20/04/2024
DidiMn Logo
Top

بینەر و شانۆ: بینەرێکی گەڕۆکی سەرەتا… زۆر سەرەتا بووم

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیمەنێک لە شانۆیی سەرەتا... زۆر سەرەتا | نووسین و دەرهێنانی: شوان کەریم

دیدی من بینەر و شانۆ
شانۆیی: سەرەتا… زۆر سەرەتا
دەرهێنەر: شوان کەریم
شوێن: مۆزەخانەی هونەریی هاوچەرخ
ساڵ: زستانی 2019
بینەر: نەبەز ڕەزا

 

ئەم چەند دێڕە کەمە لە پاش بینینی شانۆیی سەرەتا زۆر… سەرەتا تەنھا و تەنھا دیدی بینەرێکە. بۆ خۆم، بێ لە ئەزموونێکی چکۆلەی بینین، ھیچ تایبەتمەندییەکم لە بواری شانۆدا نییە. بەڵام دیارە (بینەر) لایەکی سەرەکی ئەو ھاوکێشەیەیە کە ھەر شانۆیەک پێک دێنێت.

ھەر لەو ساتەی بلیتی چوونەژوورەوەیان لێ وەرگرتم و چوومە ئەودیو دەرگاوە، ھەستم کرد ئەوە ساتەکانی بەر لە دەسپێکی شانۆکە نییە! بگرە لای من شانۆییەکە لەو ساتەوە دەستی پێکردووە! خۆم لە دۆخێکدا دەبینی لە نێوان دڵەڕاوکێ و چاوەڕوانیدا، ئەوەی پێ دەگوتم کە لە بەردەم چوونەژوورەوەیەکی نەمەتیدا نیم بۆ ناو ھۆڵێکی شانۆیی و پانبوونەوە لەسەر کورسیەک. لەگەڵ یەکەم دیمەن و ھاتنی ئەکتەرەکان، ئەو بەریەککەوتن و دیالۆگانە بۆ بەقسەھێنانی بینەر، ئەوەی پێ دەبەخشیم بینەرێکی تەمەڵ و نێگەتیڤ نیم و بە جۆرێک لە جۆرەکان کارلێکێکی زیاترم ھەیە لە نمایشەکەدا.

ھەر لە سەرەتاوە ئەم نمایشە لە بەردەم پرسی ژیانکردن و گومانکردنێک لە پەیوەندییەکاندا دەرگیرت دەکات. ئەوەی لە سەرەتاوە ھەستم پێ دەکرد ئەو دونیابینییە شۆپنھاوەریە بوو لەگەڵ چوونەپێشەوەی نمایشەکەدا لە گەشەکردندا بوو. ھاتنی منداڵێک بۆ نێو دونیا و ژیان. ھاتوچۆیەکی توند لە نێوان ڕەتکردنەوە و ھەڵبژاردندا بەرھەمی گومانێکی قوڵە لەو شێوە ژیانەی ئینسانی ئەم سەردەمە دەھاڕێت، کە بەردەوام لە نمایشەکەدا لە پرسیارێکی دووبارەدا دەخرایە ڕوو: ئەمە بوو ژیان؟!! ئەو پرسیارە ئەزەلییەی ھەتا دواهەمین سات بەردەوامی دەبێت. لە دوای دیمەنی یەکەم، لە ھەموو دیمەنەکانی دواتردا بینەر لە بەردەم گرفتێکدایە کە گرفتی ھەموان و گرفتێکە لە ئێساتادا، گرفتێک ئەو ھەستەت لەلا دروست دەکات، لە بەردەم نمایشێکدایت پەیامی خۆی ھەیە و لە ھەموو دیالۆگێکدا دەمانباتەوە ناو قولایی کێشەکانی خۆمان. بەلام لەپاڵ ھەموو ئەمانەدا ڕەھەندێکی فەلسەفی و دونابینیەک ھەیە مانایەکی قولتر دەبەخشێت بەو گرفتانە. ڕستێک پرسیار بەردەوام لە سات بە ساتی نمایشەکەدا یەخەت پێ دەگرێت: ژیان چییە؟ چۆن گەیشتینە ئێرە؟! ژیانێکی تر و بە جۆرێکی تر چۆن دەدۆزینەوە؟ بێ ئەوەی پێی بزانین قەفەسێکمان دروست کردووە و ناومان ناوە ژیان! ڕۆتینێکی ترسناک و کافکایی کە سیزفمان بیردێنێتەوە! دەرگیربوون لەگەڵ ئەم پرسیارانەدا وا دەکات لە زۆر ساتی نمایشدا لەو ڕەشبینی و ھێڵە شۆپنھاوەریە بێینە دەرێ و بیر لە چارەسەری تر بکەینەوە.

ماوەتەوە سەر ئەوەی بڵێم ئەوەی لای من تەواو ناوازە بوو، سەرتاپای ئەو بینایەیە و ھەموو سوچێکی بووبووە شوێنی نمایش و تەختەی شانۆ، کە فەزایەکی زۆر و جۆراوجۆری بەخشیبوو بە نمایشەکە. پێشبینیت نەدەکرد دیمەنی داھاتوو دەگوێزرێتەوە بۆ کوێ؟! من لە ھەموو لایەکەوە چاوەڕێی جووڵە و نمایشم دەکرد. لە ھەندێ شوێندا ھەستم دەکرد لە ناوەڕاستی فەرمانگەیەک و لە ڕارەوەکانیدا بە ڕێکەوت کەوتووم بەسەر گفتوگۆی گەرم و گرفتی دوو کەسدا، کە بێ پەردە ئازارەکانی خۆیان ئاشکرا دەکەن! دەرھێنەر بینەرێکی گەڕۆکی دروست کردبوو کە دەبوو خەو نەیباتەوە و ھەموو ساتێک بۆ ھەڵگرتنەوەی کۆدەکان ئامادە بێت. ئەم ھاتوچۆ و گەڕۆکبوونەی بینەر کارێکی کردبوو، چەند شانۆییەکە درێژە بکێشێت تۆ وەک بینەرێک بتوانیت بەرگەی بگریت. لە ساتەکانی بانگھێشتکردنی بینەر بۆ دیمەنی داھاتوو، دیالۆگێک ڕایدەگرتیت و جۆرێک لە شەپۆل و بەیەکداھاتنی لەناو بینەردا دەخوڵقاند کە گۆشەی جاوازی بۆ بینین دروست دەکرد. لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێم، ئەوە زۆرجار ڕووبەری نەبینراوی لەگەڵ خۆیدا دەھێنا! بۆ نموونە، من لە شوێنی خۆمەوە نەمدەتوانی لە ساتی ھەڵدانەوەی ئەلبوومی وێنەکاندا زۆربەیان ببینم، لەوانەیە بتوانرێت لە ڕۆژانی دواتردا بە گوێزانەوەی ئەکتەر بۆ پشتی ستاندەکە چارەسەر بکرێت.

ئەم تێبینیانە بۆ ئەم کارە جوانە کەمن، بەڵام لە بێدەنگی باشترن. دەمێکە نەمتوانیووە بەم جۆرەی ئەمڕۆ کارلێک لەگەڵ شانۆدا بکەم. لەوانەیە کەسانێکی شارەزا لە شانۆدا بتوانن خوێندنەوەی زیاتری بۆ بکەن و بەرچاوڕوونی زیاتر بدەن.
پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە شوان کەریمی دەرھێنەر و نووسەری شانۆییەکە و کۆی ستافی ئەکتەر و ھونەرییەکان دەکەم، دەستتان خۆش بێت، کارێکی باشتان کرد.
لە کۆتاییدا دەڵێم، کاتێک دروست بکە بۆ بینین و بەشداربوون لەم نمایشەدا.

هاوبەشی بکە

Binar u Shano, Sarata Zor Sarata, Shwan Karim,