25/04/2024
DidiMn Logo
Top

چیرۆكی ماکاریۆ

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

نووسینی: خوان ڕۆلفۆ
لە ئەڵمانییەوە: ساسان

لەپاڵ جۆگەکە دانیشتووم و چاوەڕێم، تاوەکو بۆقەکان دەڕپەڕنە دەرێ، دوێنێ. کاتێک نانی ئێوارەمان دەخوارد، دەستیان کرد بە هاوارکردنێکی زۆر، تاوەکو دەمەوبەیانی دەیانقیڕان. دایەنەکەم دەەڵێت، قیڕەی بۆقەکان خەوەکەی زڕاندووە، ئەمڕۆش حەز دەکات بنوێت. هەر بۆیە منی ناردووە تاوەکو لە پاڵ جۆگەکە دابنیشم و پارچە تەختەیەک بە دەستمەوە بگرم، تاوەکو سەری هەر بۆقێکی پێ پان بکەمەوە، کە یەتە دەرەوە و دەیەوێت لەم ناوە هەڵقون هەڵقون هاتوچۆ بکات.

بۆقەکان بە تەواوی سەوزن، تەنها سەر سکیان نەبێت.

 بۆقە دێمییەکان ڕەشن، چاوەکانی دایەنەکەشم ڕەشن. بۆقەکان دەکرێنە خواردن، بەڵام بۆقی دێمی نا، بەڵام مرۆڤ بۆقی دێمی ناخوات، خەڵکی نایخۆن بەڵام من دەیانخۆم، تامەکەیان تەواو تامی بۆق دەدەن. فلیپا لای وایە خواردنی بۆقی دێمی خراپە.

فلیپا چاوەکانی سەوزن، هەر وەکو چاوانی پشیلە. فلیپا لە مەتبەخ خواردنم پێ دەدات، هەر کاتێک بمەوێت شتێک بخۆم. ئەو حەز ناکات کە من ئازاری بۆقەکان بدەم، بەڵام ئەگەر واش بکەم! چارە چییە، دایەنەکەم ئەمنێرێت. فلیپام پێ خۆشترە وەک  لە دایەنەکەم، بەڵام دایەنەکەم پارە لە باخەڵی دەرئەهێنێت، تاوەکو فلیپا هەموو خواردنێک بکڕێت. فلیپا بەردەوام هەر لە مەتبەخە و خواردن بۆ  هەرسێکمان دروست دەکات، لەو کاتەوەی کە من دەیناسم ئەو هیچ شتێکی تر ناکات. شۆردنی قاپ و حاجەتەکان ئیشی منە، هێنانی داری سووتان، تاوەکو لە ئاگردانەکەدا ئاگری پێ بکەمەوە، ئەوەش کاری منە. پاش دابەشکردنی خواردنەکە لە لایەن دایەنەکەمەوە. کاتێک خۆی لە نانخواردن بووەوە، بە دەستی دەیکات بە دوو بەشەوە، بەشێکیان بۆ من و ئەوی تریان بۆ فلیپا، بەڵام هەنێک جار فلیپا ئارەزووی خواردنی نییە، ئەوکات هەردوو بەشەکە بەر من دەکەوێت. هەر بۆیە فلیپام خۆش دەوێت، چونکە من بەردەوام برسیمە و هەرگیز تێر نابم، ئەو کاتانەیش کە لە بەشەکەی ئەویش دەخۆم. لەگەڵ ئەوەی کە وا باوە، کە هەر کەسێک بە نانخواردن تێر دەبێت زۆر باش دەزانم، کە من تێر نابم، لەگەڵ ئەوەی هەرچیم بدەنێ، هەمووی دەخۆم. فلیپاش ئەمە باش ئەزانێت.

خەڵک لە کۆڵان دەڵین، کە من شێتم، چونکە بەردەوام برسیمە. دایەنەکەم بۆ خۆی گوێی لێ بوو، کە خەڵکی وا دەڵێن. من خۆم گوێم لێ نەبووە. دایەنەکەم ناهێڵێت بە تەنها بڕۆمە کۆلان. کاتێک بۆ چوونەدەرەوەش ڕێم پێ دەدات، لەگەڵ خۆیدا دەمبات بۆ کڵێسا، تاوەکو گوێم لە ڕێوڕەسمی خواپەرستی بێت. لە پاڵ خۆیدا دامدەنیشێنێت و بە سەرێکی سەرپۆشەکەی دەستەکانم گرێ دەدات، بەڵام ئەو دەڵێت ئەگەر وا نەکات لەگەڵمدا، ئەوە من شتی شێتانە دەکەم. جارێکیان خەڵک وایان زانی من دەمەوێت کەسێک بخنکێنم، کاتێک قوڕگی ژنێکم بە تووندی گرت، بەبێ هیچ هۆیەک، هەر ئاوا. من ئەمەم بیر نایەتەوە ئەگەر واش بێت، دایەنەکەم دەڵێت ئا، کە من شتی وا دەکەم، ئەویش درۆ ناکات. کاتێک بۆ نانخواردن بانگم دەکات، بەشەکەمم پێ دەدات. نەوەکو وەکو خەڵکی تر، کاتێک بانگم دەکەن، تاوەکو لەگەڵیاندا بخۆم، کاتێکیش لێیان نزیک دەبمەوە، بەردم تێ دەگرن، منیش دەبێت ڕا بکەم و بێ ئەوەی خواردن یان شتێکی ترم دەست بکەویت. نا، دایەنەکەم باش هەڵسووکەتم لەگەڵدا دەکات. هەر بۆیە حەز دەکەم لەگەڵ ئەودا بم. جگەلەوەش فلیپا لێرە دەژی، فلیپاش زۆر باشە لەگەڵمدا. هەر بۆیە خۆشم دەوێت. شیری فلیپا شیرینە وەکو گوڵەهێرۆ. شیری بزنم خواردووەتەوە و شیری بەرازیش، بەڵام شیری ئەو هێندەی شیری فلیپا بەتام نییە. وا ئێستا ماوەیەکی زۆرە کە ئەو شتەم بۆ مژین پێ نادات کە لەلای پەراسووەکانمانەوە هەمانە، ئەگەر کەسێک باش بەکاری بهێنێت، شیرێکی لێ یەتە دەرەوە کە زۆر خۆشترە لەو شیرەی کە دایەنەکەم یەک شەممان بۆ نانی بەیانیان پێمان دەدات. جاران فلیپا هەموو ئێوارانێک دەهاتە ئەو ژوورەی کە من لێی دەخەوم، لە پاڵمدا ڕادەکشا، خۆی دەدا بەسەر مندا یاخود تەواو خۆی بە منەوە دەلکان. ئینجا خۆی ئامادە دەکرد تاوەکو من ئەو شیرە شیرین و گەرمە بمژم کە بە تەوژم بەسەر زمانمدا دەڕژا. زۆر کات کە برسیمە، گوڵەهێرۆ دەخۆم، شیری فلیپاش هەمان تامی هەیە، هەر بۆیە تەنها ئەوەم پێ خۆشترە.

کاتێک فلیپا ڕێی پێ دەدام بیخۆمەوە، لەو کاتانەدا ختووکەی هەموو گیانمی دەدا. زۆربەی کات پاش ئەوە خەوی لێ دەکەوت و تاوەکو بەیانی لە لای من دەمایەوە، ئەمەش زۆر هەستێکی خۆشی پێ دەدام، چونکە لەوەودوا سەرما هیچ کاری تێ نەدەکردم و چیتر ترسم لێ نەدەنیشت بچمە دۆزەخەوە، ئەگەر شەوێک بمرم و تەواو تەنیا بم.

هەندێک کات هیچ جۆرە ترسێکی ئاوهام لە دۆزەخ نییە، بەڵام هەندێک جار ترسم هەیە. هەندێک کەڕەت خۆشیم دەداتێ ئەگەر خۆمی پێ بتۆقێنم، کە شەوێک لەناکاو بچمە دۆزەخەوە، چونکە کەللەیەکی ئەوەنە ڕەقم هەیە و حەزەکەم بیدەم بە هەر شتێکدا کە لەو چرکەیەدا لە بەردەممدایە، بەڵام لەو کاتەدا فلیپا دەردەکەوێت و ترسەکەمم لێ دوور دەخاتەوە. بە دەستەکانی ختووکەم دەدات، بە لێزانینی خۆی ترسم لە مردن دەڕەوێنێتەوە کە بەردەوام هەمە. بۆ ماوەیەکی زۆر بیرم دەچێتەوە، کاتێک فلیپا ئارەزووی هەیە بێت بۆ لام، پێم دەڵێت کە ئەو هەموو گوناهەکانم بۆ خوا دەگێڕێتەوە. کە بەم زوانە دەچێتە ئاسمان لەگەڵیدا قسە دەکات و لێی دەپاڕێتەوە، کە لە هەموو گوناهەکانم خۆش ببێت کە هەموو گیانمی لە سەرمەوە تاوەکو نووکەپێمی تەنیوە. ئەو لێی دەپاڕێتەوە تاوەکو چیتر خەمم نەبێت. هەر بۆیە ئەو هەموو ڕۆژێک دەچێت بۆ کڵێسا و لەبری من دان بە تاوانەکانمدا دەنێت. نەوەک لەبەر ئەوەی خۆی گوناهبارە، بەڵکو لەبەر من، چونکە من لە ناوەوە بە گوناه تەنراوم. تاوەکو ئەم بەشەرەم لە ناوەوە بکاتە دەرەوە. هەر بۆیە لەبری من دان بە تاوانەکانمدا دەنێت. هەموو تاقە ڕۆژێک، هەموو تاقە دوانیوەڕوانێکی تاقە ڕۆژێک، بۆ هەموو ژیانی، ئەو چاکەیەم لەگەڵدا دەکات. فلیپا وا دەڵێت.

هەر بۆیە من زۆرم خۆشەوێت، لەبەر چاومدا شتێکی بێوێنەیە، ئاوها کەللەسەرێکی ڕەقت هەبێت. کە دەتوانم بە سەعات بیدەم بە قەراخی دیواری ناو داڵانەکەدا، کەللەسەریشم هیچ هەست بە خۆی ناکات، بەرگە دەگرێت و هیچی لێ نایەت. ئینجا دەیکێشم بە عەرزەکەدا. سەرەتا بە ئەسپایی، پاشان قایمتر، ئینجا دنگ دنگ دەکات وەک تەپڵێک. تەواو دەنگی تەپڵی هەیە، تەواو وەکو دەنگی تەپڵ، کە لەگەڵ فلووتدا دەنگی دێت، کاتێک فلووتەکە لە ئاهەنگی مەسیحی خواوەندمان دەژەنرێت. منیش لە کڵێساکە دانیشتووم و دەستەکانم بە دایەنەکەمەوە بەسراوەتەوە و لە دەریشەوە دنگ دنگی تەپڵەکە دەبیسترێت. دایەنەکەم دەڵێت، لە ژوورەکەم قالۆنچە و سیسرک و دووپشک هەیە، چونکە لە دۆزەخدا دەسوتێنرێم، ئەگەر دەست لەم شێتییە هەڵنەگرم، کە بەردەوام سەر بە زەویدا بکێشم. بەڵام من تەنها حەز دەکەم گوێم لە دەنگی تەپڵ بێت و هیچی تر. دەبێت ئەوە بزانێت، لە کاتێکدا لە کڵێسەکە دانیشتووم، چاوەڕوانم خێرا بڕۆمە دەرەوە و تا ببینم چۆن دەکرێت لەو دوورەوە دەنگی تەپڵەکە ببیسترێت، لەناو کڵێساکەوە و بەسەر شوێنی وەستانی قەشەکەشەوە.

”ڕێگەی شتە چاکەکان پڕە لە ڕووناکی/ڕێگەی شتە خراپەکان پڕە لە تاریکی.” ئەمە قەشەکە وا دەڵێت. کاتێک هەڵدەسم و لە ژوورەکەم دەڕۆمە دەرەوە، هێشتا دنیا هەر تاریکە. شەقامەکە گسک دەدەم و دووبارە دەگەڕێمەوە ژوورەکەم، پێش ئەوەی ڕووناکیی ڕۆژ لێم بدات. لەسەر شەقامەکە شت ڕوو دەدات، خەڵک هەیە، زیاد لەوەی هەیە، بەرد دەگرنە سەرم، هەر ئەو کاتەی کە دەمبینن، بەردی گەورە و تیژ لە هەموو لایەکەوە دەبارێت. پاشان دەبێت کراسەکەم بدوورنەوە و چەند ڕۆژێک چاوەڕوان بم، تاوەکو برینی سەر دەموچاو یاخود سەر ئەژنۆم ساڕێژ دەبن. دووبارە دەبێت تاقەت بگرم، کە یەکێک لە دەستەکانم دەبەسترێتەوە، چونکە زۆر بە خێرایی برینەکە هەڵدەکەنم و خۆێنی لێ دێت. لەگەڵ ئەوەی تامی خوێن خۆشە، بەڵام تامەکەی وەکو شیری فلیپا نییە. هەر بۆیە بەردەوام لە ماڵەوە دەمێنمەوە، تاوەکو کەس بەردم تێ نەگرێت.

دوای نانخواردنیش، دەرگەی ژوورەکەم بە باشی لەسەر خۆم قەپات دەکەم، تاوەکو گوناهەکان نەمبینن، کاتێک دەبینن کە تاریکە، مۆمیش ناسوتێنم، تا نەبینم کە سیسرکەکان لە کوێوە بە مندا هەڵدەگەڕێن. بە بێدەنگی ڕادەکشێم، هەر کاتێک هەستەکەم، کە سیسرکەیەک بە پێیە زبرەکانی بە ملمدا هەڵدەگەڕێت، یەکێکی پێدا دەکێشم و پانی دەکەمەوە، بەڵام مۆمەکە پێ ناکەم، چونکە لە لایەن گوناهەکانمەوە دەبینرێم کە بە مۆمەکەوە بە دوای سیسرکەکاندا ئەگەڕێم. کە لەژێر بە تانییەکەمەوە سنگەخشێیانە. سیسرکەکان وەکو دەمەقاچان شەقەیان لیوە هەڵدەستێت، کاتێک پانیان دەکەیتەوە، بەلام بۆ کوولە، ئەوەیان نازانم، کە ئەویش شەقەی دێت یاخود نا. من هەرگیز کوولە ناکوژم. فلیپا دەڵێت کوولەکان بەردەوام دەنگەدەنگیان دێت، هیچ کاتێک بۆ هەناسەدانیش لە زیکەکردن ناکەون، تاوەکو هیچ کەسێک گوێی لە هاواری ڕۆحەکان لە بەرزەخ نەبێت. هەر کاتێک هیچ کوولەیەک نەما، ئەوکات دنیا پڕی بێت لە هاواری ڕۆحە پیرۆزەکان، ئێمە لە ترسانا لێیان هەڵدێین. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر حەز دەکەم گوێ هەڵخەم و زۆر بە باشی گوێم لە زیکزیکەی کوولە بێت. لە ژوورەکەمدا زیکزیکە زۆرە، هەرچەندە لەناو پێخەفی خەوەکەمدا زیکزیکە زۆرترە وەک لە سیسرکە، دووپشکیشی لێیە. جارجارە لە بنمیچەکەوە دەکەونە خوارەوە و منیش لە ترسا دەبێت هەناسەم ڕابگرم تاوەکو دووبارە خۆیان دەگەیەننە سەر زەویەکە، چونکە هەر کاتێک دەستێکم یان هەر ئێسکێکم بجوڵێنم، ڕاست هەست بە سووتانەوەی پێوەدانەوە دەکەم.

ئێشی زۆرە. جارێک فیلپا دانەیەک بە ستییەوەی دابوو. ئەگریا و لەسەرخۆ هاواری دەکرد و لە حەزرەتی مریەم دەپاڕایەوە، تاوەکو سمتی تووشی هیچ زیانێک نەبێت، منیش تفێکم کردە سەر شوێنی ئازارەکەی و بۆم هەڵئەگڵۆفی. تەواوی شەو من بە تف شوێنەکەیم بۆ هەڵئەگڵۆفی. پاش ماوەیەک کە بینیم کە هەوڵەکەی من چاری ناکات، هەوڵم دا بە گریان بە چاوەکانم یارمەتی بدەم، هێندەی لە توانامدا بوو. بەهەرحاڵ باشترە لە ژوورەکەمدا بمێنمەوە وەک لەوەی لەسەر شەقام بم و سەرنجی ئەو کەسانە بۆ لای خۆم ڕابکێشم کە حەز دەکەن بەرد بگرنە خەڵکی. لێرە هیچ کەسێک دەستم بۆ نابات. دایەنەکەم هیچ سەرزەنشتم ناکات کاتێک دەمبینێت کە گوڵەهێرۆکان، یاخود هەنارەکان دەخۆم. ئەو باش دەزانیت کە من چۆن خراپ سەرم کردووەتە سەر خواردن. ئەو باش دڵنیایە کە بەردەوام برسیمە. باش دەزانێت کە هیچ بەشەخواردنێک ورگم پڕ ناکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی بەردەوام لێرە و لەوێ خەریکی بردنی هەر شتێکم کە بۆ خواردن بشێت. ئەو دەزانێت کە من ئەو نۆکە نەرم کراوەیە دەخۆم کە دەیدەم بە بەرازە قەلەوەکان، وشکە گەنمەشامییەکانیش دەخۆم کە دەیدەم بە بەرازە سیس و لاوازەکان. هەر بۆیە ئەو باش دڵنیایە کە چ جۆرە برسێتییەکم هەیە. لە بەیانیان زووەوە تاوەکو تاریکی شەوان. هەر بۆیە تا ئەو کاتەی لەم ماڵەدا خواردن هەبێت، تا ئەو کاتە لێرە ئەمێنمەوە. پێشم وایە ئەو کاتەی هیچی تر ناخۆم، ڕاست دەمرم. زۆر بە دڵنیاییەوە دەچمە دۆزەخەوە. لەوێندەرێش بە دڵنیاییەوە کەس نییە ڕزگارم بکات، فیلیپاش ناتوانێت، کە چەندە باشە لەگەڵمدا. هەتا ئەو دوعایەش نامپارێزێت، کە دایەنەکەم بە دیاری پێی داوم و بە ملمەوەی کردووە. ئێستا من لە پاڵ جۆگەلەکەدا دانیشوتووم و چاوەڕوانم، تاوەکو بۆقەکان بێنە دەرەوە. هەموو ئەو کاتەیش کە قسەم دەکرد، هیچ کامیان نەهاتوونە تەدەرێ. ئەگەر زۆرتر بخایەنت، بێشک دەڕۆم دەخەوم، دواتر زۆر زەحمەت دەبێت بۆم کە بیانکوژم، کاتێکیش دایەنەکم قیڕەقیڕەکەیانی بەر گوێ دەکەوێت، بە هیچ جۆرێک ناتوانێت خەو بێتە چاوەکانی و تووڕەش دەبێت. ئەوکات داوا لە یەکێک لە فرەشتەکان دەکات کە لە ژوورەکەیەتی کە شەیتان بنێرێت تاوەکو من بە نەفرەت بکات. ئەوساکە بەبێ ئەوەی بە بەرزەخدا تێپەڕێت، نەدەتوانم باوکم و نە دایکم ببینم، چونکە ئەوێ ئەو جێگەیەیە کە ئەوانی لێن. باشتر وایە بەردەوامبم لە قسەکردن. زیاتر حەزم لێیە قومێک لە شیری فلیپا بخۆمەوە، کە بە هێندەی ئەو هەنگوینە شیرینە کە لەژێر گووڵەهێرۆکانەوە تێزاون.  

سەرچاوە

Das Lied Des Feuers
Lateinamerikanisches Lesebuch
Herausgegeben von Wolfgang Eitel
Serie Piper

هاوبەشی بکە

macario, Short story,