دیدی من – عه‌لی عوسمان یاقووب
ناونیشانی شانۆنامه‌ی ”یۆلیۆس قه‌یسه‌ر” پرسێکی تره، که مشتومڕێکی زۆری ناوه‌ته‌وه. مشتومڕه‌که، دواجار په‌لی بۆ زۆر بابه‌تی تر هاویشتووه، له‌وانه: کامه له کاره‌کته‌ره‌کان، کاره‌کته‌رێکی تراژیدییه، برۆتهس یان قه‌یسه‌ر؟ ئه‌ی پاساو بۆ ناونیشانه‌که‌ی چییه؟
بێگومان کاره‌کته‌ری برۆتهس یه‌کێکه له‌و کاره‌کته‌رانه‌ی شه‌کسپیر، که زۆربه‌ی خوێنه‌ر و ڕەخنەگرانی تووشی سه‌رسوڕمان کردووه. که‌م ڕەخنەگر هه‌یه نکوڵی له ڕۆڵی ئه‌م کاره‌کته‌ره بکات، وه‌کو کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی شانۆنامه‌که. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، شانۆنامه‌که ناوی کاره‌کته‌ری قه‌یسه‌ری هه‌ڵگرتووه. بۆ؟
زۆر له ڕەخنەگرهکان پێیان وایه، که سه‌رکه‌وتوترین لێکدانه‌وه بۆ ئه‌م شانۆنامه‌یه ئه‌وه‌یه، ڕەخنەگر دان به‌وه‌دا بنێت، قه‌یسه‌ر چ وه‌کو ناو چ وه‌کو ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی شانۆنامه‌که‌یه. دیاره ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه کاردانه‌وه‌یه‌کی سرووشتی ئه‌و بۆچوونه کۆنه‌یه، که قه‌یسه‌ره‌که‌ی شه‌کسپیر دیکتاتۆرێکی به‌د و ناپه‌سند بووه، چونکه بیرۆکه‌ی دیموکراسییه‌تی شێواندووه. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، شایسته‌ی سزادانه. ئه‌م بیرۆکه‌یه، که لێکدانه‌وه‌ی سه‌رده‌می رێنیسانس بوو، ساڵانێکی دوورودرێژ مۆرکی سه‌ره‌کی شانۆنامه‌که بوو. له ئه‌نجامدا، ڕەخنەگرهکان به هیچ شێوه‌یه‌ک لایان به لای ئه‌و بۆچوونه نه‌کرده‌وه، که دوور نییه شه‌کسپیر، وه‌کوو ”ڕۆی واڵکه‌ر” ١٢ باسی لێوه ده‌کات، ویستبێتی قه‌یسه‌ر وه‌کو سه‌رکرده‌یه‌کی باش و مه‌زن پیشان بدات و ئێمه‌ش به ڕێزه‌وه سه‌یری بکه‌ین. بۆیه هه‌ر که‌مکردنه‌وه‌یه‌ک له نرخ و سه‌نگی ڕۆڵی قه‌یسه‌ر هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه، چونکه زاڵبوونی ڕۆحی قه‌یسه‌ر له به‌شه‌کانی کۆتایی شانۆنامه‌که‌دا ده‌کاته شتێکی بێ‌مانا. به‌ڵام له سه‌رێکی تره‌وه، داننان به قه‌یسه‌ر چ وه‌کو ناو و چ وه‌کو کاره‌کته‌رێکی سه‌ره‌کی و ڕاسته‌قینه ڕه‌نگه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌تر بێت، چونکه به به‌راوردکردن له‌گه‌ڵ پاڵه‌وانه تراژیدییه‌کانی شه‌کسپیر، ده‌رده‌که‌وێ که قه‌یسه‌ری شه‌کسپیر هه‌موو ئه‌و مه‌رجانه‌ی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ نابێت، که به‌سه‌ر پاڵه‌وانێکی تراژیدیی جێبه‌جێ ده‌بێت، چونکه شه‌کسپیر ئه‌وه‌نده کار له‌سه‌ر کاره‌کته‌ری قه‌یسه‌ر ناکات وه‌کو له کاره‌کته‌ره‌کانی تردا ده‌یکات. هه‌ر بۆیه ناوبانگی قه‌یسه‌ر به هۆی کارکردن له‌سه‌ر کاره‌کته‌ری برۆتهسهوه له‌بیر ده‌کرێت.
به‌هه‌رحاڵ، (ئه‌ی. سی. برادلی ١٨٥١−١٩٣٥) له لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی دوورودرێژدا، که له‌سه‌ر هه‌ر چوار تراژیدیاکه‌ی ”هامڵێت، ماکبێس، شالیر، ڕۆمیۆ و جولێت” نووسیویه‌تی، ڕۆڵی قه‌یسه‌ر له ڕۆلی برۆتهس جیا ده‌کاته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی له به‌ها و ڕۆڵی هیچ کامیان که‌م بکاته‌وه. برادلی ده‌ڵێت: قه‌یسه‌ر، له سه‌رێکه‌وه هه‌موو چیڕۆکه‌که‌ی داگیر کردووه، به‌ڵام برۆتهس پاڵه‌وانه‌که‌یه”١٣. ئه‌گه‌رچی برادلی له ڕوانگه‌ی ئه‌م جیاکردنه‌وه‌یه‌دا هیچ لێکدانه‌وه‌یه‌ک ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م ناونیشانه بۆ شانۆنامه‌که ناخاته ڕوو، به‌ڵام تێبینییه‌کانی ئه‌و، ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن، که پاساوێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ ناونیشانه‌که له‌وه‌دایه، که قه‌یسه‌ر به درێژایی شانۆنامه‌که وه‌کو ڕابه‌رێک بۆ ڕووداوه‌کان، ئاماده‌یه. ده‌شێ ئه‌م بۆچوونه له جێی خۆیدا بێت، به‌ڵام که‌موکوڕیشی تیایه. ئه‌گه‌ر ئه‌م بۆچوونه به‌سه‌ر هه‌ندێک له شانۆنامه‌کانی تری شه‌کسپیر جێبه‌جێ بکه‌ین، ئه‌و کاته که‌موکوڕییه‌که ڕوون ده‌بێته‌وه. بۆ نموونه، ده‌بێ ناونیشانی شانۆنامه‌ی هامڵێت سه‌باره‌ت به تارمایی هامڵێتهوه بێت، چونکه ئه‌م تارماییه‌یه تا کۆتایی شانۆنامه‌که ئاماده‌یه و هه‌ر ئه‌ویش کێشه سایکۆلۆژییه‌کان دروست ده‌کات و پاڵه‌وانه‌که ده‌خاته داوه‌وه و دواجار ده‌یکاته مرۆڤێکی بێ‌توانا. ئه‌وه‌ی له یۆلیۆس قه‌یسه‌ریش ڕوو ده‌دات شتێکی ئاوایه. به‌ڵام ڕاستی مه‌سه‌له‌که له‌وه‌دایه، که شه‌کسپیر له هیچ کام له شانۆنامه‌کانیدا ناونیشانه‌که‌ی به ناوی ئه‌و کاره‌کته‌ره یا کاره‌کته‌رانه نه‌کردووه، که به‌رپرسن له تراژیدیاکه ئه‌گه‌ر کاره‌کته‌ره‌که یا کاره‌کته‌ره‌کان کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی نه‌بن. به پێی ئه‌م بۆچوونه بێت، قه‌یسه‌ر کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی شانۆنامه‌که‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ده‌شێ کێشه‌ی ناونیشانه‌که به‌مه‌ش یه‌کلا نه‌بێته‌وه. دوور نییه شه‌کسپیر له دانانی ئه‌م ناونیشانه مه‌به‌ستی ئه‌وه بێت، که ئێمه پێویسته له گۆشه‌نیگای برۆتهسهوه به ته‌واوی له ئاکامی تراژیدییه‌که بگه‌ین، که له ئه‌نجامی زنجیره‌یه‌ک بهههڵهداچووندا قه‌یسه‌ر ده‌کوژێت، چونکه برۆتهس له کاره‌کته‌ری قه‌یسه‌ردا که‌سێکی تر ده‌بینێت، زیاتره له‌وه‌ی که هه‌یه. بۆیه ده‌شێ شه‌کسپیر به‌م ناونیشانه بیه‌وێت بایه‌خ به جیاوازیی نێوان دوو وێنه‌ی قه‌یسه‌ر بدات، که له مێشکی برۆتهسدایه، یه‌کێکیان وێنه‌ی قه‌یسه‌ری ڕاسته‌قینه‌یه، ئه‌وه‌ی تر وێنه‌ی قه‌یسه‌ره وه‌کو دیکتاتۆرێک، که خه‌یاڵی برۆتهس خۆی چنیویه‌تی. هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌مان بیر بێنێته‌وه، که جیاوازی نێوان ئه‌و دوو وێنه‌یه ده‌بێته هۆی ڕووخانه تراژیدییه‌که‌ی برۆتهس.
قه‌یسه‌ری ڕاسته‌قینه، ئه‌و قهیسهرهیه، که له سێ به‌شی یه‌که‌می شانۆنامه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت و وه‌کو کاشیهس و کاسکا باسی لێوه ده‌که‌ن، بریتییه له تێکه‌ڵاوێک له ئه‌فسانه، له‌خۆبایبوون، لاوازیی له ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه، تیژبینی، هه‌روه‌ها زیره‌کی له ڕووی سیاسییه‌وه. زۆر له ڕەخنەگرهکان پێیان وایه، که قه‌یسه‌ر دوو کاره‌کته‌ری له خۆیدا گرتووه. له سه‌رێکه‌وه، پیاوێکی لێنه‌هاتووه، که ناتوانێت به‌ره‌نگاری شه‌پۆڵه‌کانی ڕووباری تایبه‌ر بێته‌وه، بۆیه کاشیهس ڕزگاری ده‌کات، هه‌روه‌ها سه‌ربازێکی پهرکهمداره و به‌رگه‌ی گرانهتایهک ناگرێت. له سه‌رێکی تریشه‌وه، توانایه‌کی زۆر باشی هه‌یه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی خه‌ڵک. ئه‌وه قه‌یسه‌ره حه‌قیقه‌تی کاشیهس، وه‌کو یه‌کێک که جێگای مه‌ترسی بێت، ده‌بینێت. ئه‌وه قه‌یسه‌ره، که هیچ کاتێک نه‌چووه‌ته ”ژێر باری هه‌ست و سۆز زیاتر له ئه‌قڵ و بیرکردنه‌وه‌ی به‌جێ” وه‌کو برۆتهس باسی لێوه ده‌کات.
کاتێ کاشیهس هانی برۆتهس ده‌دات بێته ڕیزی پیلانگێڕه‌کانه‌وه ئه‌و جیاوازییه بۆ ئه‌و ده‌خاته ڕوو، که له نێوان قه‌یسه‌ر، وه‌کو ده‌سه‌ڵاتخواز، له‌گه‌ڵ قه‌یسه‌ر، وه‌کو مرۆڤێکی لاواز له ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه، هه‌یه، به‌هه‌رحاڵ، لاوازیی قه‌یسه‌ر له ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه هیچ ڕۆڵی نییه له‌و بڕیاره‌ی، که برۆتهس ده‌یدات، سه‌باره‌ت به له‌ناوبردنی قه‌یسه‌ر. له لایه‌کی تره‌وه، هه‌رچه‌نده کاشیهس پیاوێکی به فێڵ و ته‌ڵه‌که‌یه، به‌ڵام برۆتهس به شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ و له‌سه‌ر هه‌ندێک بنه‌مای تر، که زۆر جیاوازه له‌وه‌ی که کاشیهس پێشنیازی بۆ ده‌کات، ده‌گاته بڕیاری خۆی.
قه‌یسه‌ر وه‌کو برۆتهس ده‌یبینێت، پیاوێکه ویستێکی به‌هێزی هه‌یه، له دەروونهوه به‌فیز و له‌خۆباییه. لهخۆبایبوونهکهی به‌ربه‌ست ناکرێت. بۆیه، برۆتهس کوده‌تا به ڕێگایه‌کی گونجاو ده‌زانێت بۆ دابینکردنی دادپه‌روه‌ری. شایانی باسه په‌سنکردنی ئه‌م بیرۆکه‌یه زۆر گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له تراژیدیای برۆتهس، وه‌کو هه‌ندێ له ڕەخنەگران جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌که‌نه‌وه. برۆتهس له‌وه به هه‌ڵه‌دا ده‌چێت، که ئه‌و قه‌یسه‌ره به‌هێز و له‌خۆباییه به قه‌یسه‌ری ڕاسته‌قینه داده‌نێت، چونکه پرۆسه‌ی گۆڕانی قه‌یسه‌ر له‌و قه‌یسه‌ره ڕاسته‌قینه‌یه‌ی که له سێ به‌شی یه‌که‌می شانۆنامه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت بۆ قه‌یسه‌رێکی دیکتاتۆر، له خه‌یاڵ و لێکدانه‌وه‌ی برۆتهس به‌ڕێوه ده‌چێت. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه هه‌موو شانۆنامه‌که به‌ره‌به‌ره ئاشکراکردنی هه‌ست و شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی برۆتهسه له لایه‌ن برۆتهس خۆیه‌وه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ئه‌و خۆی، نه‌ک قه‌یسه‌ر، تاوانێکی ئه‌نجام داوه. به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه، ناونیشانی شانۆنامه‌که گوزارشتێکی به‌هێزی ئیرۆنیای درامی یاخود مانا پێچه‌وانه‌که‌یه. ئه‌مه‌یش ده‌بێته بنچینه بۆ ئه‌و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه تراژیدییه‌ی، که ئاماژه‌مان پێ دا.
برۆتهس هه‌ر له سه‌ره‌تای شانۆنامه‌که‌دا، رێک له دیمه‌نی دووه‌می به‌شی یه‌که‌مدا، له به‌رانبه‌ر هاندانی کاشیهس ده‌بێته نێچیڕێکی ئاسان، کاتێک له بێئاگاییه‌وه گومانی خۆی سه‌باره‌ت به قه‌یسه‌ر ده‌رده‌بڕێت و ده‌ڵێت: ”به‌ڕاستی ده‌ترسم خه‌ڵکه‌که قه‌یسه‌ر به پاشا هه‌ڵبژێرن.” پاشان قسه‌کانی کاشیهس ده‌رباره‌ی سه‌ربه‌ستی پاساوێکی باشن بۆ ئه‌و بیرۆکه شاراوانه‌ی، که له مێشکی برۆتهسدان. بێجگه له‌مه‌ش، برۆتهس دواجار نه‌وه‌ی ئه‌و کهڵهمێردانهیه، که ”تارکین”ی پاشای ڕۆمایان له شه‌قامه‌کانی ڕۆما ده‌رکرد، ئه‌و تارکینهی، که به ڕه‌گه‌ز یۆنانی بوو. به‌ڵام له خۆدواندنهکهی برۆتهس، که له دیمه‌نی یه‌که‌می به‌شی دووه‌می شانۆنامهکهدایه، ده‌رده‌که‌وێت، که پاساوی سیاسیی بۆ ئه‌و به‌س نییه تا بیکات به بیانوو بۆ ئه‌نجامدانی کاری چاوه‌ڕوانکراو، که له‌ناوبردنی قه‌یسه‌ره. بۆیه له ناخه‌وه به دوای پاساوی تردا ده‌گه‌ڕێت و بنه‌چه و ئه‌سڵ و فه‌سڵی خۆی و مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌ستیی له‌بیر ده‌کات. له بیرکردنه‌وه‌یه‌کی قووڵدا، دان به‌وه‌دا ده‌نێت، که ترس و نیگه‌رانییه‌کانی پەیوه‌ندییان به‌و ده‌سه‌ڵاته ڕه‌هایه‌وه هه‌یه، که ڕه‌نگه قه‌یسه‌ر له داهاتوودا بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ری بکات. برۆتهس له‌وه ده‌ترسێت، کاتێک قه‌یسه‌ر ده‌گاته ترۆپکی ده‌سه‌ڵات، ”لووتبه‌رز و له‌خۆبایی ده‌بێت. ته‌نانه‌ت پشت له‌و که‌سانه‌ش ده‌کات، که پشتگیری‌یان کردووه و به چاوی نزمه‌وه سه‌یریان ده‌کات.” چونکه ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی له به‌زه‌یی داده‌بڕێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ویژدانی زیندووی ناچاری ده‌کات دان به‌وه‌دا بنێت، که هێشتا قه‌یسه‌ر هیچ کام له‌م خه‌سڵه‌ته قێزه‌ونانه‌ی تیا ده‌رنه‌که‌وتووه، چونکه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌که له‌گه‌ڵ ”ڕەفتاری ئێستای قه‌یسه‌ر” نییه، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ ”هه‌ڵسوکه‌وتی داهاتوو”ی قه‌یسه‌ره. به‌هه‌رحاڵ، ئه‌م دانپێدانانه ڕاستگۆییه، به‌تاڵ ده‌بێته‌وه کاتێک هێزێکی شه‌یتانی، ناعه‌قڵانی له کرۆکه‌وه به ئاقارێکی تری‌دا ده‌بات:
”با مه‌سه‌له‌که ئاوا لێک بده‌ینه‌وه: ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی قه‌یسه‌ر زۆر به‌هێز بێت، ئه‌و پێشبینییانه جێبه‌جێ ده‌کات. که‌واته با وه‌کو هێلکهمارێک سه‌یری بکه‌ین. هه‌رکاتێک بترووکێت، ده‌بێته مارێکی ژه‌هراوی کوشنده. له‌به‌ر ئه‌وه با هه‌ر له ناو هێلکه‌دا بیکوژین.”
دیمه‌نی یه‌که‌م، به‌شی دووه‌م
له گه‌رمه‌ی ئه‌و ترس و تۆقاندنه‌ی، که دوای کوشتنی قه‌یسه‌ر باڵ به‌سه‌ر دۆخه‌که‌دا ده‌کێشێت، برۆتهس بواری ئه‌وه‌ی نابێت، وه‌کو پێشتر به قووڵی بیر بکاته‌وه. برۆتهس به‌ڵێن به ئه‌نتۆنی ده‌دات، که هۆکاری ماقوول و به‌جێ سه‌باره‌ت به کوشتنی قه‌یسه‌ر بخاته ڕوو. ئه‌و قه‌یسه‌ره‌ی، که، وه‌ک خۆی گوتی، له کاتی کۆشتنیشیدا هه‌ر خۆشی ده‌ویست. به‌هه‌رحاڵ، برۆتهس له ڕووی پراکتیکییه‌وه به‌ڵێنه‌که‌ی جێبه‌جێ ناکات، به‌ڵام ئێمه ناتوانین ڕێگه له‌و بۆچوونه بگرین، ئه‌گه‌ر برۆتهس بیتوانیبا به‌ڵێنه‌که‌ی جێبه‌جێ بکات، ئه‌و هۆکارانه‌ی، که ده‌یخستنه ڕوو، بۆ خۆی که‌متر جێگای بڕوا ده‌بوون تا ئه‌نتۆنی، سه‌باره‌ت به‌و ململانێ دەروونییهی، که له ناخی برۆتهسدا هه‌یه. هه‌ر بۆیه‌ش ماوه‌ی به‌ر له ده‌رکه‌وتنی تارمایی قه‌یسه‌ر، که پڕه له ته‌داره‌کی ئاماده‌کاریی سه‌ربازیی و برۆتهس بواری نابێت، وه‌کو پێشتر به وردیی به خۆیدا بچێته‌وه، ڕێگه به ململانێی خه‌فه‌کراوی ناو دەروونی ده‌دات بێته ده‌ره‌وه:
”مانگی ئادارت بیر چوو؟ پانزه‌ی ئادار بیر خۆت بێنه‌وه. ئه‌و هه‌ر له پێناوی دادپه‌روه‌ریی و یه‌کسانی نه‌بوو خوێنی قه‌یسه‌ری مه‌زنمان ڕشت؟ له دادپه‌روه‌ریی به‌ولاوه، کامه نامه‌رد به مه‌به‌ستێکی تر خه‌نجه‌ره‌که‌ی وه‌شانده جه‌سته‌ی قه‌یسه‌ر؟ ئاخر که‌سێک له ئێمه، که ته‌خت و به‌ختی گرنگترین مرۆڤی ئه‌م جیهانه‌مان ڕووخاند، ئامانجی ئه‌وه بوو پشتگیریی له دز و جه‌رده‌کان بکات؟ ئایا ڕه‌وایه ئێمه ده‌ست و په‌نجه‌کانمان به چڵکی ڕه‌شوه‌ت گڵاو بکه‌ین و پله‌وپایه گه‌وره‌کان بۆ هه‌ندێک پاره‌وپووڵ بفرۆشین، که هێنده‌ی چنگی ده‌سته؟”
دیمه‌نی سێیه‌م، به‌شی چواره‌م
هۆکاری ئه‌م تووڕه‌بوونه کتوپڕه گرنگ نییه. ئه‌وه‌ی گرنگه هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی به‌هاکانه. قه‌یسه‌ری ده‌سه‌ڵاتخواز بووه‌ته قه‌یسه‌ری مه‌زن و گرنگترین مرۆڤ نه‌ک ته‌نیا له ڕۆما به‌ڵکو له هه‌موو جیهان و ئه‌وانه‌یش، که کوشتیان بوونه‌ته نامه‌رد. به‌ڵام خاڵی ترسناک ئه‌و کاته سه‌رهه‌ڵده‌دا، که تارماییه‌که‌ی قه‌یسه‌ر ده‌رده‌که‌وێت. ده‌رکه‌وتنی تارماییه‌که ته‌کانێک به ده‌رکه‌وتنی ئه‌و ڕاستییه ده‌دات، که له دەروونی برۆتهسدا کامڵ بووه و چیتر ناتوانێت له قووڵایی ویژدانی برینداربووی بمێنێته‌وه. پێش ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌که ده‌ست پێ بکات، برۆتهس ئاسووده‌یی هه‌روه‌ها ملکه‌چبوونی بۆ دۆخه‌که پێوه دیاره. ئاسووده‌ییه‌که نیشانه‌ی مه‌رگی ڕۆحه و ملکهچبوونهکەیش بۆ دۆخه‌که نیشانه‌ی بێئومێدییه:
ئای یۆلیۆس قه‌یسه‌ر، هێشتا هه‌ر به‌هێزیت! ئه‌وه‌تا ڕۆحت ده‌سووڕێته‌وه و نووکی شهمشێرهکانمان ڕووه‌و جه‌سته‌ی خۆمان ههڵدهگهڕێنیتهوه.”
دیمه‌نی سێیه‌م له به‌شی دووه‌م
برۆتهس چیتر ناتوانێت له‌گه‌ڵ ”بوون”ێک هه‌ڵبکات، که دیوی ده‌ره‌وه‌ی شکۆمه‌ندیی و ڕێزگیریی و سه‌ربه‌رزییه و له ناوه‌وه‌شدا پیس بووه. بۆیه ده‌یه‌وێت کۆتایی به‌م پیسبوونه، به‌م درۆکردنه بێنێت. لێره‌دا، برۆتهس وه‌کو ”ئۆدیپ” دژی خۆی ده‌وه‌ستێت و داوای دادپه‌روه‌یی ده‌کات، دوای ئه‌وه‌ی له پشتگیریکردنی سه‌ربه‌ستی و پاڕاستنی وڵات له توندوتیژیی، به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌کان پێشێل ده‌کات. ئه‌و به‌ها مرۆڤایهتییانهی، که مرۆڤ وابه‌سته‌ی ڕاستگۆیی ده‌کات له پێوه‌ندییه‌کانی له گه‌ڵ خه‌ڵکی تر. برۆتهس ڕاستگۆ نه‌بوو. بۆیه پێویسته سزای خۆی بدات ئه‌گه‌ر چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ریی به ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی بزانێت.
که‌واته ئه‌وه ئاکامی شه‌ڕه‌که‌ی فیلیپی نییه، که برۆتهس ناچار ده‌کات دان به هه‌ڵه‌ی خۆیدا بنێت و ڕووبه‌ڕووی چاره‌نووسی خۆی بێته‌وه، به‌ڵکو دانپێدانانه‌که به‌ڵگه‌یه‌کی پێویسته بۆ ئه‌و خیانه‌ته‌ی، که له‌گه‌ڵ قه‌یسه‌ردا ده‌یکات. خیانه‌ته‌که‌ی برۆتهس خراپتره له خیانه‌تی مرۆڤێک له‌گه‌ڵ هاوڕێکه‌ی، چونکه ئه‌و قه‌یسه‌ره‌ی ئه‌و ده‌یکوژێت، ئه‌و قه‌یسه‌ره نییه، که له پانزه‌ی ئادار ده‌کوژرێت، به‌ڵکو ئه‌و قه‌یسه‌ره‌ی ئه‌و ده‌یکوژێت، ئه‌و قهیسهرهیه، که ڕه‌نگه له گه‌رمه‌ی سه‌رکه‌وتندا پشت له هاوڕێکان و له گشت خه‌ڵک بکات. ئه‌م بینینه‌ی برۆتهس بینینێکی سوپهرمانانهیه. به واتایه‌کی تر برۆتهس ڕۆڵی خواوه‌ندێک ده‌بینێت. ئه‌گه‌ر له‌م بینینه‌ی برۆتهسهوه سه‌یری شانۆنامه‌که بکه‌ین، قه‌یسه‌ر ده‌بێته پاڵه‌وانێکی تراژیدی. به‌ڵام قه‌یسه‌ر کاره‌کته‌رێکی تراژیدی نییه و برۆتهسیش خواوه‌ند نییه، چونکه ئه‌وه قه‌یسه‌ر نییه تاوانی به‌رامبه‌ر به خواوه‌نده‌کان کردبێت و خۆی به گه‌وره‌تر زانیبێت له‌وه‌ی که هه‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر فیز و لهخۆبایبوونهکهیشی کارێکی ناپهسندیش بێت به‌رامبه‌ر به خواوه‌نده‌کان، به‌ڵام تاوانه‌که‌ی برۆتهس به‌رامبه‌ر به خواوه‌نده‌کان گه‌وره‌تره. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، برۆتهس هێشتا ”ڕۆمانییه‌ک بوو له هه‌مویان شکۆمه‌ندتر” وه‌کو ئه‌نتۆنی له کۆتایی شانۆنامه‌که‌دا دانی پێدا ده‌نێت. ویژدانی زیندووی ناحه‌سێته‌وه هه‌تا قه‌یسه‌ر مافی خۆی پێ نه‌درێته‌وه:
”ئێستا ئه‌ی قه‌یسه‌ر، با ڕۆحت بحه‌سێته‌وه. من نیو هێنده‌ش ئاره‌زووی کوشتنی تۆم نه‌کرد.”
دیمه‌نی پێنجه‌م، به‌شی پێنجهمنهنها گریمانه‌یه..
١٢ . بڕوانه لاپه‌ڕه‌کانی ١٢٨−١٣٥ له:
”Unto Caesar: A Review of Recent Production,” in Shakespear Survey,11, ed. Allardyce Nicoll (Ambridge: Cambridge Univ. Press, 1958)
١٣ . بڕوانه لاپه‌ڕه 7 له:
A. C. Bradley, Shakespearean Tragedy (London: Macmillan 1950), Footnote 1.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.