21/03/2024
DidiMn Logo
Top

مەم زینستانی، چیرۆکنووسێک لە باکووری کوردستانەوە

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

به‌رگی كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی «هەشتەرخان» |‌ مه‌م زینستانی

دیدی من
سازدانی: لاژه‌ ته‌ها، ئارام دڵدار
گۆڕینی بۆ سۆرانی: مه‌م گه‌وه‌ز، سه‌لیم جه‌مال

مەم زینستانی، چیرۆکنووس و نووسەری باکووری کوردستان، له ساڵی 1983دا لە ئاگری لە دایک بووە. هەر لە زووەوە دەستی بە نووسین له كايەى ئەدەبدا کردووە و خەباتێکی دوورودرێژی لەگەڵ زمانی کوردیدا هەيه. لە دواى بڵاوبوونەوەی کتێبی یەکەمی بە ناوی بندارۆک، لە 2017دا کتێبی دووەميشى بە ناوی هەشتەرخان بڵاو کردەوە، كە هەردوو کتێبەکە لە کۆمەڵێک کورتەچیرۆک پێك هاتوون.

ماڵپەڕى كلتووریى ديدى من لەبارەی ئەم باسانە و گەلێک باسی ديكەى ئەدەبی لەمەڕ ئەدەبیات و نووسین لە باکووری کوردستان، چاوپێکەوتنێکی تێروتەسەلی لەگەڵ مەم ساز كردووە.

 

کەی و لە کوێ لە دایک بوويت؟
ساڵی 1983 لە باکووری کوردستان، لە بازید (ئاگری) لە دایک بووم.

 

سەرەتای هەوڵدانە ئەدەبيیەكانت بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
دەستپێکی هەوڵدانە ئەدەبییەکانم بۆ سەردەمی منداڵی دەگەڕێنمەوە، کە هەمیشە خەون و خەیاڵی جیاوازم له هزرى خۆمدا وێنا دەکرد. ئەمڕۆ پەى بەوە دەبەم كە خەون و خەیاڵەکانم جیاوازتر بوون لە منداڵەكانی ديكە، ئەمەش بوو بە بناغەیەکی مەعریفی بۆ داهاتووی ئەدەبیی من. هەر لە منداڵییەوە تامەزرۆى لێکۆڵینەوە و ئەناليزەكردنى دەوروبەری خۆم بووم، بۆ نموونه جووڵە و دۆخى فيزيكیی مرۆڤەکان و گۆڕانکارییەکانی سروشت، ئەم تایبەتمەندییانە ڕێگەخۆشكەر بوون بۆ بەرهەم و ئەدەبياتى من. هەڵبەتە منیش وەکو زۆرينەى نڤيسكارانى کوردی باکوور، سەرەتا هەوڵم دا بە زمانی تورکی بنووسم. يەكەم نووسينيشم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى خوێندنگە، كاتێك كە له قۆناغى ناوەنديدا بووم. ئەوكات نووسينەكانى منيان بە ديوارى خوێندنگەوە هەڵدەواسىن و ڕێبوارەكان دەيانخوێندنەوە و خوێنەرێكى زۆرى لە خۆى كۆ كردبووەوە. ئەو نووسینەم نامەیەک بوو، کە بە زمانى تورکی نووسيبووم بۆ هاوڕێیەکی خەیاڵیم. دواتر بە هەڵبەست و کورتەچیرۆک بەردەواميم بە ڕەوتى ئەدەبىی خۆم دا. کاتـێک کە خوێندکاری زانکۆ بووم، هەڵبەست و کورتەچیرۆکەکانم لە هەندێك له گۆڤارەکاندا بڵاو دەكرانەوە. لە دواى تەواوکردنی خوێندنى زانكۆش، زمانى توركيم فەرامۆش كرد و وەلام خست، زمانی خۆم، واتە کرمانجی، خۆى بەسەرمدا سەپاند. ئێستاش لە ئەدەبدا زیاتر بە پەخشان بەردەوامم.

به‌رگی كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی «بندارۆك»

پەیوەندیی نێوان ژیان و بەرهەمەكانت چین؟
بە بۆچوونى من هەر نووسەرێک سوود لە ژیانی تايبەتى خۆى وەردەگرێت بۆ بەرهەمەكانى، بەڵام ئەمە لە پرۆسەی ئەفراندندا بە هەوڵێکی هونەری دەشاردرێتەوە، تاکو کاروباری هونەری و ئەدەبییەکان نەبن بە خوێندنەوە و کۆپیکردنەوەی ژیان. نووسەری مەزن ڤلادیمیر نابۆکۆڤ سەبارەت بەم پرسه دەڵێت: ”لە هیچيەك له ڕۆمانەكانمدا شتێکی گرێدراو نییە بە ژیانی منەوە.” سەربارى ئەوەش کە ڕۆمانێکی تەواو ئۆتۆبیۆگرافياى بە ناوی یادەوەری، بدوێ نووسیوە، بەڵام دیسان جەخت لەمە دەکاتەوە کە هيچ پەیوەندیی بە ژیانی خۆیەوە نییە. هەڵبەتە نابۆکۆڤ لێرەدا باسەكە دەباتەوە سەر پڕۆسەی ئەفراندن. بەرهەمە ئەدەبيیەكانم خۆى بە ئەزموونی ژیانم دەسپێرێت، ئەمەش تەواو ئەدەبیاتێکی شەخسییە، كە خۆی دەداتەوە دەست کلتووری من، کە ڕەنگ و ڕەسەنێكى  کوردەوارییە و پشت دەبەستێت بە ديرۆكى گەردوون و مرۆڤايەتى. هەڵبەت ئەمە هەڵوێست و مەبەستی منە، لێ گەلۆ نازانم ئەوەی من لە هزرى خۆمدا ئایدەلیزەم کردووە و ئەو بەرهەمانەى نووسیومن، هەتا چەند لێک نزیک یانژى دوورن؛ ئەوەیان نازانم. شتێک کە گومانم لێی نییە، ئەمەیه کە من وەکو نڤيسكارێکی کورد، ئاڵوگۆڕێكى نەتەوەييم داهێناوه بە خامەكەم. بەڵام نەك بە گوتەی فرێدریک جەیمسن، بەڵکو بە دەرکەوتەیەکی فراوانتر، کە لە ئاڵۆزیی بەریەککەوتنی سەیر پێک دێت. ژیانێکی پەرشوبڵاو، زانینێکی ناتەواو، مەعریفە و بیرێک كە بە گوتەی داريوش شایگان شتێکی نوێى لێ دروست دەبێت و لە دوو ڕەگەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمەش پشت دەبەستێت بە مێژوو و چاندێکی دێرین لە سەری مندا، هەموو ئاڵۆزییەکان وەک زریان دەست پێ دەکات. لەبەر ئەمە بەرپرسيارێتیی ژیان و کاروباری نووسین، بەیەکەوە هەوڵدانێکی زۆر دژوارە، بەيەكەوە هەڵناکەن.

بۆ کورد، بە تایبەتيیش ئەو کوردانەى كە لە دەستکەوتی ڕێکخراو و دەزگا میلليیەکان بێبەشن، نووسین ڕەوشێکی شیزۆفرینیکە، بەڵام بە واتایەکی فەلسەفی نا، کە لە سەرانسەری جیهاندا بەربڵاوە، بەڵکو بە واتایەکی تایبەت، کە بە هۆى ڕەوشی جوگرافی و بوونی تێکچووی ئێمە، بندەست و لەپەلوپۆخراوە. لەبەر ئەو هۆکارانەيه كە پەیوەندیی ژیان و کارەکانمان سەرئێشەمان بۆ دەهێنێت، نەک کەشێکی ساخلەم و ڕێکوپێک. بۆ نموونە بارى دارایی ئێمەى نووسەران تەنها بە نووسين دابین نابێت و کاری تریشى لە پاڵ ئەنجام دەدەين، ئەم کارکردنەش هێزمان لەبەر دەدۆشێت، دواتر لە نێو دوو ناسنامەدا کەسایەتیمان دەکات بە دوو بەشەوە؛ لێرەوە هەر کارێک بۆخۆی ناسنامەیەکی هەیە. من لە خوێندنگەيەكى فەڕميی وڵاتى تورکيا مامۆستام، کە گەلێك لە نووسەرانی باکووری کوردستانيش هەمان کار دەكەن. دوو کار، دوو ناسنامە، دوو زمان، دوو بواری زۆر لە یەک جيا… ئەمە شیزۆفرینیایە، بەڵام بە ڕای من دەرفەتێکی کەموێنەیە و زۆر باشە بۆ ئەفراندنی هونەری. من ئیدی بۆخۆم هيچ لۆمە و گازندەيەك ناکەم، وەکو گەنجینەیەک لەمە دەڕوانم بۆ ئافراندنی ئەدەبیاتی خۆم.

بەرهەمەكانى ڕابردووت چی بوون؟
من کەمێک باسی ئەم پرسەم لە وەڵامی پرسیاری پێشووتدا کردەوە، بەڵام نيازمە لێرەش هەندێك شتی ديكە بدركێنم. دوای ئەوەی کە گەڕامەوە سەر زمانی كوردیی كرمانجى، خۆم لە هەموو نووسینێكى زمانى توركى بێبەرى كرد، کە هەڵبەست و کورتەچیرۆک و پەخشان بوون، بەڵام تێما و دەردوکوڵەکانیان لێم جیا نەبوونەوە. تا ئێستا دوو کتێبم بڵاو بووەتەوە، کە هەردووکیان کورتەچیرۆکن. پێش ئەم کتێبە، لە ساڵی 2015دا کتێبی یەکەمم بە ناوی بندارۆك لە وەشانخانەی لیسێ بڵاو كرايەوە. ئەو کتێبە لە دە کورتەچیرۆک پێک دێت، یەکێک لە کورتەچیرۆکەکانيش بە دەستی نووسەری خۆشەویست یاقوب تيلەرمەنی وەرگێڕدرا بۆ سەر زمانی تورکی و لە گۆڤاری Dünyanın Öyküsüدا بڵاو بووەتەوە. کتێبی دووەميشم بە ناوی هەشتەرخانه، ئەمساڵ بڵاو بووەتەوە و لە دە کورتەچیرۆک پێک دێت. له ئیستادا گەلێک کورتەچیرۆکم لە بەردەستدان، كە هەندێکیان تەواو بوونە و هەندێکی ديكەشيان بە نيوە كراون، بەڵام  پێویستە كەمێك كاتيان بۆ تەرخان بكەم. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا کورتەچیرۆکێکی مینیماڵم لە بەردەستدایە، ئەم كۆشش و هەوڵدانەى بەندەش بۆ ڕێزدار ئەمەریکێ سەردارە کە نووسەری قۆناغی قەفقاسیی ئێمەیە، بە هۆكارى ئەوەی كە ئەو زۆر چيرۆکی منیماڵی بە ئەدەبیاتی ئێمە بەخشيوە. لە لايەكى ديكەشەوە ئەمە چەند ساڵێك دەبێت كە من کار لەسەر ڕۆمانێک دەکەم. له ڕاستيدا من هەرکات مژارێک بۆ ڕۆمانەكەم بەربژێر دەكەم، لە پرۆسەی نووسیندا دای دەڕێژمەوە و دواتر دەبێتەوە بە مژاری کورتەچیرۆک. خوێنەرێکی باش لەمە تێدەگات. من لە زۆر کەس بیستوومە کە دەڵێن مژاری فڵان کورتەچیرۆکی تۆ وەک مژاری ڕۆمانێک وايە. بۆ نموونە لە کتێبی بندارۆکدا له کورتەچیرۆکی پەيمانى بەهێز پەى بەوە دەبردرێت. لە کتێبە نوێیەکەشمدا کورتەچيرۆکی هەشتەرخان خۆی دەسپێرێتە مژاری بابەتی ڕۆمان. من بە مەبەست ئەمە ناکەم، بەڵکو دەمەوێت بە کەمترین وشە چیرۆکی خۆم بە خوێنەر بگەیەنم.

چۆن دەڕوانيته فەزاى كتێبى هەشتەرخان؟
ئەم کتێبە دە کورتەچیرۆک لە خۆ دەگرێت، هەر کورتەچیرۆکێك لەسەر مژارێکە و بە شێوەيەك له شێوەكان خۆسەرە. بەڵام لە نێوان هەندێک لە کورتەچیرۆکەکاندا پەیوەندیی جیاواز هەن، کە خوێنەری زیرەک يان پێکەوەی دەلكێنێت ياخود زەوتى دەكات. هەریەك له چيرۆكەكان بە فۆڕم و شێوازێکی جیاواز تەرکیز دەخاتە سەر بەشێك لە ژیانی کوردان. ئاتمۆسفیرى ئەم کتێبە دوور نییە لە ئاتمۆسفێرى کوردەكان، بە هۆى ئەوەی كە ڕەنگی داگیرکەران ڕەشە. مەرامى سەرەکیی منيش ئەمەیە نەکەومە نێو زمانێکی سیاسیی ڕووت. هەروەها مەبەستی خۆم لە دەرەوەی شێوازێکی هونەری نەخەمە نێو قاڵبێکی کۆمیدییەوە. لێرەدا ئایرۆنی بەهانامەوە دێت، بەڵام بەردەوام هەوسارى شێوازی ئایرۆنی بە توندى دەگرم و ناهێڵم زياد لە ڕادەبەدەر ببەزێت.

هەر کورتەچیرۆکێک هەوڵ دەدات ڕۆناهيیەكى تایبەتمەند بێت، بۆ ئەم مەبەستە قەهرەمانەکانی ئەو کورتەچيرۆكانە جۆر بە جۆرن، تاوەکو بەیەکەوە پانۆرامایەکی وڵات بنەخشێنن. من زۆر کەوتمە ژێر کاریگەریی ڕامانەکانی ڕۆڵاند بارتەس لەم کتێبەمدا. بە تایبەتى هزرى بارتەس لەبارەی ئامادەکردنی ڕۆمان، ڕێگەى لە بەردەممدا خۆش کرد. هەندێک لە کورتەچیرۆکەکانی ئەم کتێبە ئیلهامی لە هایکۆوە وەرگرتووە، کە ئەمەش دیسان لە سایەی سەری بارتەسەوەيە.

بە کورت و کرمانجی ئەم کتێبە زیاتر لە كۆمەڵێك وێنە پێک دێتن، کە هەر وێنەيەك ڕاڤەى ڕاستییەکی کۆمەڵگەکەمان دەكات. ئەو ڕاستییەی کە من دەستم تێیوەرداوە، پرۆسەی ئافراندنی ئاتمۆسفێرێکی ڕاستەقینەیە بەرەو سەبجێکتیڤ.

مه‌م زینستانی

بە گشتی باس لە چی دەکات؟ هێڵێکی گشتی هەیە یان هەر چیرۆکە و بە جیا کارت لەسەرى کردووە؟
پێم وایە کەم تا زیاد وەڵامی ئەم پرسیارەم لە سەرەوە دابێتەوە، بەڵام پێویست دەکات ئەمەشی بۆ زیاد بکەم: لەو ڕۆژەوەی دەستم بە نووسین کردووە تاوەكو ئەمڕۆ، هەمان ڕەوتى چیرۆک له گشت کتێبەکانم بەردەوامە؛ چ ئەوانەی چاپ بوونە و چ ئەوانەی چاپ نەبوونه، ئەوانەيشى کە لە دایک نەبوونه تا ئێستا، هەموویان هەمان ڕەوتى چیرۆكگێڕانەوەن. بە ڕای من هەر هەوڵدانێک بەشێک یاخود پارچەیەکە، کە من وەکو شوێنەوارناسێك بۆیان دەگەڕێم لە جوگرافیای دێریندا، لەم دەروونە بریندار و ئەم ژیانه پڕ پێچوپەنايەى خۆم. مەبەست ئەمەیە کە من هەموو پارچەکان بگەیەنم بە یەکتر و دەست لە نووسین بەردەم. بەڵام لەوەش ئاگادارم کە هەرگيز هيچ شتێک بێ کەموکوڕى نابێت. لە پەخشان، بە تایبەتیيش لە ڕۆمان و کورتەچیرۆکدا. كە لەم بەدواداگەڕانە بێپەروایە دەئافرێن، وەکو چۆن جۆرج لوکاس ڕۆمان دەسپێرێت بەم گەڕانە. هەڵبەتە وەکو لە سەرەوە گوتم، هۆکارەکانی ئێمە لەم گەڕانە بێپەروایە لە ڕۆژئاڤا جوداترە، چونکە لەوێ دەنگێکی ڕەسەن و خۆماڵی دێتە بەر گوێم، دەنگی شاعیری ڕەحمەتیمان دۆستى چیایی، کە دەڵێت: ”چى بڵێم، نیوەڕۆيە و هەرچی بکەم کەمە…”

من هەرکات هەست بە دواکەوتن بكەم، تەنها لە هێڵێکی بووندا نا کە ڕۆماننوسانی ڕۆژئاوایی لێی ورد دەبنەوە، بەڵکو بە ڕۆح و گیانێکی تێکشکاوەوە لە وڵاتێکی وێران، گوێ لەم هەسته ڕادەدێرم بۆ مەترسیی دەنگی چیایی. بەم جۆرە خوێنەران و ڕەخنەگران خاوەن و شیکەرەوەی کتێبەکەن. منیش بەرپرسى ئەوەم کە هەردەم پێبەپێى چیرۆکی خۆم هەنگاو بهاوێژم، تاکو هەوڵ بدەم تەواوی بکەم. نووسەرانی کورد تەنها سیزیف نین، دۆنکیشۆتیشن. لەبەر ئەوە هەندێک جار ئەو وێنانه تا ڕادەی گریان دەمهێنێت، هەندێک جاریش دەمخاتە پێکەنین. من دەمەوێت ئەم وێنانە بنووسمەوە، بەڵام ئەوەش دەزانم تاکو مردنم هەرگیز لەم هەوڵەم سەرناکەوم. هەموو کورتەچیرۆکەکانی ئەم کتێبە لەبەر ئەو هۆکارانەی لە سەرەوە گوتم، هەم سەربەخۆن و هەم بەیەکەوە و هەموویان لە پای دەنگی لوکاس و چیایی داوای یەکپارچەیی دەکەن.

سوودت لە چ تەکنیک و فۆڕمێک وەرگرتووە بۆ نووسینەوەى ئەم چیرۆکانە؟
تەکنیک و فۆڕم بۆ من ستاندارد نین. تێما و مژاری کورتەچیرۆکەکان تەکنیک و فۆڕمی خۆیان لە خۆیاندا دروست دەکەن ياخود تەکنیک و فۆڕم، تێما و مژارێک دەئافرێنن بۆ خۆیان. بەڵام لە ڕووى فۆڕمەوە سەرچاوەكانم تژين، لە چیرۆک و داستانی فۆلكلۆرى کوردی بگرە تا کورتەچیرۆک و ڕۆمانی دێرزەمانەوە، یان مۆدێرن. بۆ من بە گشتی ئەدەبیاتی جیهان هەمووى  جێگەی سوودوەرگرتنە. بە هۆى ئەدەبیاتەوە سوود لە سینەما و شانۆ وەردەگرم. کتێبی پێشووی من لە ڕێگەى فۆڕمەوە سەرچاوەی خۆی دەستنیشان دەکات، کە سەرچاوەی سەرەکیی شانۆیە. لە مەسەلەی سپیچ لە یۆنانی کۆن هەتا ئەمڕۆ ستەیج هەردەم ئامادەیی هەیە. لەبەر ئەوە من زۆرينەى جار لە هەوڵی ئەوەدام کە پێنووسی خۆم وەکو چاوی کامێرا بە کار بهێنم، لەبەر ئەوەیە ستەیج لە ئەدەبیاتی مندا دەرکەوتەیەکی سەرەکییە، هەروسا شێوازی بینينی کامێراش وایە. ئەمە ڕێگایەکی زۆر کاریگەر دەبێت تاکو من بتوانم لە نێو خۆم و پێشهاتەكان مەودايەك دابنێم.

وەکو سلاڤۆى ژیژەک دەڵێت، کامێرا دەرکەوتەی مەنیوپیلەیشنه (هێزى ناديار). من له سایەی سەری ئەو فينۆمەنه دەتوانم بەگوێرەى ناوەڕۆكى ئەو تێمايە خوێنەران مۆنۆپۆل بکەم. هەڵبەت وەک دوو كۆنسێپتى شانۆ، سینەما، ستەیج و کامێرا، کاتێک کە لە فەرمانى وێژەی خۆيان دەردەكەون، بتەوێ و نەتەوێ دەکەویتە نێو ڕەوشێكى تر. وەك نموونە لە کتێبی یەکەممدا چیرۆكى ژانا چارگۆشە لەسەر تێگەيشتنى ستەيج هاتووەته داڕشتن. بەڵام لێرەدا ستەيجێك كە له ئێمە ديارە، دارميوە و له كاوڵگەكەيدا شتێكى تازە هاتووەته ئافراندن. ئيدى ستەيج لەو شوێنه نييه، كە بينەران لەسەر كورسى خۆيان بينەرى بن. نا، ئەو ئيدى ئاڕاستەيەكە دەروونیيه و بينەران تێيدا جێگيرن.

له دواهەمين كتێبمدا كورتەچيرۆكێك هەيه بە ناوى كراشۆ كە لەوێشدا ڕووبەڕووى فينۆمەنى كامێرا دەبينەوه، كە ئەويش بە هەمان شێوە داڕووخاوە و ئافرێندراوەتەوە، كە له دوماهيدا كەوتووەته پشت پەنجەرەوە. هەروەها لە هەمان کورتەچیرۆکدا دەرهێنەر گۆڕاوە و چووەته شێوەی قسەكەرەوە. گرنگترین شت لێرەدا ئەمەیە کە کامێرا لە شوێنێكى دياريكراو لە جێیەک ناوەستێت، هەرتم لە جووڵەدایە. بەڵام لە چوارچێوەى پەنجەرەدا چەسپاوە. له هەمان كاتدا دەرهێنەر دیسان بێبەرى كراوە لەو دەستتێوەردانه و ديسان دەنگى ئەو هێزە ناديارە بەردەوامە، بەڵام بە شێوەیەکی ديكە.

هەروەها له ڕێگەى پەسن و پێداهەڵدانيشدا هەوڵ دەدەم كورتەچيرۆكەكانم ڕەنگین بن. بۆيە من دەمەوێت گشت ئاسۆ و ڕێگەكان تاقي بكەمەوە. له كتێبى هەشتەرخاندا كورتەچيرۆكەكانى وەك نامەچيرۆك، گۆپاڵ و سيناريۆ ئەنجامى ئەو هەوڵدانانەمن، ياخود چيرۆكى هەمان لا. له كۆتاييدا باسى چەند نموونەيەكم كرد كە گەڕانى يەكڕەهەندى لەبارەى ئەم چيرۆكە دوورودرێژە هێشتان له هێڵى فۆڕمەوە بەردەوامە لە لاى من.

جياوازى لە نێوان ئەم ئەزموونە نوێگەرايەت لەگەڵ ئەوەى ڕابردوودا چييه؟
ئەگەر مەسەلە فۆڕم بێت، نووسەر لە پارادۆکس دەکەوێت، لەبەر ئەوەى دەیەوێت فۆڕم و سلووكى خۆی بئافرێنێت، لەوانى تر جودا. هەروەها دەیەوێت نەکەوێتەوە کەمینی دووبارەبوونەوە و تەقلید. كەموكورتيیەكانى كتێبى يەكەمم ئەمە بوو كە ئەو كاته كەنداڵ و ئاسۆى زمانى خۆم بە تەواوى جڵەو نەكردبوو، نەك بۆ ئەوەى بڵێم كە ئێستا خۆم گەياندووەتە ئەو ئامانجە. نا، من لەو باوەڕەدا نيم كە بتوانم ڕۆژێك بە تەواوى بگەمە ترۆپكى زمانى خۆم. بەڵام ئەو قسوورى و كەموكورتیيەى كە باسى دەكەم ئەوەيه كە زمانى خۆمم ئێشاندووه بە هۆى زۆریی كاركردن لەسەرى. ئەمەش يەكێكە له سياسەتەكانى زمان، كە له سەرانسەرى دنيادا بە شێوەيەكى بەرفرە بەربڵاوە. لەگەڵ هەبوونى ئەو كەموكوڕيیانەشدا جۆرە بێگەرديیەك بەسەر كتێبى يەكەممدا زاڵ بوو. بە هۆكارى ئەوەى كە كتێبى يەكەمم بوو. من دەردوكوڵييە كۆمەڵايەتى و كەسييەكانى خۆم بە ئاسوودەيى دەربڕى، يان دەتوانم بڵێم كە كتێبى بندارۆك بۆ من كاتارسيس بوو.

لەم کتێبەدا زياتر هەوڵ دەدەم وێژەی خۆم له هێڵێكەوە ببەمە ئاڕاستەیەکی شەخسییەوە. بە تێڕامانى من ئەدەبیاتی ئێمە تا ئێستا ئەدەبیاتێكە كەسى نییە، بە گشتی وێژەیەکی جڤاكييه. خەمى من ئەوەیە کە ڕووی پرۆجێکتەری خۆم زووم بكەمە سەر تاکەکان، بەڵام دەبێت ئەو تاکەکەسانە ڕۆڵی کۆمەڵایەتیی خۆیان بگێڕن، بۆیە من دەڵێم بندارۆک بۆ من نەختێك کاتارسیس بوو کە من برینی کۆمەڵایەتیی خۆمم پێی ساڕێژ کرد. هەشتەرخان هەنگاوێکی جیاوازە لە بندارۆک. ئەم جیاوازییە لە هێڵی فۆڕم، تەکنیک، ناوەڕۆک، تێما و گێڕانەوەشدا دیارە. بەڵام لەگەڵ هەموو جیاوازییەکاندا، گەلێک تایبەتمەندیی هاوبەشیش هەن لە نێوان ئەو دوو کتێبەدا، کە ئەمەش دیسان تێڕوانینی ئێمە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ناکۆکییەی کە من لە سەرەوە باسم کردبوو. لێرەدا ئاستەنگى و ئازارێكم هەیە، كە نيازمە فۆڕمێك بۆ خۆم دابهێنم، تاوەکو خوێنەر لە نێو فۆڕم بە دواى ناومدا بگەڕێن بەبێ ئەوەی ناوم ببينن. هەروەها دەردێکی تريشم هەیە ئەویش وێژەی خۆمه كە هەوڵ دەدەم نەکەوێتە ناو کەمینی دووبارەبوونەوە، لەبەر ئەوەیە کە پرۆسەی نووسین بۆ من پرۆسەیەکی داینامیکییە. من لە بندارۆک کامێرام خستبووە سەر کۆمەڵگە، بەڵام لێره لە نێو کۆمەڵگەدا لە تاکەکەس دەگەڕێم؛ وەك جوگرافیای ڕۆح و ژیانی ئەو لە جووڵە و بەرەوپێشڤەچوونی کۆمەڵایەتی دەگەڕێم. بە كورتى، دۆخى كۆمەڵگە لە نێو تاكدا دەخوێنمەوە.

هاوبەشی بکە

Interview, Mem Zinstani,