23/03/2024
DidiMn Logo
Top

كەيخەسرەو پورنازرى: هەميشە خۆم له ناو و ناوداربوون بەدوور گرتووە

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

كەيخەسرەو پورنازرى

ديدى منموزيكێ ما
له فارسييەوه: سەليم جەمال

 

گفتوگۆيەكى بەرفراوانى ماڵپەڕی فەڕميى موزيكێ ما، لەگەڵ كەيخەسرەو پورنازریی ئاوازدانەر و ژەنيارى بەرجەستەى ئامێرى تەنبوور. كە لە ڕۆژى 28/5/1944 لە شارى كرماشان لە دايك بووە. ئەو خاوەنى دوو كوڕه بە ناوەكانى سوهراب و تەهمورەس كە له ئێستادا ژەنيارى بەتوانان و چەندين چالاكيیان لەگەڵ گرووپى شەمس و گرووپى نيشتمان ئەنجام داوە؛ هەروەها لەگەڵ هونەرمەنده مەزنەكانى وەك موحەممەد ڕەزا شەجەريان، هۆمايون شەجەريان و … چەندى ديكەيش وەكو ئاوازدانەر كاريان كردووه. ئەوان خاوەن بەهرەى تايبەت بە خۆيانن و ئەم بەهرەيەش هەر له ماڵباتى ئەوانەوه سەري هەڵداوە.

 

تۆ لە ماڵباتێكى تايبەت لە شارى كرماشان هاتيته دنياوە، باوكتان حاجى خانى پورنازرى؛ يەكێك بوو لە فێرخوازانى عەلينەقى وەزيرى، هەروەها دايكتان ژنێكى فەرهەنگخواز و تێگەيشتوو بوو. گەورەبوونت لەنێو ئەو ماڵباتە، ئاسۆى تۆى گۆڕى و خستيه بەردەم بوارى موزيك؟
زۆر جار بيرم لەم پرسياره كردووەتەوە، ئەگەر باوكم بە دواى موزيك و ژەنياريدا نەچووبايه چارەنووسى من چى دەبوو؟ هەرچەنده بيرى لێ دەكەمەوه دەگەمه ئەم ئەنجامەى كه لەوانەيه ئەم بوارەم هەڵنەبژاردايه. پارساڵ كە كۆنسێرتگەلێكمان لە شارى كرماشان ساز كرد، بۆ يەكەمين جار لەگەڵ هاوشاریيەكانم كەوتينه گفتوگۆكردن، لەوێدا باسم لە ڕۆل و پێگەى باوكى خۆم كرد. ئەو نزيكەى سەد ساڵ بەر لە ئێستا، لە ماڵباتێكى ناسراو كە هەرگيز لەم ڕەوش و گۆڕەپانەدا نەبوون، بڕياری دا خۆى فێرى ئامێرى تار و تەنبوور بكات، كە ئەمەش كارێكى باوەڕپێنەكراو بوو.

دەشێت پەى بەوە ببرێت كە وێڵبوون بە دواى موزيكى ئەوسەردەمەدا كارێكى دژوار بووە، باوكت ئەم كارەى چۆن ئەنجام دا؟
هاودەمى خۆى دۆزيبووەوه.

مەگەر هاودەمى هەبوون؟
بەڵێ، لەگەڵ تاهيرخانى موعەيەنى كە سەر به ماڵباتى موعەيەن روعەياى كرماشانى بوو. خانوويەك بە كرێ دەگرن و داوا لە مامۆستايەكەيان دەكەن هەر يەكە و سازێكيان بۆ بكڕێت و هەر لەوێش مەشقيان پێ بكات. ئەوان بۆ ماوەيەكى زۆر هەر لەو خانۆچكەيەدا ڕاهێنانيان دەكرد و بە دەستبەتاڵى دەهاتنه دەرەوه، هيچ كەسيش ئاگادارى ئەوە نەبوو كە ئەوان فێرى سازژەنين دەبن.

 

هەروەها لە دواى پەلكێشبوونى دەروێشخان و كۆلۆنێل وەزيرى، بەهرە لەوانەوه وەردەگرێت.
بەڵێ؛ هەڵبەته ئەو قوتابى دەروێشخان و كۆلۆنێل وەزيرى بووە، بەڵام پێويسته من يەكەم مامۆستاى ئەو ميرزا ئاغاخان بناسێنم، كه ياريدەدەرێكى بێوێنە بووه، باوكم دەستپێكى خولى موزيك و تارژەنينيش هەر لە لاى ئەوەوە فێر بووبوو.

لە دواى تێپەڕبوونى چەند ساڵ، بە شێوەيەكى بەرچاو موزيكەكەيان دەكەوێته سەرسكه؛ ئايا لە سەردەمى منداڵيدا ڕەوشى ماڵەوه چۆن بوو؟
بە هۆى تامەزرۆيى باوكم بۆ موزيك و تارژەنين، ئێمه لە دۆخێكى ئێجگار جياوازدا بووين. لە هەمان كاتدا هاوڕێيەكانى ئەو ئەهلى هونەر و مانا بوون. سازيان دەژەند يان شاعير بوون. تەواوى ئەو كەسانەى كە من وەكو هاوڕێيانى باوكم دەيانناسم، پەيوەنديیەكيان لەگەڵ هونەردا هەبوو.

هيچ چالاكيیەكى تەكنيكيیشيان هەبوو؟
ئەوان پتر بۆ خاترى دڵى خۆيان موزيكيان دەژەند، ياخود گۆرانیيان دەچڕى، هەروەها هيچ چالاكيیەكيان نەبوو بە شێوەيەكى تەكنيكى. باوكم بە درێژايى چالاكيیەكانى تەنها دوو كۆنسێرتى ساز كرد. ئەو نزيكەى ٧٠ ساڵ بەر لە ئێستا گرووپێكى هەبوو. سێ ژەنيارى تار، سێ ژەنيارى ڤايۆڵين و گۆرانيبێژێكيش بە ناوى شێخ حەسەن داودى كە زۆر دەنگخۆش بوو؛ ئەگەر ئەو بە شێوەيەكى تەكنيكى كارى بكردايە، دەبوو بە يەكەك لە باشترين گۆرانيبێژانى ئەو سەردەمه.

هەڵبەته ڕۆلى دايكیشتان. پێدەچێت ژنان لە نێو ژيانى ئێوەدا كاريگەريیەكى بەرچاويان هەبووبێت. دايك و هاوسەرەكەتان.
بەڵێ، بەڵێ.

زياتر بۆم بدوێ لە بارەى دايكتەوە…
دايكم كەسێكى فەرهەنگخواز و ئەهلى ئەدەب و شيعر بوو. خۆشیم نايەت ئەمه بڵێم، بەڵام ئەو عارفێكى ڕاستەقينه بوو. من شتگەلێكى واتادارم لە لايەن دايك و باوكى خۆم دەستەمۆ كردووە. من و دايكم كاتژمێرگەلێك كێبڕكێى شيعريمان ئەنجام داوه؛ ئەو تەواوى ديوانى حافزى شيرازىی ئەزبەر بوو. من ئەو سەردەمه زياتر تامەزرۆى دووكۆپلەييەكانى بابا تاهيرى هەمەدانى بووم. ئەو هۆكارى سەرەكى بوو بۆ ئەوەى من حەز بە ئەدەبيات بكەم، ئێمه لە خوێندنگەيشدا كێبكڕكێى شيعريمان ئەنجام دەدا و تاككۆپلەيى ناوازەم ياداشت دەكردن. خۆزگه ئەو دەفتەرەم لە لا بايه وەكو يادگاريیەكی ئەو سەردەمه، بەڵام داخ لە لام نییه.

 

ئەويش هيچ ئامێرێكى موزيكيى دەژەند؟
ڤايۆلينێك هەبوو لە ماڵماندا كە وەلا خرابوو. پرسيارم كرد، دواتر زانيم دايكم بۆ ماوەيەك لە لايەن باوكمەوه ڕاهێنانى ڤايۆلينى پێ كراوە، هەڵبەته بەردەوام نەبوو لەسەرى؛ بەڵام تێكەڵييەكى هەبوو لەگەڵ ساز و تاردا. بەهەرحاڵ كاتێك كەسێك ئامێرێكى موزيكى دەگرێته دەستي، پێدەچێت ئەو هونەرەى خۆش بوێت. ئێمەش هەر لە سەردەمى منداڵى گوێبيستى تار و تەنبوور بووين؛ واتا بە شێوەيەكى ڕاستەقينه موزيك و ژەنياريمان ئەزموون كردووه، بەبێ ئەوەى هيچ سازێك بگرينه دەستمان.

باوكتان تارى دەژەند؟
بەڵێ.

خۆت لە چ سەردەمێكدا ژەنياريت دەست پێ كرد؟
كاتێك كە منداڵ بووم، ئەوەنده تامەزرۆى ژەنياري نەبووم. ڕۆژێكيان باوكم بەڕێزێكى  بانگهێشتى ماڵەوه كرد كه دوو تارى بچووكى پێ بوون، باوكيشم يەكێك لەو دوو تارانەى هەڵبژاردوو بۆ بەيانيیەكەى ڕاهێنانێكى چڕى ئامێرى موزيكى تارى پێ كردين، بەڵام من وام بە باش دەزانى لەگەڵ منداڵان يارى بكەم. لە يادمه كاتێك پشووى هاوين هات، باوكم وانەى ئامێرى تارى پێ دەدامەوه، هەروەها دەيگوت سبەينێ كە من ڕۆيشتمه سەر كارەكەم، تۆ دەبێت تا نيوەڕۆ ڕاهێنان بكەيت. ئەو كاتێك دەڕۆيشتە سەر كارەكەى، من دوو تا سێ جار ڕاهێنانم دەكرد و لە دەرەوەش ياريم دەكرد، پێش هاتنەوەشى بۆ ماڵەوه ڕاهێنانم دەكرد، بۆ ئێوارەى هەمان ڕۆژيش ئەوەى كە فێر بووبووم لە ئامێرى تار پێشكەشى ئەوم دەكرد. بێدەنگیی هەڵدەبژارد. هيچ هاندانێك لەگۆڕێ نەبوو، بەڵام بێدەنگييەكەى ماناى ئەمەى دەدا كە بە باشى ڕاهێنانت كردووه (پێكەنيى).

بە شێوەى نۆته تۆى فێر دەكرد؟
بەڵێ، لەگەڵ كتێبى ڕێسا پێشينەييەكانى ئامێرى تار و سێتار دەستمان پێ كرد كه تازه بڵاو كرابووەوه. من پێشەكييەكەى لە لايەن باوكمەوه فێر بووم و ئەوەنده كتێبەكانى كۆلۆنێل وەزيريم خوێدنەوه دواتر توانيم ناوە ناوه موزيكى ئاڵۆز و نۆتگەلێكى دژوار بژەنم. واتا دواى تێپەڕبوونى دوو ساڵ مەيل و ويستم بۆ سازژەنين زياتر بوو، هەروەها كاتەكانم بەزۆرى لەگەڵ ڕاهێنان، پڕۆڤەكردن و گوێدانه ڕاديۆ تێدەپەڕين. هەندێك جاريش وانەكان لە ڕاديۆ فێر دەبووم و لە لايەن باوكمەوه ڕاهێنانم دەكرد. دواتريش لە پاڵ هاوڕێ ژەنيارەكانى شارى كرماشان كۆ دەبووينەوه.

چ كەسانێك بوون؟
باشترين و گرنگترينيان زيندوو ياد موجتەبا ميرزاده، كە دەشێت بڵێم ئێمه لە پاڵ يەكدى گەورە بووين و ئەم هاتوچۆ هونەرييه بۆ چەندين ساڵ بەردەوام بوو. هەرچۆنێك بێت چارەنووسى ئێمه ئەوە بوو بەردەوامى بە بوارى موزيك بدەين. ئەو سەردەمه من لەگەڵ زۆرێك لە شاعيرانى كوردستانيش هاتوچۆم هەبوو. پەيوەندیی من لەگەڵ شيعر و شاعيران تا ئێستاش بەردەوامه و ئەوان لە باشترين هاوڕێكانى منن.

وەكـو كێ؟
وەكو يەدولڵا عاتيفى كه لە سەردەمى خوێندن هاوڕێ بووين. ئەو لەو كاتەشدا شاعيرێكى باش بوو. شيعرى تۆراو تۆراوم من مەهێڵه و مەچوو، هیی ئەوه. مامۆستا بەهزاد، مامۆستاى من و لە هەمان كاتدا شاعيرێكى باشى ئێرانيش بوو. پەرتو كرماشانى، ئەسەد عاتيفى، جەواد موحيبەت و زۆرى ديكە… ئەوەنده لەگەڵ ئەمانه گەڕاوم كە هەندێك كات خۆیشم شيعرم دەنووسى، هەروەها بە گاڵته بەم هاوڕێيانەم دەگوت شاعيربوونيش وەكو پەتايەكە (پێكەنيى).

هيچ كات ئەم شيعرانەت كردووه بە گۆرانى؟
نا، بەڵام لەم دواييانە گۆرانیيەكم بەرهەم هێناوه و شيعرەكەى هیی خۆمه، وەلێ ديار نييه كەى بڵاو دەبێتەوه…؟ ئەم خووگرتنەم بە ئەدەبياتەوه بە شێوەيەكە هەندێك كات واى دەبينم شيعر لە ژيانى مندا ڕۆلێكى بەرچاوترى هەيە تاوەكو موزيك، بگرە كاريگەریيشى زياترە.

ڕۆژانه چەند شيعر دەخوێنيتەوه؟
بەيانى كاتێك بۆ ژوورى كاركردنم دەچم، بە دڵنيايى غەزەلێك له مەولاناى ڕۆمى دەخوێنمەوه، تاوەكو شەو كە كار دەكەم زياتر لەگەڵ شيعر لە پەيوەنديدام تا موزيك.

بەوپێيە بێت دەشێت بڵێين باوكى ئێوە بە دەستپێكەرى چالاكييه موزيكييەكان دادەنرێت له ماڵباتى گەورەى نازرى.
بەڵێ، بەر له من ئامۆزايەكانم لە لايەن ئەوەوه فێرى ئامێرى تار بوو. دۆتمامەكەيشم ژەنيارى تار بوو. باوكى شەهرام نازرى (كه ئامۆزاى باوكم بوو) بەهرەى له موزيكى باوكم وەرگرت. ئامۆزايەكى ديكەى بەتەمەنتر لە خۆى هەبوو ئەويش هەر لە لايەن ئەوەوە فێرى تار بووبوو. واتا دەشێت بڵێم باوكم سەرقافڵەى هونەرى ماڵباتى نازریيەكانه، كە خۆشبەختانه بەردەواميى بەم بوارە دراوە.

بەڵام تۆ دواتر دەچيته زانكۆ و بەشى ئەندازياریی ڕێگەوبان و بيناسازى دەخوێنيت.
كاتێك باوكم تێگەيشت من زۆر هۆگرى موزيك بووم، گوتى نابێت ئەم هونەره ببێت بە پيشەى تۆ. هۆكارەكەيم ويست، گوتى خەڵك حورمەتى هونەر نازانن، لە بەهاى هونەر تێناگەن و بە چاوێكى سووك سەيرت دەكەن. ئەم هونەره پێويسته هەميشە بەهاكەى پارێزراو بێت و تۆ تەنها پێويسته بۆ خاترى دڵ و مەيلى خۆت ساز بژەنیت. منيش بە پێشنيارەكەى ڕازى بووم، بەڵام كاتێك لە بەشێكى ديكەدا بەردەواميم بە خوێندن دا، ئيدى تێگەيشتم بە هەڵه هاتووم. گەڕامەوه دواوە و بە شێوەيەكى تەكنيكيتر كارى موزيكم دەست پێ كرد تاوەكو ئێستا.

تۆ ئامێرى تارت دەژەنى و لە دواى ئەويش بوويته هۆگرى ئامێرى تەنبوور. چۆن بوو؟
ئامێرى تەنبوورم لە دواى شۆڕش گرتە دەست و ژەنيم. ئەو ساڵانه كاتێك بينيم هەلێكى گونجاو بۆ ڕەخساندنى چالاكييه هونەرييەكان بوونى نييە و موزيكيش پەنگى خواردووە، ڕاستەوخۆ بيرم له هەڵگرتنى ئامێرى تەنبوور كردەوه، كە سازێكى ناوچەى كوردستانى خۆيشمانە. هاوكات لەگەڵ پێكهێنانى گرووپێكى ژەنياردا بەردەواميم بە تەنبووردا.

له قسەكانتدا باست له مامۆستا ميرزادە كرد، پێدەچێت لەگەڵ هەموو ئەو گرنگيیەى ئەو لە نێو مێژووى موزيكى ئێرانیدا هەيەتى، بەپێى پێويست ڕێزى لێ نەگيراوە، بەداخەوه زووش كۆچى دوايى كرد. تۆ هيچ كات بە هاوبەشى لەگەڵيدا سازت ژەنيوه؟
ئێمە زۆر سازمان پێكەوە ژەنيوە. ساڵانێكى زۆر؛ بەڵام كارى هاوبەشمان لەگەڵ يەكدى نەبوو. ئەو زووتر له من هاته شارى تاران، بۆ زانكۆى موزيكى ڕۆيشت و بە شێوەيەكى تەكنيكى كارەكەى دەست پێ كرد. موزيكى بۆ فيلمە سينەماييەكان بەرهەم دەهێنا و چەندين كارى ديكەش؛ بەڵام بۆچوونى دژيەكمان هەبوو له موزيكدا، من نەريتيانەتر بيرم دەكردەوە؛ بەڵام  هەميشه لێى نزيك بووم و بە يەكێك له كارامەكانى هونەرى دەزانم. ميرزادە كەسێكى سەمەرە و بەتوانا بوو. له نيگاركێشان و زۆر هونەري تر شارەزايى هەبوو، بێ ئەوەى هيچ مامۆستا و شارەزايەكى لە كەنار بێت. جياوازیيەكەى لەگەڵ من ئەوە بوو سەرەتا خۆى فێرە موزيك بوو. ماڵباتەكەيشى لەگەڵ چالاكييه هونەرييەكانى ڕێگر بوون، بۆ چەندين جار باوكى ئامێرە موزيكيیەكانى ئەوى تێك دەشكاند؛ بەڵام ئەو ديسان پارەكانى خۆى كۆ دەكردنەوە و دووباره سازى پێ دەكڕى و بە شاراوەيى دەيژەنى. خۆزگە پاڵپشتيیان دەكرد. مافەكانى ئەو زەوت كران. ميرزادە هەرگيز گرنگىی بە ناو و ناوداربوون نەدەدا.

دروست هەروەكو خودى تۆ؛ زۆرێك له هاونەوەكانى ئێوە يان ئەو گەنجانەى دواى ئێوە پەلكێش بوون، نيو هێندەى ئێوەش چالاكييان نەبووە، كەچى بە باشى پڕوپاگەنده بۆ خۆيان و هونەرەكەيان دەكەن.
من تا ڕادەيەك بە ئەنقەست ويستوومە بە بێدەنگى كارى خۆم ئەنجام بدەم. لەگەڵ هيچ كۆڕێكى هونەريیش پەيوەنديم نييه. هەميشە فێرخوازەكانم لەمه ئاگادار دەكەمەوە، ئەگەر يەكێك ڕەخنەيەكى له من گرت، مافى بەرگريكردنتان نييه. من بە دواى سامان و ناوداربوونەوە نيم. له هيچ كۆڕ و كۆڕبەندێك سازم نەژەنيوە. نشينگەيەكى ئارامم بۆ خۆم هەڵبژاردووه. زياتر كۆمەڵەوتارەكانى شەمسى تەورێزى دەخوێنم، يان هەندێك جار سازێك دەژەنم و كارێكم بە دەرەوە نييه. هەميشه خۆم لە ناو و ناوداربوون بەدوور گرتووە.

ئەم كەش و دۆخەى كە ئێستا له موزيكى ئەمڕۆدا دەيبينين، له ڕابڕدوودا بوونى هەبوو؟
موزيك له ڕابردوودا بۆ خەڵكى وەكو عەشق وا بوو. بۆ نموونه تامەزرۆيى باوكم ئەمە بوو كە سازەكەى بژەنێت و چێژى ڕۆحى دەستەبەر بكات. لەو كاتەى موزيك بوو بە پيشە و كار. نازانم چیی بەسەر هات و گۆڕانكاریی تێكەوت. باسگەلێك هەن كە نامەوێت بياندركێنم؛ لێ ئەم كەشە، نيشاندەرى نادانييه. ئێمە لە جێى ئەوەى لەگەڵ هاوپيشە و هاوپۆلييە كۆنەكانمان هاوڕێ بين و ڕێزيان بۆ دابنێين، لە بەرانبەريان بيرتەسكين و ناهۆشيار. لەبارەى ئەو كەشەى كە تۆ دەيڵێيت، نامەوێت هەرگيز باسيشى لێوە بكەم.

 

ئێستا با باس له ماڵباتەكەى بەڕێزتان بكەين. تۆش بە هەمان شێوەى باوكت، تەهمورەس و سوهرابى كوڕت ئامۆژگاري دا؟ ئەوەى كە نابێت هونەر ببێت بە پيشەيان و پێويستە تەنها بۆ خۆيان ساز بژەنن؟
ديدى من لەگەڵ ئەو سەردەمەدا جياوازه. كاتێك منداڵەكانم هاتنه دنيا، هيچ ياریی منداڵانم بۆيان نەكڕى، سازم خستە دەستيان و دەيانژەنى و سازژەنينى ئەوان بە ئەندازەى خۆى ماناى هەبوو. له تەمەنى چوارساڵيدا ژەنيار بوون بەبێ ئەوەى شتێكيانم فێر كردبێت و ئامۆژگاريم دابن.

يەكەم جار چ جۆره سازێكيان ژەنیی؟
تەهمورەس ئامێرى تارى دەژەنى، لە دواى ئەويش تەنبوور؛ بەڵام سوهراب کە يەكەم سازى گرته دەست تەنبوور بوو. كاتێك سوهراب پێنج–شەش مانگ تەمەنى بوو، دەستەكانى ئەوم دەگرتوو و بە ڕووكارى پێشەوەى تەنبوور دامدەهێنا؛ سەرەتا چنگى دەهاوێشت، بەڵام دواتر فێر بوو چۆن بيژەنێت. زۆرينەى شەوەكان ژەنيارانى گرووپ و هاوڕێيانمان له نشينگەى ئێمەدا بوون.

وەكو چ كەسانێك؟
هەموويان لەوێ بوون. هاوڕێيانى پێش دروستبوونى گرووپى شەمس، دواتر كە گرووپى شەمسمان پێك هێنا، قەراغێكى حەوشەكەمان بە دەست منەوە بوو، هەروەها لەگەڵ يەكترى كارمان دەكرد و هەر لەو جێگەيەش دەژياين. كوڕەكانيشم لە كەنار ساز و تەنبوورەكان نەدەجووڵان و هەركەسێك سازێكى ژەنيبا گوێيان بۆ ڕادەدێرا. هەر لەم ماوانەدا بوو كە بەڕێز ئەردەشير كامكار يادەوەرييەكى ئەو كاتەى بۆ من باس كرد، ڕۆژێكيان درەنگ ڕاهێنانمان ئەنجام دابوو، سوهراب ئەو كاته زۆر بچووك بوو، بە ڕەخنه پێمى گوت: “مامە ئەردەشير بۆچى ڕاهێنان ناكەيت؟” بۆيە ئەم يادەورييەم باس كرد، چونكە ئەوان پێبەپێى موزيك گەورە بوون.

له چ تەمەنەێكەوە هاتنه نێو گرووپى شەمس؟
سوهراب لە تەمەنى دوازدەساڵيدا هاتە گرووپەكەمان. تەهمورەسيش هەر لەو تەمەنەدا بوو، بەڵام كاتێك چواردەساڵ تەمەنى بوو، لەگەڵ گرووپەكەمان سازى ژەنى له فێستيڤاڵى ئۆوينيەن.

ژەنيارى ئەوانت بەدڵ بوو، يان لەبەر ئەوەى كە كوڕى خۆتن، سوودت له بوونيان وەردەگرت؟
نا، ئەوان له من لەپێشتر بوون. هيچ كات له سەردەمى منداڵى ئەمەنده موزيكم نەدەبيست، يان وەكو ئەوان ئەمەندە دەستم له ساز و تار نەداوە. هەرگيز بۆم نەبوو دەست له سازەكانى باوكم بدەم و لەمسيان بكەم، بەڵام من ساز و تەنبوورم خسته دەستيان و كوڕەكانم له دو-سێ ساڵى بەپێى توانا سازيان دەژەند.

دەتوانى بۆمان بدوێيت سەبارەت بە يەكەمين تاقيكردنەوەت لەگەڵ سوهراب و تەهمورەسى كوڕت؟
هەستم بە ئاسوودەيى دەكرد. ئەوان كاتى لێكترازانى گرووپى شەمس هاتنه نێو ئەو گرووپە؛ دواتر بڕيارم دا سوود له فێرخوازەكانم وەربگرم، هەرچەندە كوڕەكانيشم فێرخوازى من بوون، بەڵام كاتێك ئەوان هاتنه نێو گرووپ، بيرم كردەوە هەرچەندە ديد و سەليقەى دژيەكيشمان هەبێت، ئێمە هەر پاڵپشتیی يەكدى دەكەين. يەكەم جار من پاڵپشتیی ئەوانم كرد، دواتر ئەوان پاڵپشتیی من.

بۆ زۆرێك له گوێگران، ئەو چالاكييه نوێگەرايەى سوهراب و تەهمورەس جێى سەرسوڕمانه؛ خۆیشت زۆر نوێگەر بوويت، بۆ نموونه بەرهەمهێنانى موزيك بە سوودوەرگرتن له ئامێرى تەنبوور كە بەر له تۆ له ئارادا نەبوو، بەڵام ئايا تۆش بە هەمانشێوەى ئەوان ڕووبەڕووى دژايەتيكردن بوويتەوه؟
من له موزيك زۆر نەريتگەرا نەبووم، زۆريش مەيلم نەبوو لەو نەريتگەرانه دوور بكەومەوە؛ بەڵام يەكەم كەس بووم بە ئامێرى تەنبوور ئاوازم دانا، هەڵبەته نابێت بڵێم من، پێويسته بڵێم گرووپى شەمس يەكەم گرووپ بوو كە بە تەنبوور ئاوازى دانا. ئاوازەكانيش بە شێوەيەك بوون كە گوێگرانى سەرقاڵى خۆى كرد و لە ماوەى ساڵێك موزيكى تەنبوور بەرفراوان بوو و هەوادارێكى زۆری له وڵاتى ئێران دۆزييەوە. زۆر خۆشحاڵم كە گرووپى شەمس ئەوەندە بەرەكەت و سوودى هەبووە. ئێستا هەر كەسێك بە ڕێگەى خۆيدا ڕۆيشتووە. من بە ڕێگەى خۆمدا ڕۆيشتم، كوڕەكانم پێويسته بە ڕێگەى خۆياندا بڕۆن. ئەوان چەند نەوەيەك له ئێمە لەپێشترن.

تێڕوانينت بۆ بەرهەمەكانى ئەوان چييه؟
من ديدێكى زۆر كورتم لە بوارى موزيكدا هەيه. كاتێك گۆرانیيەك بەرهەم دێت بەم شێوەيه دەڕوانم، ئايا ناوازەيه ياخود نا؟ ئەگەر ناوازه بوو بەهاى هونەریی خۆى پاراستووه، ئەگەريش نا بەكەڵكى هيچ نايەت. ئەگەر هونەرمەندى نوێ موزيكى ناوازە و پڕبەها بەرهەم بهێنن، ئەوا كارى خۆيان بە باشى ئەنجام داوە، بەڵام ئەگەر تەنها تەكنيك و بە پەلەپەل بێت، زۆر پەسەند نييه لە لام. پێويسته موزيك ماهيەتى هەبێت و لەگەڵ ناخ له پەيوەنديدا بێت، ئەگەر ئەو پەيوەندييەى هەبوو ئەوا دەگوازرێتەوە بۆ گوێگرى هەستيار، بەڵام ئەگەر نەيبوو ئەوە تەنها دەنگە دەنگێكە و بە زوويى لە ياد دەكرێت. بۆيه ئەگەر بەرهەمەكانيانم لە لا پەسەند نەبێت پێيان دەڵێم بە دڵم نييه، ياخود كەمێك ڕێنماييان دەكەم.

گۆرانیی بۆچى ڕۆيشتىت بەدڵ بوو؟
هەموان بەدڵيان بوو، منيش بە هەمان شێوە.

ئەى ئارايشتى تۆخ؟
پێويسته ئەو بەرهەمە لەگەڵ پێداچوونەوەى خودى فيلمەكە هەڵسەنگاندنى بۆ بكرێت. موزيك له فيلمدا تەواوكەرى سيناريۆيه و پێويستیيه تايبەتیيەكانى خۆى هەيه. هۆكارى بەكارهێنانى موزيك بۆ فيلم ئەوەيه كە زياتر مانا و وردەكارى ئاشكرا بكات. هەڵسەنگاندنى موزيكى بۆ ئەم بەرهەمه هەڵەيه.

ئەلبوومى ڕەگى خەو چۆن بوو؟
شيعرى بەڕێز حسێن مونزەوى، شيعرێكى قەلەندەرانەيه كە بەو ساز و ئاوازه دەنيشێته سەر دڵ، بەڵام موزيكێكى جوان له ئەلبوومى خواوەندانى نهێنيدا هەيه كە به تەنبوور پێشكەش كراوە و من زۆر بەدڵمە.

لەبارەى هاوكاریی كوڕەكانت لەگەڵ هۆمايون شەجەريان دەدوێيت؟
من دەنگ و كەسايەتیی هۆمايون شەجەريانم خۆش دەوێت. گۆرانيبێژێكى بەتوانايه و بەرهەمەكانى ئەوم زۆر بەدڵه، له خودا داواكارم بەڕێز موحەممەد ڕەزا شەجەريان سەد ساڵ لەگەڵ ئەم گەوهەره بهێڵێتەوه؛ بەڵام لەڕاستیدا هۆمايون جێنشينێكى شياوى ئەوه. باوكى ئەو هونەرى گۆرانيبێژیی گەياندووەته جێگەيەك كە هيچ كەس ناتوانێت هاوئاستى بێت. ئەوەندەى ئێمە له يادمانه، ئەو 30-40 ساڵ كەسى يەكەمى ئاواز و گۆرانىگوتن بووە. بەرهەمەكانى بە شێوەيەكن هيچ كەس لەو سنوورە تێپەڕى نەكردووە و نەيتوانيوە بەسەر ئەو پەيژەيەدا سەر بكەوێت. هۆمايونيش ئەركێكى زۆرى كێشاوە. زۆر بە باشى ئامێرگەلێكى جياوازى موزيكی دەژەنێت، تەپڵلێدەرێكى زۆر باشە كە دەتوانێت ئاگادارى ڕيتم بێت. هيوادارم خوا پاڵپشتى بێت و ساڵەهاى ساڵ گۆرانيمان بۆ بڵێت و چێژى لێ وەربگرين.

هەروەها دەمەوێت بپرسم ئايا گرووپى شەمس هيچ چالاكييەك يان كۆنسێرتێكيان دەبێت؟
هەفتەى سێ ڕۆژ ڕاهێنانێكى چڕمان هەيه، بەشى گرووپى ژەنياران بەتەواوى ئامادەيه. كاتێك كارى هەندێك له هاوڕێيانى گرووپ چارەسەر بوو، بەرهەممان دەبێت. بەهەرحاڵ كارى ئەوان له ئەولەويەتدايه.

هاوبەشی بکە

Interview, Keykhosro Pournazeri, Sohrab Pournazeri,