15/03/2024
DidiMn Logo
Top

خوێنه‌ر و كتێب: دیدگای دوو کەلتووری جیاواز بەرانبەر هەڵەکردن

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

به‌رگی ڕۆمانی پاسه‌وانانی خودا

به‌رگی ڕۆمانی پاسه‌وانانی خودا

دیدی من – خوێنه‌ر و كتێب

كتێب: پاسه‌وانانی خودا
نووسه‌ر: عه‌تا موحه‌مه‌د
خوێنه‌ر: دره‌و مه‌هدی

 

لە ڕۆمانی پاسەوانانی خودای عەتا موحەممەددا، بە گەیشتن بە لاپەڕە 115ی ڕۆمانەکە لە خوێندنەوەدا، وتارێکی پڕ زانیاری لەبارەی چەمکی هەڵەوە دەخوێنیتەوە.

نووسەر ئەم بەشەی تایبەت کردووە بە گوزارشتکردن لە چەمکی هەڵە و خستنەڕووی دیدگای دوو کۆمەڵگەی [ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی] دەربارەی دەرفەتدان بە هەڵەکردن.

لە سەرەتای ئەم بەشەدا عەتا موحەممەد ئەوە بە خوێنەران دەڵێت: کە چەندە گرنگە لە ڕاستی تێبگەین، هێندەش گرنگە لە هەڵە تێبگەین.

دواتر عەتا ڕۆڵ و مانای چەمکی هەڵەمان لە بازنەکانی ”ئاین، سیاسەت، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و تا دوایی“ بۆ ڕوون دەکاتەوە، دەنووسێت: ”دەکرێت هەڵە لە ڕێگەی ئایینەوە مانای گوناه بدات، لە سیاسەتدا خیانەت بێت، لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشدا لادان و تاوان بێت، لە جێگەیەکی تردا مانای شێواندن بدات.“ (ل 115. ڕۆمانی پاسەوانانی خودا، ن: عەتا موحەممەد).

تەرخانکردنی بەشێکی تایبەت بە گوزارشتکردن لە چەمکی هەڵە لە لایەن نووسەرەوە، خاڵی نییە لە تێگەیشتنی ناوبراو لەو حەقیقەتەی کە بنچینەی دروستبوونی مرۆڤ لە قەدەغەشکێنییەکی هەڵەکردندا (چیرۆکی ئادەم و حەوا) دروست بووە.

لێرەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی مادام هەڵە پێکهێنەرێکی سەرەکیی ژیانی مرۆڤە. هەر بۆیە مرۆڤیش لە کەوندا بووەتە بوونەوەرێکی بارگاوی بە هەڵەکردن. هەر وەک نووسەریش ئاماژەی پێ دەکات کە: ”بە گەڕانەوەمان بۆ چیرۆکی ئادەم و حەوا دەتوانین ئەو تایبەتمەندییەی مرۆڤ بدۆزینەوە کە بوونەوەرێکی هەڵەکەرە.“ (ل 115. ڕۆمانی پاسەوانانی خودا، ن: عەتا موحەممەد).

خستنەڕووی دوو دیدگای جیاوازی هەردوو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی بەرانبەر بە دەرفەتدانیان بە هەڵەکردن، لە ڕۆمانەکەدا بەم شێوەیە هاتووە: نووسەر لە ڕۆمانەکەدا سەرگوزشتەی دوو کەسمان بۆ دەگێڕێتەوە کە هەر یەکێکیان هەڵەیەک دەکەن لە کۆمەڵگەی عەرەبی و کۆمەڵگەی پرتوگالیدا.

دوو کەسەکە پیاوێکی تەمەن 60ساڵان کە پیشەی هەڵەچنە لە چاپخانەیەکی شاری لیشبۆنەی پایتەختی پرتوگالدا، هەروەها وەرگێڕێکی عەرەب لە یەکێک لە وڵاتە عەرەبییەکاندا. ئەم دوانە هەڵەکانیان ئەوەیە کە هەریەکێکیان دەستکاریی کۆتایی ڕۆمانێک دەکەن لە وڵاتەکانی خۆیاندا.

جێگەی ئاماژەیە، هەڵەچنە پرتوگالییەکە دوای هەڵەکردنەکەی لە کارەکەی دەرناکرێت و دەرفەتی نووسینەوەی مێژوویەکی پێ دەدەن بە ئاڕاستەی ئەو چارەنووسەی کە بە دەستکاریی کۆتایی ڕۆمانە مێژووییەکەوە دەربارەی گەمارۆی شاری لیشبۆنەی پایتەخت هاتووەتە ئاراوە.

لە بەرانبەردا، وەرگێڕە عەرەبەکە بە هۆی هەڵەکردنەکەیەوە بە دەستکاریی کۆتایی ڕۆمانە وەرگێڕدراوەکەی دەربارەی ڕۆشنبیر و دونیای ڕۆشنبیری لە کۆمەڵگەی عەرەبیدا لە کارەکەی دەردەکرێت و تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبێت.

هاوبەشی بکە

Ata Mhamad, Xwenar u Kteb, Xwenar w Kteb,