24/07/2024
DidiMn Logo
Top

بینەر و شانۆ: ماندووکردنی بینەر لە شانۆیی کورسییەکاندا

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

دیمه‌نێك له‌ شانۆیی كورسییه‌كان، ده‌رهێنانی داستان به‌رزان

دیدی منبینەر و شانۆ

بینەر: ڕێباز تاهیر

شانۆیی: کورسییەکان
نووسین: یوژین یونیسکۆ
وەرگێڕان: ھەورامان وریا قانع
بەرهەمهێنان: گرووپی شانۆی گۆدۆ
شوێن: سلێمانی
ساڵ: 2018

 

ئەوەی گرنگە لەم دۆخ و ڕۆژگارەدا لە بەرچاو بێت، سەختی و دژواریی کارکردنە لە بواری شانۆدا، کە ئەمەش دێتە ڕێی ھەموو شانۆکارێک. بێگومان جێی دەستخۆشییە کە ئەم گروپە کاریان کردووە و ماندووبوونیان جێی پێزانینە، بەڵام لە ھەمان کاتدا ئەمە ناکاتە ئەوەی گوێ لە بینەر نەگرین، کە ئەم کارە بۆ ماندووی کرد؟ بۆ چێژی لێ وەرنەگرت؟ تەنانەت دەبێت بۆڵەبۆڵی بینەریش وەک تێبینییەک بەھەند وەربگرین و ئەوەندەی بتوانین کۆدەکانی بکەینەوە و چەند ھۆکارێک بخەینە ڕوو.

داستان بەرزان وەک دەرھێنەری ئەم کارە شانۆییە، دەستی داوەتە دەقێکی یوژین یونیسکۆ و دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە پەیامێکمان پێ بدات، کە ئەمەیش کارێکی سانا نییە بۆ کارکردن لە دەقێکدا کە سەر بە دنیای  ئەبسێردە. گەر لە سەرەتاوە بڕوانین، دوو ئەکتەر کە ڕۆڵی دوو کارەکتەری ژنێکی پیر و پیاوێکی پیر دەبینن، لە دواوەی ناوەڕاستی شانۆ دەبێنرێن، ئەمەیش لە سەرەتاوە مەودایەکی خستە نێوان بینەر و کارەکە، کە دەرھێنەر نەیتوانی تێکی بشکێنێت و لەسەر ھێڵێکی ڕاست، دواوەی ناوەڕاستی شانۆ بۆ ناوەڕاست و ناوەڕاستی پێشەوەی شانۆ، بۆ ماوەی نیو سەعات ئەکتەر لەسەر ئەو ھێڵە ڕاستە جووڵەیان کرد، کە ئەمەیش بووە ھۆی بێزاربوونی بینەر، کە لە سەرەتادا بینەر بەر پانتاییەکەی گەورەی شانۆ دەکەوێت، بەڵام دەرھێنەر نەیتوانی ئەم پانتاییە بە کار بهێنێت و  لە ڕێگەی چەندین ھێڵەوە کەشفی ئەو پانتاییەمان بۆ بکات و چاوی بینەر ئاڕاستەی چەند جێیەک بکات. لە دوای نیو سەعات، ھەوڵی دا لاکانی شانۆ بە کار بهێنێت، بەڵام ھێشتا نەیتوانی بە بینەر ڕابگات و بیھێنێتەوە نێو کارەکە، کە ئەمەیش کاریگەریی لەسەر ڕیتمی شانۆییەکە هەبوو و دەبوایە دەرھێنەر زیاتر کاری بۆ ئەمە بکردایە. بۆ نموونە، زیاتر کاری لەسەر ئەو دەرچانە بکردایە کە دروستی کردبوون، تا چاوی بینەر زیاتر ئاڕاستە بکات و پەیوەندیی بینەر بە شانۆوە توندتر دەبوو.

 

دەرھێنەر و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەکتەرەکان
دەرھێنەری ئەم کارە ئەکتەرەکانی لە قاڵب دابوو، بەوەی ئازاد نەبوون لە جووڵە و ئەداکردندا؛ بە جۆرێک پیری کردبوون، کە جەستەیەکی ڕەقەڵ و گۆج، دەنگێکی نووساوی دروستکراویان هەبوو، کە ئەمەیش کاریگەریی لەسەر نواندنی ئەکتەرەکان هەبوو و ماندووی کردبوون و ڕێگریش بوو لە ئەدا و جووڵەی ئەکتەرەکان. گەر ئەکتەرەکان بەم شێوەیە لە قاڵب نەدرانایە، بێگومانم توانایان باشتر دەبوو و باشتر دەیانتوانی ڕۆڵی کارەکتەرەکەیان بەرجەستە بکەن، چونکە لە ھەندێک ساتەوەختدا لەو قاوغە دەھاتنە دەر و باشتر ئەدایان دەکرد، تەنانەت چەند جارێک ھێندە ماندوو دەبوون، لە کارەکتەرەکەیان دەهاتنە دەرەوە و چەند ساتێک بە مەبەست لێی دادەبڕان، ئەو کاتانە زۆر باشتر ئەدایان دەکرد، کە گەر دەرھێنەر کاری زیاتری لەسەر بکردایە، باشتر دەبوو.

چەند ساتێکیش وەک کوێرێک مامەڵەیان دەکرد، ئەمە نەگەیشتە بینەر، دەبوایە زیاتر کار لەسەر ئەو حاڵەتە بکرایە. هەروەها ھێنانی کۆرس یان چەند کارەکتەرێک بە ماسکەوە کاریگەر بوو، بەڵام دەبوایە ئاوێتەی نمایشەکە ببوایە، کە من وا نەمبینی؛ دەبوایە باشتر کاری بۆ بکرایە و ئامادەسازیی بۆ بکرایە، تا ئەکتەرەکان باشتر مامەڵە لەگەڵ ماسکەکاندا بکەن، چونکە ئەوانە ڕۆح بوون، وەک بووکەڵەیەک بوون لە کارەکەدا، کە دەرھێنەر نەیتوانی ڕۆح بە بەریاندا بکات. کۆمبارسەکانیش نەیدەزانی بۆ لەسەر شانۆن، بێکار بوون و جگە لە درستکردنی چەند تەشکیلەیەک، هیچیان نەدەکرد، کە ئەمەیش نەفەسێکی بۆ بینەر نەهێشتبووەوە و ڕیتمی کارەکەی نەگۆڕی.

 

هەر ڕۆژەو کارەکتەرێک
کاردۆ عەزیز، یەکێک لە ئەکتەرەکان، ھەر ڕۆژەو بە کارەکتەرێک ڕۆڵی بینی، ئایا مەبەست لەمە چی بوو؟ نازانم. بۆ من نەنگییەک بوو، چونکە ناکرێت من ھەموو ڕۆژەکان ئامادە بم تا ئەم کارەکتەرە ببینم. با بڵێین ئەمەش بە جۆرێک کارکردنی دەرھێنەرە – من قسە لەسەر ئەو نمایشە دەکەم کە کاردۆ عەزیز ڕۆڵی کارەکتەری گاڵتەجاڕی بینی – ئەوەی جێی سەرنج بوو، دەرھێنەر ئامادەکاریی بۆ ھاتنی ئەو ساتەوەختە نەکردبوو تا بمانباتە نێو دیمەنێکی تر. هەروەها ھاتنی وتاربێژ (کاردۆ عەزیز)، پەیامی کارەکەی بە ئاڕاستەیەکی تردا برد، چونکە دەتگوت ھاتووە نمایشی خۆی بکات و نەک لە نێو کارەکەدا نەبوو، بەڵکو دیمەنێکی دروست کردبوو تەنها بۆ نمایشکردنی توانای کاردۆ عەزیز و پاڵەوانبازیی ئەو بوو لە دەرەوەی شانۆیی کورسییەکان .

 

سینۆگرافیا
دروستکردنی چەند دەرگا یان دەرچەیەک بە شێوەیەکی ڕوون و شەفاف کە جوانییەکی بەخشیبوو بە کارەکە، بەڵام مانا و مەبەستەکەی نەگەیشت، چونکە جەختی نەکرابووە سەر و بە شێوەیەکی زیندوو لە لایەن کارەکتەرەکانەوە بە کار نەهات، کە دەکرا بە ڕووناکی ئیشی لەسەر بکرایە، یان بە جۆرێکی تر دەرھێنەر کەشفی بکردایە.

کورسییەکان، کە دەبوایە زۆر زیاتر ئیشی لەگەڵ بکرایە و دەرھێنەر زیاتر بەسەر پانتایی شانۆدا دابەشیان بکات و ئەو ھەستەمان لا دروست بکات کە ئەم کورسییانە تەنها کورسییەک نین و ھەریەکەیان خاوەنێکی ھەیە؛ ھەریەکێک لەو کورسییانە چیرۆکێکی ھەیە.

ھێنانی تابووتێک کە مەرگ دێ، زۆر شت دەگۆڕێت و مەرگ یان تابووت، شکۆیەکی ھەیە، هەروەها سرووتێکی تایبەتی ھەیە، کە لەم نماشەدا کاری بۆ نەکرابوو و کۆمبارسەکان وەک یارییەکی ماڵەباجێنە مامەڵەیان لەگەڵ کر..

دەکرا ڕووناکی زیاتر کاری لەسەر بکرێت، ئەوەیش بۆ دروستکردنی حاڵەتەکان، کە بێگومان کاریگەریی لەسەر ڕیتمی کارەکە  بۆ زیاتر کەشفکردنی زەمەن و ڕوونکردنەوەی سینۆگرافیا دەبوو. بۆ نموونە، چونکە لە دیمەنی خۆھەڵواسینی دوو کارەکتەرەکەدا جیاواز بوو، کاریگەریی ھەبوو.

 

موزیک
دەتوانین چەند ساتێک بە نموونە وەربگرین:

لە پیاکێشان بە قاپ و کەوچکەکاندا، کە دەکرا ڕیتمێکی وەک موزیک تێدا بێت، تا بینەر بێزار نەکات. بەڵام کۆمبارسەکان دەنگێکی نەشازیان دروست کرد و بووە ھۆی بێزارکردنی بینەر، یاخود ساتی لە دەرگادان، کە ئەمیش بە ھەمان شێوە زرمە زرمێک بوو نەدەزانرا دەنگی دەرگایە یان دەھۆڵە .

بە بڕوای من ئەوەی باس کرا ھۆکارگەلێک بوون کە نمایشه‌كه‌ بووە ھۆی ماندووکردنی بینەر و لە کۆتاییشدا پەیامی دەرھێنەر نەگەیشت. ھیوادارم ئەم نووسینە وەک لێدان لە نمایشەکە وەرنەگیررێت؛ ھیوای کاری باشتر و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.

 

(بینەر و شانۆ بەشێکی تایبەتە لە دیدی من کە تێیدا بینەرانی نمایشە شانۆییەکان سەرنجی خۆیان بەبێ سانسۆر، دەربارەی هەر نمایشێکی شانۆیی دەخەنە ڕوو)

هاوبەشی بکە

Binar u Shano,