12/12/2018
DidiMn Logo
Top

خوێنه‌ر و كتێب: ڕانانێک بۆ ڕۆمانی سەردەمی گریانی بەلقیس

لە لایەن دیدی من 2 مانگ پێش ئێستا

كتێب: سه‌رده‌می گریانی به‌لقیس
نووسه‌ر: جه‌بار جه‌مال غه‌ریب
خوێنه‌ر: زوڵەیخا کەریم

 

”وهو القزم، رغم تحایلاتە کلها، بسسبها، ربما؟“

ئەمە دێڕی یەکەمی چیرۆکێکی سەروەر ئەحمەدە لە کتێبی دخان الغرفة، کە بە زمانی عەرەبی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بڵاو کراوەتەوە، ڕەنگە زیاد لە دە جار ئەو سێ چیرۆکە و بەتایبەت چیرۆکی هاجسم خوێندبێتەوە، کە ئەم دێڕەی سەرەوەر هیی ئەو چیرۆکەیە.

چیرۆکەکان پێشکەش کراون بە بەیان محەمەد.

لە 2003 تا نەبوومە خوێندکاری زانکۆ، نەمزانیبوو کەسێک هەبووە بە ناوی سەروەر ئەحمەد و ئەو چیرۆکانەی نووسیوە، بە ڕێکەوت هاوڕێیەکی خوشکەکەم خزمێکی نزیکی سەروەر دەبێت و هەر ئەویش بۆم باس دەکات، دوای تکایەکی زۆر کۆپییەک لەو کتێبە لەبیرکراوەم بۆ دەهێنێت بەو نیازەی بیدەمەوە، بەڵام بە هەر هۆیەک بێت ئەو کتێبە هێشتا لای منە.

چیرۆکی سەروەر، چیرۆکی عەشقی ئەو بۆ بەیان و خۆکوشتنەکەیان و گۆڕانیی سەروەر بۆ تارمایییەک لەناو ئەو چیرۆکەدا لای من ماوەتەوە، بڕواش ناکەم لەبیری بکەم، چونکە خۆم نەمویستووە لەبیری بکەم؛ من باوەڕم بە نۆستالژیای خەیاڵی هەیە، ئەوەی کە بیری سەردەمێک بکەیت کە تێیدا نەژیاویت، بەڵام هەست دەکەیت ڕۆحت و ئەو پرسیارەی ناو تۆ، وەڵامەکەی لەو سەردەمە کۆنترەدایە، لای ئەو کەسانەیە کە زۆر پێش هاتنی تۆ ڕۆشتوون.

جەبار جەمال غەریب، بە رۆمانە تازەکەی (سەردەمی گریانی بەڵقیس) هەموو کونجکوڵی منی خەبەر کردەوە، ئەو هەمان چیرۆک دەگێڕێتەوە، بەڵام ئەو سەروەرەی ئەو لە ڕۆمانەکە باسی دەکات، ڕەنگە تەنها تارماییەکی سەروەری ڕاستەقینە بێت، یان تەنانەت ئەوەش نەبێت، بەڵام من لە کاتی خوێندنەوەی 390 لاپەڕەی ڕۆمانەکە تەواو هەستم بە هەناسەسواریی جەبار جەمال دەکرد، هەستم دەکرد مرۆڤێک ئەم شتانەی نوسیوەتەوە کە دەمێکە ویستوویەتی بیانڵێت و بە هەستی مرۆڤێکی ڕۆژهەڵاتی پێی وا بووە هێشتا زووە و ناکرێت ئەو شتانە بڵێت، بەڵام هەر ئەو دیوەی تری مرۆڤ کە سێبەری قورسی یادەوەرییەکان لەسەری ڕەنگە بیانەوێت بیخنکێنن، هەر ئەم دیوە ڕەنگە وای لە جەبار جەمال کردبێت دەست بکات بە گێڕانەوەی هەموو ڕووداوەکان، بەو جۆرەی کە چاوی ئەو بینیویەتی و دڵی ئەو ویستوویەتی.

پەرەگرافی سەرەتای ڕۆمانەکە وەک ئاوێکی ڕوون دەڕژێت و هەر لێرەوە ئەو دەیەوێت فێڵەکە لە تۆ بکات و دەیکات، تۆ دەتەوێت بزانیت دوای ئەوە چی ڕوو دەدات…: ”یەکەم جار بوو ئاوا بێپرس لە ماڵێ بێتە دەرێ، پرس بە کەس نەکات و ڕێگە بگرێتە بەر…“ ئەم ڕۆمانە زمانێکی گێڕانەوەی شیرینی هەیە، کە هەندێک جار درێژدادڕی هەناسەسواری دەکات، بەڵام تۆ هەر وازناهێنیت و بەردەوام دەبیت، بەشێکی ڕەنگە پەیوەندیی بەوە بێت چیرۆکەکە دەتبات، بێگومان هۆکارەکەی تر ئەوەیە زمانەکە بەتاڵ و بۆش و بێخوێن نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر زمان چڕتر بوایە، زۆر باشتر دەبوو.

دروستکردنی وێنەی تێروپڕی سێ شوێنی جیاواز، ڕەنگیشە بتوانین بڵێین چوار ئەگەر قەڵات جیا بکەینەوە: بەغدا، سلێمانی، هەولێر و قەڵات. خوێنەر دەتوانێت هەست بە قورسایی هەموو ئەو وێنانە بکات، بە ڕادەیەک تۆ دەچیتە هەموو ئەو شوێنانە، بەتایبەت بەغدا بە قامیش و زەل و دیجلەوە تەواو وەک وێنەیەکی ڕوون دەبینیت، ئەوەی جوان و دڵڕەقانەشە پیشاندانی جیاوازیی نێوان ئەو دوو شارە هاوسێ نەگبەتەی کوردستانە، هەولێر و سلێمانی و باسکردنی فیزێکی کۆنی سلێمانیانەیە بەرانبەر مرۆڤێکی سادەتر و نەگبەتتری هەولێری، کە نووسەر ئەوەی چڕتریش کردووەتەوە، لە کاتێکدا خانەوادە سلێمانییەکە ئەشراف و دەوڵەمەندن، ماڵە هەولێرییەکەش هەژار و نابوت و شیوعی و نەگبەت، تەنانەت ئەو پیشاندانە هەندێک جار قۆشمەییشی تێدایە، سەرەڕای ئەوەی ئەو ڕۆمانە چیرۆکێکی خەمبار و دڵکوژە، بەڵام جاروبار دەتهێنێتە پێکەنین، لە شوێنێکدا لە باسکردنی ڕقی سلێمانییەکان لە ئافرەتی ئەسمەر و ڕەش نوسراوە: ”ئەو سلێمانیانە هەر وان، ژنێک تۆزێک ئەسمەر بێت، بە ڕەشی دەبینن، وەک ئەوەی خۆیان لەوپەڕی کاغەز دروست کرابن. مریەم نازانێت، سلێمانی وێران بێت بەسەر ژنی ڕەش و دەنگپیاوانەدا وێران دەبێت“.

زاراوەی سلێمانی و هەولێری باش بەکار هێنراوە، یەکسەر دەتباتە ناو فەزاکەوە، بەتایبەت کە ئەمە لەو کتێبەدا زۆر گرنگە چونکە فلاشباک زۆر بەکار هاتووە، ئەم جیاوازیی زاراوەیە یارمەتیدەرە کە ون نەبیت و باشتریش بتوانیت لەگەڵ ڕووداوەکان بڕۆیت، بەڵام زاراوەکان هەندێک جار ورد نین، بەتایبەتی لە بەکارهێنانی شێوە قسەکردنی هەولێری، دەبوو بەکارهێنانەکە وردتر بوایە.

باسکردنی بێتوانایی و چەوساندنەوەی ژن، تەواو وێنەی ئەو کاتە پیشان دەدات کە ساڵانی پەنجا و شەستەکان تا هەشتاکانە، کە ڕەنگە ئەوە ئێستاش زۆر نەگۆڕابێت، بەتایبەت کاتێک کچ لە یاسای نۆرمی گشتیی کۆمەڵگە دەردەچێت، ئیدی وەک کاڵایەکی خراپ خاوەندارێتییەکی بە موتڵەقی دەدرێتەوە بە دایک، دایک وەک تاوانبار؛ یان لە باسکردنی ئەوەی هەڵەی کوڕەکان نەبینراوە و یەکەم هەڵەی کچ کۆتاییەتی، ئافرەت لەو ڕۆمانە تەنانەت خۆیشی بەشدارە لە لۆمەکردنی خۆی، وەک درێژکراوەی وێنەی باوک و برا و دۆست و هاوڕێ و پیاو بەگشتی.

جەبار جەمال کارێکی جوانی کردووە کە چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، هیچ نەبێت هاونەسلەکانی، لەوانەی کە نووسەرن و خوێندەوارن، دەیزانن، ئەمەش تۆزێک ترسی هەیە؛ ترس لەوەی نەتوانیت بەقەد چیرۆکەکە هەناسەت درێژ بێت و نەتوانیت ئەو دونیایە دروست بکەیتەوە، بەڵام ئەو هەردووکیانی پێ کراوە.

زۆر گرنگە، ناوەندی ئەندێشە کە بڵاوکەرەوەی ئەم کتێبەیە، یان هەر خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەیەکی دیکە بتوانێت قورسایی ئەرکی بڵاوکردنەوە تێبگات، بەوەی کاتێکی باشتر لە هەڵەچنی و ئەو چەند دێڕە خەرج بکات کە بۆ ناسینی کتێبەکان لە بەرگی دواوە دایدەنێت، کە لەم کتێبەکەدا لەو ناساندنە، تەنانەت ناوی پاڵەوانەکەش بە هەڵە نووسراوە، جگە لە چەندین هەڵەی چاپی تر لەناو کتێبەکە کە ئاسان دەکرا کتێبەکەیان لێ رزگار بکرێت، هەرچەندە بڵاوکردنەوە و گرنگیدان بەو کتێبانەی بە کوردی دەنووسرێن ئەرکە و کارێکی باشە کە هەر ناوەندێکی بڵاوکردنەوە ئەو گرنگییە بزانێت، بەڵام دەشبێت کات و وزە لە بەپایانگەیاندنی چاپکردنی ئەو کتێبانە خەرج بکرێت تا هەڵگریی کەموکوڕی زۆر نەبن.

من تەمەنا دەکەم ئەو کەسانەی حەز دەکەن کتێبێکی باشی کوردی بخوێننەوە، ئەو ڕۆمانە بخوێننەوە؛ لەگەڵ ئەو هەموو چیرۆکی دڵشکان و وردبوون و تەنهاییە بڕۆن، کە گەورەترە لە تەنها چیرۆکی عەشقێک، بەڵکو باسکرنی شوناسی مرۆڤ و تەنهابوونییەتی وەک تاک، ئەم چیرۆکە نامۆ نییە بە مرۆڤی کورد.

ئەگەر تەنها لەبەر دێڕی کۆتایی ڕۆمانەکەش بێت، دەبێت ئەو کتێبە بخوێندرێتەوە، بۆ ئەوەش  لەو دێڕە تێبگەیت دەبێت هەموو کتێبەکە بخوێنیتەوە.

Xwenar w Kteb,