18/04/2024
DidiMn Logo
Top

منداڵی سه‌رده‌م: گۆڤارێك بۆ بونیادنانی فیكری هاوچه‌رخ

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم هەر لە سەرەتاکانی دروستبوونییەوە لە ساڵی ١٩٩٨ تا ئەمڕۆ چەندین هەوڵی گرنگی هەیە لە بواری چاپکردنی زنجیرە کتێب و گۆڤار و بڵاوکراوە ڕۆشنبیرییەکاندا، یەکێک لە پرۆژە گرنگەکانی دەزگای ناوبراو بریتییە لە گۆڤاری منداڵانی سەردەم کە لە ساڵی ٢٠٠٦ دا یەکەم ژمارەی لێ چاپ و بڵاو کرایەوە، تا ئەمڕۆ بەشێوازی جیا جیا بەردەوامە و لە مانگی ١ی ٢٠٢١ دا ژمارە ١٢٤ی بڵاوبووەتەوە. ئەم گۆڤارە مانگانەیە و تایبەتە بە منداڵی تەمەن ٦-١٢ ساڵان. گۆڤاری منداڵانی سەردەم ماوەی ١٥ ساڵە بەردەوامە.

دەربارەی ناوەڕۆکی گۆڤارەکە، هەڵکەوت عەبدولڵا سەرنووسەری گۆڤاری منداڵانی سەردەم بۆ دیدی من گوتی: ” گۆڤارەکە تا ژمارە ١٩ نووسین و وەرگێڕانی بڵاودەکردەوە، بەڵام لەوە بەدواوە بووە گۆڤارێکی تایبەت بە منداڵان، بەڵام لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە. هۆکاری ئەوەش دوو دانە بوو: یەکەم: نەبوونی نووسەری منداڵی شارەزا لە پەروەردەکردنی هاوچەرخدا. دووەم: نەبوونی نیگارکێشی شارەزای بواری منداڵ کە وێنەی هەموو بابەتەکان بکێشێت.”

ناوبراو سەبارەت بۆ چۆنییەتی چاپکردنی گۆڤارەکە لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ، گوتی: “گۆڤارەکە سەرەتا بە ٥٢ ڵاپەڕەی ڕەنگدار و بە ئاڕت بڵاودەبووە، بەڵام لەبەر قەیرانی دارایی لاپەڕەکان کەمکرایەوە بۆ ٤٨، ئینجا ٤٤ و دواتر ٤٠ لاپەڕە. هەروەها لەبەر قەیرانەکە بە دیجیتاڵ بڵاودەکرێتەوە و داونلۆدی بە خۆڕایی و ئازادانەیە بۆ هەموو کەسێک.”

گوتیشی: “جگە لە گۆڤارەکە، زنجیرەی کتێبی منداڵی سەردەممان بڵاوکردووەتەوە کە تا ئێستا ٨٤ دانەی لێ بڵاوبووەتەوە (٥٤ بە کاغەز چاپکراوە) و (٣٠ دانەیەکیش بە دیجیتاڵ) لەم سێ ناونیشانە: www.scribd.com  و  https://en.calameo.com و https://sardem.org

لە ئێستادا گۆڤاری منداڵانی سەردەم، مانگانە بە شێوازی چاپی دیجیتاڵی لەڕێگەی پێگەی فه‌رمی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ـەوە https://sardem.org بڵاو دەکرێتەوە و بێبەرامبەر دەتوانن ژمارە کۆن و نوێکانی دابگرن.

بنەماکانی کارکردنی گۆڤاری منداڵانی سەردەم:
* بڕوابوون بە ڕێژەییبوونی حەقیقەت و ڕەنگدانەوەی لە بابەتەکانیدا
* بایەخدان بە فەرەڕەنگی نیگارکێشان و خۆنەبەستنەوە بە یەک جۆرەوە.
* بایەخدان بە پێداویستییەکانی منداڵ لە ڕووی ئەقڵی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و جەستەییەوە.
* خۆ بەدوورگرتن لە ئامۆژگاریی ڕاستەوخۆ و تۆقاندنی منداڵ لە ڕێگەی ئایین و بڕواوە.

ئێستا ئەم گۆڤارە مانگانە بە شێوازی چاپی دیجیتاڵی و بێبەرامبەر لە پێگەی فەڕمی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ـەوە بڵاو دەکرێتەوە، دەتوانن ژمارە نوێیەکان و کۆنەکانی گۆڤارەکە لەم لینکەوە دابگرن https://sardem.org

هاوبەشی بکە

children Kurdish Magazine, sardam,