26/04/2024
DidiMn Logo
Top

کافکا و مۆسیقا

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

کامل روزدار
وەرگێڕان: ھونەر شاھۆ

مۆسیقا لە زۆربەی چیرۆکەکانی کافکادا نەخش و وێنەیەکی گرنگ جێبەجێ دەکات:

گرێگۆر سامسا لە چیرۆکی ڕموزنبوون خۆی بە دوور دەگرێت لە خواردنی خۆراکی ئاسایی. دەنگی ئەو، ئاوازی کەمانە کە خوشکەکەی بۆ ئەو سێ کەسە کرێچییە دەیژەنێت، خۆراکێکە بۆ گرێگۆر کە ئەو حەسرەتی دەکێشێت. لەم بەشەی چیرۆکەکەدایە کە ھونەر وەک خۆراک  (نانی ڕۆح) لە پلەی یەکەمی گرنگیدا دادەنرێت.

لە چیرۆکی پەیجورییەکانی سەگێکدا، بێژەری چیرۆکەکە (واتە سەگی پەیجور) ھەوڵ دەدات چێژ و لێھاتوویی لە مۆسیقادا (کە تەنها بەخشراوە بە جۆرێک لە سەگ) توێژینەوە و شرۆڤەی بۆ بکات. لە چیرۆکی پەیجورییەکانی سەگێکدا، ھاوشێوەی چیرۆکی ڕموزنبوون بابەتی مۆسیقا لەگەڵ بابەتی برسێتی یان خۆراک بەیەکەوە بەستراون. سەرئەنجام سەگی پەیجور ئەوە شی دەکاتەوە: “ڕێگە لە نێوان برسێتیدا تێدەپەڕێت، بەرزترین ئامانج، ئەگەر کاتێک شایەنی بەدەستھێنان بێت، تەنها لەگەڵ بەرزترین توانادا بە دەست دەھێنرێت و ئەم بەرزترین توانایە لە ڕوانگەی ئێمەوە بە شێوەیەک دەبێت کە برسێتیکێشان بە ویستی خۆمان دەبێت.” ئەم کارە ئەوە پیشان دەدات کە پەیوەندیی مۆسیقا و خۆراک پێویستە بۆ مانەوە و بوونی کەسێک و واتایەکی تایبەت دەبەخشێت بە ئەو و ژیانی ئەو لە کۆمەڵگەدا.

فرانتس کافکا لە کورتەچیرۆکی بێدەنگیی سیرنەکان نەک تەنها ئاوازی سیرینەکان، بەڵکە بێدەنگیی ئەوانیش وێنا دەکات و باسیان دەکات. ئۆدیسیوس کەڕێ دەخاتە ناو گوێیەوە تاوەکو ئاواز و گۆرانیی سیرنەکان فریوی نەدەن، بەڵام ئاوازی سیرنەکان بۆ ئۆدیسیوس تەنها وێنەیەکی خەیاڵی و ھیچە: وەک بڵێیت سیرینەکان ئەم ئاوازە یان ئەم دەنگەیان بە جووڵانەوەی لێوەکانیان دەخوڵقێنن. بەرانبەر بەمە دەبێت دەنگی ئاوازی سیرینەکان، لەڕاستیدا ئەوەندە بەرز و دڵخواز بێت، بتوانێت کڕێکەی گوێی ئۆدیسیۆس بدڕێنێت و دزە بکاتە ناو گوێیەکانیەوە؛ بەڵام بە ھۆی ئەوەی ئاوازەکانی ئەوان ناگاتە گوێی ئۆدیسیۆس، دەردەکەوێت سیرینەکان بێدەنگ بوون. فرانتس کافکا لەم چیرۆکەدا بابەتێک دەھێنێتەوە بیرمان کە ئەم بێدەنگییە لەڕاستیدا بیانوویەکی ترسناکترە کە سیرینەکان دەستیان پێ کردووە.

لە چیرۆکی ژۆزێفی گۆرانیبێژ یان خێڵی مشکەکاندا، چەند جارێک گۆرانییەکانی ژۆزێف دەخرێنە ژێر پرسیارەوە: ئایا گۆرانییەکانی ژۆزێف لەڕاستیدا گۆرانین؟ گۆرانی لە چیرۆکەکانی بێدەنگیی سیرینەکان و ژۆزێفی گۆرانیبێژ یان خێڵی مشکەکاندا ھاوشێوەی بەرنامەیەک دێتە سەر شانۆ. واتە لە ھەر دوو چیرۆکەکەدا نەغمە یان فۆنێتیک لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتی و لە پەیوەندییەکی تایبەتدا وەک بابەتی ئەم چیرۆکانە باس دەکرێن. لە ھەردوو چیرۆکەکەدا ئەوانی دیکە گوێ دەگرن لەم نەغمەیە و مۆسیقا ڕووبەڕووی تایبەتمەندییەکی زەق و سەیر دەبێتەوە و ماھیەت و تایبەتمەندییەکانی دەچێتە ژێر پرسیارەوە. واتە لەم چیرۆکانەدا ئەم کۆسپ و گرفتەش جێی باسە کە چۆنچۆنی دەتوانرێت لەو جۆرە پێکھاتە کۆمەڵایەتییانەدا بەرنامەیەک بە ڕێوە بچێت و ئەم پێکھاتە کۆمەڵایەتییانە لەگەڵ چ جۆرە ھێز و توانایەکدا ڕووبەڕوو دەبنەوە؟ بە شێوەیەکی گشتی چ شتێک دەتوانرێت و دەبێت بە ھەقیقی ڕەچاو بکرێت؟

ڕەخنەگری بەناوبانگی ئەدەبی واڵتەر سۆکیل، لە بارەی چیرۆکی ژۆزێفی گۆرانیبێژ یان خێڵی مشکەکانوە دەنووسێت: “ئەم چیرۆکە وەک زۆربەی چیرۆکەکانی دیکەی فرانتس کافکا، تراژیدیای ”من“ی تاک پیشان دەدات کە ھەم لەگەڵ تراژیدیای ھونەردا (کە لە زۆربەی بەرھەمەکانیدا دەردەکەوێت) ھەم لەگەڵ تراژیدیای کەسایەتیی بەھێزدا تێکەڵ بووە. ئەم چیرۆکە  بە ھۆی تێکەڵبوونی ئەم سێ جۆری تراژیدیایەدا دەگۆڕدرێتەوە بۆ وەسێتنامەیەکی شایستە و شاکاری ژیانی ئەو کە لەڕاستیدا ناساندنی یەک جەنگ بوو“.

بۆ ئەوەی پەیوەندیی تایبەتیی نێوان تاک و کۆمەڵگە دەربکەوێت، دەتوانرێت کەسایەتییەکی ھونەری، ھاوشێوەی پاڵەوانی چیرۆکێک ھەڵبژێردرێت. ئەم ھونەرمەندە، بەتایبەتی لەم چیرۆکەدا دەگۆڕێت بۆ وێنەیەکی تایبەت بۆ ھەر تاکێک، چونکە بەشێکی گەورەی چیرۆکی ژۆزێفی گۆرانیبێژ یان خێڵی مشکەکان دەتوانرێت وەک لێکۆڵینەوەکانی ”من“ی بێژەر بخوێنرێتەوە. ھەر بەم بۆنەیەوە، بە بڕوای ڕەخنەگری ئەڵمانی گۆنتێر سەبی دەتوانرێت بێژەر لەم چیرۆکەدا بە مشکی مێینە و ژەنیار دابنرێت، کە لە گۆڕەپانی مۆسیقادا دەست دەکات بە لێکۆڵینەوە زانستییەکان.

هاوبەشی بکە

Kafka,