26/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئۆسکاری 2020: دەقی وتارەکەی واکین فینێکس

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

واکین فێنێکس، لە کاتی پێشکەشکردنی وتارەکەیدا | فۆتۆ: AP/Chris Pizzello

دیدی منگاردیان

لە 92یەمین ئاهانگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاردا، واکین فینێکس خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی بۆ ڕۆڵبینینی لە فیلمی جۆکەردا بردەوە. لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا، واکین وتارێکی پێشکەش کرد و هەموانی سەرسام کرد.

 

دەقی وتارەکەی:

زۆر سوپاسگوزارم. هەست ناکەم لە سەرووی ئەو هاوڕێیانەی كە پاڵێوران یان هەر كەسێكی تر بم کە لەم هۆڵەدان، چونكە ئێمە هەموومان هەمان عیشقمان هەیە—ئەویش عیشقە بۆ فیلم. ئەم شێوازی دەربرینە ژیانێكی نائاسایی بە من بەخشی. نازانم ئەگەر ئەم هونەرە نەبوایە، ئێستا لە کوێ دەبووم.

 بەڵام گرنگترین دیاری کە ئەو هونەرە بە من و بە زۆرێكی تریش [کە لەنێو ئەم پیشەسازییەدان]، بەخشیووە، ئەوەیە كە هەلی ئەوەی بۆ ڕەخساندووین ببین بە دەنگی ئەوانەی بێدەنگن. بیر لەو پەرێشانی و مەینەتییانە دەكەمەوە كە ئێمە پێكەوە تووشی بووین.

ئەو كاتەی هەست دەكەین، یان شتێك وامان لێ دەكات هەست بكەین، هۆكاری جیاوازیان هەیە. بەڵام بۆ من، ئەو كاتەی باسی جیاكاریی ڕەگەزی دەكەین، باسی ڕەگەزپەرستی یان مافی هاوڕەگەزی یان مافی نەتەوە ڕەسەنەكان یان مافی ئاژەڵان دەكەین، ئێمە دەربارەی جەنگی دژی نادادپەروەری قسە دەكەین.

جەنگێك دژی ئەو بڕوایەی پێی وایە كە یەك نەتەوە، یەك گەل، یان یەك نەژاد، یەك ڕەگەز، یان یەك جۆر مافی ئەوەی هەیە دەست بگرێت بە سەر ئەوانی تردا و لە لێپرسینەوەیش بەدوور بێت. ئێمە لەگەڵ سروشتدا تەواو لێك دابڕاوین، زۆرێك لە ئێمە تاوانبارە، چونكە پێی وایە مرۆڤ دەبێت باڵادەست بێت و خۆی پێ چەقی گەردوون. ئێمە لەپێناو وزە و سەرچاوەدا بە سروشتدا تێدەپەڕین و هەرچییەکمان دەستكەوێ هەڵی دەدڕین و دەی شێلن. پێمان وایە مافی خۆمانە مانگایەك بە شێوەیەکی دەسکرد دووگیان بكەین و دواتر منداڵەكەی لێ بدزین و گوێ لە هاوار و ئازارەكەی نەگرین و ئەو شیرەی كە دەبوو بۆ بێچوەكەی بێت، ئێمە بیكەینە قاوەكانمانەوە.

ئێمە لەو ئایدیایانە دەترسین كە ژیانمان دەگۆڕێت، چونكە وا دەزانین قوربانی دەدەین، یان دەبێت بە ناچاری دەستبەرداریی شتەكانمان بین. بەڵام مرۆڤایەتی ئێستا لە باشترین حاڵەتی داهێنان و نوێگەریدایە، ئێمە دەتوانین سیستمێك دابمەزرێنین و پەرەپێبدەین كە بەسوود بێت بۆ هەموان و بۆ ژینگەیش.

من بە درێژایی ژیانم کەسێکی خراپ بووم، خۆپەرست بووم، دڵڕەق بووم، بەڵام زۆرێك لە ئێوە دووبارە هەلی دیكەتان پێ دامەوە، هەر ئەمەیشە باشییەكانی ئێمە: كاتێك پشتی یەكتر دەگرین، نەوەك لەبەر هەڵەكانی ڕابردوو یەكتر بسڕینەوە، بەڵکو كاتێك یارمەتیی یەكتر دەدەین، كاتێك یەكتر فێر دەكەین یان كاتێك ڕێنوینیی یەكتر دەكەین بۆ ئەوەی دووبارە بیر بكەینەوە.

‏‎براكەم [ڕیڤەر] كاتێك تەمەنی حەڤدەساڵان بوو، ئەمەی نووسی: ”بە عیشقەوە بەرەو ڕزگاری ڕابكە، ئاشتی و ئارامی خۆی دوات دەكەوێت“.

هاوبەشی بکە

Joaquin Phoenix, Joker, The Oscars 2020,