18/11/2024
DidiMn Logo
Top

به‌شی دووه‌م: یۆلیۆس قه‌یسه‌ر، شانۆنامه‌یه‌کی ئاڵۆز له ‌به‌رده‌م ڕه‌خنه‌ی سه‌رده‌مدا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – عه‌لی عوسمان یاقووب

ڕووداوی سه‌ره‌کی شانۆنامه‌که‌، که‌ کوشتنی قه‌یسه‌ره، وه‌کو کاره‌ساتێکی دڵته‌زێن ده‌خرێته‌ ڕوو، که‌ له‌ ئه‌نجامی زنجیره‌یه‌ک به‌ هه‌ڵه‌هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌ هه‌ڵه‌لێکدانه‌وه دێت‌. مرۆڤه‌کان له‌ ڕووداوه‌ لابه‌لاکان و له‌ ساته‌ دژواره‌کاندا، به‌ هۆی هه‌ڵه‌کانیانه‌وه‌ یان به‌ هه‌ڵه‌تێگه‌یشتنیانه‌وه‌ له‌ خه‌ڵکی تر، فریو ده‌درێن. سیسرۆ له‌ دیمه‌نی سێیه‌می به‌شی یه‌که‌م، ئه‌و کاته‌ی که‌ ڕه‌شه‌باکه‌ به‌رده‌وامه‌، ده‌ڵێت:

به‌ڕاستی زه‌مانێکی سه‌یره‌!  خه‌ڵک هه‌ر له‌ ڕوانگه‌ی تێڕوانینی تایبه‌تی خۆیانه‌وه‌، دوور له‌ مه‌به‌ست و ئاکامی ڕاسته‌قینه‌ی شته‌کان، سه‌یری ئه‌م دیاردانه‌ ده‌که‌ن.

ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌ له‌ سنووری ئه‌و ناوه‌ڕۆکه‌ ناوه‌ستێت، که‌ پیشانی ده‌دات، به‌ڵکو ئاماژه‌یه‌کی بۆ فریودان تیادا ده‌خوێندرێته‌وه‌. وایته‌کر پێی وایه‌، دوور نییه‌ کاسکا له‌ دیمه‌نی سێیه‌می به‌شی یه‌که‌می شانۆنامه‌که‌دا، ده‌مڕاستی شه‌کسپیر بێت، چونکه‌ ڕووداوه‌ نائاسا‌کان و نیشانه‌کانی شووم لێک ده‌داته‌وه‌، که‌ له‌ ڕۆما به‌دی ده‌کرێن. به‌ڵام خۆ قسه‌که‌ی سیسرۆ گوزارشت له‌‌و ڕاستییه‌ ده‌کات، که‌ دواتر هه‌موو تراژیدیاکه‌ شایه‌تی بۆ ده‌دات. بۆیه‌ کاسکا نابێته‌ که‌سێکی گونجاو بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ده‌مڕاستی شه‌کسپیر. کاتێ شه‌کسپیر قسه‌کانی سه‌ره‌وه‌ له‌ سه‌ر زاری سیسرۆ ده‌رده‌بڕێت، ستایشی ژیرێتی ئه‌و ده‌کات، چونکه‌ سیسرۆ فه‌یله‌سوف و پارێزه‌ر و تیۆریستێکی سیاسیی ڕۆمانی بوو، که‌ زۆر ڕێزی لێ ده‌گیرا. ڕۆڵیشی له‌ شانۆنامه‌که‌ زۆر کورته‌.

به‌ پێی سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌کان، ئه‌لیزابێسییه‌کان به‌ ڕاده‌یه‌ک بایه‌خیان به‌ فه‌لسه‌فه‌‌ی ئه‌خلاق و سایکۆلۆژیا ده‌دا، که‌ هه‌ردووکیان به‌ یه‌کتر ده‌به‌سته‌وه‌. بۆیه‌ ناکرێت مرۆڤ له‌ پاڵنه‌ر و مۆتیڤه‌کانی کاره‌کته‌ره‌کانی شه‌کسپیر بکۆڵێته‌وه‌ به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی مه‌سه‌له‌ ئه‌خلاقییه‌کان. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ یۆلیۆس قه‌یسه‌ر ڕوو ده‌دات، پەیوه‌ندی به‌ بیرکردنه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ بڕیاری نادروستی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌، چونکه‌ هه‌ستێکی به‌تینی هه‌ڵچوونئامێز جێگه‌ به‌ ژیریی و بڕیاردانی دروست و به‌جێ لێژ ده‌کات. ئه‌مه‌ش، به‌ پێی قه‌ناعه‌تی چه‌سپاوی ئه‌وسا، توندوتیژیی و کاره‌ساتی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌. به‌ واتایه‌کی تر، شه‌کسپیر عه‌قڵ و سۆز و هه‌سته‌ هه‌ڵچوونئامێزه‌کان هاوته‌ریب ده‌کات. بۆ ئه‌مه‌ش، چه‌مکه‌ سایکۆلۆژییه‌کانی سه‌رده‌می خۆی زۆر وردتر و گونجاوتر به‌کار دێنێت، له‌وه‌ی که‌ له‌ شانۆنامه‌کانی پێشتری به‌کاری ده‌هێنان. به‌م شێوه‌یه‌ ڕووداوه‌ لاوه‌کییه‌کان، هه‌روه‌ها بینینه‌کانی پلوتارک تێکهه‌ڵکێشی کاره‌کته‌ره‌کان و ڕووداوه‌کانی شانۆنامه‌که‌ ده‌کات.‌ له‌ ئه‌نجامدا کرداره‌ تراژیدییه‌که‌ له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ داده‌ڕێژێت، که‌ پوخته‌که‌ی ده‌ڵێ: به‌هه‌ڵه‌داچوون و بڕیاری نادروست، هه‌روه‌ها ڕه‌فتاری چه‌وت و نابه‌جێ له‌ هه‌ستێکی هه‌ڵچوونئامێزه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن، که‌ شوێنی بیرکردنه‌وه‌ی به‌جێ ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ هه‌موو که‌سێ زیاتر به‌سه‌ر کاره‌کته‌ری برۆته‌س جێبه‌جێ ده‌بێت. شایانی باسه‌ شه‌کسپیر دواتر له‌ شانۆنامه‌ تراژیدییه‌کانی تریدا، که‌ دوای ئه‌م شانۆنامه‌یه‌ نووسیوونی، به‌رده‌وام ئه‌م حاڵه‌ته‌ سایکۆلۆژییه‌ی به‌کار هێناوه‌.

رایته‌کر پێی وایه‌، که‌ شه‌کسپیر له‌م شانۆنامه‌یه‌دا هه‌وڵ ده‌دات هه‌ڵوێستی برۆته‌س له‌ ”ململانێ له‌ نێوان پابه‌ندبوون به‌ بنه‌ما ئه‌خلاقییه‌کانی تایبه‌ت به‌ پەیوه‌ندییه‌ که‌سێنییه‌کان له‌ لایه‌ک و سووربوون له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ سیاسییه‌کان” بکات به‌‌ به‌شێکی سه‌ره‌کی له‌ شانۆنامه‌که‌ بۆ ئه‌وه‌ی، به‌ پێی ئه‌و تیۆره‌ سایکۆلۆژییانه‌ی، ئه‌وسا باو بوون، به‌ وردی کار له‌سه‌ر کێشه‌ مۆڕاڵییه‌کانی برۆته‌س بکات. له‌ خۆدواندنه‌کانی برۆته‌سدا، له‌ دیمه‌نی یه‌که‌می به‌شی دووه‌می شانۆنامه‌که‌دا،‌ ده‌رده‌که‌وێت، که‌ سۆز به‌سه‌ر عه‌قڵدا زاڵه‌. ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی برۆته‌س، که‌ له‌ دێڕی یه‌که‌می، یه‌که‌م خۆدواندنه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێ و تیادا بڕیاری له‌ناوبردنی قه‌یسه‌ر ده‌دات، له‌به‌رچاو بگرین، ئه‌وا ستایشکردنه‌که‌ی برۆته‌س له‌ قه‌یسه‌ر له‌ دیمه‌نی یه‌که‌می به‌شی دووه‌می شانۆنامه‌که‌، ئیرۆنییایه‌کی درامییه‌، واته‌ پێچه‌وانه‌ی ڕاستییه‌، که‌ ده‌ڵێت:

ڕاستی، من هه‌رگیز نه‌مزانیوه‌ قه‌یسه‌ر چووبێته‌ ژێر باری هه‌ست و سۆز زیاتر له ئه‌قڵ و بیرکردنه‌وه‌ی به‌جێ.

برۆته‌س، به‌ پێچه‌وانه‌ی قه‌یسه‌ر زیاتر ده‌چێته‌ ژێر باری هه‌ست و سۆز‌. ئه‌مه‌یش حاڵه‌تێکی له‌باره‌ بۆ ئه‌وه‌ی سۆز و خه‌یاڵ بتوانن پیلانی تراژیدیی له‌ دژی عه‌قڵ و لێکدانه‌وه‌ی به‌جێ بگێڕن. کاتێ برۆته‌س له‌ دیمه‌نی یه‌که‌می به‌شی دووه‌می شانۆنامه‌که‌ ده‌ڵێت: ”هیچ ڕێگەچاره‌یه‌ک نییه‌. هه‌ر ده‌بێ له‌ناو بچێت” ئێمه‌ له‌وه‌ ئاگادارین، که‌ تووشی جۆرێک له‌ سه‌رلێشێوان بووه‌، چونکه‌ پێشتر، له‌ دیمه‌نی دووه‌می به‌شی یه‌که‌مدا به‌ کاشیه‌س ده‌ڵێت:

له‌م دواییه‌دا له‌ دەروونه‌وه‌ به‌ده‌م ئازاری ململانێی چه‌ند لێکدانه‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت ده‌تلێمه‌وه.

هه‌ر له‌ هه‌مان دیمه‌ن کاشیه‌س و کاسکا بێزارییه‌که‌ی برۆته‌س زیاتر ده‌که‌ن کاتێك باسی ڕه‌فتاری قه‌یسه‌ری بۆ ده‌که‌ن له کاتی پێدانی تاجه‌که‌‌.بێجگه‌ له‌مه‌ش، برۆته‌س شه‌وێک به‌ر له‌ کوشتنی قه‌یسه‌ر  نیگه‌رانه‌، ئاسووده‌ نییه‌، خه‌وی زڕاوه‌، ته‌نانه‌ت کاتێ بانگی لۆشیه‌س ده‌کات بۆ کۆبوونه‌وه‌، قسه‌کانی به‌ ڕوونی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ شه‌و خه‌وی لێ نه‌که‌وتووه‌. ئه‌مه‌یش به‌ڵگه‌یه‌کی ڕوونه‌ بۆ نیگه‌رانیی و بێئۆقره‌ییه‌کی نائاسایی.

ڕەخنە‌گره‌کان به‌ گشتی سه‌باره‌ت به‌ یه‌که‌م خۆدواندنی برۆته‌س بۆچوونی جیاجیایان هه‌یه‌. برۆته‌س له‌و خۆدواندنه‌دا، وه‌کو ئاماژه‌مان بۆ کرد، بڕیاری له‌ناوبردنی قه‌یسه‌ر ده‌دات. هه‌ندێک له‌ ڕەخنە‌گران له‌گه‌ڵ دۆڤه‌ر ویلسن هاوڕان، که له‌ پێشه‌کی شانۆنامه‌ی یۆلیۆس قه‌یسه‌ردا نووسیویه‌تی و پێی وایه‌، ئه‌م قسه‌یه‌ی برۆته‌س به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌، لێکدانه‌وه‌کانی سه‌باره‌ت به‌ کوشتنی قه‌یسه‌ر و گه‌یشتن به‌م بڕیاره‌‌ به‌ شێوه‌یه‌کی لۆژیکی هه‌نگاو ده‌نێت١١، به‌‌ڵام هه‌ندێکی تر بۆچوونه‌که‌ی وایته‌کر په‌سن ده‌که‌ن، که‌ پێی وایه‌ بیرکردنه‌وه‌ی برۆته‌س بیرکردنه‌وه‌یه‌کی به‌ هه‌ڵه‌دابه‌ره‌. به‌‌هه‌رحاڵ، ئه‌گه‌ر له‌ ڕوانگه‌ی سایکۆڵۆژییه‌وه‌ له‌ قسه‌که‌ی برۆته‌س ورد بینه‌وه‌، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که‌ بیرکردنه‌وه‌که‌ی برۆته‌س له‌ ئه‌نجامی زنجیره‌یه‌ک بیرکردنه‌وه‌ی لۆژیکییه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵکو له ‌ژێر هه‌ستێکی به‌تینی هه‌ڵچوونئامێزه‌وه‌یه‌. سه‌ره‌تا با له‌ خۆدواندنه‌‌که‌ی برۆته‌س ورد بینه‌وه‌، که‌ له‌ باخه‌که‌ی ماڵی خۆی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت له‌ دیمه‌نی یه‌که‌می به‌شی دووه‌م:

”تاجی پاشایه‌تی له‌سه‌ر بنێت! ئاخۆ ئه‌و تاجه‌ تا چ ڕاده‌یه‌ک سرووشتی ئه‌و ده‌گۆڕێت! کێشه‌که‌ لێره‌دایه‌. ماری ژه‌هراوی له‌ خۆره‌تاوێکی گه‌رمدا له‌ کون دێته‌ ده‌ره‌وه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ مرۆڤ له‌ ڕۆیشتندا زۆر ئاگاداری خۆی بێت. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ تاجی پاشایه‌تی پێ بده‌ین، پێویسته‌ دان به‌وه‌دا بنێین، که‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی پێ ده‌به‌خشین، هه‌ر کاتێک بیه‌وێت بۆ ئازاردانی ئێمه‌ به‌کاری بێنێت”

ئه‌م قسه‌یه‌ی برۆته‌س گوزارشت له‌وه‌ ده‌کات، که‌ بیر و لێکدانه‌وه‌که‌ به‌سه‌ر دوو ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه‌وه‌ دابه‌ش بووه‌، له‌ نێوان هه‌ڵسه‌نگاندنێکی به‌جێی شته‌کان وه‌کو هه‌ن له‌گه‌ڵ مه‌ترسییه‌کانی داهاتووی شته‌کان. به‌ واتایه‌کی تر مشتومڕێکه‌ له‌ نێوان دوو به‌شی مێشکی برۆته‌س. عه‌قڵ قسه‌ی خۆی ده‌کات، به‌ڵام خه‌یاڵ وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌ کاتێ باس له‌ ئه‌گه‌ری گۆڕانی سرووشتی داهاتووی قه‌یسه‌ر ده‌کات. که‌واته‌ ئه‌وه‌ برۆته‌سه‌، یا ڕاستتر بڵێین، بیرکردنه‌وه‌ی برۆته‌سه، که‌ سرووشتی قه‌یسه‌ر ده‌گۆڕێت و ده‌یکات به‌ مارێکی ژه‌هراوی کوشنده‌. بۆیه،‌ خه‌یاڵ لێره‌دا برۆته‌س ده‌سته‌مۆ ده‌کات. پاشان هه‌ر له‌ دیمه‌نی یه‌که‌می به‌شی دووه‌مدا، له‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی به‌جێ به‌ ڕوونی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌، که‌ ئه‌و قه‌یسه‌ره‌ی ئه‌و ده‌یناسێت، هیچ کاتێک نه‌چووه‌ته‌ ژێر باری هه‌ستێکی هه‌ڵچوونئامێزه‌وه‌ وه‌کو له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان بۆ کرد.

بۆ ئه‌وه‌ی برۆته‌س  پیشانی بدات، که‌ بڕیاره‌که‌ی ڕاست و به‌جێیه‌، په‌نا ده‌بات بۆ له‌یه‌کچوون، بۆ به‌لاغه‌تله‌ قسه‌کردن.ئه‌وه‌تا له‌ کۆتایی ئه‌م خۆدواندنه‌دا، به‌ ڕوونی ئاماژه‌ بۆ ئه‌و وێنه‌ مه‌جازییه‌ ده‌کات، که‌ پێشتریش به‌کاری هێناوه،‌ کاتێ وا پیشان ده‌دات، که‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌که‌ له ‌گه‌ڵ ڕه‌فتاری ئێستای قه‌یسه‌ر نییه‌، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ ڕه‌فتاری داهاتوویه‌تی. بۆیه‌ قه‌یسه‌ر، وه‌کو مارێک، ده‌‌بینێت، که هێشتا له‌ ناو هێلکه‌دایه‌ و‌ پێویسته‌ هه‌ر له‌ هێلکه‌دا بیکوژن، ئه‌گه‌رنا له‌ داهاتوودا ده‌بێته‌ مرۆڤێکی لووتبه‌رز و له‌خۆبایی. خه‌یاڵ و بیرۆکه‌کان، له‌ چوارچێوه‌ی وێنه‌یه‌کی هزریی به‌جێ، وه‌رده‌گرێت. له‌ کاتێکدا، که‌ عه‌قڵ، له‌ چوارچێوه‌یه‌کی گشتیی و فۆرمێکی ڕاسته‌قینه‌تر، بڕیار له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌کان ده‌دات. که‌واته‌،‌ به‌هه‌ڵه‌دابردنه‌که‌ی برۆته‌س هه‌ر له‌ شێواز و بونیادی ئاخاوتنه‌که‌یه‌وه‌ ئاشکرا ده‌بێت. برۆته‌س به‌ ڕوونی ده‌ڵێ، هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی ڕوونی به‌ده‌‌سته‌وه‌ نییه‌ تا بیسه‌لمێنێت، که‌قه‌یسه‌ر ده‌بێته مرۆڤێکی به‌دکار، به‌ڵام دواجار وێنه‌ به‌لاغییه‌که‌یه‌ ده‌بێته ئه‌و‌ به‌ڵگه ڕوونه‌‌ی، وا له‌‌ برۆته‌س ده‌کات، بڕوا بکات، که‌ سرووشت و ڕەفتاری قه‌یسه‌ر له‌ داهاتوو ده‌گۆڕێن. ده‌شێ ئه‌م گریمانه‌یه‌ هه‌ندێک بنه‌مای هه‌بێت، به‌ڵام، بۆ شه‌کسپیر، ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ گرنگه‌‌، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی له‌ چوارچێوه‌دا ده‌رده‌برێت بۆ ئه‌وه‌ی پیشانی بدات، هه‌ڵوێستێکی به‌جێ نییه‌. به ‌واتایه‌کی تر، شه‌کسپیر سه‌رنجی ئێمه‌ بۆ سرووشتی هه‌ڵومه‌رجی بڕیاردانه‌که‌ ڕاده‌کێشێت، زیاتر له‌ خودی مه‌سه‌له‌که‌، چونکه‌ کرۆکی تراژیدیاکه‌ له‌سه‌ر سرووشتی هه‌لومه‌رجه‌که‌ بونیاد ده‌نێت. شایانی باسه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی شه‌کسپیر له‌ زۆربه‌ی شانۆنامه‌ تراژیدیا‌کانیدا به‌دی ده‌کرێت. بۆ نموونه‌ له‌ شانۆنامه‌ی شالیردا، که‌ زۆر دوای شانۆنامه‌ی یۆلیۆس قه‌یسه‌ر نووسیویه‌تی، هه‌موو تراژیدیاکه‌ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ بنیاد ده‌نرێت، که‌ شالیر له‌ چوارچێوه‌که‌یدا بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانی سێ کچه‌که‌ی ده‌دات، سه‌باره‌ت به‌ ڕاده‌‌ی ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی، که‌ هه‌ر یه‌ک له‌ سێ کچه‌که‌‌‌ی بۆی ده‌رده‌بڕن.

ئه‌گه‌ر بۆچوونه‌که‌ی وایته‌کر ڕاست بێت، که‌ پێی وایه‌ قه‌یسه‌ر نه‌ده‌بوو به‌ دیکتاتۆر، به‌ڵکو ئه‌وه‌ ته‌نیا گریمانه‌یه‌که‌ و برۆته‌س له‌ خه‌یاڵی خۆیدا دروستی ده‌کات،  یاخود ئه‌گه‌ر بۆچوونه‌که‌ی دۆڤه‌ر ویڵسن له‌ جێی خۆیدا بێت، که‌ پێی وایه‌ شه‌کسپیر هه‌موو شتێک ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێت، که‌ ئه‌و‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ کاره‌کته‌ری قه‌یسه‌ر ده‌کرێت له‌ خۆدواندنی یه‌که‌می برۆته‌س، خوێندنه‌وه‌یه‌کی به‌جێیه‌، دواجار، خۆ هه‌ردوو بۆچوونه‌که پێوه‌ندییه‌کی زۆر که‌میان به‌و هه‌ڵوێسته‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ جه‌خت له‌سه‌ر‌ له‌کارخستنی ژیریی و په‌کخستنی لێکدانه‌وه‌ی به‌جێ ده‌کاته‌وه‌، له ‌به‌رانبه‌ر هه‌ستێکی هه‌ڵچونئامێزه‌وه‌، که‌ خه‌یاڵ چنیویه‌تی. هه‌ندێک له‌ ڕەخنە‌گران پێیان وایه‌، برۆته‌س زیاده‌ڕۆیی ده‌کات له‌ بینینی ئه‌و ماوه‌یه‌ی، که‌ قه‌یسه‌ری ئێستا، وه‌کو پاشا، له‌ قه‌یسه‌ری داهاتوو، وه‌کو دیکتاتۆر جیا ده‌كاته‌وه‌. برۆته‌س ده‌توانێ مشتومڕه‌که‌ی ده‌رباره‌ی قه‌یسه‌ر و گه‌یشتن به‌ بڕیاری کوشتنه‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی لۆژیکی به‌ره‌و پێش ببات، هه‌ر کاتێک قه‌یسه‌ر ببێت به‌ دیکتاتۆر. به‌ گشتی، هه‌موو ئه‌مانه‌ لایان به‌ لای ئه‌و ململانێ سایکۆڵۆژییه‌ نه‌کردووەته‌وه‌، که‌ له‌ ده‌روونی برۆته‌سه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

له خۆدواندنی دووه‌مدا، ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی که‌ ده‌کشێن، پڕن له‌ مانای شاراوه‌ بۆ کاشیه‌س و کاسکا، که‌چی بۆ برۆته‌س له‌و ڕووناکییه‌ زیاتر نییه‌، که‌ نامه‌که‌ی له‌به‌ر ده‌خه‌وێنێته‌وه:

ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی، که‌ ده‌کشێن، ویزه‌ویز ده‌که‌ن. ڕووناکییه‌کی هێنده‌ زۆر ده‌به‌خشن، که‌ ده‌توانم ئه‌م نامه‌یه‌ی له‌به‌ر بخوێنمه‌وه.”

که‌واته‌ ڕووناکییه‌که‌ یارمه‌تی یه‌کێک له‌ هه‌سته‌کانی ده‌دات، ئه‌ویش هه‌ستی بینینه‌. مه‌به‌سته‌که‌ش خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌یه‌، که‌ کار له‌ سرووشت و ده‌روونی برۆته‌س ده‌کات، به‌ پێی بۆچونی کاسکا، چونکه‌ پیلانگێڕییه‌که‌ ده‌کاته‌ کرده‌وه‌یه‌کی په‌سن:

برۆته‌س شوێنێکی گرنگی له‌ دڵ و دەروونی خه‌ڵکدا هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر برۆته‌س پشتگیریی ئێمه‌ بکات، کاره‌که‌مان، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ ڕواڵه‌تدا ناپه‌سن و دڕندانه‌ش بێت، ئه‌وا ئه‌م پشتگیریکردنه‌ی ئه‌و، وه‌ک ئه‌فسوون، ده‌یکاته‌ کارێکی په‌سن و به‌هادار.”

دیمه‌نی سێیه‌م،‌ به‌شی یه‌که‌م

له‌ ڕاستیدا کاریگه‌رێتیی نامه‌که‌ که‌متر نییه‌ له‌ کاریگه‌رێتی به‌ هه‌ڵه‌هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانی برۆته‌س، چونکه‌ ئه‌ویش ئاماژه‌یه‌ بۆ فریوخواردنی له‌ ڕێگه‌ی کارتێکردن له‌ سایکۆڵۆژییه‌تی برۆته‌س.

خۆدواندنی سێیه‌م ئه‌و کاته‌ دێت، که‌ لۆشیه‌س خه‌ریکه‌ پیلانگێڕه‌کان بۆ لای برۆته‌س دێنێت. له‌م خۆدواندنه‌دا هه‌موو ئاماژه‌ شاراوه‌کانی پێشتر ڕوون ده‌بنه‌وه‌، که‌ پەیوه‌ندییان به‌ هه‌ست و دەروونی برۆته‌سه‌وه‌‌ هه‌یه. برۆته‌س به‌م شێوه‌یه‌ وه‌سفی دۆخه‌که و ده‌رهاویشته‌کانی‌ ده‌کات:

له‌و رۆژه‌وه‌ کاشیه‌س هانی دام له‌ دژی قه‌یسه‌ر بوه‌ستم، خه‌وم نه‌ماوه‌. هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌ی، که‌ له ‌نێوان بڕیاردان بۆ ئه‌نجامدانی کارێکی پڕ مه‌ترسیی و خودی ئه‌نجامدانی کاره‌که‌ دایه‌، وه‌کو مۆته‌که‌ و خه‌ونێکی سامناک وایه‌. جه‌سته‌ له‌گه‌ڵ نه‌ست به‌ یه‌که‌وه‌ له‌ دژی بیر و هۆشی به‌ ئاگا کار ده‌که‌ن. بۆیه‌ مێشکی مرۆڤ وه‌کو مه‌مله‌که‌تێکی لێ دێت، که‌ پڕ بێت له‌ ئاژاوه‌ و یاخیبوون.

دیمه‌نی یه‌که‌م، به‌شی دووه‌م

جگه‌ له‌مه‌ش برۆته‌س پێشنیازێکی باشتری کاشیه‌س ڕه‌ت ده‌کاته‌وه سه‌باره‌ت به‌ کوشتنی ئه‌نتۆنی‌. خۆ ئه‌گه‌ر سه‌یری برۆته‌س بکه‌ین وه‌کو مرۆڤێکی ئایدیالیست، که‌ پێی وایه‌ ڕاستی ته‌نیا له ‌ناو مێشکی ئه‌ودایه‌، ئه‌وا له‌ ڕووی پراکتیکییه‌وه‌ لێهاتوو نییه‌ وه‌کو زۆربه‌ی ڕەخنە‌گره‌کان له‌سه‌ری کۆکن. بۆیه‌ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی پێشنیازه‌که‌ی کاشیه‌س پیلانگێڕییه‌که‌ به‌ ئاقارێکی خراپتردا ده‌بات. به‌ واتایه‌کی تر برۆته‌س خۆی ده‌بێته‌ هۆکاری شڵه‌ژان و تێکچوونی باری دەروونی خۆی و پشێویی ڕۆما.  شایانی باسه‌، ڕیزبه‌ندیی ئه‌م سێ خۆدواندنه‌یه‌، که‌ باری دەروونی برۆته‌س ده‌خاته‌ ڕوو، دوای ئه‌وه‌ی له ‌یه‌که‌م دێڕی خۆدواندنی یه‌که‌مدا بڕیار له‌سه‌ر کوشتنی قه‌یسه‌ر ده‌دات. ڕیزبه‌ندییه‌که نه‌خشه‌یه‌کی تایبه‌ته‌ به‌ بونیادی درامی شانۆنامه‌که و ‌‌گوزارشت له‌وه‌ نا‌کات، که‌ لێکدانه‌وه‌کانی برۆته‌س هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو به‌ شێوه‌یه‌کی لۆژیکی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چن وه‌کو پرۆفیسۆر دۆڤه‌ر ویڵسن باسی لێوه‌ ده‌کات.

ئه‌گه‌رچی شه‌کسپیر شتێکی که‌م ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و ڕووداوانه‌ی، که‌ پلووتاک سه‌باره‌ت به‌ ژیاننامه‌ی برۆته‌س باسیان لێوه‌ ده‌کات، به‌ڵام لێکدانه‌وه‌ی بینینی خۆی بۆ بابه‌ته‌که‌ و هه‌روه‌ها داڕشتنی مه‌سه‌له‌ تراژیدییه‌که‌ و تێکهه‌ڵکێشکردنی لەگه‌ڵ ڕووداوه‌کان یه‌کبابه‌تی ده‌به‌خشنه‌ شانۆنامه‌که‌، که له‌ سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌که‌دا نییه‌. ئه‌و ورده‌کاریانه‌ی، که‌ پلووتارک باسیان لێوه‌ ده‌کات، له‌ لای شه‌کسپیر له‌ پەیوه‌ندییه‌ که‌سێنییه‌کان ده‌رده‌که‌ون. دیاره‌ ئه‌مه‌یش سیمایه‌کی زه‌قی شانۆنامه‌که‌یه‌. شه‌کسپیر له ‌ژێر هه‌ڵوێستی پلووتارکدا ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وت و بڕیاره‌ سه‌رپێییانه‌ ده‌خاته‌ پاڵ کاره‌کته‌ره‌کان، نه‌ک وه‌کو کۆمه‌ڵه‌ مرۆڤێکی نامۆ به‌یه‌کتر، به‌ڵکو وه‌کو کۆمه‌ڵه‌ مرۆڤێک، که‌ به‌ درێژایی ژیانیان یه‌کتریان ناسیوه‌. بڕیار و هه‌ڵسوکه‌ته‌کانیش له‌ بنچینه‌دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پاڵنه‌ره‌ دەروونییه‌کان و هه‌ڵوێستی کاره‌کته‌ره‌کانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ یه‌کتر. هه‌ڵسه‌نگاندنی کاره‌کته‌ره‌کان بۆ یه‌کتر ده‌که‌وێته‌ ژێر کاریگه‌رێتی ئه‌و وێنه‌یه‌ی، که‌ پێشتر له‌ هزریی خۆیاندا بۆ یه‌کتر پێشبینییان کردووه‌. دیاره‌ ئه‌مه‌یش بڕیاری لاوازی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌. نموونه‌یش بۆ ئه‌م حاڵه‌ته‌ زۆره‌. هه‌ڵوێستی قه‌یسه‌ر به‌رامبه‌ر به‌ کاشیه‌س، هه‌ڵوێستی برۆته‌س به‌رامبه‌ر به‌ کاسکا و هی کاشیه‌س به‌رامبه‌ر به‌ برۆته‌س. هه‌روه‌ها دواتر له دیمه‌نی یه‌که‌می به‌شی دووه‌می‌ شانۆنامه‌که‌دا ڕووبه‌ڕووی ڕا و بۆچوونی پیلانگێڕه‌کان ده‌بینه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ سیسرۆ، به‌ قه‌یسه‌ر، هه‌روه‌ها به‌ ئه‌نتۆنی. له‌ دیمه‌نی دووه‌می به‌شی سێیه‌می شانۆنامه‌که‌شدا، ڕێک له کاتی ناشتنی ته‌رمی قه‌یسه‌ردا، ڕا و بۆچوونی هه‌ریه‌ک له‌ برۆته‌س و ئه‌نتۆنی به‌رامبه‌ر به‌ قه‌یسه‌ر ده‌خرێته‌ ڕوو. پاشان ڕای کاشیه‌س به‌رامبه‌ر به‌ لێپیدۆس، که‌ له‌ دیمه‌نی یه‌که‌می به‌شی چواره‌می شانۆنامه‌که‌دا ده‌رده‌بڕێت. له‌ کۆتایی شانۆنامه‌که‌شدا ئه‌نتۆنی ستایشی برۆته‌س ده‌کات. چاره‌نووسی زۆربه‌ی مرۆڤه‌کان ده‌وه‌ستێته‌ سه‌ر ئه‌م ڕا و بۆچوونانه‌. دیمه‌نه‌ سه‌رنجڕاکێشه‌کان، ڕووداوه‌کان، کاره‌کته‌ره‌کان، هه‌روه‌ها بیرۆکه‌ بنچینه‌ییه‌کان به‌ درێژایی شانۆنامه‌که‌ له ‌ژێر مه‌ترسیی بڕیاری کاره‌کته‌ره‌کان دان.

 له‌ پاڵ ئه‌مانه‌شدا، شه‌کسپیر سه‌رنجه‌کان به‌ ئاڕاسته‌ی لێکدانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان ڕاده‌کێشێت زیاتر له‌ خودی ڕووداوه‌کان. بۆیه‌ ده‌بینین ڕێوڕه‌سمی تاجپێدانه‌که‌ی قه‌یسه‌ر ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ پیشان نادرێت، به‌ڵکو کاسکا به‌ شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ ده‌یگوازێته‌وه‌. هه‌روه‌ها نموونه‌یه‌کی تر بۆ به ‌هه‌ڵه‌لێکدانه‌وه‌، لێکدانه‌وه‌که‌ی کاشیه‌سه‌ بۆ ئه‌و قسه‌یه‌ی که‌ پۆپلیه‌س لینا، به‌ گوێی قه‌یسه‌ردا ده‌یچڕپێنێت به‌ر له‌ کوشتنی قه‌یسه‌ر. کاشیه‌س هه‌ر وا ده‌زانێت خیانه‌تیان له‌گه‌ڵدا کراوه‌وه‌ و پیلانه‌که‌یان ئاشکرا بووه‌، چونکه‌ ساتێک پێشتر گوێی له‌ پۆپلیه‌س لینا بوو هیوای سه‌رکه‌وتنی بۆ پیلانگێڕه‌کان خواست. کاشیه‌س به‌ چرپه‌چرپه‌که‌ی پۆپلیه‌س لینا ده‌شڵه‌ژێ، چونکه‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه‌ی بۆ ده‌کات:

کاسکا، نه‌ختێک په‌له‌ بکه‌. ده‌ترسم تووشی ته‌گه‌ره‌یه‌ک بێین. برۆته‌س، چی بکه‌ین؟ خۆ ئه‌گه‌ر پیلانه‌که‌مان ئاشکرا بێت یا من یا قه‌یسه‌ر به‌ زیندوویی لێره‌ ناچینه‌ ده‌ره‌وه‌. من خۆم ده‌کوژم.

ئه‌گه‌رچی ئه‌م دیمه‌نه‌ ڕێک له‌ سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌که‌ی پلووتارک وه‌رگیراوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ نه‌خشه‌داڕێژییه‌که‌ی شه‌کسپیر ده‌گونجێت. دواجار، کوشتنی سینای شاعیریش، که‌ ڕێک له‌ سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌که‌وه‌ وه‌رگیراوه‌، له‌ ئه‌نجامی هه‌ستێکی هه‌ڵچوونئامێزه‌وه‌ دێت، که‌ شه‌کسپیر جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌کاته‌وه‌ و به‌ربه‌ستکردنی زه‌حمه‌ته‌.


١١. بڕوانه‌
J. Dover Wilson, Introduction to Julius Caesar (New Cambridge Shakespeare, 1949)

هاوبەشی بکە

julius caesar, Shakespeare,