26/04/2024
DidiMn Logo
Top

خوێنه‌ر و كتێب:”بۆ دۆزه‌خ، ئه‌ی بێگوناهان” وه‌ك شانۆنامه‌یه‌كی كێشه‌یی

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ڕەها حەسەن

‎لە شانۆنامەی (بۆ دۆزەخ، ئەی بێگوناهان) زۆرترین کار لەسەر پەیوەندیی نێوان ”خود و خود” کراوە؛ خود هەم وەک جەللاد و هەم وەک قوربانی. (زیندانی هاوسێی مستەفا: بێگومان هەموان لێرە، بەردەوام بیر لە گوناهی خۆمان و سزای گونجاو دەکەینەوە. دیمەنی دوازدەهەم.) لە کارەکانی تری بەختیار عەلیدا تێبینیی ئەم پەیوەندییە بە بەردەوامی دەکرێت، بەڵام لە هەموو کارەکانیدا جەللاد ئەوی تر بووە، (وەفای ڕەفعەت بەگ قوربانی و لیڤیتانت هۆمەر جەللاد، بەشێک لە زیانلێکەوتوانی ئەنفال قوربانی و سامیری بابلی جەللاد، سەریاسەکان قوربانی و بەعس جەللاد و …هتد)

‎شانۆنامەکە دەکرێت وەک شانۆنامەیەکی کێشەیی* بخوێندرێتەوە، بەو پێیەی کە مامەڵەکە بە تەواوی لەگەڵ کێشەی کۆمەڵگەیەکە، ئەویش ئەوەیە کە تاکەکانی هەست بە گونا‌ه ناکەن. کارەکتەری سەرەکیی ”مستەفا” وەک هەر تاکێکی تری کۆمەڵگەکە لەسەری پێویست دەکرێت کە هەست بە بێگوناهی نەکات، بۆ ئەمەیش زیندان دەکرێت، بۆ ڕزگاربوون دەبێت بیری یەکێک لەو گوناهانەی بێتەوە کە کردوویەتی، خۆ ئەگەریش گوناهی نەکردووە ئەوا پێویستە هەست بکات کە گوناهی کردووە. (مستەفا: نەفرەتیان لێ بێت، چۆن دەتوانم کاری وا بکەم، ئەمە چ جۆرە زیندانێکە؟ چۆن وا بکەم باوەڕ بەوە بهێنن گوایە من هەست بە گوناهێک دەکەم کە نەمکردووە.) بە هەر ڕێگەیەک بێت هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە دەبێت ئاراستە بکرێن بەرەو هەستکردن بە گوناهـ، وەک لەو کاتەی زیندانییەکی تر بە ناوی جەلیل دێتە سەر شانۆ و لەسەر قەرەوێڵەکەی لای چەپی مستەفاوە دادەنیشێت، مستەفا دەبینێت کە کابرا کتێبێکی بە دەستەوەیە، ئەم گفتوگۆیە ڕوو دەدات:

‎مستەفا: ”پاش ماوەیەک بێدەنگی” سەیرە… زۆر سەیرە… ڕێگەیان پێ داویت کتێبت پێ بێت. کتێبی خۆتە یان لێرە لە زیندان وەرتگرووە؟

‎جەلیل: ”کتێبەکەی دادەخات” سەیرە… بەڕاستی زۆر سەیرە… چۆن ئەوە نازانیت؟ هەموو کەس دەتوانێت کتێبێک داوا بکات کە دەیەوێت، بە مەرجێک لەگەڵ ڕێنماییەکاندا بگونجێت.

‎مستەفا: نا لە کوێ بزانم. بەڵام ڕێنماییەکان چین؟

‎جەلیل: تاکە مەرج ئەوەیە، ئەو کتێبانە بخوێنیتەوە کە مرۆڤ وەک گوناهبار وەسف دەکەن. شتیک لە بابەتی قورئانی پیرۆز، تەورات، تاوان و سزای دۆستۆڤسکی، دادگایی کافکا. دیمەنی سێهەم.

‎- دیمەنی شەشەم تا دیمەنی پازدەهەم نایابترین دیمەنەکانی شانۆنامەکەن، کە تێیدا مستەفا هەست بە گوناهی تێدا دروست دەبێت. من نامەوێت هیچ لەسەر ئەو دیمەنانە بڵێم تا لە کاتی خوێندنەوەیدا چێژی تەواوەتی لێ ببینن

‎لە دیمەنی شازدەهەمی شانۆنامەکەدا، لەو کاتەی قۆمیسەر، پیاوی ئایین و جەمیلە لەگەڵ مستەفادا دانیشتوون، باسی ئەوە لەگەڵ مستەفا دەکەن کە پێویستە بە زوویی ئەو سزایە جێبەجێ بکات کە بۆ خۆی بڕیاری لێ داوە، بە هەموویانەوە دەیانەوێت بابەتەکەی لە لا ئاسایی بکەنەوە، پاش ئەوەی هەستی گوناهەکەیان لە لا دروست کرد، ئینجا دەیانەوێت هەستی شایستەبوون بە سزای لە لا دروست بکەن. قۆمیسەر: هەر لێرەوەیە دەوڵەت ئەو مافەی پێ داویت خۆت هەڵبژێریت بە چ ڕێگەیەک دەتەوێت بمریت. چ وڵاتێکی ئازادمان هەیە، بەهـ بەهـ خۆت گوناهی خۆت هەڵدەبژێریت، خۆت شاهیدی سەر خۆت هەڵدەبژێریت، خۆت سزای خۆت دیاری دەکەیت، خۆت چۆنێتیی جێبەجێکردنی سزاکە دەستنیشان دەکەیت. برای هاووڵاتیم، مستەفا. بەختەوەر بە… بەختەوەر بە. من بم لە ناخی دڵەوە هەست بە ئازادی و شادومانی دەکەم. دیمەنی شازدەهەم.

‎لە کۆتا دیمەندا شۆکێک ڕوو دەدات کە بە تەواوی مانا بە دراماکە دەدات، ئەو شۆکە ئەگەر لە هەر جێیەکی تری شانۆنامەکەدا بوایە ئەو گرنگییەی نەدەبوو، بەڵام لە کۆتاییدا، زۆر گونجاو بوو.

ماوەتەوە ئەوە بڵێم کە ئەم شانۆنامەیە وەک دەق تا بڵێی دەقێکی نایابە، بەڵام ئەگەر بێت و بیخەیتە سەر تەختەی شانۆ، ئەوا تایبەتێکی وا نابێت. لە شانۆدا مەودای بەکارهێنانی ستەیج زۆر سنووردارە. لەم شانۆنامەیەدا ترانزیشنی بەینی دیمەنەکان زۆر لەپڕ و نەشاز دەبن لەسەر تەختی شانۆ. بۆ نموونە: لە دیمەنی هەشتەمدا قۆمیسەرەکە و مستەفا لەسەر مێزەکەی پێشەوەی سەر ستەیج دانیشتوون، بەڵام لە دیمەنی دواتر، ڕاستەوخۆ بەم جۆرەی لێ دێت ”ژوورێکی سادەیە، پەردەیەکی ڕەنگاوڕەنگ و پەنجەرەیەکی بچووک لە بەشی پشتەوە دەبینرێن. مستەفا و جەمیلە لەسەر قەنەفەیەک دانیشتوون و لە جێگەیەکی دیکەشدا مێزێکی کەمێک درێژ، وەک مێزی نانخواردن دانراوە.” دەکرێت ئەمە وەک داهێنانێک لە شانۆدا سەیر بکرێت، بەڵام ئەم هەموو گۆڕانکارییەی سەر ستەیج بینەر ماندوو دەکات، لە ڕووداوەکانی دادەبڕێت.

‎*شانۆنامەی کێشەیی، جۆرێکی درامایە کە لە سەدەی نۆزدەوە گەشەی سەندووە، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە دیارەکانی کۆمەڵگە بە شێوازێکی ڕیالیستییانە و بزواندنی بیر و بڕیاری بینەران. ئەلیکساندەر دوماس (١٨٢٤-١٨٩٥) و ئیمی لۆژییە (١٨٢٠-١٨٨٩) بە دۆزەرەوە و ڕابەری ئەم جۆرە شانۆییە دادەنرێن. شانۆنامەی کێشەیی لە کارەکانی هێنریک ئیبسندا زۆرترین ڕەنگدانەوەی هەیە. لە لای ئۆگست سترینبێرگیش هەمان شتە.

هاوبەشی بکە

bakhtyar ali, Theatre,