23/04/2024
DidiMn Logo
Top

بە بۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونیەوە، نامەیەکی دڵشکاوانەی سیمۆن دی بۆڤوار

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان

(ئەم نامەیە کە سیمۆن دی بۆڤوار لە ساڵی ١٩٥٠دا نووسیویەتی، هیی ئەو کاتەیە کە لە لای ئاڵگرین و لە شیکاگۆوە دەگەڕێتەوە پاریس)

من لە غەمگینییەکی وشکدا باشترم وەک لە تووڕەییەکی سارد، هێشتاش چاوم هەر بە وشکی ماوەتەوە، وشک وەک ماسییەکی برژاو و بەچیلکەبووی سەر خەڵووز، بەڵام دڵم چەشنی تێکەڵەی شیر و هێلکەیە لە ناوەوە.
[…]
غەمگین نیم، زیاتر وڕم. زۆر دوورم لە خۆمەوە. ڕاستییەکەی هەتا ئێستاش باوەڕ بە دووریت ناکەم، بەوەی زۆر دوور بیت، تۆ زۆر نزیکیت. پێش ڕۆیشتن دەمەوێ تەنیا دوو شتت پێ بڵێم، دوای ئەوە ئیتر قەت لەبارەی ئەو مەسەلەیەوە هیچ ناڵێم، بەڵێن بێ. یەکەم، زۆر هیوا دەخوازم، دەمەوێ و زۆریش پێویستمە جارێکی دیکە بتبینمەوە، ڕۆژێک لە ڕۆژان. بەڵام، تکات لێ دەکەم، لەبیرت بێ، هیچ کات داوای بینینەوەت لێ ناکەمەوە – ئەمە لە لووتبەرزییمەوە نییە، کە هیچ کات لەگەڵ تۆدا نەمبووە، خۆت ئەوە باش دەزانیت، بەڵام یەکبینینەوەمان تەنیا ئەو کاتە مانا دەدات کە بە تاسەیەوە بیت. سا بۆیە، چاوەڕوانم. هەر کات بە تاسەیەوە بوویت و ئاواتت بۆی خواست، تەنیا بیڵێ. بەو جۆرە تێناگەم کە سەرلەنوێ عاشقم بوویتەتەوە، تەنانەت بەو جۆرەیش تێناگەم کە مەبەستتە لەگەڵم بخەویت، هەروەتر ئێمە ناشبێ چیتر ئەو ماوە زۆرە پێکەوە بمێنینەوە. بەڵام ئەم ماوەیە بەردەوام پەرۆشی ئەوەم هەواڵپرسیم بکەیت. نا، ناتوانم وا بیر بکەمەوە کە جارێکی دیکە ناتبینمەوە. ئەڤینتم لەکیس چووە و بەئازار بوو، بەڵام ناکرێ تۆ لەدەست بدەم. نێڵسن، هەرچۆنێک بێ، تۆ زۆرت پێ بەخشیوم، ئەوەی تۆ بە منت بەخشیوە مانای زۆرە، کە قەت نابیتەوە خاوەنی. دوای ئەوەیش نەرمونیانی و هاوڕێیەتیت زۆر بەبەها بوون، کە هێشتاش بە هۆیەوە هەست بە گەرمی و دڵخۆشی دەکەم و بە ڕق و تووڕەییەوە سوپاست دەکەم، کاتێک لە ناوەوەمدا سەیرت دەکەم. بە جدی هیوادارم ئەم نەرمونیانی و هاوڕێیەتییەت قەتاوقەت سایەیان لەسەرم دوور نەبێ. ئەوانە بۆ من، کە دەمەوێ شتێ بڵێم سەرم لێ دەشێوێ و هەست بە شەرم دەکەم، دەی تەنیا هەقیقەتێکی ڕاستە: ڕێک هەمان ئەو خۆشەویستییەی ئەو کاتانەم بۆت هەیە کە دەهاتمە مابەینی قۆڵە هیوابڕەکانتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە کە بە تەواوی بوونمەوە و بەو دڵە پۆخڵەیەمەوە، ناتوانم لەوە کەمتر خۆشم بوێی کە خۆشم ویستوویت. بەڵام شیرینم ئەم نامەیە وەڕزت نەکا، لەبەر ئەوە نامە مەنووسە کە دەبێ وەڵام بدەیتەوە، تەنیا کاتێ کە هەستێکی لەم شێوەیەت هەبوو؛ وەختێ دەزانیت ئەو نامەیەی دەینووسیت زۆر دڵخۆشم دەکات، نامە بنووسە.
دەی، وشەکان توڕەهاتانە دێنە پێشچاو. زۆر نزیک دیاریت، زۆر نزیک، لێگەڕێ با منیش نزیکت بم. لێشم گەڕێ، وەک چۆن لە ڕابردوودا لێم دەگەڕای، لێگەڕێ با تا هەتایە لە دڵی خۆمدا بمێنمەوە.

سیمۆنی خۆت

هاوبەشی بکە

Hazhar Osman, nama, Simone De Beauvoir,