دیدی من
ساڵانه له باشووری كوردستان یادكردنه‌وه‌ی كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه به چه‌ندان گۆرانیی شینوشه‌پۆڕ و نیشاندانه‌وه‌ی وێنه‌ی تۆقینه‌ری یاده‌كه له كه‌ناڵه‌كانه‌وه ته‌نها بۆ ماوه‌ی بیست و چوار كاتژمێر، به‌ڕێوه ده‌چێ. ده‌كرێت یاده‌كان كلتووریتر و جوانتر بكرێنه‌وه، تا هه‌م دڵته‌نگی و هه‌م شادمانیمان به شێوه‌ی فه‌رهه‌نگیتر نماییش بكه‌ین.
ئه‌مساڵ مامۆستا چیا فایه‌ق، مامۆستا له به‌شی كۆمه‌ڵناسیی زانكۆی سلێمانی، هه‌نگاوی به كولتووركردنی یاده‌كه‌ی به په‌خشكردنی پارچه‌موزیكێكی هونه‌رمه‌ندی كورد كه‌یهان كه‌لهووڕ ده‌ست پێ كردووه. دیاره له بنه‌ڕه‌تدا كه‌لهووڕ كاره‌كه‌ی به‌ناوی شاری خامۆشـه‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ی كردووه و بیرۆكه‌كه‌ی مامۆستا چیا فایه‌ق ئاماده‌كردنه‌وه‌ی سیدییه‌كی ئه‌و موزیكه‌یه به هه‌مان ناوی شاری خامۆشه‌وه، پاشان بڵاوكردنه‌وه‌یه‌تی به‌ناو ناوه‌نده كولتووری و هونه‌رییه‌كانی شاری سلێمانیدا، هاوتا بۆ كافێ، مۆڵ و شوێنه گشتییه‌كان. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ڕای كه‌یهان كه‌لهووڕ وه‌رگێراوه و خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕیوه كه مایه‌ی شانازییه بۆ ئه‌و، هاوڕێیانی كوردستان و شاری هه‌ڵه‌بجه موزیكه‌كه‌ی په‌خش بكه‌ن.
دەربارەی ئەم پرۆژەیە چیا فایەق بۆ دیدی من گوتی: ”مه‌به‌ست له‌م كاره ئه‌وه‌یه هه‌مان موزیک له شوێنه جیاكاندا سه‌ر له به‌یانی تا كۆتایی ڕۆژه‌كه (١٦/٣) پەخش بكرێت و به جۆرێكی تر ده‌ست بده‌ینه‌وه له یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆمان، به‌مه‌ش ده‌بێته پرسیار بۆ كه‌سانی بێگانه و ته‌نانه‌ت كه‌مایه‌تیی تری نیشته‌جێی شاری سلێمانی، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه ڕێز له برین و ئازاری ئێمه بگرن.“
ڕوونیشی کردەوە: ”دیزاین و هێلكاریی سیدییه‌كه هونه‌رمه‌ند گۆران محه‌مه‌د كردوویه‌تی و ماڵپه‌ڕی كولتووریی دیدی من و گرووپی کەشکۆڵ، كاری میدیایی بۆ پڕۆژه‌كه ده‌كات و کەمپەینێک لە سۆشیال میدیا بۆ بڵاوکردنەوە و تایبەتکردنی ئەم موزیکە بە یادی کارەساتی کیمابارانکردنی هەڵەبجە، ڕادەگەێنێت. هیوادارین هه‌مووان به‌شدار بن له بڵاوكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كه.“
شاری خامۆش / شانزەی سێ ئازارمان دەکەین بە ئاواز
زەمەنێكه جەستەی نیوه مردووی ئەم دنیا بچوكەی ئێمه به شیوەن و پرسه لەم ئازار بۆ ئەو ئازار هەڵدێت. ساڵانێكه له ڕێگەی گێڕانەوەی نۆستالیژیی و كڕاندنی قەتماغەی برینەوه چاومان دەسڕین، هەر بەدوای ڕۆحی قوربانی كورد و نیشتیمانەوه شیوەنمان گێڕاوه و هیچ كاتێك له بارەیەوه تێڕانەماوین. كاتێك لەخۆمان بپرسین هەڵەبجه چییه؟ جگه له فرمێسكڕشتن و نەفرەتكردن له سێ‌و هیچمان نییه! لە بارەی ئەنفالەوه هێشتاش له بیابانی باشوور دەڕوانین! بۆ شەنگالیش چەكەكانمان لەسەر پێیه شێوازی گێڕانەوەی یادەوەریی ئێمه هاوشێوەی پرۆسەكانی لەناوبردن و قڕكردنی كورد تاقەتپڕوكێنه، به جۆرێك كه هیچ دەلالەتێكی یادەوەری و ڕێزگرتنی كارەساتی لەخۆ نەگرتووه، ئەمه جگە لەوەی ئەم قوربانیدان و قڕكردنانه هیچی به ئێمه نەبەخشیوه. چونكه ئەگەر كارەساتەكان هیچ به جڤات نەبەخشن، ئەوا جڤات كارەساتەكان له یاد دەكات. لەم چەند ساڵەی دواییدا بە ڕوونی تێبینی ئەوه دەكرێت. جڤاتێك نەتوانێت پارێزگاری له ئینتیمای تاكەكانی به خۆیەوه بكات، ناتوانێت ئینیتما بۆ یادەوری و كارەساتەكان دروست بكات. هەروەكو ئەو تێزەی كۆمەڵناسی فەرەنسی مۆریس هالبواكس لەبارەی یادەوەرییەوه دەیخاته ڕوو، بەوەی كه یادەوەری تاك تەنها لە نێو خودی تاكەكەسدا قەتیس نابێت، بەڵكو جێگەیەك له چوارچێوەی ژیانی جڤاتدا دەگرێت، بە مەرجێك جڤات دەرفەتی پەیوەندیگرتنی ئەو یادەورییه بەخۆیەوه بدات. جڤاتی ئێمه له ڕێگەی شێوازه سواوەكەیەوه ناتوانێت یادی هەڵەبجه له یادگه‌ی هەڵەبجەیەكانیشدا بپارێزێت. ئەمه جگه لەوەی ئێمه خەریكین یادەوەری مەسرەف دەكەین وەك ئەو كاڵایانەی له بۆنه و ئاهەنگەكاندا مەسرەفیان دەكەین. هەروەها بەپێی تێزی هالبواكس ئەوەی بەردەوامی به مانەوەی جڤات دەدات، یادەوەرییه. له كۆمەڵگەی ئێمەدا دوو هۆكاری سەرەكی بوونیان هەیه تا یادەوەری ئێمه پەرتبێ: یەكەم زۆری كارەساتەكان و دووەمیان خەیاڵدانی بەتاڵی سیاسی كورده. له ڕاستیدا هۆكاری یەكەم، سیاسییەكان بۆ نماییشی جەماوەری و گەمەی سیاسی بەكاریان هێناوه لە كاتێكدا دەبوو بەپێچەوانەوه بێت، تا دۆزی ئێمه هەمیشه دەستی بەتاڵ نەبێت. دروستكردنی سیمبول و یادەوەری، پێویستی به ناوەندێكی كۆمەڵایەتی و كولتووری عەقڵانی و ڕێكخراو هەیه، تا بتوانێت پەیوەندی یادەوەری ناو زیهنی تاك لەگەڵ ڕووداوەكاندا له پانتایی گرووپە لۆكاڵیەکەوه، بۆ پانتایەكی بەرینتری جوگرافی فراوان بكات. ئێمه نەك هەر نەمان توانیوه له ڕێگەی قوربانیدان و كارەساتەكانەوه له نێو جەنگەڵی جیهاندا خۆمان بپارێزین، بەڵكو نەمانتوانیوه حورمەتی قوربانییەكانیشمان بگرین. له سۆنگەی وردبوونەوەیەكی ساده و بچكۆلەوه بیرمان لەوه كردەوه كه نەریتێكی دیكه جێگەی ئەو بیمارییه له یادكردنەوەی كارەساتەكاندا بگرێت. بە جۆرێك ئەگەر ڕێبوارێك لەو ڕۆژەدا لەشارێكی كوردستان بێت، بپرسێت بۆ؟ پێمان وابوو ئەگەر كۆی شوێنه گشتییەكانی شاری سلێمانی لەو ڕۆژەدا پارچه مۆزیكی شاری خامۆش‌ـی شاكاری كەیهان كەلهووڕ پەخش بكەن كه كارێكی ناوازەیه بۆ یادی هەڵەبجه، هاوكات دەزگا میدیاییەكان له بری شیوەنێكی دەستەپاچه و گێڕانەوەیەكی بێ تەكنیك، بێدەنگ بن و تەنها ئەم موزیكه پەخش بكەن، یان كاتێكی زۆریان بۆ ئەمه تەرخان بكەن، زۆر پەیامدارتره. ڕەنگه تاكەدەنگی ئێمه دوور له ژاوەژاوی سیاسییەكان و بۆڵەبۆڵ و ناڵەی خێڵ، موزیك بێت. موزیك هەم دەتوانێت وەك زەردەپەڕ دەنگی حیكایەتی غەدری ئێمه لە دووتوێی حەریرا هەڵبگرێت و هەم دەتوانێت پرسیار لە جیهان و ئایدۆلۆژیاكانی بكات لە بارەی مەرگی ئێمەوه. زیاده گۆیی نییه بڵین: ئەم كاره دەیان دەلالەتی سیمبولی هەیه. ئەگەر ئومێدی ئەم بیره بچوكه بگاته جێ و رۆژێكی تەواو شارێك و دەیان شاری كوردستان به تێكڕا گوێ له یەك ئاواز بگرن.
چیا فایەق
دەتوانن بە بڵاوکردنەوەی بەستەری موزیکەکە لە پەڕە و ئەکاونتەکانی خۆتان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لەگەڵ هاشتاگی #هه‌ڵه‌بجه_شاری_خامۆش #HalabjaSilentCity بەشداری لەم کەمپەینەدا بکەن و موزیکەکەی کەیهان کەلهووڕ بکەن بە سمبولێک بۆ شاری هەڵەبجەی شەهید.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.