27/04/2024
DidiMn Logo
Top

مەشەخۆر: پەنجەرەیەک بە ڕووی نیولیبڕاڵیزمی کۆریای باشووردا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیمەنێک لە فیلمەکەوە

دیدی من – جەیکۆبین مەگەزین
نووسینی: ماکس بالۆرن
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان عەبدولڕەحمان

مشەخۆری  دەرهێنەر بۆنگ جۆن هوو (Parasite)، ساڵی ٢٠١٩ لە کۆریای باشوور بەرهەم هێنراوە و تیشک دەخاتە سەر چینی دابەشبووی کۆمەڵگەی کۆریای باشوور. لە ڕێی نمایشکردنی ژیانی چینی کرێکارانەوە، نەخۆشییەکی قووڵی سیستەمی سەرمایەداریمان بۆ دەخاتە ڕوو، بە جۆرێک کە گەڕانە بەردەوامەکانمان بۆ دەستخستنی کارێک بەسەر ویژدانی مرۆڤایەتیماندا زاڵ دەبێت. فیلمەکە هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەیدا بووە جێی قسەوباسی ڕەخنەگران و بینەرێکی بەرچاوی هەبوو و یەکێک بوو لە چوار فیلمە زۆر بینراوەکانی ساڵی ٢٠١٩ی کۆریای باشوور. مشەخۆر حەوتەم فیلمی دەرهێنەر بۆنگ جۆن هووە و هاوکات سەرکەوتووترینیشیانە. فیلمەکانی بە گشتی بە تەوەری ئەو کارەکتەرانەوە دەسووڕێتەوە کە دژی چەوساندنەوە دەجەنگن. ئەم فیلمەی بە ڕەخنەیەکی ڕاستەوخۆی نادادپەروەریی سامان لە  کۆریای باشوور هەژمار دەکرێت.

برایان چین لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا لەبارەی فیلمەکەوە دەنووسێت: ”فیلمەکە ڕووبەڕووکردنەوەی هەردوو خاوەن سامان و دەستکورتەکانە.” ئەم ڕووبەڕووکردنەوەیەی نێوان دوو خێزانی کیم و پارک لە فیلمەکەدا مێتافۆرێکی ڕوون و ئاشکرای ئەنتاگۆنیزمی چینایەتیی کۆریای باشوورە، بەڵام تەنها تیشک خستنە سەر باری ئابووری لە فیلمەکەدا وا دەکات ڕەخنەیەکی جیدیتری ناوەڕۆکی فیلمەکەی بۆنگ جۆن هوو فەرامۆش بکەین، کە ئەویش داڕووخانی بونیادی کۆمەڵایەتی و کەرامەتی چینی کرێکارانە. ئەمە لە کاتێکدا تەواوی کار و ژیانمان بە هۆی داینامیکیەتی سەختی سیستمی سەرمایەداریی نیولیبراڵیزمەوە تەنراوە.

ژین لە نێوان مووچەیەک و مووچەیەکی تردا

لە فیلمەکەدا، خێزانی کیم نمایندەی کرێکاران و چینی هەژارانی کۆریای باشوور دەکەن، کە هەموویان لە ژێرزەمینی ئەپارتمانتێکی شاری سیول دەژین، هەموو شەوێک لە لایەن ئەو سەرخۆشانەی لە شەقامی گەڕەکەکەدا بە تەنیشت پەنجەرەرکەیاندا ڕەت دەبن، بێزار دەکرێن، بۆگەنی و برسێتی تەنگی پێ هەڵچنیون و بەردەوام لە گەڕاندان بۆ دەستکەوتنی کارێک تا بژێویی خۆیان دابین بکەن. لە بەرامبەردا خێزانی پارک هەن، کە دەوڵەمەندن و خاوەنی ماڵێکی گرانبەهای گەورەن و تێیدا چێژ لە ژین دەبینن، بەم جۆرە فیلمەکە نیشاندەری نادادپەروەرییەکی سامناکە لە سیستمی سەرمایەداریی کۆریای باشووردا. بەپێی ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠١٨ کە لە نێوان ١،٠٢٣ دانیشتواندا کراوە،  زیاد لە %٢٠ی خاوەن داهاتە کەمەکانی شاری سیول لە ژەمە خۆراکییەکانیاندا ڤیتامینی پێویست وەرناگرن، ئەو ڕێژەیەیش چوار ئەوەندە لە ڕێژەی نەتەوەییان زیاترە، هەروەها لە %١٠ی خاوەن داهاتە نزمەکان ئەزمەی کەمیی خۆراکیان هەیە و بێبەشن لە وەرگرتنی خواردنێکی تەندروست و پێویست بە خاتری ژینێکی چالاک. ئەمەیش دەری دەخات کە هەژارەکانی سیول بە ڕێژەیەکی زۆرتر دووچاری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ دەبنەوە.

چیرۆکی هاوشێوەی چیرۆکەکانی ناو فیلمی مشەخۆر لە کۆریای باشوور زۆرن، کە تیایدا ناجێگیریی کار و نەبوونی کارێکی تەواو کە مایەی قازانجی خێزانەکان بێت، وا دەکات ئەندامەکانی کاری بازرگانیی خۆیان سەرپێ بخەن تا منداڵەکانیان بنێرن بۆ زانکۆ. لە ساڵی ٢٠١٧دا ڕێژەی %٢٥.٤ی دانیشتوانی کۆریای باشوور خاوەن کاری خۆیان بوون، کە زۆرینەی بریتی بوون لە دوکانێکی لاوەکی بۆ فرۆشتنی مریشکی سوورەوکراو. زیاد لە هەشت هەزار دوکانی مریشک لە شارەکەدا لە هەر ساڵێکدا بە هۆی ململانێی خاوەنکارەکان دادەخران و زۆربەی کات شکستی کارەکانیان دەیانخاتە قەرز و دۆخێکی خراپتر لە هیی پێشووەوە.

بەدەستهێنانی ”ڕێز”

کاراکتەرانی چینی کرێکار لە مشەخۆردا نمایندەی دوایین لۆژیکەکانی سیستمی سەرمایەداری دەکەن، کە وا دەکات خێزانە هەژارەکانی هاوچەشنی خێزانی کیم لە فیلمەکەدا هەژاری بە دەرئەنجامی شکستە ئەخلاقییەکانی خۆیان بزانن نەک دەرئەنجامی سیستمێک کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوە و  کاری ناجێگیر بونیاد نرابێت.
ڕەخنەی بۆنگ جۆن هوو لە ژین لە سایەی سیستمی سەرمایەداریدا، تەنها پیشاندانی نادادپەروەریی ئابووری و نایەکسانی نییە، بەڵکو پیشاندانی چۆنیەتی لەمرۆڤخستن و داڕووخانی ئەخلاقی چینی کرێکارانە لە سایەی سیستمی نیولیبڕاڵیزمدا.
لە فیلمەکەدا خێزانی کیم، لە بازنەیەکی هەژاریدا گیریان خواردووە، کە تێیدا بەردەوام خەریکی گەڕانن بە دوای کار و هێڵی ئینتەرنێتی خۆڕایی و دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ  ڕزگاربوون لەو بۆنە پیسەی کەشفیان دەکات کە هەژارن. بەردەوام خەریکی گەڕان و نووسینەوەی ژیانێکن بۆخۆیان کە کەمێک ڕێزدار و مایەی سەربەرزی بێت.
خێزانی کیم و هەزاران خێزانی چینی کرێکارانی کۆریای باشوور، دەیانتوانی لەژێر فشارێکی کەمتری ئەو جۆرە ژینەدا بژیانایە ئەگەر وڵاتەکە پاراستنێکی هاوسەنگیی کرێ و مووچەی پەیڕەو بکردایە. کۆریای باشوور خاوەنی بزووتنەوەیەکی بەهێزی هێزی کارە، بەڵام هەرگیز دەسەڵاتێکی چەپی نەبووە تا دووبارە یاسای هێزی کاری وڵاتەکە دابڕێژێتەوە.
بۆنگ جۆن هوو بەم شێوەیە ڕەخنەی کولتووری نیولیبڕاڵ دەکات کە تێیدا کۆمەڵگەی کۆریای باشوور، کرێکاران ناچار دەکات بەرپرسیارێتیی ئابووری بگرنە ئەستۆ و لە هەمان کاتدا کار لەسەر لەمرۆڤخستنیان دەکات و خەریکە ژیانیان سەرەو نگوم دەکات.

پلانی بردنەوە و بێپلانی

وتەکەی کی تایک کاتێک دەڵێت ”باشترە هیچ پلانێکت نەبێ”، لە دوای دووبارە بونیادنانەوەی نیولیبڕاڵیزم، یەکێکە لە نەخۆشییەکانی ژیانی هەر تاکێکی کۆریای باشوور؛ کاتێک کرێکاران بە ئامێر دەکرێن و جیا دەکرێنەوە، توانای پلاندانان، هەستکردن بە ئاسایش و پارێزراوی و هەروەها دیاریکردنی مەبەست و ئامانج لە ژیانیاندا لە دەست دەدەن. دواجار زۆرینەیان دادەڕووخێن.
لە توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٩دا لە %٧٠ی هاووڵاتییانی چینی ناوەڕاست ڕەشبینیی خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر بە باشتربوونی کوالێتیی ژینیان. لەم چوارچێوەیەدا، بینەرانی کۆریای باشوور بەو دووڕووییە ئاشنا دەبن کە لە لایەک پێیان دەڵێت ”پلانتان هەبێت” و لە لایەکی دیکەیشەوە هیچ ڕێگایەکیان بەرەو ژیانێکی جێگیر و پارێزراو پیشان نادات. مشەخۆر  پێشبینیی ئەوەیش دەکات کە ژیانێکی لەم جۆرە لە سەرتاسەری جیهاندا لەسەر ڕوودانە.

هاوبەشی بکە

parasite, South Korea, The Oscars 2020,