خوشکەکانی چارەنووس) تەنانەت ئەم ناونیشانەش ڕاست نییە، چونکە ئەوان چارەنووسی ماکبێسیان دیاری نەکرد، بەڵکو فێڵیان لێ کرد و بە وشەى دوو مانا وایان لە ماکبێس کرد کە بڕوا بە خراپە بهێنێت.

سیحربازەکان: چاکە خراپەیە، خراپەش چاکەیە. (پەردەى یەک دیمەنى یەک)

لەگەڵ ئەوەشدا سیحربازەکان بۆ زانینی دواڕۆژ زۆر چاکن، وەک ئەو بەڵێنەی کە بە بانکۆیان دا کە کوڕەکەی دەبێتە پادشا.

کاتێک کە دارستانی بیرنام دەکەوێتە جوڵە، ماکبێس دەزانێت کە فێڵی لێ کراوە.

ماکبێس: گومان لە قسەى سیحربازەکان دەکەم، درۆکانیان وەک ڕاستی هێنایە بەرچاوم. (دیمەنى پێنج پەردەى پێنج)

کە ماکدێڤ دەڵێت من لە ئافرەت لەدایک نەبووم، ئەوکات ماکبێس بە تەواوەتی تێ دەگات کە خۆی خراپە و فێڵیشی لێ کراوە. دوای ئەو هەموو شتانە ئەوسا ماکبێس دەزانێت کە یارییەکە چەند قوڵ و بێمانا بوو.

١٩٩٨ هه‌ولێر
تێبینی: ئەم بابەتە پێشتر لە ماڵپەڕی دەنگەکان بڵاو کراوەتەوە

هاوبەشی بکە

macbeth, Shakespeare, Theatre,