25/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئیدیس پیاف: یەک چرکەشم بیر نایە کە عاشق نەبووبێتم

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان

ئەم گفتوگۆیەی خوارەوە لە بنەڕەتدا بۆ بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی بە ناوی دیسکۆراما لە ٢٠ی جەنیوەری ١٩٦١دا ئەنجام دراوە و تێیدا ئیدیس پیاف قسە لەبارەی خۆشەویستی و ئەلبوومە نوێیەکەی (ئەوکاتی، ئۆڵۆمپیا) دەکات.

ئیدیس پیاف || ١٩١٥- ١٩٦٣
فۆتۆگرافه‌ر: ڕۆجه‌ر ڤایۆلێت

 

ئەگەر هەموو گۆرانییەکانت بێنین و لە کتێبێکدا کۆیان بکەینەوە، ئاخۆ دەبنە ڕێبەر و دەرسێک لەبارەی خۆشەویستییەوە؟
بەڵێ، دەبنە دەرسێک لەبارەی خۆشەویستییەوە، ڕێک بەو جۆرە.

ئایا ئەوە هەموو شتێکە لەبارەی خۆشەویستییەوە؟
بەڵێ، هەموو شتێک… پێم وا بێ.

هیچ چەشنە ڕەچەتە و میتۆدێک نییە تا گۆرانییەکی عاشقانەی پێ بنووسیت، زۆر ئاسانە بەڵام دەکرێ پێم بڵێی بێ سێ و دوو نووسینی گۆرانییەکی عاشقانە چیی پێویستە؟
پێم وابێ هەردوو کۆمپۆزەرەکەش و گۆرانینووسەکەش دەبێ لە ژیانی حەقیقیی خۆیاندا عاشق بن. ئەگەرنا ناتوانن گۆرانییەکی عاشقانە بنووسن.

ئێ ئەمە وتمان گۆرانینووسەکە دەبێ عاشق بێ، ئەی کاتێ گۆرانی دەڵێی، ئاخۆ تۆ گۆرانیبێژێکی باشتریت کە عاشقیت؟
سا دەبێ بڵێم کە من هەمیشە عاشقم. یەک چرکەشم بیر نایە کە عاشق نەبووبێتم.

گۆرانییەکی عاشقانە دەبێ بە تەواوی گوزارشت لە عەشق بکات…
بەڵێ دەبێ وا بێ. پێم وایە ئەوانەی چیتر گوێ بە عەشق نادەن خۆیان تەواو نین. ئەوانەشی کە پاشەکشەیان کردووە بە بیانووی ئەوەی ئێش و ئازاریان چەشتووە لە پێشتردا ئەوا ئەوانیش عاشقی ڕاستەقینە نین.

هیچ شتێکی تر بەراورد ناکرێ بەوەی کە عەشق پێی بەخشیوویت، وا نییە؟
بەڵێ ڕێک وایە. تەنانەت ئەگەر ئیشێکی مەزنیشت هەبێ، ئیشێک کە بێتەوە لەگەڵ هەستی قووڵ و بەتینی تۆدا. ئەگەر هیچ کەست نەبێ لەگەڵتدا بەشی بکات، ئەوکات ئیش دەبێتە شتێکی بێکەڵک. کەس ناتوانێ بێ (ئەوی دیکە) هەڵبکات.

ژاک پریڤێ لەبارەی مەترسی و ئازاری ڕووبەڕووبوونەوەی عەشقەوە قسە دەکات. ئایا تۆش هاوڕای دیدگای ئەویت؟
لام وایە کە عەشق هەموو ڕوخسارەکان لە خۆیدا هەڵدەگرێ.

لە ئیشی ئەمساڵتدا، هەشت گۆرانی لە گۆرانییەکانت هیی هەمان نووسەرن، چارڵس دومۆنت…
کۆمپۆزەر نەک نووسەر.

هەمان کۆمپۆزەر. نازانم ئاخۆ بە هەڵکەوت بووە یان نا، بەڵام پێم وایە ئەمساڵ گۆرانییەکانت ڕەنگێکی دیکەیان گرتووە، ڕەهەندێکی دیکە. شتێک کە گۆرانییەکانی پێشووترت نەیانبووە…
بەڵێ ئەو قسەیە تەواوە. کاتێک چارڵس دمۆنت و میشێل ڤاوکێری یەکەمین گۆرانییان بۆ هێنام (”نا، لە هیچ شتێ پەشیمان نیم.”) بۆ من وەک شۆک وا بوو وەک ئەوەی دەبێت هەموو شت بسڕمەوە و لە سەرەتایەکی نوێوە دەست پێ بکەم. بە شێوەیەکی سەرەکی لە گۆرانییەکانی چارڵس دومۆنتدا، ئەگەر هەستت بەوە کردبێ کە من بەدوای چیدا دەگەڕێم. شتێکی خۆش بوو، کۆمپۆزەرەکە یارمەتیی دام سەرەتایەکی نوێ بخولقێنم. ئەوە کۆمەکی گۆرانینووسەکانی پێشتریشی کردم کە هێشتاش هەر گۆرانیم بۆ دەنووسن، لەوانە میشێل ڕیڤێگوشی کە هاوشانی چارڵس دومۆنت ئیشی دەکرد. ئەوان توانییان بە ڕێگەیەکی نوێ بنووسن، ئاڕاستەیەکی نوێ کە زیاتر لەگەڵ من گونجاوە وەک لەوانەی پێشوو.

هاوبەشی بکە

Edith Piaf, Hazhar Osman,