25/04/2024
DidiMn Logo
Top

چیرۆكی “تەرمی گەڕۆك”

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – گۆران ڕەسووڵ

سەرەتا بڕیار درا تەرمەکان دوو دوو بخرێنە ناو گۆڕێکەوە، دواتر کران بە سێ سێ. هێواش هێواش شوێن نەدەما و ئەوانەشی کە تەرمەکانیان دەناشت فریای کات نەدەکەوتن، بەجۆرێک لیستی ناشتنی تەرمەکان تا کۆتایی هەفتە داڕێژرابوو. بڕیار دەرچوو کە تەنیا ئەو تەرمانەی کە دەناسرێنەوە، بنێژرێن. دواتر بڕیاری نوێ، تەنیا ئەوانەی بەلایەنی کەمەوە دەستێک و قاچێکیان پێوە مابێت. بڕیاری نوێتر، تەنیا ئەوانەی دوو دەست و قاچێک، یان دوو قاچ و دەستێکیان پێوە ماوە. دوا بڕیار، ئەو تەرمانەی کە هەموو ئەندامانی جەستەیان ساغن، تەنیا ئەوان دەبێ بنێژرێن.

هەواڵی هەفتەیەك ئاگربەست بڵاوكرایه‌وه‌! بەڵام هێشتا تاو نا تاوێک دەنگی گوللـە و هاوەن بەردەوامیان بە میلۆدی جەنگ دەدا، ئەو جەنگە نزیکەی دە ساڵە وەک موزیکژەنێکی خراپ ئاوازی وێرانکارییەکی درێژ دەژەنێت. ئاگربەست بۆ ئەوە نەبوو تاکو هەردوو به‌ره‌ لەپێناو ڕاگرتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ کۆببنەوە. بەڵکو تەرم شوێنی بۆ ژیان، بۆ گۆڕستان، تەنانەت بۆ شەڕکردنیش نەهێشتبووەوە.

دەستی چەپی کە تۆز و خۆڵ ڕەنگی گۆڕی بوو، خستبوویە سەر نێوچەوانی و بە چاوێکی نیمچەکراوەوە سەیری تەرمەکەی بەر دەمی دەکرد. براکەی کە دوو ساڵ لە خۆی گەورەتربوو، هەر دوو دەستی لەم لا و لەو لای کەمەری دانابوو، دۆشداماو کە دەبێ ئێستە چی لە تەرمی دایکیان بکەن. کەمتر لە بیست و چوار کاتژمێر پێش ئەوەی لەسەر جەستەی سڕبووی دایکیان، بێ هیچ جوولەیەک و بە هەناسەی پڕ بۆنی گۆشتی گەنیووی ناو شارەکە، بووەستن، سێ هاوەن خانووێکی بەسەر شەش کەسدا ڕووخاند. دایکێک و دوو برا، لەناو بنمیچی ڕووخاوو و دیواری داتەپیوو و پەنجەری وردوخاشی خانووێکدا ڕزگاریان بوو و بەرەو کۆڵان و شەقامی پڕ مرۆڤی مردوو هەڵاتن.

بەدەم سڕینەوەی تۆز و خۆڵی ناو پرچ و دەموچاویان پێی گوتن:

“بە هیچ شێوەیەک دەستم بەرنادەن، بەڵام ئاگاتان لە شوێنپێکانتان بێت، گوناهە نابێ پێ بەسەر مردوودا بنێی”. هەناسەیەکی هەڵکێشا و هەر خێرا بە کورتی دایەوە “هەر بگەینە ئەوبەری شار، زۆرمان نامێنێت دەرباز دەبین”. لەگەڵ گوتنی وشەی دەرباز دەبین، بە بزەیەکی ساختەوە سەیری ناو چاوی هەردووکیانی کرد.

دووكه‌ڵی جه‌نگ، نه‌ك هه‌ر ئاسمان، ته‌نانت ڕه‌نگی شاره‌كه‌شی كردبوو به‌ خۆڵه‌مێشی، كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی به‌ ئه‌سته‌م ده‌یانتوانی شه‌و ڕۆژ له‌یه‌ك جیا بكه‌نه‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌شێكیان خه‌ڵوز بشۆنه‌وه‌ و به‌شێكی تریان بیابان گسك بده‌ن، دووكه‌ڵ و ته‌پوتۆز سه‌رتاپای شاره‌كه‌ی ته‌نیبوو‌.

گەیشتبوونە ئەوبەری شارەکە، تەنیا چەند کۆڵانێک مابوو کە لە مەترسییە گەورەکە ڕزگاریان بێت. گوللـەی قەناسێک، لەوکاتەی کە بە دەستی چەپی کوڕە ١٣ ساڵانەکە و بە دەستی ڕاستیشی کوڕە ١٥ ساڵانەکەی گرتبوو، کەللـەسەری پێکا.

(ئێمە سەردەکەوین)، لەسەر ئەو دیوارەی کە تەرمی دایکیان لا دانابوو و خۆیان بە بێ هیواییەوە به‌رانبه‌ری دانیشتبوون، وەها نووسرابوو. بەڵام تەنیا دوو برا کە یەکێکیان ١٥ ساڵ و ئەوەی تریان ١٣ ساڵ بوو مابوونەوە، ئەوانەی تر هەموویان بەبەرچاویانەوە لە بن پێیەکانیان کەوتبوون.

ئەم شۆکبوونەیان بۆ ئەوە نەبوو کە لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا، باوک و خوشكێكیان و ئێستەش داکیان بەبەرچاویانەوە مردوون، بەڵکو ئەم شەپۆلی تارماییە زۆر لە تەمەن و خەیاڵی ئەوان گەورەتربوو. هەردووکیان زیاتر لە سێ بەشی تەمەنیان لەناو جەنگدا بووە، ڕۆژانە کوشتن و وێرانبوون دیمەنی سەرەکی ناو ئەندێشەیان بووە. بەڵام ئێستە خەیاڵیان چەقیوو لەوەی کە چی لە جەستەی دایکیان بکەن.

وەک ئەوەی لەپڕ شتێکی بیرکەوتبێتەوە، چاکەتە تەنکە خۆڵاوییەکەی داکەند و خستییە سەر دەموچاوی دایکی، بەجۆرێک کە سینگیشی دابۆشێت. ئینجا بە برا بچووکەکەی گوت: “نابێ هەروا لێرە بین، دەبێ شتێک بکەین.” وەک ئەوەی کە خوێنی هەرزەکاریی لەناو جەستەیدا شەپۆلی ئازاییەتی بدات، قۆڵی براکەی گرت و گوتی “هەستە، دەبێ بگەڕێینەوە، گەڕانەوە تاکە چارەسەرە، من هیچ کۆڵان و شەقامێکی ئەم بەشەی شار لێکناکەمەوە، بۆیە ناتوانین هیچی تر بڕۆین، باشترە بگەرێینەوە ماڵی خۆمان.” کە زانی بڕیاری برا گەورەکەی تەنیا چارەسەرە و ترس ڕێگەیان نادا هیچ هەنگاوێکی تر بۆ دەرچوون لەم شارە بنێن، سەری خستە سەر قاچە خوێنتێزاوەکانی دایکی و لە پڕمەی گریانی دا.

“هەستە دەی، هەستە، وەک منداڵ مەگرییە، خۆ بە تەما نیم دایکمان لێرە جێبهێڵێن، لەگەڵ خۆمان دەیبەین.”

وشەی “لەگەڵ خۆمان دەیبەین” بەجۆرێک ئارامی کردەوە، ئیتر ئەندێشە ساکارەکەی بیری بۆ ئەوە نەچوو کە چۆن دوو مێردمنداڵ دەتوان بەناو ئەم هەموو فیشەک و ئاگر و مەیتەدا، جەستەی قورسی دایکیان هەڵبگرن و بگەڕێنەوە ماڵەکه‌یان!

“لێرەبە، بزانم شتێک نادۆزمەوە.” دوای چەند خولەکێک کە ئەمەی بە برا بچووکەکەی گوت، دەرگەیەکی دار کە بەشێکی بە دووکەڵ ڕەش بووبوو، بەدوای خۆیدا ڕای دەکێشا. دەرگەکەی لە تەنیشت جەستەی دایکیدا دانا و بە هەناسەبڕکێوە گوتی: “دەی، لاقەکانی بخەسەر دەرگەکە.” لەگەڵ جوولاندنی جەستەی دایکیان بۆ سەر دەرگەکە، چاکەتە تەنکە خۆڵاوییەکە لەسەر ڕووخساری نەما. گوللـەکە بەر سەرووی چاوی ڕاستی کەوتبوو، بە شێوەیەک کە هەوڵی دابێت لەلای ڕاستی کەللـەی سەرییەوە دەربچێت و بەڵام چەقیبێت. چاکەتەکەی خستەوە سەر دەموچاوی، بەر لەوەی بە براکەی بڵێت “دەبێ هێز بدەیە خۆت و لەگەڵ من بتوانین دایکمان هەڵبگرین و بگەڕێینەوە”، کراسەکەی دایکی کەمێکی تر هێنایە خوارەوە بۆ ئەوەی تەواو قاچەکانی دابپۆشێت، وەک ئەوەی شەرم بێت لە کۆڵانێک کە پڕە لە مرۆڤ، ئینجا زیندوو یان مردوو، قاچی دایکیان ڕووت بێت. ئەسمەرێکی باڵا مامناوەند بوو، جەنگ و برسییەتی ئەو و هەموو ئەوانەی تریشی لە برسان لاواز کردبوو. شەوی بەر لە داڕمانی خانووەکەیان، بە هەر سێكیانی گوت (ئێمە سەردەکەوین)، باوکیشیان هەمان کات گوتی دایکتان ڕاست دەکات، سەردەکەوین، ئینجا هەموومان گۆشتن و قەڵەو دەبین.

ئەوەی کە ڕوون نەبوو بۆ هەموویان، وشەی (ئێمە) بوو. مەبەست لە ئێمە بۆ ئەوان هیچ یەک لە بەرەکانی جەنگ نەبوو، خەڵکیش لەم گوزارشتەدا هیچ هەوڵێکی نییە، تا سەرکەوتن بەرهەمی بێت. بەڵام کە دایکیان سەری بەرزکردەوە بۆ میچی ژوورەکە کە بۆ ڕۆژی دواتر بەسەریاندا ڕووخا، بەوە دڵیان ئاهی هاتەوە بەر کە خوا لە پشت ئەو (ئێمە)یەوە هەیە کە بڕیارە بەسەر ئەم کوشتار و جەنگەدا سەرکەوێت.

هەر چەند مەترێک دەرۆیشتن، دەبوایە پشوویەک بدەن، دوو مێردمنداڵ کە لە شەو و رۆژێکدا خانووەکەیان بەسەردا ڕووخا، باوک و خوشکێكیان لەژێر بلۆک و بەرد و شووشەدا جێهێشت و هەر بە پێ، بەسەر سەدان تەرمدا و لە ترسی گوللـە شانیان بە شانی دیوارەکاندا دەدا بۆ دەربازبوون لە شارێکی گڕگرتوو، چۆن دەتوانن وا ئاسان تەرمی قورسی دایکیان هەڵبگرن!

ئەم هەفتەیەی ئاگربەست بۆ ئەوەی هەموو تەرمەکان لەناو ماڵ و کۆڵان و شەقامەکانی شار کۆبکرێنەوە و بنێژرێن، کەم بوو. تەنانەت لەناو ئاگربەستەکەدا، لەسەر ئەو زەوی و شوێنانەی کە دەکرا مردووەکانی لێ بخرێتە ژێر خاك، شەڕ لە نێوان دانیشتوانی شارەکە دروست بوو. خەڵک بۆ ئەوەی بتوانن هەموو تەرمەکان، بە وانەشی کە ناناسرێنەوە/دەستێک یان قاچێکیان ماوە/دەستێک و قاچ یان دوو قاچ و دەستێکیشیان ماوە، لەم هەفتەیەدا بنێژن، بە یەک دەنگیی بڕیاریان دا کە مردووەکان بخنە ناو ئەو ڕووبارەی کە شارەکەی کردبوو بە دوو بەش.

دوای سێ كاتژمێر له‌ ڕۆیشتن و پشوودان و گریان و ماندووبوون، گه‌یشتنه‌ لای ئه‌و پرده‌ی كه‌ هه‌ر دوو به‌شی شاره‌كه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌سته‌وه‌. هه‌ر دوێنێ، چه‌ند هاوه‌نێك، وه‌ك شاره‌كه‌، پرده‌كه‌یان كردبوو به‌ دوو به‌شه‌وه‌. پیاوێك كه‌ بینی دوو مێردمنداڵ ته‌رمێكیان خستووه‌ته‌ سه‌ر ده‌رگه‌یه‌كه‌وه‌ و به‌ هه‌ناسه‌ته‌نگییه‌وه‌‌ هه‌نگاو ده‌نێن، بانگی كه‌سێكی تری كرد و ”وه‌ره ئێره‌،‌ با یارمه‌تی ئه‌وانه‌ بده‌ین. “ هه‌ردووكیان له‌ناو خه‌می په‌ڕینه‌وه‌ و گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ ماڵه‌كه‌یاندابوون كاتێك دوو پیاو، یه‌كێكیان له‌ لای برا بچووكه‌كه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی تریان له‌لای برا گه‌وره‌كه‌وه‌ ده‌ستیان برد بۆ هه‌ڵگرتنی ته‌رمه‌كه‌.

”ئه‌مه‌ ژنه‌، كوا هیچ قوماش، نایلۆن یان شتی تری لێ ماوه‌؟“ ئه‌و پیاوه‌ی لای خواره‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ بوو وای گوت. ئه‌و ته‌رمانه‌ی كه‌ له‌ ڕه‌گه‌زی نێربان، وه‌ك خۆیان ده‌خرانه‌ ناو ڕووباره‌كه‌وه‌، به‌ڵام مێینه‌كان، له‌ هه‌ر ته‌مه‌نێكیش بان، ده‌بوایه‌ به‌ر له‌ فڕدانیان بۆ ڕووباره‌كه‌، شتێكیان لێ پێچرابووایه‌.

”وازبێنه‌، چی ده‌كه‌ی، ئه‌مه‌ دایكی ئێمه‌یه‌. “ به‌ده‌م سه‌یركردنی برا بچووكه‌كه‌یه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ به‌ پیاوه‌كه‌ی تر نه‌دا ته‌رمی دایكیان هه‌ڵبگرێت، هاواری به‌سه‌ر پیاوه‌كه‌ی تردا كرد.

”ئه‌ی بۆچی هێناوتانه‌ بۆ ئێره‌ كه‌ ناتانه‌وێ كه‌س یارمه‌تیتان بدات! “كاتێك یه‌كێك له‌ پیاوه‌كان ئه‌وه‌ی گوت، ئه‌وه‌ی تریان به‌ سه‌ربادان و گاڵته‌وه‌ گوتی ”دیاره‌ ده‌یانه‌وێ بیپه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌وبه‌ر. “

تا پرده‌كه‌ نه‌ڕووخابوو، به‌شێك له‌ خه‌ڵكی باكوری شاره‌كه‌، ته‌رمه‌كانیان به‌ شاراوه‌یی و دزییه‌وه‌‌ ده‌برده‌ به‌شه‌كه‌ی تر، له‌وێ شوێنی لا به‌ لا هه‌بوون بۆ ناشتنی مردوو. زۆربه‌ی جار ئه‌و زیندووانه‌ی كه‌ له‌ هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی مردووێك بوون، خۆیان ده‌كوتنه‌ به‌ر ڕێژنه‌ی گولله‌ یان هاوه‌نێك ئه‌وانیشی ده‌خسته‌ ناو لیستی مردووانه‌وه‌.

ده‌ماره‌كانی ملی ده‌رپه‌ڕیبوون له‌و كاته‌ی كه‌ به‌ گریانه‌وه‌ هاواری كرد: ”خانووه‌كه‌مان به‌سه‌ر باوكم و خوشكێكماندا ڕووخاوه‌، ده‌مانه‌وێ دایكیشمان ببه‌ینه‌وه‌ ئه‌وێ. “

وه‌ك ئه‌وه‌ی هاواره‌كه‌ ته‌نیا له‌ناو ناخی خۆیدا بێت، خه‌ڵكه‌كه‌ وا پیشانیان نه‌دا كه‌ گوێبیستی بوون. ته‌نیا ژنێك كه‌ هه‌مان له‌شولاری دایكیانی هه‌بوو و سه‌رتاپا ڕه‌شی پۆشی بوو، به‌ره‌و ڕوویان ڕۆیشت.

ده‌ستی خسته‌ سه‌ر شانی هه‌ردووكیان و گوتی:

”چه‌ند شه‌وێك له‌مه‌وبه‌ر خه‌ونێكم بینی. سه‌دان ماسی، له‌ حه‌وزێكدا سه‌رئاو كه‌وتبوون، له‌ فه‌رشێكی تازه‌ی بریقه‌دار ده‌چوون. ئه‌مه‌ ئه‌م ڕووباره‌یه‌، هه‌ر سه‌عاتێكی تره‌ وه‌ك حه‌وزی ماسییه‌كان، ڕووباره‌كه‌ پڕ ده‌بێت له‌ ته‌رم. ئه‌وكاته‌ ده‌توانن به‌سه‌ر ته‌رمه‌كاندا بپه‌ڕنه‌وه‌ ئه‌وبه‌ر. “ 

”ئاخر دایكم گوتی گوناهه‌‌ نابێ پێ به‌سه‌ر مردوودا بنێی! “ وه‌ك منداڵێكی گوێڕایه‌ڵ، برا بچووكه‌كه‌ی به‌ژێر لێویه‌وه‌ و به‌ خه‌مبارییه‌وه‌ وای گوت.

”به‌ڵام ئه‌گه‌ر مردووه‌كه‌ له‌ناو ئاودابێت گوناه نییه‌، چونكه‌ ده‌بێت به‌ ماسی. “ژنه‌ی خه‌ونبین به‌ بزه‌وه‌ وای پێگوتن.

قاچیان له‌ناو خوێناو و ماسی سه‌رئاوكه‌وتوودا نوقووم بووبوو، له‌ دوو كه‌شتیوانی لێهاتوو ده‌چوون كه‌ ململانێ له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌ گه‌وره‌كانی ده‌ریا ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت به‌سه‌ر هێزی ده‌ریادا زاڵبن.

”كوا ماڵه‌كه‌مان؟ كوا ماڵه‌كه‌مان؟“

به‌ر له‌وه‌ی یه‌كێك له‌ براكان به‌ ده‌نگێكی كز و هه‌نسكی گریانه‌وه‌ ئه‌م پرسیاره‌ بڵێ و له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ دووباره‌ی بكاته‌وه‌، هه‌موو كۆڵان و شوێنكی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌یان ته‌نی بوو بۆ ئه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌یان بدۆزنه‌وه‌. له‌ ڕاستییدا ئه‌مه‌ چی تر گه‌ڕه‌ك نییه‌، ده‌شتێكه‌ له‌ كۆنكریت و شیش و ئاسن و بلۆك.

ته‌رمی دایكیان هه‌ر ده‌هات قورستر و ئه‌وانیش بێهێزتر. هه‌ر ئه‌و ژنه‌ی كه‌ خه‌ونه‌كه‌ی خۆی بۆ گێڕابوونه‌وه‌، پارچه‌یه‌ك قوماشی بۆ هێنابوون و له‌ ته‌رمی داكیان لوول دابوو. به‌ڵام په‌نجه‌كانی ده‌ستی ڕاستی دایكیان له‌ناو قوماشه‌كه‌ هاتبووه‌ ده‌ره‌وه‌ و ڕه‌ش ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕابوون. له‌و كاته‌ی برا بچووكه‌كه‌ی به‌ نه‌رمی ده‌ستی به‌ په‌نجه‌ ڕه‌شهه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانی دایكیدا ده‌هێنا، ئه‌و له‌ پڕ بلۆكێكی هه‌ڵگرت.

دواتر بلۆككی تر، ئینجا بلۆكی شكاو و پارچه‌ی تر. هه‌موویانی كۆكرده‌وه‌ و هێواش هێواش شوێنگۆڕكی پێ ده‌كردن. به‌ شێوه‌یه‌ك ڕێكی خستن و به‌ده‌م ده‌ست ته‌كاندنه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ دواوه‌ و سه‌یرێكی بلۆك و پارچه‌ ڕێكخراوه‌كانی تری كرد. ئه‌مه چه‌ند‌ بلۆكێكی یه‌كێك له‌ لا دیواره‌كان بوو كه‌ تێیدا نووسرابوو )ئێمه‌ سه‌رده‌كه‌وین(.

”ده‌بێ دایكمان بنێژین. “

هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی گوت و ئاماژه‌یه‌كی بۆ برا بچووكه‌كه‌ی كرد كه‌ لایه‌كی ده‌رگه‌كه‌ هه‌ڵبگرت.

به‌ نیازی ئه‌وه‌ی له‌و باخچه‌ ڕووته‌ڵانه‌ی یه‌كێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی ده‌وروبه‌ریان، داكیان بنێژن، ڕۆیشتن. گه‌یشتن به‌ ده‌روازه‌ی باخچه‌یه‌كی دیوار ڕووخاو، كه‌سێك له‌به‌ر ده‌رگه‌ی باخچه‌كه‌ ڕای گرتن.

”ئه‌مه‌ دایكمانه‌ ده‌مانه‌وێ لێره‌ بینێژن. “

”خۆ ده‌ناسرێته‌وه‌؟ هیچ یه‌ك له‌ ده‌ست یان قاچێكی له‌ده‌ست داوه‌؟ هیچ ئه‌ندامكی جه‌سته‌ی له‌ ده‌ست داوه‌؟“

”ته‌نیا گولله‌یه‌ك به‌ر سه‌ری كه‌وتووه‌. “

”باش، ئه‌ی ئێوه‌ له‌ خۆڵپه‌رسته‌كانن یان ئاوپه‌رست؟“

برا گه‌وره‌كه‌ بێ ئه‌وه‌ی بزانێت ئه‌وان له‌ كامه‌ په‌‌رسته‌كانن، به‌ڵام چونكه‌ ئه‌وه‌ی دوایی بیرمابوو، گوتی له‌ ئاوپه‌رسته‌كانین.

”ئێره‌ به‌س خۆڵپه‌رسته‌كانی لێ ده‌نێژرێت. ده‌ی بڕۆن. بڕۆن بۆ چه‌ند كۆڵانێك له‌ولاتر، حه‌وشه‌ی قوتابخانه‌یه‌ك كراوه‌ به‌ شوێنی ناشتنی مردوو، به‌ڵكو له‌وێ شوێن هه‌بێت. “

پاڕانه‌وه‌ و گریان سوودی نه‌بوو، ناچار له‌وێ ڕۆیشتن. كه‌ به‌ ته‌نیشت باخچه‌كدا تێپه‌ڕبوون له‌سه‌ر دیواره‌كه‌ی به‌ خه‌ڵوز نووسرابوو (ئێمه‌ سه‌رده‌كه‌وین).

”خۆ ده‌ناسرێته‌وه‌؟ هیچ یه‌ك له‌ ده‌ست یان قاچێكی له‌ده‌ست داوه‌؟ هیچ ئه‌ندامكی جه‌سته‌ی له‌ ده‌ست داوه‌؟“ (كه‌سێك له‌ ده‌روازه‌ی قوتابخانه‌كه‌، له‌و كاته‌ی له‌ گۆشه‌ی جیاوازه‌وه‌ سه‌یری ته‌رمه‌كه‌ی ده‌كرد، ئه‌م پرسیارانه‌ی لێیان كرد)

”ته‌نیا گولله‌یه‌ك به‌ر سه‌ری كه‌وتووه‌. “

”باش، ئه‌ی ئێوه سه‌ر به‌ سوورپۆشه‌كانن، یان شینپۆشه‌كان؟“

ئه‌مجاره‌ش كه‌ نه‌یده‌زانی ئه‌مان چین و سه‌ر به‌ كامه‌ ڕه‌نگه‌ن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ بژارده‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژارد. به‌وه‌ی كه‌ له‌ جاری یه‌كه‌م كه‌سی خۆڵپه‌رست، سه‌ره‌تا گوتی خۆڵپه‌رسته‌كان. بۆیه‌ گوتی ”ئێمه‌ له‌ سوورپۆشه‌كانین. “

وه‌ك ئه‌وه‌ی دایكه‌كه‌ش گوێی لبێبێت، به‌سه‌ر هه‌ر سێكیاندا هاواری كرد: ”ئێره‌ به‌س ته‌رمی پیرۆزی شینپۆشه‌كانی لێده‌نێژرت، ته‌رمی سوورپۆشه‌ پیسه‌كان نابێت بچێته‌ ناو ئه‌م خاكه‌وه‌. “

له‌گه‌ڵ هاواره‌كه‌یدا، چه‌ند كه‌سێك له‌ناو قوتابخانه‌كه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌ردووبراكه‌ له‌ ترسان، بێ گوێدانه‌ ماندووبوون، ته‌رمی دایكیان هه‌ڵگرت و شوێنه‌كه‌یان جێهێشت.

”ئێمه‌ خۆشمان نازانین له‌ خۆڵپه‌رسته‌كانیان یان ئاوپه‌رست، له‌ شینپۆشه‌كانیان یان سوورپۆشه‌كان، ته‌نیا ده‌مانه‌وێت ته‌رمی دایكمان بنێژن. ناتوانین و نازانین له‌ كوێ دایبنێین. “ كاتێك برا بچووكه‌كه‌ی به‌ كوڵ ده‌گریا، ئه‌و ئه‌مانه‌ی به‌ چه‌ند كه‌سێك گوت كه‌ له ‌لێواری كه‌ندێك ڕاوه‌ستابوون.

”خۆ ده‌ناسرێته‌وه‌؟ هیچ یه‌ك له‌ ده‌ست یان قاچێكی له‌ده‌ست داوه‌؟ هیچ ئه‌ندامكی جه‌سته‌ی له‌ ده‌ست داوه‌؟ “ (سێ له‌و كه‌سانه‌، هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ دوای یه‌كدا ئه‌و پرسیارانه‌یان كرد)

”ته‌نیا گولله‌یه‌ك به‌ر سه‌ری كه‌وتووه‌. “

” باش، ئه‌ی ئێوه لاینگری…

كۆتایی
______
تێبینی: ئەم چیرۆکە براوەی خەڵاتی دووەمی بەشی چیرۆکە لە بیست و چوارەمین فێستیڤاڵی گەڵاوێژ.

هاوبەشی بکە

Galawej, Goran Rasul, Short story,