20/04/2024
DidiMn Logo
Top

چاوپێكەوتن لەگەڵ شێركۆ بێكەس

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

 دیدی من – جهة شعر

سازدانی: سامی داوود –  2012
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئەكبەر حەسەن

– سامی داوود: شیعرنووسین بۆ تۆ جێگەی هەناسەدانی گرتووەتەوە. ڕۆژانە بە كاغەزی سپی و قەڵەمی دار و جگەرەكێشانی بەردەوامەوە لەگەڵیدا دەژیت. ئەم شەیدابوونی ڕۆژانەیە بە شیعرەوە ماندووت ناكات؟
* شێركۆ بێكەس: نەخێر، هەرگیز. نە ماندووێتی و نە بێزاری و نە وەستان. ئەمە مانای ئەوەیە من عاشقی خوێندنەوە و ئاگاداربوون لە تێكستە نوێیەكانم. دووەمیش، من شێتی شیعرنووسینم. ڕۆژانە بە ناو زماندا سەفەر دەكەم. سەفەر بۆ كۆمەڵە جیهانێك دەكەم تەواو جیاوازن لەم جیهانە. ئەوەی لە ناو زماندا دەیبینم و كەشفی دەكەم، لەناو واقیعی ڕۆژانەماندا نایبینم و نایدۆزمەوە. من مەجاز دەنووسم و مەجازییانەش بە وێنە سەفەر دەكەم، ڕووە و جیهانەكانی تر كیشوەرەكان دەبڕم. ئەم شەمەندەفەرە هەڵمییە شیعرییە، ناتوانێت بەبێ دووكەڵی جگەرە بڕوات. لەگەڵ شیعردا هاوسەرگیرم كردووە، ئەمەش لە شەیدابوونی ڕۆژانە زیاترە. بەڵێ جەستە و ڕۆحی ئەم ژنە هەناسەدانی منن. بە قەڵەمی دار دەینووسم، تەنانەت ئەگەر هەڵەیەك بكەم، خێرا دەیكوژێنمەوە، نەوەك وا هەست بكات فەرامۆشی دەكەم. ئەو داڕشتنانەی كە بەدڵم نین، خەتیان بەسەردا ناهێنم، بەڵكو بە ڵاستیك دەیانكوژێنمەوە. هەموو شتێك بە ڕەنگی سپی دەست پێ دەكات، پاشان ڕەنگەكانی تر بە دوایدا دێن. شێتی و خۆشەویستی و شەیدایی. تەنیا شتێك كە دەتوانێت ڕامبگرێت، مەرگە. مەرگ لە هاتنی خۆی ئاگادارم ناكاتەوە، مەرگ كتوپڕ دێت. لەبەر ئەوەی هەرگیز نازانم كەی دێت، لەم نەزانینەدا شتێكی دڵخۆشكەر دەبینمەوە.

– لەو كتێبە هاوبەشەی كە سۆسیۆلۆجیستی فەڕەنسایی ئێدگار مۆران و ستیفن هیسیل نووسیوویانە و ناوی تووڕەبووەكانە، مۆران وای دەبینێت شیعر فریادڕەسی مرۆڤە. مەبەستی مۆران لەمە هونەری شیعر نییە، بەڵكو ئەو ناوەڕۆكە مرۆڤانەیە، كە شیعر بۆ ژیان پێشنیازی دەكات. پێت وایە لەناو ئەم ئاژاوەیەدا كە باڵی بەسەر جیهاندا كێشاوە، شیعر هێشتا دەتوانێت جیاوازییەكی جەوهەری لە ژیانی مرۆڤی هاوچەرخدا بهێنێتە كایەوە؟
* شێركۆ بێكەس: بەڵێ، مەبەستی مۆران ئەو جەوهەرەیە كە لەناو شیعردا هەیە، بەرائەت و پاكی و سەیرورەی بێكۆتای خۆشەویستی. شیعر هاوواتایەكی تری خۆشەویستییە. دەربازبوونی مرۆڤ لە ڕێگەی خۆشەویستییەوەیە. ئاخۆ ئەمە ڕاست نییە؟ ئەوەی مرۆڤ دەكوژێت ڕق و توندوتیژی و توندڕەوییە، كە ڕۆژانە لە شوێنە جیاوازەكانی جیهاندا دەیبینین. ڕۆحی شیعر خۆشەویستی و لێبووردەیی و ئاشتییە. دەربازبوونمان لە ڕێگەی شیعرەوە واتا ڕابوونی بەهاكانی بەرائەت لە ناوماندا. لەبەر ئەوەش، مرۆڤایەتی پێویستی بە جۆرێكی تری گەڕانەوە بۆ منداڵی هەیە، پێویستە بەسەر چاوچنۆكی و دەسەڵاتی ڕەها و ئاڕاستەكردنی خوێناویدا زاڵ ببێت. هەروەك دەزانیت سەرجەم یۆتۆپیا تیۆرییەكان لە مێژوودا تێزی شیعرین. ڕۆحی ئەو جیهانە ناسك و جوانانە لە بنچینەدا لە شیعرەوە وەرگیراون. باوەڕم وایە پاكژترین و جوانترین هەڵوێستە شیعرییەكان ئەوانەن كە لە سەردەمی ڕۆمانتیكی، پاشان سوریالیدا سەریان هەڵدا. ڕۆمانتیزم قوربانیی جەنگە دۆزەخییە گەورەكان بوو. سوریالیزم هات تا دزێوییەكانی ڕیالیزمی دەسەڵاتگەرمان پیشان بدات. ئەوەی گرنگ بوو، تەقاندنەوەی زمان و پێكهێنانی ڕستەی شیعری بوو، هەڵگێڕانەوەی سەرلەبەری زمانی تەقلیدی بوو. بەهەرحاڵ، لێرەدا مەبەست لەم قسەیە خودی شیعر بۆ گۆڕینی جیهان نییە؟ لە جیهانێكی دڕندەی ئاوادا پەپوولەیەك چیی پێ دەكرێت؟

– بەكارهێنانی قەڵەمی دار بۆ نووسین پەیوەندیی بە دۆخی منداڵیی نووسینەوە هەیە، كە خەت بەسەردا هێنان و لابردن جەوهەری نووسینە؟ بۆ ئەوەی دەربكەوێت ئەوەی دەینووسین جوانترین و تەواوترینە؟ یان قەڵەمی دار هەستێكی كێویت بۆ نووسین پێ دەبەخشێت؟ یان پەیوەندیی بە چییەوە هەیە؟
* شێركۆ بێكەس: هەموویان پێكەوە. ئازادیی پەنجەكانم زۆر گرنگە. كاتێك بە قەڵەمی دار دەنووسم، هەست بە سەرشاری و ئازادی دەكەم، بەڵام كاتێك قەڵەمی جاف بە كار دەهێنم و ناتوانم ئەوەی دەمەوێت بە لاستیك بیكوژێنمەوە، ئەو كاتە هەست دەكەم دەستم بەستراوە. هەروەك دەزانیت، من هەرگیز كۆمپیوتەر بە كار ناهێنم، چونكە لە ساتەكانی نووسیندا هەست دەكەم پەنجەی كەسێكی تر دەنووسێت نەك پەنجەی خۆم. بێگومان شاعیر و نووسەر هەن بە كۆمپیوتەر نەبێت، تاقە ڕستەیەكیشیان پێ نانووسرێت. ئەمە پەیوەندیی هەیە بە ڕاهاتن لەسەر بەكارهێنانی شتەكان لە ژیانماندا. لەوانەیە كۆمپیوتەر خێراتر بێت، بەڵام هەروەك دەزانیت، ماوەیەكی زۆری تەمەنم لە لێژاییەكاندا بەسەر بردووە و ناتوانم جارێكی تر بەم شتانەدا هەڵبزنێمەوە. لەبەر ئەوەش بە دەست دەنووسم. هەروەك خۆیشت دەڵێیت، نووسین بە قەڵەمی دار وام لێ دەكات هەست بەو دۆخی منداڵییە بكەم. منداڵی نەمامی یەكەمە، ئێمەش پێویستمان بەو نەمامەیە بۆ ئەوەی شیعری لێوە وەربگرین و ژیان وشك نەبێت. داهێنان پەیوەستە بەو نەمامەوە.

– مەحمود دەروێش لە دواهەمین گفتوگۆیدا دەڵێت: ”ئەگەر بتوانم بگەڕێمەوە بۆ پێشووتر، ئەوا نیوەی ئەوەی نووسیوومە، لەناویان دەبەم“. هەروەها ئەدۆنیس هەرجارێك دەقێك چاپ دەكاتەوە، دایدەڕێژێتەوە. هەمەنگوایش پێش ئەوەی دەقەكەی چاپ بكات، دووبارە و چەندبارە دەستكاریی دەكردەوە، چونكە پێی وا بوو دەق لە پاش چاپبوونی دەبێت بە موڵكی خوێنەر. لای تۆ كەی دەستكاریكردنی دەق دەست پێ دەكات و کەی كۆتایی دێت؟ ئاخۆ دەقی وات هەن هەست بكەیت پێش ئەوەی لە ڕووی هونەرییەوە تەواویان بكەیت، بڵاوت كردوونەتەوە؟
* شێركۆ بێكەس: نازانم مەحمود دەروێش چ كاتێك ئەو قسەیەی كردووە، بەڵام من ساڵانێكی زۆر پێش ئێستا هەمان قسەم كردووە، ڕەنگە بە دەربڕینێكی جیاوازتر، بەڵام بە هەمان مانا. چەند جار دوور لە خاكیبوون و موجامەلەی ئەدەبی ئەو قسەیەم كردووە. من لەو نووسەر و شاعیرانەم تا ئەوپەڕی دەستكاریی دەق دەكەم پێش ئەوەی بینێرم بۆ چاپخانە، بەڵام دوای چاپ هەموو شتێك كۆتایی دێت. ئەو كاتە دەبێت بە موڵكی خوێنەر و ڕەخنەگر. دواهەمین شت كە دەینووسم، بۆ ماوەیەكی زۆر كەم دڵخۆشم دەكات. پاش ئەوە لە بیری دەكەم، وەك ئەوەی بۆ دواجار ماڵئاوایی لێ بكەم. پاش ئەوە هەست دەكەم بێكارم، وەك ئەوەی جاری یەكەمم بێت بنووسم، وەك ئەوەی پێشتر هیچم نەنووسیبێت. لە خاڵی سفری نووسینەوە دەنووسم. پەشیمان نیم لەوانەی پێشتر نووسیومن، ئینجا ئیتر باش بن یان خراپ. ئەمە لە ئەلبوومی وێنەكانم لە قۆناغە جیاوازەكانی تەمەنم دەچێت. هەندێك وێنە هەن، كە دەیانبینم، بە خۆم پێدەكەنم. بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت كە ئەو وێنەیە وێنەی منە كاتێك ئەو كەسە بووم. ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ دواوە، زۆر لە قەسیدەكانمم نەدەنارد بۆ چاپخانە. ئەم مەسەلەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەلەپەلییەی پاڵ بە دەقەوە دەنێت بۆ چاپبوون پێش ئەوەی دۆخی شیعری لای شاعیر لە ڕووی هونەرییەوە پێ بگات، یان هێشتا وێنە هونەرییەكەی تەواو نەبووە، كەچی پەلەی تەواوكردنێتی. پاش نووسینی هەر دەقێك، (هەروەك گوتم) بۆ ماوەیەكی دیاریكراو هەست بە كامەرانییەك دەكەم، پاش ئەوە جارێكی تر دەگەڕێمەوە بۆ تینووێتیی داهێنان. باوەڕم وایە ئەمە نیشانەیەكی ڕووناكە لە ئەزموونی شیعریی مندا، بەوپێیەی بەتەواوەتی دووری خستمەوە لەوەی قایل بم بەوەی نووسیوومە. بە پێچەوانەوە، ئەم تایبەتمەندییە ئەوەی پێ بەخشیم ئاوڕ بۆ دواوە نەدەمەوە و خۆمی پێوە هەڵنەكێشم، بەڵكو هەمیشە ڕووە و نادیار پێش بكەوم، بەرەو ئەو وێنەیەی هێشتا نەمكێشاوە، بەرەو ئەو گۆرانییەی هێشتا نەمچڕیوە. بێگومان دەقەكان هەمان ئاستی هونەرییان نییە، وەك ئەوەی پۆلێك باڵندە بن، پێكەوە بفڕن، بەڵام لە چەند ئاستێكی جیاوازدا. دواجار ئەوەی دەمێنێتەوە، ژمارەیەكی كەمی دەقەكانە، لە میانەی ئەم ژمارە كەمەوە شیعریەت لە هەموو سەردەم و كاتێكدا دەناسینەوە.

– ئایا دەتوانین بڵێین داهێنانی هونەری پەیوەست نییە بە داخزانی بابەت و فۆڕمەوە، بەڵكو پەیوەستە بە مامەڵەكردنی بێهاوتا لەگەڵ بابەت و بێهاوتایی پێكهاتەی تایبەتیی ڕستە؟
* شێركۆ بێكەس: ئەو شیعرەی كە لە ڕووی هونەری و زمانی دەربڕینی باڵاوە لاوازە، پیرۆزیی بابەت، یان هەست و سۆز، یان هیچ شتێكی تر بە فریای ناكەون. زۆر لەو قەسیدانەی بۆ شۆڕشە عەرەبی و كوردییەكان نووسران، لە ڕووی هونەرییەوە شیعری سادە بوون، دواتر زیانیان بە نیشتیمان و شۆڕشەكانیش گەیاند. هەرگیز ئەمە بەو مانایە نییە بابەتەكانی تر قەسیدەی ئاستبەرز دەخوڵقێنن، شیعری تەسەوف بەپێی فۆڕمی كلاسیكی هۆنراوەتەوە، سەرچڵیی هونەری و داهێنانی فۆڕمی تێدا نییە، بەڵكو هەر لە شێوەی هۆنینەوەی ئاسایی شیعردا مایەوە. ئەوەی گرنگە، زمانی دەربڕ و كارامەیە لە ڕووی هونەرییەوە.

– لە دەقەكانتدا چەند ژانرێكی ئەدەبی دەژین و دەتوێنەوە. لە دەقی شاعیرەكانی تردا پاش چاپكردنی چەند دیوانە شیعرێك, تێبینیم كردووە مەیلێكی گەورە هەیە بۆ ڕستەی درێژ و گێڕانەوەی ڕیواییانە، هەروەها پڕكردنەوەی هەندێك بۆشایی تێكستییانە بە پێكهاتەی هزری، كە وا دەردەكەون وەك ئەوەی دەقەكەیان پینە كردبێت و بە زۆر ئاخنرابنە ناو گوتەی شیعرییەوە، بەبێ ئەوەی لە ڕووی هزرییەوە شوێنی خۆیان لە كۆنتێكستی شتە گوتراوەكەدا وەرگرتبێت. پێت وایە دەرئەنجامی گوتەی شیعری ڕستەی گێڕانەوەیی درێژە؟
* خۆت باش دەزانیت من ماوەی بیست ساڵێكە دەقی شیعریی درێژ و دەقی كراوە دەنووسم. ئەمەی دواتریان، بەپێی پێناسەی من، لە تەنها ژانرێكی دیاریكراو پێك نایەت، بەڵكو لە چەند ژانرێكی ئەدەبیی جیاواز لەناو هەمان دەقدا پێك دێت. شیعر و چیرۆك و پەخشان و شانۆشی تێدایە. هەندێكیان بۆ زمانی عەرەبی وەرگێڕدراون، لە ناویاندا دیوانی كورسی كە خۆت وەرتگێڕاوە و دار المدى لە دیمەشق ساڵی 2007 چاپی كردووە. هەندێك دەقی تریشم هەر بۆ زمانی عەرەبی وەرگێڕدراون. باوەڕم وایە دەقی كراوە دەقی ئایندەی شیعرە.

– شیعر هەستكردنمان بە شتەكان لە جیهاندا زیاد دەكات. هەر بۆیە دەبینیت شاعیر ماندووە و ڕەنگی پەڕیوە، وەك ئەوەی مەرگ شوێنی كەوتبێت. تۆ كە ڕۆژانە شیعر دەنووسیت، چۆن بەرگەی واقیع دەگریت بە هەموو ڕەقییەكانیەوە؟ ئاخۆ سەرقاڵبوونی ڕۆژانەت بە نووسینی شیعرەوە ڕێگەی تۆیە بۆ ئەوەی بە هۆی واقیعەوە نەمریت هەر وەك نیتشە؟
* شێركۆ بێكەس: شیعر بە سروشتی خۆی هەستەكییە، شوێنی شیعر لە جوگرافیای جەستەدا هەستەكانە. بەم مانایەش، شاعیر بە هەستناسكییەكەیەوە لە جۆلانەیەك دەچێت، كە لە سەردەمێكی ئاوادا بەسەر دۆزەخدا جۆلانێ بكات. ئەم جۆلانەیە بە دەوری خۆیدا دەهەژێت، تا كەمترین جووڵە، تا هێواشترین چرپە. شاعیر گەڵایەكی پایزیی درەختێكی گەورەیە و دڵڕەقیی جیهان سروشی پێ بەخشیوە. لەبەر ئەوەش شاعیر پابەندە بە مرۆڤبوونی خۆیەوە (پێویستە پابەند بێت) وەك ئەوەی بەرپرسیار بێت لە كوژرانی هەر باڵندەیەك، ژاكانی هەر گوڵێك و كوێركردنەوەی هەر كانییەك لە هەموو شوێنێك. پێویست ناكات شاعیر لە نیشتیمانێكی دیاریكراودا بێت و هەر لەوێدا عەشقەكەی و بەرپرسیارێتییەكەی كۆتایی بێت. چاوی منداڵانی جیهان نیشتیمانی شاعیرە، ڕشتنی هەر دڵۆپێك خوێن لە جیهاندا شاعیر بریندار دەكات، بەڵام هەموو شاعیرەكان مرۆڤ نین. پێم وایە نووسەران و شاعیران بەسەر دوو دەستەی سەرەكیدا دابەش دەبن: دەستەیەكیان دەقی داهێنەرانە دەنووسن و هیچ ناكۆییەك لەسەر گرنگییەكەی نییە، بەڵام مرۆڤ نین. بەو مانایەی داهێنانەكانیان لەگەڵ هەڵوێستە ئینسانییەكانیاندا یەك ناگرێتەوە. لە مێژوودا نموونەی زۆری ئەم دەستەیە بەدی دەكەین، وەك ئیزرا پاوەند، جۆن شتاینباك، موحەممەد ماغوت. موحەممەد ماغوت بە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات دەستی پێ كرد، بەڵام بە لایەنگریی دەسەڵات كۆتایی پێ هێنا، هەڵوێستی لە ئاستی دۆزی كورددا نامرۆییانە و تەنانەت ناڕۆشنبیرانەش بوو. ماغوت ڕووی كردە بیركردنەوەیەكی سەیر. خۆت دەزانیت هەندێك شاعیر پەسنی سەدام حسێنیان كرد هەتا دواساتی ژیانی، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێزێكیان بۆ كەرامەتی قوربانییەكانی هەبێت. لەولای ترەوە داهێنەری مرۆڤمان هەیە، كە دەستبەرداری پابەندییە ئینسانییەكەیان نەبوون و زۆرینەن. ئەم نووسەر و شاعیرانە چ لە ڕووی هونەری و چ لە ڕووی ئەخلاقییەوە داهێنەرن. تا دواهەناسەی ژیانیان پێداگرییان لەسەر ئازادی كرد و خەباتیان بۆ كرد. باوەڕم وایە داهێنەری ڕاستەقینە بەم جۆرەیە. ئەم ڕۆژگارە ناخۆش و خوێناوییەی كە میلەتی سووریا پێیدا تێدەپەڕێت، چی بەو نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانە بڵێین كە لایەنگری دیكتاتۆر بوون؟ بەراورد بەو هونەرمەندەی كە دژی ستەمكارەكە وەستایەوە و لە ئاكامدا قوڕگیان هەڵدڕی؟ وەڵامەكە بۆ خۆیان جێ دەهێڵم… باوەڕم وایە ڕەنگپەڕیوویی شاعیر ماندووبوونیەتی بە هۆی ئەو توندوتیژی و تاڵییەی كە واقیعی لێوڕێژ كردووە. لە مێژوودا تێبینیی ئەوە كراوە ژیانی شاعیر وەك دۆخی پێچەوانەی ئەو تاوانبارانە بووە، كە دەستیان بە خوێنی داهێنان سوور بووە، بەڵام ئەمە چارەنووسی ئێمەیە، دەبێت ڕووبەڕووی واقیع ببینەوە و توندوتیژییەكەی پیشان بدەین، هەوڵ بدەین جوانتری بكەین. نووسینی ڕۆژانە جۆرێكە لە بەرگری. دوورخستنەوەی مەرگ نییە لە خودی خۆم، بەڵكو بۆ بەرگریكردنە لە جوانی و ئازادی لە هەموو شوێنێك. مردن و مانەوەی من گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە وشەی جوان و باش بژیی، گرنگ ئەوەیە لەم جیهانە توندوتیژەدا ئازادی سەربڵند بێت.

– پێت وایە كام شاعیری دوورگەی عەرەبی لە تۆوە نزیكترینە؟
* هەندێك شاعیری دوورگەی عەرەبی (چ ژن چ پیاو) بەرهەمی شیعریی خۆیان بۆ ناردووم و خۆشم ویستوون، بەڵام دیارترین و نزیكترین شاعیری دوورگەی عەرەبی كە لە ناوەندی ڕۆشنبیری كوردیدا جەماوەرێكی گەورەیان هەیە: قاسم حەداد و سەیف ئەلرەحبین.

– سەردانی دوورگەی عەرەبیت كردووە؟ هیچ ئێوارە شیعرێكت ساز كردووە؟
* بەڵێ بێگومان. ئەگەر دەرفەتی گونجاوم بۆ بڕەخسێت، پێم خۆش دەبێت و شەرەفمەند دەبم سەردانی دوورگەی عەرەبی بكەم و لە ئەنجومەنی ڕۆشنبیراندا گوڵبژێرێك لە قەسیدەكانم بخوێنمەوە. خۆشحاڵ دەبم ئەگەر ئێوارەی شیعری لە نێوانماندا هەبێت. لە ڕێگەی هەندێك هاوڕێوە بیستوومە شیعرەكانم لە دوورگەی عەرەبیدا خوێنەری زۆریان هەیە.

– چی لەبارەی ئەم وشانەوە دەڵێیت:

پەنجەرە؟
* چاوی تر لە ژیانماندا

– گیا؟
* ژێی بێكۆتایی زەوی.

– دروشم؟
* هاوارە پێویستەكانی مێژوو.

– ئاوێنە پەرتبووەكان؟
* یادەوەرییە مردووەكان.

هاوبەشی بکە

Interview, Sherko Bekas,