24/04/2024
DidiMn Logo
Top

چاوپێکەوتن لەگەڵ پاوڵ یوون، نووسه‌ری ڕۆمانی ڕاوچییانی به‌فر

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

پاوڵ یوون - به‌رگی پێشنیاركراوی چاپی كوردیی ڕۆمانی ڕاوچییانی به‌فر - وه‌رگێرانی هه‌ڵۆ فه‌ریق، ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس

دیدی من
لە ئینگلیزییەوە: هەڵۆ فەریق

 

”شەمەندەفەرەکە لە تونێلە درێژەکە هاتە دەرەوە

چووە ناو وڵاتی بەفرەوە”

 

یاسوناری کاواباتا

 

 

تۆ لە ساڵی 1980 لە نیویۆرک لە دایک بوویت. چۆن توانیت لە ڕێگەی یۆهانی پاڵەوانی ڕۆمانەکەتەوە (کە خەڵکی کۆریایە) کات و شوێنەکانی دوای جەنگ لە بەڕازیل بخولقێنیتەوە؟
پاوڵ: جارێکیان کۆڵم ماک-کان گوتی: هەمیشە دەمەوێت لەبارەی ئەوی دیکەوە بنووسم. ولیەم تریڤۆریش هەمان شتی گوت لە پرسیاری بۆچی لە دیدگای ژنێکەوە دەنووسیت.

ماوەیەکی کەم دوای جەنگی کۆریا، بەڕازیل بوو بە ئەوی دیکە بۆ من. ئەگەرچی کات و شوێنەکە مەجەڕەیەک لە ژیانمەوە دوور بوو. هەوڵم دا لەبارەی شتێکەوە بنووسم کە هیچم لێ نەدەزانی، بەڵام بۆی زۆر بەتاسەوە بووم. من زیاتر گرنگی بە پڕۆسەی نووسین دەدەم، نەک ئەنجامەکەی.

سەرەتای پڕۆسێسی نووسینم لە ڕاوچییانی بەفردا، بە خوێندنەوە دەستی پێ کرد لە بارەی بەڕازیلەوە. بەگشتی زانیارییەکی زۆرم کۆ کردەوە لەسەر مێژوو و ڕووداوەکانی بەڕازیل. هەرچەندە ددان بەوەشدا دەنێم کە ئەم گەڕان و ڕیسێرچەم بۆ ئەوە نەبوو لە مێژوودا قووڵ ببمەوە، بەڵکو بۆ شارەزابوونم بوو لە ژینگە و کەلتووری ئەو وڵاتە، تا فێری ئەوە ببم چۆن فەزایەکی لەو جۆرە دروست بکەم، هەروەها سەرچاوە بینراوەکان هەمیشە بۆ من گرنگن، بۆیە لێکۆڵینەوەم لە چەندین فۆتۆی بەندەر و گوندەکانی بەڕازیلدا کرد.

 

ساڵی 2009 لە چاوپێکەوتنێکتدا لەگەڵ نیویۆرک تایمدا، ڕاتگەیاند کە ‌ئارەزووی نووسینت هەیە لە ئەدەبیاتی کورتەڕۆمان (نۆڤێلا)دا. تا چ ڕادەیەک ڕاوچییانی بەفر هەڵگر و نوێنەری ئەو فۆڕمەیە؟
پاوڵ: لەم ساڵانەی دواییدا، ماوەیەک بێ دابڕان، چەندین کورتەڕۆمانم بە دوای یەکدا خوێندەوە. بیرۆکەی نووسینی چیرۆکێکم بۆ هات بە هەمان قەبارە و درێژی. لە هەموو شوێنێک، بە شوێنیاندا دەگەڕام، کۆمەڵە کتێبێکم دۆزییەوە، ئەو کەسانەی دەمناسین، نەیانخوێندبووەوە، یاخود تەنانەت باسیشیان نەدەکردن. وەک مانگێک لە وڵاتدا لە نووسینی جەی ئێڵ کار، مانگ و ئاگرەکان لە نووسینی سیزار پاڤێنس، بازە زاهیدەکە لە نووسینی گلینوەی وێسکۆت، سوپای شوم لە نووسینی ڤیکتۆر پێلڤین، ئەمانە تەنها وەک نموونە دەهێنمەوە. ئەو ساتانە، بەسوودترین و پڕچێژترین ماوەی خوێندنەوەم بوو لە ژیانمدا. تەنها لەبەر ئەوە نا کە هەموویان کۆمەڵە کتێبێکی گرنگ بوون، بەڵکو لەبەر ئەوەی من کەسانێکی کەمم دەناسی ئەو کتێبانە بخوێنێتەوە. ئەو هەستەیان پێ دەبەخشیم کە من خاوەنی نهێنییەکم. خاوەن کەنزێکی پڕ لە گەوهەری گرانبەهای تایبەت بە خۆمم.

تا چەند ئەم شاکارانە کاریگەرییان هەبوو لەسەر ڕاوچییانی بەفر؟ ئەوەیان نازانم. وەڵامی ئەو پرسیارەش کە ئایا ئەم ڕۆمانە درێژەپێدەر و نوێنەری هەمان فۆڕمە؟ ئەوەش قورسە قسەی لەسەر بکەم. کاتێک دەستم کرد بە نووسینی ڕاوچییانی بەفر، بە هیچ جۆرێک بیرم نە لە قەبارەی، نە لە شوناسەکەی نەکردبووەوە. تەنها ویستم زۆر بە سادەیی و بە پوختی، درێژترین چیرۆکم بنووسم.

بەڵام پێم وایە بەشێک لە من هەستا بە نووسینی ڕاوچییانی بەفر، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هەموو کورتەڕۆمانەی ئەوکات دەمخوێندنەوە. هەمیشە ئەو خەیاڵە منداڵانەیەم هەیە کە ئەو کتێبەی خۆشم دەوێت، نامەیەکە و بۆ من نووسراوە. بۆیە لە وەڵامدا، منیش نامەیەکم نووسییەوە. دواجار هەموویان لە شوێنێک، پۆستەخانەیەک، یەکیان دۆزییەوە.

 

وەک پەناهەندەیەک لە بەڕازیل، کە توانای تێگەیشتنی پورتوگالی کەم و دیاریکراوە، یۆهان ناتوانێت بە زمانێکی پاراو مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە نوێیانەدا بکات کە لە ماڵە نوێکەی دێنە ڕێی. دەتوانیت باسی ئەوەمان بۆ بکەیت چۆن پلۆتی ڕۆمانەکەت نووسی و بەرەوپێشەوەت برد، بێ ئەوەی سوود لە دایەلۆگ ببینیت؟
پاوڵ: لە خەونەکانمدا، هەموو کارەکتەرەکانم بێدەنگن و هیچ قسە ناکەن. بۆیە ئەو ڕاستییەی کە توانای گفتۆگۆکردنی یۆهان لەگەڵ ئەوانی دیکەدا دیاریکراوە، زۆر لە خەونەکانی خۆمەوە نزیکە. (ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وای کردووە دەستپێکی دڵ ڕاوچییەکی تەنهایەی کارسۆن مککۆلەرس، دڵخوازترین دەستپێکە خوێندبێتمەوە.) من لە دایەلۆگدا خراپترین نووسەرم. گەورەترین خاڵی لاوازی من، هێنانەقسەی کارەکتەرەکانمە. ڕەنگە پەیوەندیی بە توانای گفتوگۆوە هەبێت لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆمدا.

 

ڕۆژانی سەرەتای گەیشتنی یۆهان بە بەڕازیل، تووشی کێشەی بینینی مۆتەکە دەبێت لە خەونەکانیدا. کیۆشی لای دەمێنێتەوە و ئارامی دەکاتەوە. دواتر کاتێک کیۆشی لە دوکانەکەدا بەسەر چاکەتی زستانەی منداڵەکەدا دەگریی، بۆچی یۆهان ناچێت بۆ لای و هاوکاری ناکات؟
پاوڵ: لە ناو کتێبەکەدا زۆر چرکەساتی ژیانی یۆهان هەن کە ناتوانێت مامەڵە بکات. یەکێک لە هۆکارەکان دەتوانین بڵێین پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە ئەو سەرباز بووە و جەنگی بینیوە و دواتر لە کەمپێکدا زیندانیش بووە. ئەمە بووەتە هۆی نەخۆشیی پۆستتراوماتیک سترێس. ئەمە دۆخێکی دەروونییە و بە هۆی ئەو ترس و شۆکەوە تووشی هاتووە کە لە جەنگدا ئەزمونی کردووە. ئەمەش دۆخێکی دەروونییە و کەسی تووشبوو تا ماوەیەکی زۆر توانای کۆنتڕۆڵکردنی هەست و بیرکردنەوە و شێوازی مامەڵەکردنەکانی دەشێوێن و تا ڕادەیەکی زۆر لە دەستی خۆیدا نامێنن. لە دەرئەنجامی ئەم دۆخە دەروونییەشدا، یۆهان ئەم دیوارەی دروست کرد لە نێوان خۆی و هەموو و شتەکانی دەوروبەریدا.

ئەو چەند ساڵانەی کارم لە نووسینی ئەم کتێبەدا دەکرد، جار لە دوای جار دەمخوێندەوە، دواجار دەستم کرد بە کورتکردنەوەی وردەکارییەکانی ئەو شتانەی یۆهان لە جەنگ و لە زینداندا پێیاندا تێپەڕیوە و بینیونی. تا دواجار ئەو وردەکارییانەم هێشتەوە کە لە کتێبەکەدا هەن، پێم وا بوو ئەوانە بەسن تا وێنەکە دروست بکەن، بەڵام بێگومان ویستوومە بۆشاییەکی سپیی زۆری ئەو ساڵانە جێبهێڵم بۆ خوێنەر، تا ئەوان خەیاڵ و وێنای بکەن، چونکە ئەو بۆشایی و تێکشکاوییەی لە مێشکی یۆهاندا هەیە دەرئەنجامی ئەو ساڵانەیە. یۆهان بەشێکی زۆری ساڵانی سەرەتای تەمەنی لە ژێر کەشوهەوای داگیرکاری یابان و ڕووسیا و گۆڕەپانەکانی جەنگدا تێپەڕاند.

بە تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، مەودایەکی عاتیفیی گەورە دروست دەکات، بۆشاییەک کە ناتوانێت لێی دەربچێت. پێم وا بێت بەشێک لەم کتێبە، ڕێڕەوی ئەوە بۆ چاکبوونەوە، ئەو پردەیە کە دروستی دەکات بۆ ئەوبەر، بۆ چاکبوونەوە، تا بتوانێت قسە بکات.

پێم وا بێت ئەو چرکەساتەی لە پشتی پەردەکەوە خۆی دەشارێتەوە، تەماشای ئەو پیاوە دەکات کە لە بەڕازیل ڕێنیشاندەری بووە، بە دەست خۆی نییە، ناتوانێت بیر لە باوکی نەکاتەوە. بە هەمان ئەو شێوەیەی کە یۆهان بە منداڵی سەیری باوکی خۆی دەکرد، سەیری کیۆشییش دەکات. دووریی یۆهان لە منداڵییەوە، دووری لە ئەو ماڵەی بە منداڵی تێیدا دەژیا، دووری بە جەستە و بە بیرکردنەوە، پێم وا بێت ئەو بۆشاییە هێندە گەورەیە، وەک شۆکێک یۆهانی لە جێی خۆیدا وەستاندووە. یۆهان ئەو دۆخە لە خۆی بە گەورەتر دەزانێت. بۆیە بێ ئەوەی هیچ بکات دەگەڕێتەوە.

 

بەجۆرێک لە جۆرەکان، بیا و سانتی یەکەمین کەسن یۆهان دەیانبینێت لە وڵاتی بەڕازیل. ئەو چەترەش کە بە دیاری پێیان دا، بۆ هەمیشە لای خۆی پاراستی. چی وا لە یۆهان دەکات تا لەگەڵیاندا درێژە بەم پەیوەندییە بدات؟
پاوڵ: پێم وا بێت بە منداڵی یۆهان زۆر سەرسامی ژیانی گەڕیدەیی و ڕۆحی گەڕۆک و بێپشووی گرووپە شانۆییەکە بوو، بە پێنگیشەوە. بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕووخساری بیا و سانتی (ئەگەرچی لە سەرەتادا تەماوی و ناڕوونیش بوو) ئەو ژن و پیاو و منداڵانەی بیر خستنەوە کە سەردانی شارۆچکەکەیان دەکرد و یاریی تۆپتۆپێنیان لەگەڵ دەکرد، یاخود نمایشی جادووییان دەکرد.

هەمیشە ویستی ژیانێکی گەڕیدەئاسای هەبووە. ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە بیەوێت ئازاد بێت، یاخود چێژی لە ڕۆمانسییەتی گەڕان وەرگرتبێت، چونکە ژیانی منداڵیی یۆهان زۆر بچووک بوو. لەگەڵ باوکە تەنهاکەیدا، لە شوێنێکی زۆر نادیاردا دەژیا. نازانێت بۆچی خاوەن زەوییە یابانییەکە هەرگیز سەردانیان ناکات، ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە سەربازە و لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا شەڕ دەکات. تەنانەت کاتێک سۆڤێتییەکانیش دێن، ئەم هێشتا بەتەواوی لەو دۆخە سیاسییە تێناگات کە کۆریای تێکەوتووە.

بێگومان لە دەرئەنجامدا یۆهان ژیانێکی گەڕیدەئاسا دەژیی. خۆی دەداتە دەست ئەو ژیانە نوێیە، بەڵام بە جۆرێک کە خۆیشی پێشبینیی هەنگاوەکانی داهاتووی نەکات. پێم وا بێت ئەمە یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی کە وای لێ دەکات هۆگری بیا و سانتی بێت، چونکە ئەوانیش بێلانەن و بەشێک نین لەو شارۆچکەیەی سەر بەندەرەکەی وڵاتی بەڕازیل. جۆرێک لە دۆستایەتی هەیە لە نێوانیاندا، هەرسێکیان گەڕیدە و بێلانەن.

 

بۆچی یادگارییەکانی پێنگی هاوڕێی، بەردەوام لە بیرەوەرییەکانیدا دێت و دەچێت و هەمیشە لە یادیەتی؟
پاوڵ: لەبەر هەموو ئەو هۆکارانەی لە سەرەوە ئاماژەم پێ دان. پێنگ تەنها ڕایەڵی ئەمە بە ڕابردووەوە. ئەگەر ئەو تەنها ڕایەڵە نەمێنێت، چی بۆ دەمێنێتەوە؟ پێم وا بێت یۆهان دەیەوێت وەک چۆن لە ئێستادا دەژیی، بە هەمان شێوەش ویستوویەتی لە ڕابردووشدا بژیی، بۆ ئەم مەبەستەش پێنگ تەنها پردی پێکەوەبەستنیەتی بەو دوو جیهانەوە.

لە هەمووی گرنگتر، پێم وایە پێنگ بەو شێوە تۆخ و بەهێزە لە زەین و بیرەوەریی یۆهاندایە بە هۆی ئەوەی کە هەست بە تاوان دەکات. ئەو تاوانەی کە هیچی نەکرد تا هاوکاریی هاوڕێکەی بکات. تاوانی لە ژیانمان، لە کاتێکدا هاوڕێکەی مردووە. یۆهان دەزانێت ئاسانتر دەبوو بۆی ئەگەر لەو بۆمببارانەدا چاوەکانی لە دەست بدایە. ئاسانتر دەبوو ئەگەر خۆی بدایەتە دەم شەپۆلی ڕووبارەکە. بە جۆرێک لە جۆرەکان، پێنگ گێڕەرەوەیەکی دیکەیە، کە دەیتوانی ڕۆڵی یۆهان ببینێت. یۆهان ئەمەی دەزانی، پێم وا بێت ئەم زانینەش دەیترساند. ئەو ترسەش بە درێژایی ساڵەکان لەگەڵیدا مایەوە. چی وا لە کەسێک دەکات پاشگەز ببێتەوە و کۆڵ بدات؟ ئەو پرسیارە لە مێشکی یۆهاندا مایەوە و گینگڵی پێ دەدا، لە کاتێکدا هەوڵی دەدا لەگەڵ ژیانێکی نوێ دەست پێ بکات.

 

لە هەندێک بەشی ڕاوچییانی بەفردا، بۆ نموونە لەو ساتەدا کە کارەبای شارۆچکەکە دەکوژێتەوە، شێوازی گێڕانەوەکەت بە ڕوونی شێوەیەکی شاعیرانە وەردەگرێت. چ نووسەرێکی پەخشان، یاخود هۆنراوە وەک ڕۆماننووسێک کاریگەری هەبووە لەسەرت؟ 
پاوڵ: سوپاس بۆ تۆ، ئەمە زۆر دەگەیەنێت بۆ من. کاریگەری! ئەمە وشەیەکی فێڵاوییە، چونکە ئێمە بەردەوام لەژێر کاریگەریی زۆر شتداین. من خۆم وەکو ئیسفنج وەهام، هەموو شت لە خۆمدا کۆ دەکەمەوە. لە کاتی نووسینی ڕاوچییانی بەفردا، هەموو جۆرەکانی هونەرم بە جۆرێک لە زەینمدا هەڵواسیبوو، تابلۆ و فۆتۆ و تا دوایی. (پەیکەرەکانی گیاکۆمێتی، یاخود فیلمی ئەرجەنتینی بەختەوەریی پێکەوەبوون، لە دەرهێنانی کار وای.)

بێگومان بۆ منیش، کۆمەڵێک نووسەر هەن کە بە جۆرێک لە جۆرەکان کارەکانیان کاریگەرییان هەبووە لەسەرم، بەڵام لەوە زۆرترن بتوانم لێرەدا ناوەکانیان ڕیز بکەم. یەکێک لەوان مایکل ئۆنداتێ، سەرسامی سەرجەم کارەکانیم بە هۆنراوە و پەخشانەکانیشیەوە. یەکێکی تر لە باشترینەکانم نەدیم ئەسلامـە. لە یادمە لە ساتەوەختی نووسینی کتێبەکەدا (تا کۆتایی زەوییەکە)م دەخوێندەوە. لە نووسینی دەیڤد گروسمان، لە یادمە چەند بەختەوەر بووم کە ئەو کتێبەم خوێندووەتەوە! چەند بەختەوەر بووم کە کتێبێکی لەو جۆرە لە دونیادا هەیە! هۆنراوەکانی کریستیان ویلیان و فرانک ئۆهارا جاکـیشم زۆر خۆش دەوێت.

پێم وا بێت ئەگەر هۆنراوە بێت یان پەخشان، ئەوەی بە لای منەوە گرنگ و سەرنجڕاکێشە، ئەو ئەگەر و خوێندنەوانەن کە دەتوانم لە ناو یەک دێڕی سەربەخۆدا بیانشارمەوە. ئەوە شتێکی زۆر گرنگ و چێژبەخشیشە، کۆکردنەوەی کۆمەڵێک وشە و دروستکردنی شت لێیان.

 

لە ناو سەرجەم کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکەدا، بەتایبەتی پێکس زۆر دیار و بەرچاوە و ڕۆڵی هەیە. چۆن کاراکتەرەکەیت دروست کرد و لە ناو پلۆتی ڕۆمانەکەدا جێت کردەوە؟
پاوڵ: پێکس بەرئەنجامی ویستی منە بۆ دروستکردنی کاراکتەرێکی جیاواز لە یۆهان. کاتێک یۆهان لە شارۆچکەکە دەست دەکات بە ژیانکردن، قورساییەکی زۆر گەورەی دەکەوێتە سەرشان. ئەمەش لە شێوازی مامەڵە و جووڵە و بیرکردنەوەکانیدا دیارە. ئەو کەسێکە، لەژێر کاریگەریی چەندین هێز و پەستان و شەپۆلی ناوەکیدایە. ویستم بزانم چیرۆکی یۆهان چی بەسەر دێت، ئەگەر کەسێکی جیاواز بناسێت و بێتە ژیانیەوە، کەسێکی کەمێک چالاک، ئەم ساعوورە کە تا ڕادەیەک قسە زۆر دەکات و بەردەوامیش لە دەرەوەیە و سەرقاڵی باخەوانییە و بە هاوکاریی گۆچانەکەی دێت و دەچێت.

 

لە بەشی کۆتایی ڕۆمانەکەدا ئەوە بە ڕوونی دیارە کە یۆهان و بیا دەکەونە پەیوەندییەکی ڕۆمانسییەوە. بۆچی بڕیارت دا سەرئەنجام و کۆتاییەکەی بۆ خەیاڵی خوێنەر جێ بهێڵیت؟
پاوڵ: وەک ئاشکرایە لەو بەشەی کۆتاییدا، یۆهان بە ڕەونەق و گەشییەکی زۆر جیاوازەوە بەدی دەکرێت. کاتێک قسە لەگەڵ بیادا دەکات، داوای شتێکی لێ دەکات. ئەو چەند وشە کەمە، تەنها وشەی داواکاری شتێکی دڵگیرن، کە بە درێژایی ماوەیەکی زۆر دەریبڕیبێت. یاخود ڕەنگە یەکەمین جار بێت بە هەموو ژیانی.

ئەگەر بە درێژایی ئەو ساڵانە شتێک فێر بووبێت، ئەوەیە کە مرۆڤەکان دەڕۆن. هەموو ئەوانەی لە دەست دا کە خۆشی ویستن، کە ویستی پەیوەندییەکی لەگەڵیان هەبێت. ئێستاش دوای ئەوەی بەو هەموو ئەزموونە تاڵەدا ڕۆیشت، دوای ئەوەی کە نەیدەتوانی بەو جۆرەی دەیەوێت مامەڵە بکات و هەنگاو بنێت بۆ هاداتوو، سەرئەنجام گەیشتە بیا. پێم وا بێت ئەوە بە جورئەتترین شتە بە هەموو ژیانی کردبێتی.

ئەو بەشەی کۆتایی، خۆی لە خۆیدا دەستپێکە. ویستم ئەو بەشە هەم کۆتایی بێت و هەم دەستپێک، هەم داخستن و هەم کرانەوە، هەناسەدانەوە و هەڵمژینیش. کاتێک لە ناو بەلەمەکەدا بیا هەستایە سەر پێ، ئەو هەستەی پێ بەخشیم کە ئەو یەکەم هەنگاو بەرەو ژیانێکی نوێ دەنێت. هەستی چیرۆکێکی نوێی هەبوو. چیرۆکێک، کە من نە توانا نە ویستی نووسینیم هەبوو. لەبەر ئەوە لەوێدا کۆتاییم پێ هێنا. کاتی ئەوە هاتبوو پەردەکە دابدەمەوە. وازیان لێ بهێنم پێکەوە بن و کات و تایبەتمەندیی خۆیان پێ بدەم، ڕێگەیان بدەم چییان دەوێت بیکەن، دوور لە چاوی ئێمە، وشە تەواو، پێنووس تەواو، نووسین تەواو، تەنها هەردووکیان پێکەوە.

هاوبەشی بکە

Interview, Paul Yoon, Snow Hunters,