دیدی من – عه‌لی عوسمان یاقووب
شانۆنامه‌ی ”یۆلیۆس قه‌یسه‌ر” بۆ یه‌که‌م جار لە ساڵی ١٥٩٩دا نمایش کرا. ئه‌و سه‌رده‌مه سه‌رده‌می گه‌شه‌کردنی زانست و هونه‌ر و دۆزینه‌وه‌ی هه‌ردوو کیشوه‌ری ئه‌مەریکا بوو. بۆیه خه‌ڵک به په‌رۆشه‌وه هه‌وڵی په‌یداکردنی زانیاری‌یان ده‌دا ده‌رباره‌ی خه‌ڵکی تر. ئه‌م شانۆنامه‌یه‌ش، به‌و پێیه‌ی به‌شێك له مێژووی ڕۆمانییه‌کان ده‌خاته ڕوو، بووه جێگای بایه‌خی خه‌ڵک، به‌ڵام شه‌کسپیر له پاڵ ئه‌م مێژووه، کۆمەڵێکک پرسیاری گرنگ ده‌رباره‌ی سه‌رده‌می خۆی و بگره دوای خۆیشی ده‌ورووژێنێت. له‌وانه: کێ بۆ ئه‌وه ده‌شێ ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست؟ ئه‌ی کێ لێهاتوو و شیاوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بگۆڕێ؟ ئایا پاساو بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات، مافی خوداییه یان یاسایی؟ دواجار، پاساو بۆ به‌رهه‌ڵستیکردنی ده‌سه‌ڵات چییه؟ ئه‌مانه کۆمەڵێکک پرسیارن، که بینه‌ر ده‌توانێت مشتومڕێکی زۆریان له‌سه‌ر بکات.
شانۆنامه‌ی ”یۆلیۆس قه‌یسه‌ر” یه‌کێکه له شانۆنامه ئاڵۆزه‌کانی شه‌کسپیر، که زۆربه‌ی ڕۆشنبیر و ڕه‌خنه‌گر و ده‌رهێنه‌ره‌کانی له لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م شانۆنامه‌یه تووشی هه‌ندێك کێشه کردووه، که ڕه‌نگه له لێکدانه‌وه‌ی هیچ کام له شاکاره‌کانی شه‌کسپیر تووشی نه‌هاتوون. بۆ نموونه، زۆربه‌ی ڕەخنەگرهکان هاوڕا نین سه‌باره‌ت به کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ، که شانۆنامه‌که ده‌یورووژێنێ. له‌وانه: ئایا قه‌یسه‌ر به‌ڕاستی دیکتاتۆرێکی خۆپه‌رستی مه‌ترسیداره، که ببێته مایه‌ی هه‌ڕه‌شه بۆ ڕۆما یان ”مه‌زنترین مرۆڤه، که گه‌ردوون به‌خۆیه‌وه‌ی دیبێت” وه‌کو ”مارک ئه‌نتۆنی” ئاماژه‌ی پێ ده‌کات؟ ئایا برۆتهس ئایدیاڵیستێکه، که به هه‌ڵه‌دا ده‌چێ، چونکه، سه‌ره‌ڕای بیروباوه‌ڕی به‌هێزیی، بینینی بۆ ڕووداوه‌کان ناته‌واو و بێبنه‌مایه یان یه‌کێکه له کاره‌کته‌ره شۆڕشگێڕه‌کانی ناو ئه‌ده‌بی جیهان وه‌کو ”ئی. ئی. سوینبێرن” له کتێبی ”مێژووی ڕەخنەی شه‌کسپیری”١ ئاماژه‌ی بۆ ده‌کات؟ ئایا برۆتهس کاره‌کته‌رێکی به کردوکۆشه به کۆمەڵێک هه‌ڵه و که‌موکوڕییه‌وه، که دواجار دانیان پێدا ده‌نێت، یان خۆپه‌رستێکی سه‌رکێشه و هه‌مان ئه‌و سرووشت و تایبه‌تمه‌ندێتیانه‌ی له خۆیدا گرتووه، که خۆی به‌رهه‌ڵستیان ده‌کات؟
به‌شێک له ڕەخنەگرهکان پێیان وایه، که قه‌یسه‌ر کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی شانۆنامه‌که‌یه و ناونیشانهکهیش له‌مه‌وه هاتووه. ژماره‌یه‌کی زۆریش برۆتهس به کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی داده‌نێن. دیاره هه‌ر یه‌ک له‌م دوو بۆچوونه‌ش کۆمەڵێک ڕه‌هه‌ندی مشتومڕئامێزی جیاجیایان لێ ده‌بێته‌وه، سه‌باره‌ت به کۆمەڵێک شتی تر، که دواتر باسیان لێوه ده‌که‌ین. لێکدانه‌وه‌یه‌کی تر هه‌یه، که پێی وایه شانۆنامه‌که نه تراژیدیای قه‌یسه‌ره و نه هیبرۆتهس، به‌ڵکو تراژیدیای سیسته‌می کۆمارییه، که سه‌رده‌مێکی تازه‌ی قه‌یسه‌ریزم به دوای خۆیدا دێنێت، چونکه ئه‌وه‌ی برۆتهس وه‌کو کۆماریخوازێک ده‌یکات، دواجار نوشوستی دێنێت.
هه‌ڵبه‌ت سه‌باره‌ت به‌م پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه و ئه‌م بۆچوونه جیاجیایانه بووه، زۆربه‌ی ئه‌و لێکۆڵه‌رانه‌ی، که زۆر شاره‌زا بوون له شانۆنامه‌کانی شه‌کسپیر له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مدا پێیان وا بوو شانۆنامه‌که به‌رودوای شته‌کانی به ته‌واوی ڕوون نه‌کردووەته‌وه. ”دۆن کامیورۆن ئه‌ڵن”٢ له کتێبێک‌دا ئاماژه به بۆچوونی کۆمەڵێک لێکۆڵه‌ر ده‌کات، ڕاشکاوانه باس له ناڕوونی شانۆنامه‌که ده‌که‌ن، که پێویستی به چاره‌سه‌رکردن هه‌یه. هه‌روه‌ها شاعیری ئینگلیزی (کۆڵریچ ١٧٧٢−١٨٣٤) که زۆر لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر شانۆنامه‌کانی شه‌کسپیر نووسیوه، له کتێبی ”چه‌ند وانه‌یه‌ک ده‌رباره‌ی شه‌کسپیر” ڕایه‌کی هاوشێوه ده‌رده‌بڕێت: ”من ئێستا مۆتیف یا به‌ڵگه‌ی شه‌کسپیر نابینم و نازانم له چ گۆشه‌نیگایه‌که‌وه کاره‌کته‌ری برۆتهس پیشان ده‌دات”٣. پرۆفیسۆر (ئه‌لاردایس نیکۆڵ ١٨٩٤−١٩٧٦) پرۆفیسۆر له بواری ڕەخنەی درامی و دامه‌زرێنه‌ری په‌یمانگەی شه‌کسپیر له بێرمهنگهام، له کتێبی شه‌کسپیردا شانۆنامه‌ی یۆلیۆس قه‌یسه‌ر به یه‌کێک له سه‌ختترین شانۆنامه‌کان ناو ده‌بات، که بتوانرێت هه‌ڵسه‌نگاندنێکی ڕاست و دروستی بۆ بکرێت٤. هه‌روه‌ها ڕەخنەگر ئه‌رنه‌ست شانزه‌ر ئه‌م شانۆنامه‌یه‌ی به یه‌کێک له شانۆنامه کێشهئامێزهکان داناوه له‌و کتێبه‌ی، که به ناوی ”شانۆنامه کێشهئامێزهکانی شه‌کسپیر” نووسیویهتی٥. مرۆڤ به گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی، که له سه‌ر شه‌کسپیر نووسراون، به تایبه‌تی له‌سه‌ر شانۆنامه‌ی یۆلیۆس قه‌یسه‌ر، ده‌توانێت چه‌ندان بیر و بۆچوونی هاوشێوه بدۆزێته‌وه.
له سه‌رێکی تره‌وه، ژماره‌یه‌کی زۆر له ڕەخنەگران، وه‌کو ئێچ. بی. چارڵتۆن و دۆڤه‌ر ویڵسن٦ پێیان وایه شانۆنامه‌ی یۆلیۆس قه‌یسه‌ر تا سه‌ر ئێسقان شانۆنامه‌یه‌کی سیاسییه، له کاتێکدا ئه‌وه‌ی له شانۆنامه‌که‌دا هه‌ستی پێ ده‌کرێت ئه‌وه‌یه، که شه‌کسپیر بایه‌خێکی که‌متر ده‌دات به ململانێ له پێناوی ده‌سه‌ڵات له نێوان بیر و باوه‌ڕ و فه‌لسه‌فه‌ی کۆماریخوازیی و دیکتاتۆرییه‌ت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، که ئه‌و به شێوه‌یه‌کی زۆر جیاواز له شانۆنامه‌نووسه‌کانی سه‌رده‌می خۆی مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵ چیرۆکه‌که کردووه، چونکه زیاتر بایه‌خ به خه‌سڵه‌ت و پاڵنه‌ره که‌سێتییه‌کانی کاره‌کته‌ره‌کانی ده‌دات تا ململانێ سیاسییه‌کان. دیاره ناکرێت ئه‌م بۆچوونه یه‌کلا بکرێته‌وه به بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رچاوه مێژووییه‌که‌ی ئه‌م شانۆنامه‌یه. له‌م باره‌یه‌وه ڤێرجیڵ وایتهیکر٧ له به‌راوردکردنێکی شانۆنامه‌که له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه مێژووییه‌که‌ی، که مێژوونووسی گریکی، پلوتارک٨ نووسیویه‌تی، پێی وایه، که شه‌کسپیر له تۆمارکردنی ڕووداوه‌کان، وه‌کو پلوتارک، بایه‌خی به شیکردنه‌وه‌ی ئاڕاسته ئه‌خلاقییه‌کان داوه. بۆیه به وردی ڕووبه‌ره درامییه‌کان ده‌پشکنێت، که دواتر له شاکاره تراژیدییهکانیشیدا ئاڕاسته‌یه‌کی قووڵتریان وه‌رگرت. شانۆنامه‌که به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و شانۆنامه مێژووییانه‌ی، که پێشتر نووسراون، سه‌رنجڕاکێشتره، چونکه یه‌که‌م شانۆنامه‌ی شه‌کسپیره، لانیکه‌م تا ئه‌و کاته، ئێمه له ڕێگەی پرۆسه هزرییه‌کان و ههڵسوکهوتهکانهوه شاره‌زای کاره‌کته‌ره‌کان ده‌بین. ئه‌م پڕۆسه هزرییه، که دواتر به شێوه‌یه‌کی قووڵتر باسیان لێوه ده‌که‌ین، له شانۆنامه‌کانی پێش ئه‌م شانۆنامه‌یه نه‌بووه.
به‌هه‌رحاڵ، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش، که پێیان وایه برۆتهس کاره‌کته‌رێکی تراژیدییه، هه‌مان تێگه‌یشتنیان بۆ ڕۆڵی برۆتهس نییه. جۆرج به‌رناردشۆ ده‌ڵێت: شه‌کسپیر له نرخی قه‌یسه‌ر که‌م ده‌کاته‌وه تا به برۆتهس ههڵبدات٩. هه‌روه‌ها بۆچوونی تۆماس مارک پارۆت له‌وه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه، که برۆتهس هاوسۆزیی ئێمه له‌ده‌ست نادات، ئه‌گه‌رچی زۆر هه‌ڵه ده‌کات.١٠ ”وایتهیکر” پێی وایه، ئه‌گه‌ر له برۆتهس ورد بینه‌وه وه‌کو کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی، بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که یۆلیۆس قه‌یسه‌ر شانۆنامه‌یه‌کی تراژیدییه ده‌رباره‌ی بنچینه‌کانی ئه‌خلاق. شایانی باسه، ڕەخنەگر ئه‌رنه‌ست شانزهریش پێی وایه، که کێشه‌ی سه‌ره‌کی له شانۆنامه‌ی یۆلیۆس قه‌یسه‌ر، که ململانێی له‌سه‌ر ده‌کرێت و پەیوه‌ندیی به برۆتهسهوه هه‌یه، کێشه‌ی ئه‌خلاقه. کێشه‌که بریتییه له ململانێ له نێوان پابه‌ندبوون به بنه‌ما ئه‌خلاقییه‌کانی تایبه‌ت به پەیوهندییه که‌سییه‌کان له لایه‌ک و سووربوون له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی مافه سیاسییه‌کان. به‌هه‌رحاڵ، ئه‌م ڕەخنەگرانه تراژیدیای برۆتهس له به‌شه‌کانی تری شانۆنامه‌که جیا ده‌که‌نه‌وه له جیاتی ئه‌وه‌ی هۆکاری تراژیدیاکه بۆ به‌هه‌ڵه ههڵسهنگاندنیبرۆتهس بگه‌ڕێننه‌وه، که‌بنه‌مای پێکهاته درامییهکهیه و هه‌موو کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌کان ده‌گرێته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌م ڕەخنەگرانه پێیان وایه، شه‌کسپیر له مامه‌ڵه‌کردن لەگه‌ڵ ئه‌م ململانێ ئه‌خلاقییه لایه‌نگیریی لایه‌نێک ده‌کات له سه‌ر حیسابی لایه‌نه‌که‌ی تر. وایتهیکر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه، که برۆتهس پاشاکوژه، به‌ڵام شانزه‌ر پێی وایه، که برۆتهس به‌ها که‌سێتییه‌کان ده‌کاته قوربانیی ئایدیاڵه سیاسییه‌کان. ئه‌مه‌یش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، که شانۆنامه‌که بڕیاری کوشتنی قه‌یسه‌ر به ڕه‌وا ده‌زانێت. به پێی ئه‌م لێکدانه‌وانه، قه‌یسه‌ر دیکتاتۆرێکی ناپه‌سند بووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کاتێک مرۆڤ به درێژایی شانۆنامه‌که له ڕوانگه‌ی ئاڕاسته ئه‌خلاقییه‌که و له چوارچێوه‌ی به‌هه‌ڵه ههڵسهنگادنهکهدا له هه‌ڵوێستی برۆتهس ورد ده‌بێته‌وه، بۆی ده‌رده‌که‌وێت، که هه‌ڵوێسته‌که‌ی به‌ڕاستی هه‌ڵوێستێکی هه‌ڵه‌یه. به‌ڵام خودی هه‌ڵه‌ی برۆتهس له کوشتنی قه‌یسه‌ردا نییه، به‌ڵکو له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، که تواناکانی برۆتهس له بڕیاردان هه‌ره‌سیان هێناوه، به‌ده‌ر له پاڵنه‌ره که‌سێتییه‌کان یاخود ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ی، که هه‌یه‌تی. شه‌کسپیر به‌م ئاڕاسته‌یه‌وه کار له‌سه‌ر کاره‌کته‌ری برۆتهس ده‌کات. ئه‌م به‌هه‌ڵه هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ی برۆتهس هه‌ر له‌و شێوازه‌وه ده‌رده‌که‌وێت، که بۆ گه‌یشتن به بڕیاره‌که ده‌یگرێته به‌ر، نه‌ک له خودی بڕیاره‌که. شایانی باسه، له هه‌موو ئه‌و شانۆنامانه‌ی، که شه‌کسپیر به‌ر له‌م شانۆنامه‌یه نووسیوونی بۆ پیشاندانی پیلانگێڕیی و یاخیبوون و له‌کارخستنی پاشا، ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ی، که بڕیاره‌کانی له‌به‌ر ده‌درێت، هێنده به وردیی ناخرێنه ڕوو وه‌ک له شانۆنامه‌ی یۆلیۆس قه‌یسه‌ر ده‌یکات. له لایه‌کی تر، شه‌کسپیر له‌م شانۆنامه‌یه‌دا، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی، پێش ئه‌م شانۆنامه‌یه نووسراون، که‌متر بایه‌خ به‌و مه‌سه‌لانه ده‌دات، که مه‌ترسی له‌ده‌ستدانییان هه‌یه. بۆیه دروستکردنی کاره‌کته‌ر لێره‌دا جیاوازه له‌وه‌ی، له شانۆنامه‌کانی پێشتریی ده‌کرێن، وه‌کو (هنری پێنجه‌م، ریچاردی سێیه‌م، کۆمیدیای هه‌ڵه‌کان، تیته‌س ئهندرۆنیکهس، ڕۆمیۆ و جوولێت، شاجۆن، ئه‌دواردی سێیه‌م و بازرگانی ڤینیسیا.)
١ .بڕوانه لاپه‌ڕه ٣ له:
A History of Shakespearean Criticism (New York:Humanities Press, 1951)
٢ . بڕوانه:
”The Problem of Brutus: An Eighteenth- Century Solution, ” in Studies in Honor of T, W. Baldwin. Don Cameron Allen (Urbana: Univ, of Illinois Press,1958)
٣ . لاپه‌ڕه ٩٥ له:
Samuel Taylor Coleridge, Lectures on Shakespeare (London:J,M.Dent,1951)
٤ . لاپه‌ڕه ١٣٤ له:
Allardyce Nicoll, Shakespeare (London: Oxford Univ. Press,1952)
٥. بڕوانه لاپه‌ڕه ٧٠ له:
Ernest Schanzer, The problem Plays of Shakespeare (New York:Schoken Books, 1963)
٦ . بڕوانه:
H. B. Charlton, Shakespeare, Politics and Politicians, English Association Pamphlet, No 72
٧ . بڕوانه:
Virgil K. Whitaker, ”Julius Caesar and Tragedy of Moral Choice”, Shakespeares Use of Learning (San Marino,1953), p. xx.
٨ . سه‌رچاوه مێژووییه‌که‌ی ئه‌م شانۆنامه‌یه، که مێژوونووسی یۆنانی به‌ناوبانگ، پلوتارک”، نووسیویه‌تی کتێبی” ژیاننامه‌ی گه‌وره‌پیاوه یۆنانی و ڕۆمانییه‌کان”ه، که من له‌م نووسینه‌دا زۆر سوودم لێ وه‌رگرتووه (وه‌رگێڕ)
Plutarch,Lives of the Noble Grecians and Romans, Translated by John Dryden, Edited by A. H. Clough.
٩ . بڕوانه لاپه‌ڕه xxx له:
Goerge Bernard Shaw, Three plays for Puritans (London: Constable,1925)
١٠ . لاپه‌ڕه ١٥٦ له:
Thomas Marc Parrot, William Shakespeare: A Handbook, revised ed. (New York: Charles Scribner’s Sons, 1955)
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.