25/02/2018
DidiMn Logo
Top

ناتوانیت هه‌ڵه‌بژاری لاپه‌ڕه‌ی به‌تاڵ بكه‌یت

لە لایەن دیدی من 2 هەفتە پێش ئێستا

ڕۆتیناتی ڕۆژانەی نووسەرە گەورەکان

دیدی من
وەرگێڕان و ئامادەکردن: هەژار عوسمان

ئێمە زۆر جاران وای دەخەمڵێنین کە شتە گەورەکان ئەو کەسانە ئەنجامی دەدەن کە بەهرەی سروشتی و توانا و ژیرییان وەکو ڕەحمەت بەسەردا ڕژاوە، بەڵام چەند شتی گەورەش لە لایەن کەسانێکەوە ئەنجام دراون کە بەتەواوی درکیان بە وزەی شاراوەی ناو خۆیان نەکردووە؟ وا بیر دەکەمەوە زۆربەمان (بە خۆیشمەوە)، دەتوانین زۆر شتی گەورەتر لەوەی تا ئێستا کردوومانە، بیکەین. باشترین ئیشەکانی ئێمە دەکرێت هێشتا لە ناوەوەماندا بن. کەوایە چۆن دەتوانیت ئەو وزە و پۆتێنشاڵە لە خۆت دەربهێنیت و لەگەڵ جیهاندا بەشی بکەیت؟ ڕەنگە باشترین ڕێگە باشترکردنی ڕۆتیناتی ڕۆژانە بێت. وەک نموونە، با سەیرێکی ڕۆتیناتی ڕۆژانەی نووسەرە بەناوبانگەکان بکەین؛ ئەوانەی مردوون و ئەوانەیشی کە هێشتاکە دەژین.

هارووكی موراكامی

هاروکی موراکامی:دووبارەکردنەوە بۆ خۆی دەبێتە شتێکی گرنگ.“

لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی 2014دا، موراکامی باسی خووە جەستەیی و ئەقڵییەکانی خۆی دەکات: “کاتێک خەریکی نووسینی ڕۆمانێکم، لە سەعات چواری بەیانی لە خەو هەڵدەستم و پێنج تا شەش سەعات دەنووسم. لە دواینیوەڕۆدا، دە کیلۆمەتر ڕا دەکەم، یانیش 1500 مەتر مەلە دەکەم (یانیش هەردووکیان دەکەم). پاشان کەمێک دەخوێنمەوە و ئینجا گوێ لە میوزیک دەگرم. لە سەعات نۆی شەودا دەچمە نێو تەختی خەو. ئەم ڕۆتیناتە هەموو ڕۆژێک بەبێ ئەوەی بگۆڕدرێت، دووبارە دەکەمەوە. دووبارەبوونەوە بۆ خۆی دەبێتە شتێکی گرنگ؛ دووبارەبوونەوە فۆڕمێکە لە خەواندنی موگناتیسی، خۆم خەو لێ دەخەم تاکو بگەمە قووڵترین بارودۆخی ئەقڵی.

ئەمما وەها دووبارەییەک بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ (شەش مانگ تا ساڵێک) بڕێکی باش لە توانای ئەقڵی و جەستەیی دەوێت. لەو حاڵەدا، نووسینی ڕۆمانێکی درێژ وەک مەشقکردن وایە بۆ زیندوومانەوە لە ژیان. توانای جەستەیی پێویستییەکە هەر وەک هەستارییەکی هونەرمەندانە و داهێنەرانە.

ئێرنست هەمەنگوەی

ئێرنست هەمەنگوەی: ”من هەموو بەیانیانێک دەنووسم.“

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ جۆرج پڵیمپتن، هەمەنگوەی ڕۆتیناتی ڕۆژانەی خۆی ئاشکرا دەکات: “کاتێک خەریکی ئیشکردنم لە کتێب یان چیرۆکێکدا، هەموو بەیانییەک لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەمین تیشکی ڕۆژدا دەست دەکەم بە نووسین. هیچ کەس نییە بێزارت بکات و دنیا لەو دەمەدا سارد و خۆشە، تۆیش بە نووسین گەرم دادێیت. ئەوە دەخوێنیتەوە کە نووسیوتە و هەر لەو شوێنەی کە وەستاویت، دەزانیت دواتر بە تەمای چی بنووسیت و ئیتر دەست پێ دەکەیتەوە.

دەنووسیت و دەنووسیت تا دەگەیتە ئەو شوێنەی کە ئیتر شەربەتەکەت چۆڕی لێ دەبڕدرێت و دەزانیت دواتر چی ڕوو دەدات و دەوەستیت، هەوڵ دەدەیت لەناو ئیشەکەتدا بژیت هەتا ڕۆژی دواتر کە دێیتەوە سەری. با بڵێین، لە سەعات شەشی بەیانییەوە دەستت پێ کردووە و ڕەنگە تا نیوەڕۆ، یان پێشتر بخایەنێت.

کە دەوەستیت، ئیتر خاڵی بوویتەتەوە، لە هەمان کاتیشدا قەت خاڵی نابیتەوە و هەر پڕیت، هەر وەک ئەوەی عیشقبازی و دەستبازی لەگەڵ ئەو کەسە بکەیت کە خۆشت دەوێت. هیچ شتێک ئازارت نادات، هیچ شتێک ڕوو نادات، هیچ شتێک مانای هیچ شتێک نادات، هەتا ڕۆژی دواتر کە دەست دەکەیتەوە بە نووسین.”

ناسان ئینگڵاندەر

ناسان ئینگڵاندەر: ”مۆبایلەکەت بکوژێنەرەوە.“

ناسان ئینگڵایدەر یەکێکە لەو چیرۆکنووسانەی چەندان خەڵاتی وەرگرتووە و لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری دەیلی بیست قسە لەبارەی لادان و وەلاخستنی گشت ئەو شتانە دەکات کە دەبنە ڕێگر لە ئاست نووسینی ئەودا: “مۆبایلەکەت بکوژێنەرەوە. ڕاستگۆیانە پێت بڵێم، ئەگەر دەتەوێت بنووسیت و ئیش تەواو بکەیت، ئەوا دەبێت فێر ببیت چۆن خۆت لە هەموو شتێک دابماڵیت. نامەگۆڕینەوە نییە، ئیمەیڵ نییە، فەیسبووک نییە، ئینستاگرام نییە. هەر شتێک کە تۆ ڕۆژانە خەریکیت و دەیکەیت، پێویستە لە کاتی نووسیندا وەلای بنێیت. زۆربەی کاتەکە (ئەمەیش ددانپێدانانێکی گێلانەیە)، دەنووسم و شتێکم لە گوێچکەم ئاخنیوە – تەنانەت ئەو کاتەی ماڵەکە قوڕوقپ و مردوویشە.”

کورت ڤۆنیگەت

کورت ڤۆنیگەت: ”من هەمیشە شناو و مەشقی ماسوولکە بەهێزکردن دەکەم.“

لە ساڵی 1965دا، کورت ڤۆنیگەت نامەیەک [کە دواتر لە ژێر ناوی کورت ڤۆنیگەت: نامەکان، وەک کتێب بڵاو بووەوە] بۆ هاوژینەکەی دەنێرێت و لەبارەی ڕۆتیناتی ڕۆژانەی خۆیەوە بۆی دەنووسێت: “سەعات 5:30 خولەکی بەیانی لە خەو هەڵدەستم، تا سەعاتی8  خەریکی نووسین دەبم، لە ماڵەوە نانی بەیانی دەخۆم، تا سەعات 10 خەریکی نووسین دەبم، بە پیاسە دەچمە ناو شارەکە، بازاڕ دەکەم، دەچمە نزیکترین مەلەوانگەی ئەو نێوە و نیو سەعات مەلە دەکەم، سەعات 11:45 خولەک دەگەڕێمەوە ماڵەوە، نامەکانی نێو سندووقی پۆستە دەخوێنمەوە، لە نیوەڕۆدا نان دەخۆم. لە دواینیوەڕۆیاندا کاری قوتابخانە دەکەم، یان وانە دەڵێمەوە، یانیش خۆم ئامادە دەکەم. کە سەعات 5:30 لە قوتابخانەوە دەگەڕێمەوە بۆ ماڵ؛ نانی ئێوارە لێ دەنێم، دەخوێنمەوە و گوێ لە میوزیکی جاز دەگرم  (لێرە زۆربەی گۆرانی و میوزیکە خۆشەکان لە ڕادیۆدا پەخش دەکرێت)، لە سەعات 10 دەخزێمە نێوی تەختی خەو. هەمیشە شناو و مەشقی ماسوولکە بەهێزکردن دەکەم؛ ئاوا هەست بە گڕوتینێکی زۆر دەکەم.”

جۆدی پیکۆڵت

 جۆدی پیکۆڵت: ”ناتوانیت هەڵەبژاری لاپەڕەی بەتاڵ بکەیت.“

دوایین حەوت کتێبی جۆدی پیکۆڵت ژمارە 1ی لیستی پڕفرۆشترینینەکانی زە نیو یۆرک تایمزن. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نوا چارنێی، جۆدی باسی ڕێچکەی نووسین و داهێنانی خۆی دەکات: “من بڕوام بە شتێک نییە ناوی بەربەست بێت لە بەردەم نووسەران، بەربەست شتێکە دەنێو دەستەکانی خۆتدایە. ئەگەر کاتێکی زۆرت لە بەردەمدایە بۆ نووسین، سا دانیشە و بنووسە. ناکرێت هەموو ڕۆژێک باش بنووسیت، بەڵام دەتوانیت هەمیشە هەڵەبژاری لاپەڕەیەکی خراپ بکەیت. ناتوانیت هەڵەبژاری لاپەڕەی بەتاڵ بکەیت.”

مایا ئەنجیڵۆ

مایا ئەنجیڵۆ: ”ژوورێکی خەوتنم هەیە، فەرهەنگێک و تەوراتێکیش.“

لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی 2013دا لەگەڵ گۆڤاری زە دەیلی بیست، ئەنجیڵۆی شاعیر و نووسەری ئەمریکایی باسی نووسین و خووە ڕۆژانەییەکانی خۆی دەکات: “لە شارۆچکەکەی خۆمدا ژوورێکم لە هۆتێلێک بەکرێ گرتووە و مانگانە کرێ دەدەم. سەعات 6:30 خولەکی بەیانی پیاسەیەکی ئەو دەوروخولە دەکەم. ژوورێکی خەوتنم هەیە؛ تەختێکی خەو، مێزێک و حەمامێک. فەرهەنگێک و تەوراتێکیش. بۆ ئەوەی مێشکم کەمێک وەحەوێت، یاری کاغەز و تێپەڕەوشە دەکەم، وا بزانم نەنکم ئەمەی فێر کردم. قەت لەوێ ناخەوم و سەعات 2 دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە و ئەوە دەخوێنمەوە کە بەیانییەکەی نووسیومە، ئینجا هەوڵ دەدەم هەڵەبژار و پاکنووسی بکەم.”

هێنری میلەر

هێنری میلەر: ”زۆر لە خۆت مەکە بۆ نووسین.“

هێنری میلەری گەورە ڕۆماننووسی ئەمریکایی لەژێر ناونیشانی پڕۆگرامی ڕۆژانە، ڕۆتیناتی نووسینی خۆی و ئەوەی چی بکەین لە درێژایی ڕۆژدا و چۆن کارێکی بەفەڕ و پیت بێتە ئەنجام، لەپێناو تەندروستیی جەستەیی و ئەقڵیدا، ئەم شتانەی یاداشت کردووە و نووسیونی:

بەیانیان: ئەگەر سەرلێشێواو و باڵانس شێواویت، تێبینییەکانت وەک دنە و هاندەر یاداشت بکە. ئەگەریش لە هەلومەرجی لەباردایت، بنووسە!

نیوەڕوان: ئیش لەو بەشەی کتێبەکەدا بکە کە خەریکیت دەینووسیت، شوێن پلانەکەت بکەوە بە هۆشەوە. زۆر لە خۆت مەکە بۆ نووسین و قەوبڕ مەکە. لە یەک کاتدا یەک بەش تەواو بکە، وا باشە.

ئێواران: دۆستان ببینە. لە قاوەخانەکاندا بخوێنەرەوە. بە دوای بەش و بڕگە نائاشناکاندا بگەڕێ. بە پێ، ئەگەر دنیا تەڕوتووش بوو، بە بایسکڵ ئەگەر دنیا وشک و برینگ بوو. بنووسە، ئەگەر میزاجت هەبوو، بەڵام تەنیا بیرت لای پڕۆگرام بێت. ڕەسم بکە ئەگەر بەتاڵ و ماندوو بوویت. تێبینی لای خۆت بنووسە. هێڵکاری بکە، پلان دابنێ.”

هەنتەر ئێس. سۆمپسن

هەنتەر ئێس. سۆمپسن

هەنتەر ئێس. سۆمپسن: ”زۆر لە خۆت مەکە بۆ نووسین.“

ئەمەی خوارەوە ڕۆتیناتی ڕۆژانەی هەنتەر ئێس. سۆمپسنە؛ نووسەر و گەورە ڕۆژنامەنووسی ئەمریکایی و خاوەنی بزووتنەوەی ڕۆژنامەگەریی گۆنزۆ [ستایڵێکی نوێ لە ڕۆژنامەگەری کە دوور بوو لە بانگەشە بۆ بابەتیبوون و زۆر جار پەیامنێر دەبوو بەشێک لە بابەتەکە و بە ڕاناوی یەکەم کەسی تاک، هەواڵ یان ڕیپۆرتەکە دەنووسرا و لە ساڵانی حەفتاکانی سەتەی بیست سەری هەڵدا]:

“3:00ی شەو: هەڵسان لە خەو.

3:05ی شەو: ویسکیی شیڤاز و ڕۆژنامەکانی بەیانیان، جگەرەی دۆنهیڵ.

3:45ی شەو: کۆکاین.

3:50ی شەو: پێکێکی تر شیڤاز، جگەرەی دۆنهیڵ.

4:05ی شەو: یەکەم کوپی قاوە، جگەرەی دۆنهیڵ.

4:15ی شەو: کۆکاین.

4:16ی شەو: شەربەتی پرتەقاڵ، جگەرەی دۆنهیڵ.

4:30ی شەو: کۆکاین.

4:54ی شەو: کۆکاین.

5:05ی شەو: کۆکاین.

5:11ی بەیانی: قاوە، جگەرەی دۆنهیڵ.

5:30ی بەیانی: سەهۆڵی زیاتر بۆ ناو شیڤازەکە.

5:45ی بەیانی: کۆکاین، هیی تر، هیی تر.

6ی بەیانی: ماریوانا تا ڕۆژەکە خۆش بێت.

7:05ی بەیانی: بیرەی هاینکن، دوو مارگرێتا [کۆکتێلی تەکیلا و خۆشاوی ئەنەناس و لیمۆ و هەندێک جاریش خوێ لە لێواری گڵاسەکە دەدرێت، هەر وەک بیرەی مەکسیکی]، زەڵاتەی کەلەرم، زەڵاتەی تاکۆ، دوو ئەڵقەپیاز، کێکی گێزەر، ئایسکرێم، شفتەی فاسۆلیا، دۆنهیڵ، هاینکنێکی تر، کۆکاین، ئنجا لێخوڕین بەرەو ماڵەوە، بە گڵاسێک وردە سەهۆڵی تێکەڵ بە شیڤاز.

9ی بەیانی: کێشانی کۆکاین بە جدی.

10ی بەیانی: نوقڵی خۆش.

11ی بەیانی: شارترۆزی فەڕەنسی، کۆکاین، ماریوانا.

11:30ی بەیانی: کۆکاین، هیی تر، هیی تر.

12ی نیوەڕۆ: هەنتەر ئێس. سۆمپسن ئامادەیە بۆ نووسین.

12:05 هەتا 6ی ئێوارە: شارترۆزی فەڕەنسی، کۆکاین، ماریوانا، شیڤاز، قاوە، هاینکن، جگەرەی قاوە، شەربەتی ترێ، دۆنهیڵ، شەربەتی پرتەقاڵ، جن، سەیرکردنی فیلمی ڕووت.

6ی ئێوارە: شاپمانیا، چلوورەی سەرقاوە، پاستای ئەلفرێدۆ.

8ی شەو: نیشانەکانی ئارامی و ئاسوودەیی.

8:20ی شەو: خەوتن.

On Writing, Writers,